شێعری کوردی و ئەرکی پاراستنی زمان
– د. خالدی تهوهکولی، توێژەر و شرۆڤەکار
پرسی “زمان” لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا پرسێکی گرینگ و چەتوونە. زمان، ونەکو دیاردەیەکی فەرهەنگی، بۆ خۆی، سرووشتێکی چەندڕەهەندی و پیچیدەی هەیە، لەم یەکسەدساڵەی دواییدا کە سیاسەت زاڵ دەبێ بەسەر بەشێکی زۆر لە ژیانی خەڵکی کوردستاندا و باسی مافی کورد و شوناسی “کوردایەتی” بەرجەستە دەبێتەوە، پیچیدەتریش دەبێ، پێناسە و ئەرکی تری بۆ دیاری ئەکرێ و بەمجۆرە بۆچوون و پرسی نوێ دێتە ئاراوە. هەروەها، پەیوەندی ئەدەبی و زانستی لەگەڵ کۆمەڵە فەرهەنگییەکانی وڵاتانی تر، نووسەران و خوێندەوارانی کوردی هاندا زیاتر بە زمانی کوردی بنووسن و هاوکات هەوڵیاندا ئەم زمانە زیاتر بناسن و بیناسێنن و پەروەردە و پاراوتری بکەن.
لەژێر کاریگەری سیاسەت و هاوکات پەرەسەندنی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیسم، کەڵکەڵەی “پاراستن”ی زمان، وردەوردە دەبێ بە ڕوانینی گشتیی کۆمەڵگای کوردی و بەرنامە و سیاسەتی فەرهەنگی بەشێکی زۆر لە کەسایەتی ڕۆشنبیر و لایەنە سیاسییەکان. لەم سیاسەتەدا، زمان، دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناسی کوردی و پاراستنی دەبێتە ئەرکی سەر شانی تەواوی ئەو کەسانەی هۆگری کورد و کوردستانن. بە پێی ئەم باوەڕە، ئاخافتن و نووسین بە زمانی کوردی، وەکوو خەبات بۆ بەهێز کردنی شوناسی کوردی، سەیر دەکرێ و دەبێ بە جۆرێک یان بەشێکی ئەساسی لە کوردایەتی.
جیا لە مەیدانی سیاسەت، لە کۆڕ و کۆمەڵە فەرهەنگییەکان و لە بڕێک لە گۆڤارەکاندا کە بە زمانی کوردی یان لە کوردستاندا بڵاو دەکرانەوە و بەردەنگیان لە ناو کەسانێکا بوو کە کورد نەبوون، بەشێوەیەکی تر باسی زمان بەرجەستە دەبێتەوە: بیر و ئەندێشەیەک کە بە زمانی کوردی و لە زمانی کوردیدا بەرهەم هاتووە و پەروەردە بووە بە خوێنەری غەیرەکورد دەناسێندرێ و هەوڵی بەجیهانیبوونی بۆ دەدرێ. وەرگێڕانی شێعر و چیرۆکی کوردی بە زمانەکانی تر بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام دەدرا کە ئەو مانا و پەیامانەی لە فەرهەنگی کوردیدا بەرهەم هاتوون، لە سنوورەکانی کوردستان تێپەڕن و بەردەنگی نوێ بۆیان پەیدا ببێ.
