وەرگێڕان پردێک لە نێوان کولتوورەکاندا
-پەروین بێهڕەوش، نووسهر و وەرگێڕ
وەرگێڕان پردێکە کە ڕەنگە لە بەرد و ئاسن دروست نەکرابێت، بەڵام چارەنووسی شارستانیەتەکان لەسەری بنیات نراوە؛. وەرگێڕان تەنیا گواستنەوەی وشەکان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە نییە ؛ وەرگێڕان بڕگەیەکە. تێپەڕینێک لە عەقڵێکەوە بۆ عەقڵێکی تر، لە مێژوویەکەوە بۆ مێژوویەکی تر و لە ڕۆحێکی کولتوورییەوە بۆ ڕۆحێکی تر. ئومبێرتۆ ئیکۆ دەڵێت: “وەرگێڕان هونەری وتنەوەی تەقریبەن هەمان شتە.” وە ڕەنگە لەم “تەقریبەنە”دا تەواوی نهێنی چیرۆکەکە خۆی حەشاردابێت؛ کە زمان بە هەموو لاوازی و تواناکانیەوە هەوڵ دەدات خۆی بگەیەنێتە زمانێکیتر.
لە جیهانێکدا کە سنوورەکان ڕۆژانە کاڵ دەبنەوە، وەرگێڕان چیتر هەڵبژاردەیەکی کولتووری نییە؛ پێویستییەکی مرۆڤیە. بەبێ وەرگێڕان، چۆن دەمانتوانی لەگەڵ هۆمەر و دانتە، لەگەڵ مەولەوی و حافز، لەگەڵ شکسپیر و بۆرخێس هاوسەفەر بین؟ چۆن کولتوورەکان یەکتر دەبینن، لەیەکدی تێدەگەن، یان تەنانەت هەندێکجار بە هەڵە لە یەکتر تێدەگەن؟ژاک دریدا، فەیلەسوفێک کە بە گومان و ناسکییەوە سەیری جیهانی وشەکانی دەکرد، دەڵێت: وەرگێڕان هەمیشە مەحاڵە و هەر لەبەر ئەو هۆکارە، هەمیشە پێویستە. ڕەنگە پارادۆکسەکە لێرەدا بێت: ڕەنگە وەرگێڕان هەرگیز نەمانگەڕێنێتەوە بۆ دەقی ڕەسەن، بەڵام بەبێ وەرگێڕان ئێمە نامۆ و نادیار دەمێنینەوە. وتارەکەی ئەمڕۆم هەوڵێکە بۆ سەیرکردنی وەرگێڕان نەک وەک ئەرکێکی تەکنیکی، بەڵکو وەک بزووتنەوەیەکی ئینسانی و شیعری و کولتووری؛ بزووتنەوەیەک کە جیهانەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و هەندێکجار تەنانەت جیهانێکی نوێش دروست دەکات.
کاتێک باسی وەرگێڕان دەکەین، مێشکمان نائاگایانە ڕوو لە جوڵەی وشەکان دەکات؛ بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە وەرگێڕان، پێش ئەوەی تەکنیکێک بێت، شێوازێکە بۆ سەیرکردنی جیهان؛ هەوڵێکی مرۆڤی بۆ تێگەیشتن لە “ئەویتر”. لە نەریتە کۆنەکاندا، وەرگێڕان بە مانای وەفا بە دەقەکە بوو؛ وەک ئەوەی وەرگێڕ وەک ئاوێنەیەکی ڕوون بێت، تەنها ڕەنگدانەوەی قسەکانی نووسەر بێت. بەڵام لە دونیای مۆدێرندا تێڕوانینەکان گۆڕاون. ئومبێرتۆ ئیکۆ دەڵێت: “وەرگێڕان بە واتای وتنەوەی تەقریبەن هەمان شتە.” ئەم “تەقریبەنە” لە ڕاستیدا دانپێدانانە بەوەی کە هیچ وشەیەک لە هیچ زمانێکدا هاوتای ورد و دەقاودەقی وشەیەک نییە لە زمانێکی دیکەدا.
یوجین نایدا زمانناسێکی دیاری ئەمریکی بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم بابەتە دوو دەستەواژەی بەکار هێناوە:
• “هاوسانی فەرمیFormal Equivalence”: هەوڵدان بۆ پاراستنی فۆرم و پێکهاتەی ڕستەکە.
