نواندنی شانۆ لە هەر سەردەمێک دەرهاویشتەی پێویستیەکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە کە تەنیا شانۆ دەتوانی زمانحاڵ و بگێڕەوی(راوی) ئەو ڕووداو یا چیرۆک یا ئێش و ئازار یاکوو دیمەنێکی جوانیناسانەی دیاردەی ژیان بێ. دەرهێنەری بەئەزموون، وێڕای هەست بەو پێویستیە، تێئەکۆشێ سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە بێ هەڵوێست نەبێ. ئاستەنگ و بەربەستەکانی ژیان لە نیشتمان بە تایبەت و لە جیهان بە گشتی، ڕەنگدانەوەیەکی سوروشتی و جوانیناسانە وەدی دەهێنێت لە بەرهەمی هونەری دا. دیارە ئەم دیاردەیە شتێکی خۆزاییە و لە هەناوی هونەرمەند سەرچاوە دەگرێ وێڕای ئەوەی کە پشتگەرمە بە لێوردبوونە و لێکۆڵینەوە لە هەر بابەتێکی پێوەندیدار بە هەوێنی کاری هونەری.
دیاردەی «ژن کوشتن و ئەتک کردن بە ژن و ئافرەت» دیاردهیەکی کۆمەڵایەتیی جیهانییه. نووسەر و دەرهێنەری ئەم بەرهەمە تێکۆشاون لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانە ئەو کێشە دێرینە بکەن بە هەوێنی شانۆ. تابلۆ و دیمەنی جیاواز بخولقێنن و وتووێژێکی مێژوویی و دەروونشیکاری پێک بهێنن. شانۆیەکی نێئۆرێئالیستی دێتە نواندن کە دەچێتە هەناوی ڕووداو. تایبەتمەندی ئەو شێوە ڕوانینە ئەوەیە کە لە خودی ڕووداوەکە ڕاستەقینەتر و باوەرپێکراوتر ئەنوێنێ. وەکوو مێزی تەشریحی پزیشکان لە زانستگا، ڕەگ و دەمار و جەرگ و دڵی تەرمێک دەبێتە بابەتی لێکۆڵین و تۆژینەوە و لێدوان.
پردێک لە شووشە شانۆیەکی تراژدی- حەماسییە. تراژێدییە چونکی بگێڕەوەی ڕووداوێکی کارەساتبارە. ڕووداوێک کە بڕین و ژانێکی لە بیرنەکراو و لەمێژینەی کۆمەڵگەیە. ئامار و ڕێژەی جیهانی ئەم کارەساتە لە زمانی ڕێکخراوی یونیسێف ئاماژە بەوە دەکا یک لە هەشتی ژنانی جیهان تووشی ئەتکپێکردن دەبن!!
لە شوێن و کاتی ئێستا و هەنووکەی وڵات دا دووبارە و چەندبارە و چەندپاتە دەبێتەوە! کێشەی تایبەتی هێندێک وڵات ئەوەیە کە ئامار و ڕێژە دەشارنەوە و لە پشت بیر و باوەری وەپاشکەوتووی نەریتی(بڤەبوون بۆ لێدوان)، دەنگی قوربانی کارەسات و کەسی بێ تاوان و زیانلێکەوتوو کپ دەکرێ! جێگای تاوانکار و بێتاوان دەگۆردرێ، تەنانەت بنەماڵە و کەسی لێقەوماو تاوانبار دەکرێ! یاسا و قانون و بیر و باوەری گشتی هەر هەموو بە ڕادەیەکی بەرچاو پشت کە کەسی لێقەوماو دەکەن! ئەو بیر و باوەرە لە نێو بنەماڵەی قوربانیش دا هەیە و جاری وایە دەست بە یەکی دەکەن و کاری قوربانی کردنی کەسی لێقەوماو تەواو دەکەن. بوون و نەبوونی کەسی لێقەوماو دەبێتە بژاردەی کۆتایی! نەبوون بۆیان دەبێتە ڕەمزی پاکی و ئابڕوو! بوون دەبێتە هۆی سەرشۆری بنەماڵە!!