هەمزەمان، پرسێکی تر کە پەیوەندی هەیە بە پرسی زمانەوە و ماوەیەکی زۆرە کێشە و قسەوباسی لەسەر هەیە (بەتایبەت دوایی جەژنەواڵەی خەڵاتی هەژار، ئەم باسە سەرلەنوێ دەستی پێکردۆتەوە)، ئەوەیە کە جێگە و پێگەی “شێعر” لێرەدا چییە و بۆ پاراستن و پاراو کردنی زمانی کوردی، شاعیرانی کورد چییان لە دەست دێ و شێعری کوردی دەتوانە چ خزمەتێک بکا بە زمان؟ ئایا پێویستە هەر پشتیوانی بکرێ لە شێعر و مەیدان بدرێ بە شاعیران؟
هیچ نەبێ، میللەتێک بە دوو شێوە دەتوانێ کار بکا بۆ پاراستنی زمانی خۆی: یەکەمیان ئەوەیە کە پرسی پرستیژ و پاراستنی زمان وا بەرجەستە بکاتەوە، بیبەستێتەوە بە مان و نەمانی فەرهەنگ و شوناس یان بیکا بە کەرەسە و رێگایەک بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەی فەرهەنگی. بە واتایەکی تر، یان بانگەوازی ئەوە بکەن کە زمان ئەساس و بنەڕەتی شوناس و فەرهەنگە و ئەگەر زمان لاواز بێ یان لەناو بچێ ئەوە بەدوای ئەویشدا بوونی شوناس – بەتایبەت شوناسی سیاسی و نەتەوەیی – بەرەو فەوتان و نەمان دەچێ. بە پێی تیۆری “پرستیژی زمانی” زمان پەیوەندییەکی قووڵی لە گەڵ دەسەڵات، ساختاری چینایەتی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەوە هەیە و ئەو زمانانەی پرستیژی زۆرتریان هەیە، ئیمکانی مانەوە و فەرمی بوونیان زیاترە لە حاڵێکدا زمانگەلێک بە پرستیژی لە خوارەوە زیاتر لە مەترسی هەڵاواردن، سڕینەوە یان جەزب بوون لە زمانێکی تر دان ( وتاری “میرموکری، مەنیژە” لە ناوەندیی فەرهەنگیی جامی: ‘گرینگی ئاگابوون لە پرستیژی زمان بۆ ئێمە وەک کەمینە زمانییەکان ).
بۆچوونی ناسیۆنالیستیی کوردی بۆ زمان، پێی وایە گەلانی باڵادەست و حکوومەتەکانیان، سیاسەت و مکانیزمێکی نابەرانبەر و ستەمکارانە بەنیسبەتی زمانی کوردییەوە پەیڕەو دەکەن کە ئامانجی سەرەکییەکەی سڕینەوە و فەوتاندنی ئەم زمانەیە. بۆیە بەر لە هەموو شتێک بانگەشەی ئاگادارکردنەوەی کوردە سەبارەت بەو سیاسەتە و پاراستنی زمانی کوردی دەکرێ، بەپێی ئەم باوەڕە ئەم زمانە ئەوەندە دەوڵەمەند هەیە – یان ئیدیعای ئەوە دەکرێ – کە بتوانێ پێداویستییەکانی کورد دابین بکا، بۆیە تەئکید لە سەر ڕەسەنایەتی زمان، تەوەرێکی سەرەکی ئەم ڕوانینەیە و نابێت رێگە بدرێ بە زمانی بێگانە دزە بکاتە ناو زمانی کوردی و لەم ڕێگایەوە شوناسی کوردی تووشی شکست و نەمان بکا. لەم بیرۆکەیەدا، ئاخافتن بە زمانی دایکی ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردە، تەنانەت وەکوو مقاومەت و خەبات سەیری دەکرێ و ئەگەر کەسێک لەم زمانە کەڵک وەرگرێ و بتوانێ وشەی ڕەسەنی کوردی بۆ دەربڕینی هەست و ناردنی پەیام بەکار بێنێ، ئەوە سەرمایەی سیمبولیک و فەرهەنگی دەس دەکەوێ، بەو نیسبەتە لەوانەیە پێگەی کۆمەڵایەتی بەرز بێتەوە و نفووز و قسەی لە کۆمەڵگادا بڕەوی زیاتری ببێ.