• “هاوتای داینامیکی Dynamic Equivalence “: گەیاندنی ئەو کاریگەرییەی کە دەقی ڕەسەن لەسەر بەردەنگ هەیەتی، تەنانەت ئەگەر دەقەکەیش بگۆڕێت.
نایدا دەڵێت وەرگێڕ تەنها گواستەرەوەی وشە نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەزموونە؛ ئەزموونێک کە کاریگەری لەسەر ڕۆحی خوێنەر هەیە. بەڵام کاتێک باس لە فەلسەفە دەکرێت، شتەکان ئاڵۆزتر دەبن. فەیلەسوفی فەرەنسی ژاک دریدا بە بوێریەوە دەڵێت: وەرگێڕان هەمیشە مەحاڵە و هەر لەبەر ئەو هۆکارەش هەمیشە پێویستە. لە ڕوانگەی ئەوەوە هەر دەقێک ئەوەندە لە پەیکەری کولتوور و زمانی خۆیدا تواوەتەوە کە هیچ زمانێکی تر ناتوانێت بە تەواوی ئەو دەقە نیشان بدات. و لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە وەرگێڕان بۆ ئەوەی لە یەکتر تێبگەین. واڵتەر بنیامین، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا “ئەرکی وەرگێڕ”، لەوە زیاتر دەڕوات و دەڵێت؛ وەرگێڕ خزمەتکاری دەق نییە، بەشێکە لە چارەنووسی داهاتووی دەقەکە. بەو مانایەی وەرگێڕان دەتوانێت دەقی ڕەسەن زیندوو بکاتەوە و مانای نوێی پێبدات و تەنانەت ئاسۆی نوێی بۆ بکاتەوە. کەواتە ئەگەر قبووڵی بکەین کە هیچ وەرگێڕانێک کامڵ نییە، دەبێ ئەوەش قبوڵ بکەین کە هەموو وەرگێڕانێک ئەگەرێکی نوێیە بۆ ژیان و بەردەوامی دەقەکە. وەرگێڕان نە کۆپییە و نە لاساییکردنەوە؛ لێکدانەوەیە، لەدایکبوونەوەیە، دیالۆگێکی نوێیە لەگەڵ دەقەکەدا. وەک مارتین هایدگەر دەڵێت، ئەگەر زمان بە ماڵی وجوود بزانین، ئەوا وەرگێڕان گەشتێکە لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە؛ و هەر گەشتێک دەرفەتێکە بۆ بینینی جیهان لە پەنجەرەیەکی نوێوە. وەرگێڕان تەنیا گواستنەوەی مانا نییە؛ گواستنەوەی مرۆڤە. وەرگێڕ کەسێکە کە نەک تەنها ڕستە، بەڵکو وێنە و خەیاڵ و ڕێوڕەسم و مێتافۆر و تەنانەت بێدەنگی لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دیکە دەگوازێتەوە.
یوجین نایدا وتەیەکی هەیە کە بە جوانی باسی ئەم ڕۆڵە دەکات: «وەرگێڕ دەبێت لە یەک کاتدا دوو کولتوور ببینێت؛ بە پێیەکەوە لە جیهانی دەقدا بوەستێت و پێیەکەی دیکەش لە جیهانی بەردەنگدا بوەستێت». ئەو پێی وابوو ئەگەر وەرگێڕ تەنیا زمانەکە بگوازێتەوە و کولتوورەکەی لەبیر بکات، ئەوا پردێک دروست دەکات کە بەرەو هیچ شوێنێک ناڕوات.هەر لەبەر ئەمەشە هەندێک جار وەرگێڕان سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورەی کولتووری بووە.