پردێک لە شووشە حەماسییە چونکی پردێک لە شۆڕش دوروست دەکا. کچی بێتاوان وەدەنگ دێ و بەرگری لە خۆی دەکا نەک لە بەر ئەوەی بێتاوانی تاکی خۆی بسەلمێنێ بەڵکوو دەبێتە دەنگی مێژوو لە بەرابەر بەربەستی نەریتی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا! دەزانێ هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی نیە بەڵام وەکوو قارەمانێک لە بەرابەر ئەژدیهای کۆیلایەتی کۆمەڵگە ئەوەستێ. ئەوەی ڕووحی وەبەر دەنێ دەنگی مێژووی هەڵاواردن و ئازاری ژنانە. دەزانێ پاشەڕۆژی چیە بەڵام دەیهەوێ بێدەنگ نەمێنێ و ببیسترێ. ببێتە دەنگی ڕۆڵەی ئەورۆ و داهاتووی وڵات. دەیهەوێ بەشی نووستووی بیری پیاوانە وەخەبەر بێنێ. باوک و کەس و کار و شۆفیر و وەکیل و قازی و هتد تاوانبار دەکا. وەبیریان دێنێتەوە چی ڕووی داوە، ئێژێ جێگای بێتاوان و تاوانکار گۆڕاوە. ئێژێ ئەمن ئێستا مردووم بەڵام ئەوە دەنگی لەبیرکراو و ونبووی کچان و ژنانی دیکەیە. بیبیسن و بەر بەو تاوانە مێژووییە بگرن، چیدی سەرپۆشی لە سەر دامەنێن. شاردنەوە و وەبنگڵدانی ڕوواڵەتی ڕووداو کاری کۆمەڵگەی وەپاشکەوتووە، کۆمەڵگەیەک کە خۆی بۆ داهێنانی پرسیار و وەڵام ماندوو نەکردووە!
نواندنی شانۆی پردێک لە شووشە بە هۆی داهێنەری ڕێژەیی لە داڕشتنی گەڵاڵەی نوور و نسێ هەروەها سێنۆگرافی پێویست و کەمترین کەرەستە و ئاکسێسوار، توانیویەتی فەزا و میزانسێنێکی نوێ و دەگمەن بخولقێنێ، جاری وایە هەست دەکرێ بگێڕەوەی شانۆ، شەبەح و دێوەزمە تاوانکارەکانن، ئێژی ناخ و ویژدانی ئەوانە کە خۆیان لە هەناوی کەسایەتی باوک و کچ ئەدۆزنەوە و ڕووداوەکە وەبەرچاویان دێت و دەڕوا. جووڵە و جمەی لیستکوان و دەورگێڕی شانۆ باوەرپێکراو و لەبارن. لێهاتوویی لە میمیکی سەر و چاو و جووڵەی لەش کاری باشی لە سەر کرابوو، دەگەڵ بەردەنگ ئەدوان بە تایبەت دەورگێڕی ژن کە چاوی بە زاکوون و بوێر دەبڕیە تەماشاچی. زەرباهەنگی دیالۆگ زۆر بە هێز بوو. مەودا و بێدەنگی نێوان دیالۆگەکان گەڵاڵەدار بوو( وا هەست دەکرا).
ئەو مەودایە تەکنیکێکی سەرکەوتوو بوو بۆ تێفکرینی بەردەنگ تاکوو بەر لە دەورگێڕ بتوانی وەڵامێک بۆ پرسیارەکان بدۆزێتەوە و خۆی تاقی کاتەوە کە لە کام لای مێژووی کارەسات وەستاوە. موسیقا دەگەڵ زەرباهەنگی شانۆ هاوتەریب بوو، موزیکی ئاوانگارد و ئەوڕۆیی و نۆی بژاردەیەکی پێویست و جوان بوو. مەودا دانان لە موسیقیش بەرچاو بوو، جاری وایە ئەوەندە خاو و ئارام دەبوو دەتگوت موزیک لە بەر یەک دەکێشرێتەوە( حالت کششی) تەکنیکێکی تەبا بوو بۆ تێکەڵاو بوون دەگەڵ هەست و سۆزی شانۆ. جلک و بەرگی دەورگێران ئاسایی و لە خزمەت شانۆ دا بوو، بە تایبەت بۆ دەورگێری خانم کە بەربەستەکانی پۆشاکی ئاسایی ژنانی کۆمەڵگەی، وێڕای کایە بە جوانی وێنا دەکرد.
- سقز رووداو
- کد خبر 19823
- بدون نظر
- پرینت