هەروەها، کۆکردنەوەی ئیدیۆم، زاراوە و وشەگەلی ڕەسەن و قەدیمی، چیرۆک و حقایەتە کۆنەکان، داب و نەریتی کوردەواری و بەگشتی زمانەوانی و فۆلکلۆری کوردی بۆیە گرینگی پێ دەدرێ کە لەم ڕێگاوە زمانی کوردی دەپارێزرێ و ناهێڵێ توخمە جۆراوجۆرەکانی زمان لە بیر بکرێن. تەنانەت، لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستیەوە، مەبەستی سەرەکی لە چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب و گۆڤاریش هەر خزمەت بە زمان و پاراستنیەتی. بۆ نموونە، لە گۆڤاری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتیی “بەیان” کۆمەڵەوتارێک لەسەر دەور و ئاکامەکانی گۆڤاری “سروە” بڵاو بۆتەوە کە بەشێکی هەرەزۆر لە نووسەرانی ئەو وتارانە تەئکیدیان کردوە کە ئامانجی سەرەکی و تەنانەت ئاکامی سەرەکی ئەم گۆڤارە پەرەدان بە خوێندن و نووسینی زمانی کوردی بووە. ئاکامی توێژینەوەی زانستی “محەمەدینژاد” سەلماندوویەتی “ڕۆڵی گۆڤاری سروە لە گەشەی زمان و فەرهەنگی کوردیدا بەرچاوە و سروە قوتابخانە و مەکۆیەک بۆ گەشەی زمان و فەرهەنگ و کەلتووری کوردی بووە … ئاکامی ئەو توێژینەوە نیشان دەدا: ۵۱/۵۱% گەورەترین ئامانجی سەرەکی گۆڤاری سروە خزمەت بە زمانی کوردی بووە. ۹۷/۲۱% گەشەی فەرهەنگی وەکوو ئامانجێکی بەرچاوی سروە دەبینن. ۷۰/۹۴% لە سەر ئەو باوەڕەینە کە سروە قوتابخانەیەکی کاریگەر لە ئاستی فێرکردن و خوێندنەوەی زمانی کوردی بوو.” ئەو توێژینەوە نیشانی داوە کە ئەولەوییەت هەم بۆ بەڕێوەبەرانی سروە و هەم بۆ خوێنەران و بەردەنگەکانی، گەشەی زمان لە ڕێگای فێرکردن و خوێندنەوەی زمانی کوردی بووە.
بەواتایەکی تر، لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستیدا بۆ زمان، بەرجەستەکردنیی بابەتیی “پرستیژ”ی زمانی بۆ گەشەسەندنی زمانی کوردی بەپێویست دەزاندرێ و ئامانج لە نووسین و توێژینەوە و بڵاوکردنی گۆڤار و کتێب و … ئەوەیە کە نیشان بدرێ زمانی کوردی خاوەنی پرستیژی تایبەت بەخۆیەتی و دەبێ پەرەسەندن و پاراستنی ئەم زمانە ببێ بە ئەرکێکی نەتەوەیی و هەوڵ بدرێ لە فەوتان و نەمان ڕزگار بکرێ. بەگشتی، لە ڕوانگەی ناسیۆنالیسمی نەتەوەی بندەستدا، بەرجەستەکردنی پرستیژی زمانی، جۆرێک لە “بەرخۆدان” دێتە ئەژمار و بەربەستێکی بەهێز دەبێ لە بەرانبەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و یەکدەست کردنی فەرهەنگە جیاوازەکان لە قازانجی فەرهەنگی نەتەوەی سەردەست.
شێوازی دووەم بۆ پاراستنی زمانی کوردی و پرستیژدارکردنی ئەم زمانە ئەوەیە کە ئەندێشە و مانای نوێ و سەردەمیانە لەو زمانەدا بخوڵقێ. لەم شێوازەدا سیاسەتێکی زمانی تایبەت بەسەر زماندا زاڵ نیە و زمان، بەنیسبەت دەوڵەت و سیاسەت، لە مەیدانێکی دیکەدا بوون و ژینێکی سەربەخۆی هەیە، بۆیە کەس ڕاستەوخۆ یان تەنانەت ناڕاستەوخۆیش پلان و بەرنامە بۆ پاراستنی زمان داناڕێژێ بەڵکوو لەوانەیە ئاکام و نەتیجەی نەخوازراوی چالاکی فەرهەنگی دەبێ بە بەهێزکردن و پاراستنی زمان. لێرەدا بۆیە کەڵک لە زمانی کوردی وەردەگیرترێ کە ئامراز و کەرەسەیەکی لەبار و باشە بۆ ئەوەی سەرمایەی فەرهەنگی پێ بەرهەم بێنی و زمان گەشە بکا.