ئەگەر وەرگێڕان نەبووایە، چۆن ئەوروپا بە فەلسەفەی یۆنانی ئاشنا دەبوو؟ شارستانیەتی ئیسلامی چۆن بەرهەمەکانی ئەرستۆی لە یۆنانیەوە بۆ عەرەبی و پاشان لاتینی دەگواستەوە و ڕێگای بۆ ڕێنێسانس خۆش دەکرد؟ وە بەهەمان شێوە ئەگەر وەرگێڕان نەبوایە، چۆن بیری مەولەوی، نالی، خەیام و حافز سنووری جوگرافیایان دەشکاند و دەگەیشتە گوێی گۆتێ، ئیمێرسۆن، نیچە، یان بۆرخێس؟
وەرگێڕان هەندێک جار تەنها پردێک نییە لە نێوان دوو کولتووردا، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە کولتوورێک خۆی تێدا دەبینێتەوە. ڕۆژئاوا کاتێک شیعری حافز دەخوێنێتەوە، تەنیا ڕووبەڕووی حافز نابێتەوە؛ ڕووبەڕووی وێنەیەکی جیهانی ئێران دەبێتەوە. و کاتێک ئئێمە لە ڕۆژهەڵات شکسپیر دەخوێنینەوە، تەنیا ڕووبەڕووی ماکبێس و هاملێت نابینەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی ڕۆحی تراژێدییەکانی ڕۆژئاوا دەبینەوە، بەڵام ئەم پردە هەمیشە سادە و ئاسان نییە. وەرگێڕان بریتییە لە بەزاندنی سنوورەکان کە هەندێک جار نابینرێن: سنووری بەهاکان، تابۆکان، ئەفسانە و گریمانە کولتوورییەکان. وەرگێڕانی شیعرێکی ئەویندارانەی فارسی بۆ زمانێکی تر تەنیا مەسەلەی کێش و قافیە نییە؛ وەرگێڕانی هەستی ڕۆژهەڵاتی و خۆشەویستی سۆفیگەری و کۆدە عیرفانییەکانە. وەک چۆن وەرگێڕانی فەلسەفەی کانت یان نیچە بۆ زمانی کوردی تەنیا گواستنەوەی وشە نییە؛ گواستنەوەی شێوازێکە بۆ سەیرکردنی وجوود. بە وتەی جۆرج شتاینەر، وەرگێڕ “میوانی کولتوورێکی دیکەیە”، و دەبێت بە ڕێزەوە بچێتە ناو ئەو ماڵەوە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت بوێری ئەوەی هەبێت پەنجەرەیەکی نوێ لەو ماڵەدا بکاتەوە.کەواتە دەتوانین بڵێین: وەرگێڕان پردێکە نەک هەر کولتوورەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵکو ئەوان لە تەنیاییش ڕزگار دەکات. بەبێ وەرگێڕان لە دوورگە دوورەدەستەکانی زمانی خۆماندا دەمێنینەوە. لە ڕێگەی وەرگێڕانەوەیە کە ئێمە دەست بە یەکترەوە دەدەین و ئیلهام لە یەکتر وەردەگرین و تەنانەت واتای ئەوەیکە کە مرۆڤ بوون مانای چییە دووبارە درووست دەکەینەوە.
لە جیهانی وەرگێڕاندا دەستەواژەیەکی بەناوبانگی ئیتاڵی چەندین جار دووپاتە کراوەتەوە:
وەرگێڕ خیانەتکارە.” ئەم دەستەواژەیە مەبەست لێی گاڵتەجاڕی نییە، بەڵکو بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعێکی قووڵە: کە وەرگێڕان هەمیشە شێوازێک لە مەودایەکی دیاریکراو، یان نەبوونی وەفاداریێکی دیاریکراوی لەگەڵدایە. بەڵام ئایا ئەم “خیانەت”ە هەمیشە نەرێنییە؟ یان هەندێک جار خیانەتێکی شیرین و داهێنەرانەیە؟ وەرگێڕ خەونی وەفاداری تەواو بۆ دەقەکە دەبینێت؛ بەڵام زمانەکان جیهانی سەربەخۆن و جیهانەکان هەرگیز بە تەواوی هاودەقنین. هەموو زمانێک وشەگەلێکی هەیە کە بە یادەوەری و مێژوو و ئەفسانە و ئەزموونی گەلەکەوە داڕژاون واڵتەر بنیامین لە وتاری “ئەرکی وەرگێڕ” دەڵێت: “ئەرکی وەرگێڕ لاساییکردنەوە نییە؛ “بەڵکو ئازادکردنی زمانێکە کە لە دەقەکەدا زیندانی کراوە” بە بۆچوونی ئەو، وەرگێڕان واتە کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێ بۆ ئەوەی دەقەکە بە زمانێکی دیکە بژی، تەنانەت ئەگەر ئەم ژیانە کەمێک لە ژیانە ڕەسەنەکەی خۆی جیاواز بێت. بەڵام خیانەتی وەرگێڕ هەمیشە خیانەت لە دەقەکە نییە؛ هەندێک جار خیانەتێکە لە خودی زمانی مەبەست!