زمان لەم شێوازەدا بۆیە بایەخدارە کە توانایی ئەوەی هەیە لێکدانەوەکانی دەروونی پێ دەرببڕی بەجۆرێک کە قسەی زمان، خەیاڵ و هەستەکانی مرۆڤ زۆر لەیەک دوور نەبن. ئەم بۆچوونە بۆ زمان، ئەولەوییەت دەدا بە فەرهەنگ و دانوستانی فەرهەنگی لە گەڵ فەرهەنگەکانی دیکە. بۆیە خۆی سنوودار ناکا، بەرەو پیری بیری نوێوە دەچێ و بەردەوام لە زمانەکانی تر بۆ پاراو و پتەو کردنی بنەماکان و تواناکانی خۆی کەڵک وەردەگرێ. زمانی سەربەخۆ، بەهێز و بەپرستیژ بەبێ پشتبەستن بە سیاسەت و ئایدیۆلۆژی پەرە دەستێنێ و دزە دەکاتە ناو زمان و فەرهەنگەکانی تر.
سیاسەتی پاراستنی زمان لەلای کورد و بەرجەستەبوونی زمان لە سیاسەتی کوردیدا چەند هۆکاری سەرەکی هەیە: دژکردەوەیەکە بەنیسبەت سیاسەتی فەرهەنگی ناسیۆنالیستیی عەرەب، تورک و ئێرانی کە لە سەر تواندنەوە، نادیدەگرتن و کەمتەرخەمی بە نیسبەتی فەرهەنگی کورد بونیاد نراون. ناسیۆنالیسمی تورکی و ئێرانی بە شێوەیەکی فاشیستی پڕۆژەی “یەک زمان – یەک میللەت”یان بەڕێوە بردوە. هەروەها، سیاسەت لە ناو کورددا، هەم وەکوو دژکردەوە و هەم وەکوو هەڵوێستی چالاکانە، بەتایبەت لە ئێستادا ناسیۆنالیستی بووە.
لەوانەیە ئەگەر ئەندێشەی چەپ، ئیسلامی و لیبڕاڵ لە سیاسەتی کوردیدا دەوری کاریگەر و زیاتریان ببایە، ئارمان و دروشمی پاراستنی زمان و گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی ڕەسەن ئاوا بەرجەستە نەدەبووە، تەنانەت لەوانەیە وەکوو جۆرێک لە کۆنەپارێزی لەقەڵەم بدرایە و دژایەتییان لەگەڵ بکردایە. هەروەها، ئەگەر کورد، زمان و بەگشتی فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و بەهێزی نەبوایە لەوانەیە سیاسەتی “بەرخۆدانی زمانی” نەبووبایە بەبەشێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد و بابەتێک یان درووشم و بەرنامەیەکی تر وەکوو ئامانج تەئکیدی لەسەر بکرایە.
ئەگەرچی سیاسەتی فەرهەنگی، بەرنامە و پڕۆژەیەکە کە دوای دامەزرانی دەوڵەت بۆ بەهێزبوونی نەتەوە بەڕێوە دەچێ، بەڵام لەناو کورددا پێچەوانە بووە و بەر لەوەی دەوڵەتی کوردی دامەزرێ، سیاسەتی فەرهەنگیی خۆی دیاری کردوە و بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی ئەو سیاسەتە کە میللەتسازییە، هەوڵ و تەقەلای زۆری داوە. ئەو سیاسەتە، وردە وردە پەرەی سەندوە، خۆی بە زمانەوە نەبەستۆتەوە و ئێستا ناسیۆنالیسمی کوردی جل و بەرگ، مۆسیقا و هەڵپەڕکێشی وەکوو بەشگەلێکی ئەساسی لە شوناسی کوردی گرتۆتەوە. لەم بوارانەدا، گرینگ ئەوەیە ڕەسەنایەتی بپارێزرێ و هەر شتێک ڕەسەن بێ کەواتە باشیشە. هەروەها، لە سەر جیاوازییە فەرهەنگییەکانی نێوان کورد – فارس، کورد – عەرەب و کورد – تورک پێداگری دەکرێ.