وەرگێڕ ناچارە پێکهاتەی زمانی مەبەست هەڵبشێوێنێت، بۆ ئەوەی ئامادەی بکات بۆ وەرگرتنی دەقی ڕەسەن. پۆڵ ڕیکۆر ئەم پرۆسەیەی بە “میوانداری زمانی” ناوبرد؛ واتە زمانێک کە پێشوازی لە زمانێکی دیکە بکات، بەڵام دەگۆڕێت و فراوانتر دەبێت و دەوڵەمەندتر دەبێت.ئەمە “خیانەتێکی داهێنەرانە یە” .
کاتێک ئێدوارد فیتزجێراڵد یان مامۆستا هەژار ڕۆباعییاتی خەیامیان بۆ زمانی ئینگلیزی و کوردی وەرگێڕا ، گۆڕانکاری و جووڵە و ئاڵوگۆڕی گەلی زۆریان بەسەر دەقەکەدا هێنا .بەڵام ئەنجامەکەی پردێک بوو کە خەیامی بردە ڕۆژئاوا و کوردستان و هەمووانی پێ سەرسام کرد. ئایا ئەمە خیانەت بوو؟ بێگومان. بەڵام خیانەتێکی داهێنەرانە. تەحەددیاتی وەرگێڕان تەنیا لە وشەدا نییە؛ هەندێک جار لە ڕیتمی زماندا، لە ئاماژەکاندا، لە ڕیتمی شیعردا، لە بێدەنگییەکانی مانادایە . وەرگێڕانی شیعر وەک وەرگێڕانی با وایە؛ بایەک کە نابینرێت، بەڵام بە جوڵەی گەڵاکان بوونی خۆی ڕادەگەیەنێت. ڕابێرت فرۆست دەڵێت: شیعر لە وەرگێڕاندا ون دەبێت. بەڵام ڕەنگە مرۆڤ بتوانێت وەڵام بداتەوە: “کە شیعر لە وەرگێڕاندا لەدایک دەبێتەوە.” کەواتە بەڵێ، وەرگێڕان پڕە لە سەختی، پڕە لە مەترسی خلیسکان و تەنانەت خیانەت؛ بەڵام ئەگەر خیانەتێک ڕوویدا، ئەوە خیانەتێکی ڕۆمانسییە؛ خیانەتێک بۆ ئەوەی ماناکە هەرچەندە بریندار بێت، بەڵام بتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە و بەرەو شوێنێکی دیکە بڕوات.
وەرگێڕان پردێکە کە کولتوورەکان لەیەکتر نزیک دەکاتەوە؛ بەڵام ئەگەر پردێک بە باشی دروست نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی دەقەکە. وەرگێڕان دەتوانێت هەم سەرچاوەی تێگەیشتن و هەم سەرەتای تێنەگەیشتن بێت. لە مێژوودا زۆر سات هەیە کە وەرگێڕان خاڵی پەیوەندی نێوان جیهانەکان بووە. لە وەرگێڕانی “هەزار و یەک شەو”ی ئەنتۆنی گالانەوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی تا دەگاتە وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی شێرززد حەسەن و بەختیار عەلی بە دەستی مەریوان هەڵەبچەیی بۆ زمانی فارسی، یان وەرگێڕانی بەرهەمە بوداییەکان و هیندییەکان کە شینتۆ و زینیان هێنایە ناو دڵی کولتووری ژاپۆن؛ هەموویان نیشان دەدەن کە چۆن وەرگێڕان توانیویەتی خەیاڵی شارستانیەتێک بگۆڕێت. بەڵام هەمان ئەم وەرگێڕانە هەندێک جار وێنەی ناتەواو و ڕۆمانسی و تەنانەت مەترسیداری کولتوورێکی دیکەیان لێکەوتۆتەوە. ئێدوارد سەعید، لە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسی”دا، ئاگاداریمان پێ دەدات کە زۆرێک لەو وێنانەی کە ڕۆژئاوا لەسەر “ڕۆژهەڵات” دروستی کردووە، دەرئەنجامی وەرگێڕان و سەفەر و گێڕانەوەیە کە بە مەبەستی تێگەیشتن نەبوون بەڵکو بە مەبەستی حوکمدان و زاڵ بوون دروستکراون. وەرگێڕان، ئەگەر بەبێ تێگەیشتنێکی قووڵ لە کولتووری سەرچاوە ئەنجام بدرێت، ڕەنگە لەبری پردێک “پەنجەرەیەکی ناڕێک” دروست بکات؛ پەنجەرەیەک کە لە ڕێگەیەوە شوێنی مەبەست وەک ناتەواو، سەیر و تەنانەت هەڕەشەئامێز دەبینین.
لێرەدا ڕۆڵی وەرگێڕ لە هەموو کاتێک هەستیارتر دەبێت. وەرگێڕ تەنیا گواستەرەوەی زمان نییە، بەڵکو نێوەندگیری نێوان عەقڵ و بەهاکانە. وەرگێڕ دەبێت وریا بێت کە هەموو وشەیک تەنیا خاوەن مانای وشەکە نییە؛ بەڵکو هەڵگرێکی مێژوویی ئەزموونی نەتەوەیەکە. بۆ نموونە ئایا وەرگێڕانی چەمکی “ئەوین” لە شیعری مەولەویدا بە وشەی خۆشەویستی سنووردار دەبێت؟ لە زمانی مەولەویدا خۆشەویستی ئاگر و سووتاندن و لەناوچوون و مانەوەیە. یان وشەی “حەیا” لە کولتوری ڕۆژهەڵاتیدا تەنیا “حەیا”ییە؟یان تێکەڵەیەکە لە ئەخلاق و جوانیناسی و عیرفان.ئەگەر کولتووری پشت وشەکان نەبینرێت، وەرگێڕان لەبری پرد دیوارێک دروست دەکات. دیوارێک لە تێنەگەیشتن. بەڵام لە هەمان کاتدا هەر ئەم مەترسییە لە تێنەگەیشتنە کە گفتوگۆ پێویستتر دەکات. وەرگێڕان ناچارمان دەکات پرسیار بکەین، داوای ڕوونکردنەوە بکەین و گوێ بگرین. ئەم “گوێگرتنە” یەکەم هەنگاوە بۆ تێگەیشتن لە ئەویتر. وەک فەیلەسوفی هێرمێنۆتیک هانس جۆرج گادامێر دەڵێت:تێگەیشتن، قبوڵکردنە لەوەی کە ڕەنگە ئەویتر ڕاست بکات.وە وەرگێڕان ڕێک ئەو گۆڕەپانەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی ئەم ئەگەرە دەبینەوە کە مانایێک نەک هەر لە زمانی ئێمەدا دەژی، بەڵکو لە زمانێکی دیکەشدا بوونی هەیە.
ئەمڕۆ لە جیهانێکدا دەژین کە سنوورەکان تەنیا لەسەر نەخشەن؛ ڕەوتی کولتوور و بیرکردنەوە و زمان سنوورەکان دەبڕێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە پاسپۆرت هەبێت. لە جیهانێکی ئاوادا، ئیتر وەرگێڕان چالاکیەکی تەنیا تاکەکەسی یان ئەدەبی نییە؛ بەڵکوو بووەتە بنەمای گفتوگۆی نێوان گەلان. لە سەردەمی ئەوڕۆدا گووگڵ بە کلیکێک دەق لە چینییەوە بۆ فارسی و لە عەرەبییەوە بۆ کوردی و لە ژاپۆنییەوە بۆ ئینگلیزی وەردەگێڕێت. زیرەکی دەستکرد و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگێڕانیان بە ڕادەیەک خێراتر کردووە کە زمان چیتر بەربەست نییە. بەڵام لە بەرامبەر ئەم ستایشەی تەکنەلۆژیادا، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە:ئایا وەرگێڕان تەنها گواستنەوەی وشەکانە؟ یان گواستنەوەی ڕۆحی وشەکان؟ ئامێرێک دەتوانێت لە ڕێزمان تێبگات، وشەکان بگۆڕێت، بەڵام ئایا دەتوانێت هەست بە تامی شیعر بکات؟ ئایا دەتوانێ لەوە تێبگات کە مەولەوی تاوەگۆزی دەفەرمێت :
پاییز ،زەڕ،یەخ جام، چارشێوێک ئەی تەم
دێرن،سەوارن، نەوعەرووسی خەم
مەبەستی تەنیا وێنەیەک نییە، بەڵکو مەبەست لە نەریتێکی جوانی و مۆسیقایە کە لە ناو دڵی زمانی کوردیدایە؟
ڕۆمان یاکۆبسن، زمانزانێکی دیارە و وەرگێڕان بۆ سێ جۆر دابەش دەکات:
• وەرگێڕانی ناو زمان (لێکدانەوە و وەرگێڕان لەناو زمانێکدا)
• وەرگێڕانی نێوان زمانەکان (گواستنەوە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر)
• وەرگێڕانی نێوان مانا (گۆڕینی دەق بۆ وێنە، مۆسیقا، سینەما و هتد)
زیرەکی دەستکرد لە بەشی دووەمدا سەرکەوتووە، بەڵام لە بەشی سێیەمدا – گۆڕینی مانا بۆ ئەزموون – هێشتا زۆر لاواز و ساوایە. هەروەها نوام چۆمسکی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە زمان تەنیا زانیاری نییە؛ بەشێکە لە عەقڵ و داهێنەری مرۆڤ. وەرگێڕانی ماشێن، هەرچەندە بەسوودە و پراکتیکییە، بەڵام ناتوانێت جێگەی تێگەیشتن و هاوسۆزی و خەیاڵی وەرگێڕێکی مرۆڤ بگرێتەوە. بەڵام نابێ چاوپۆشی لە دەرفەتەکانی ئەم سەردەمە بکرێت. وەرگێڕانی دیجیتاڵی ڕێگەی بە شاعیرێک لە سلێمانی داوە دەنگی خۆی بگەیەنێتە دڵی تۆکیۆ یان بەرلین. کتێبخانە دیجیتاڵییە جیهانییەکان وەرگێڕەکانیان لە یەکتر نزیک کردووەتەوە. وە چیتر پێویست ناکات کولتوورەکان لە گۆشەگیری زمانەوانی خۆیاندا بمێننەوە.
بەڵام هەڕەشەکانیش هەن: یەکسانکردنی کولتووری، بچووککردنەوەی زمانەکان و مەترسی ئەوەی کە وەرگێڕان ببێتە پیشەسازییەکی بێ ڕۆح. کەواتە ڕەنگە ئەرکی ئێمە – وەک نووسەر، شاعیر، وەرگێڕ – بەکارهێنانی ئەگەرەکانی تەکنەلۆژیا بێت، بەڵام ڕۆحی مرۆیی وەرگێڕان لەبیر نەکەین. ڕۆحێک کە تێیدا وەرگێڕ ئامێرێک نییە، بەڵکو “گەشتیارێکە لە نێوان جیهانەکاندا”؛ سەرسام بە دۆزینەوەی ئەویتر، نەک تەنها گواستنەوەی مانا.
هەندێک کەس پێیان وایە کە وەرگێڕ تەنیا “نێوەندگیر”ێکە؛ کەسێک کە لە نێوان دوو زماندا بوەستێت و پەیامەکە بگوازێتەوە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک. بەڵام ئەگەر بە وردی سەیر بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە وەرگێڕ تەنیا گواستەرەوەی مانا نییە؛ بەڵکوو دووبارە سازێنەری ماناکەیە. ئەگەر نووسەر دونیا سەرلەنوێ دروست بکات، وەرگێڕ ئەو جیهانە بە دنیا دەهێنێتەوە بەڵام ئەمجارەیان لە خاکێکی تر و بە زمانێکی تر و لە کەشێکی جیاوازدا. نابێت تەنها لە “چی وتراوە” تێبگات، بەڵکو پێشبینی “چۆن وتراوە و بۆچی”ش وتراوە بکات. هەر بۆیە زۆرێک لە شاکارە ئەدەبییەکان نەک هەر لە قەڵەمی نووسەر، بەڵکو لە قەڵەمی وەرگێڕیشەوە ژیانی خۆیان درێژە پێ دەدەن .ئەگەر مامۆستا خالید خاکی یان مامۆستا ناسر حێسامی شێعرەکانی شاملوویان وەرنەگێڕدرایەتە سەر زمانی کوردی ئایا ئێمە ئەو تێگەیشتنە کوردییەمان لە شاملوو ئەبوو؟وەرگێڕ، لەم ساتانەدا، کۆپیکار نییە بەڵکو هاوئافرێنەرە.لەگەڵ دەقەکەدا گفتوگۆ دەکات، لەگەڵ زمانەکەیدا ئاشت دەبێتەوە و هەندێکجاریش، بۆ گەیاندنی مانایەک، ناچار دەبێت وشەیەکی نوێ دروست بکات، یان زمانێکی بێدەنگ بەئاگا بهێنێتەوە.بە وتەی پۆڵ ڕیکۆر، وەرگێڕان بە واتای “لە ئامێزگرتنی نامۆیەتییە” . وەرگێڕ نامۆبوونی دەقەکە ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو قبوڵی دەکات و لەگەڵیدا، جیهانێکی نوێ دروست دەکات؛ جیهانێک کە هەم ئاشنایە و هەم سەیرە.بە ڕوواڵەت باسی ئەمڕۆمان لەسەر وەرگێڕان بوو، بەڵام لە واقیعدا باسی مرۆڤایەتی بوو. سەبارەت بەو ئارەزووەی کە مرۆڤ ناچار دەکات لە یەکێکی تر تێبگات، قسەی لەگەڵ بکات، لە تەنیایی زمانەوانی خۆی دەربچێت و بەرەو ئاسۆی نوێ گەشت بکات.
بینیمان وەرگێڕان تەنیا تەکنیک نییە؛ پردێکە – پردێکە لە نێوان کولتوورەکان، عەقڵەکان و لە نێوان مێژووەکاندا. ئەو پردانەی کە ئەگەر دروست نەکرابن، ئەمڕۆ نە دانتە حافزی دەناسی و نە ئێمەش شکسپیر.بەڵام ئەم پردانە هەمیشە بە ئاسانی دروست ناکرێن. وەرگێڕان هەندێک جار خیانەت و هەندێک جار بەختەوەری لەگەڵدایە؛ هەندێک جار تێگەیشتن دەبەخشێت، هەندێک جار تێنەگەیشتن دروست دەکات. و لەگەڵ ئەوەشدا، وەک ژاک دریدا وتی، “وەرگێڕان، هەرچەندە مەحاڵە، بەڵام پێویستە.” مەحاڵە، چونکە هیچ زمانێک بە تەواوی هاوشێوەی زمانێکی تر نییە. پێویستە، چونکە بەبێ ئەو هیچ مرۆڤێک کەسێکی تر ناناسێت. ئەمڕۆ لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرددا، وەرگێڕان لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە؛ بەڵام بەرپرسیارێتی وەرگێڕیش قورستر بووە. دەبێت وریا بین کە ڕۆحی دەقەکە لە ناو خێراییدا نەفەوتێت. با وریا بین کە وشەکان لەبری دیوار پردبن.لە کۆتاییدا دەمەوێت بە قسەیەکی واڵتەر بنیامین کۆتایی پێبهێنم: وەرگێڕان کۆتایی دەق نییە، بەڵکو درێژەدان بە ژیانی دەقەکەیە. هەموو وەرگێڕانێک دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دەقەکە لەدایک بێتەوە، بە زمانێکی دیکە هەناسە بدات و لە دڵی مرۆڤێکی دیکەدا نیشتەجێ بێت. کەواتە با وەرگێڕان تەنیا وەک “گواستنەوەی وشەکان” نەزانین، بەڵکو وەک بانگهێشتێک بۆ گفتوگۆ، بۆ هاوسۆزی، بۆ بنیاتنانی جیهانێک کە هیچ زمانێک و هیچ مرۆڤێک بە تەنیا نەمێنێتەوە ببینین.