زۆر جار باس لەوە دەکرێ، شێعر دەوری نەماوە و وردە وردە، کورد دەبێ بۆ مانەوە و گەشەکردن دەس بکا بە داڕشتنی بەرنامە و نووسینی بابەتە فەلسەفی و زانستە نوێکان بە زمانی کوردی کە پێداویستی ژیانی ئەمڕۆ و جیهانی مودێرنن. دیارە لەم وتارە ناپەرژێمە سەر ئەم پرسیارە کە بۆچی ئەم قسە و باسە هاتۆتە ئاراوە و هۆکارەکەی چیە کە هەڵوێستی ئاوا سەبارەت بە شێعر دەگیرترێ.
لێرەدا باسی سەرکی ئەوەیە کە شێعری کوردی دەتوانێ یارمەتی زمانی کوردی بدا کە بمێنێتەوە؟ هەروەها، ئێستا، ئایا شێعر ناتوانێ خزمەت بکا بەزمانی کوردی و کێشەی شوناسی کوردی بەگشتی؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە لای من ئەوەیە کە شێعر هەم لە ڕابردوودا و هەم لە ئێستادا دەوری سەرەکی هەبووە و هەیە لە مانەوە و گەشەی زمان. چۆن؟
مێژووی شێعری کوردی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات، بەر لەوەی سیاسەت و ناسیۆنالیسم، سیاسەتی زمانی و فەرهەنگی تایبەت بەخۆیان دابڕێژن، بوونێکی سەربەخۆی هەبووە. بەشێکی زۆر لە شاعیرانی کلاسیکی کوردی، لە ژێر کاریگەری یان بەپێی سیاسەتێکی فەرهەنگی دیاریکراو، بەزمانی کوردی شێعریان نەنووسیوە. شێعر بەتایبەت و فەرهەنگ بەگشتی لەسیاسەت جیا بووە و سەرمایەیی فەرهەنگی شەرعییەتی خۆی لە سیاسەت یان لە ئابووری وەرنەگرتوە.
شێعر لەم دەوردەدا، زیاتر، هەڵگری خەیاڵ و ئەندێشە و بیر و بۆچوونێکی کوردی بووە. ئەگەر چی ئەولەویەت بە وشەی ڕەسەن و پاراستنی زمانی کوردی نەدراوە بەڵام ئاکامی نەخوازراوی شێعر، مانەوە و گەشەی زمانی کوردی بووە. پاراستنی زمان هەمزەمان بووە لە گەڵ بەهێزبوونی فەرهەنگ و ئەو بیرمەندانەی کە بەرهەمهێنەری بیر و ئەندێشە بوون، بەزمانی کوردی هەستی دەروونی خۆیان دەربڕیوە و بەرهەمی ئەدەبی و فەرهەنگییان پێ خوڵقاندوە.
شێعر لە حاڵیکدا زمانی کوردی پاراستوە – هەڵبەت بە شێوەی خۆی – کە نە تەنیا هیچ پشتیوانی و ئەنگیزەی سیاسی نەبوو بەڵکوو ڕەقیبی سەرسەخت و بەهێزی وەکوو زمانی فارسی و عەرەبی هەبووە کە هەر کامیان دەوڵەت و دەفتەر و دیوانی تایبەت پشتیوانی لێکردون. لە شێعری کوردیدا ئەندێشەی بەرز و پڕمانای تێدایە کە شان ئەدا لە شانی شێعرە بەناوبانگەکانی شاعیرانی فارس و عەرەب. هەروەها، لەباری جوانیناسییشەوە ئەتوانین ئە ئیدیعایەمان ببێ و دەیان شێعری شاعیرانی کورد بە شاهید بێنینەوە کە جوانییەکانیان بێوێنەن. وجوودی ئەندێشە و هەستی ناسک و شاعیرانە، زمانیش بەهێز دەکا و ئیمکانی دانوستانی لە گەڵ فەرهەنگ و زمانەکانی تر بۆ فەراهەم دەکا. ئەم بۆچوونە شێعری فۆلکلۆریکی گۆرانی و بەیت و حەیران و … یش دەگرێتەوە کە هەم پڕن لە بیرۆکە و هەم لێوانلێون لە شتی جوان و ڕووداوی زمانی ناوازە. هەر ئەوانە دەبن بە هۆکارێک کە تاکی کورد، هەن بدرێ لە زمانەکەی کەڵک وەربگرێ بۆ ئاخافتن و نووسین و … و زمانەکە بە زیندووی بمێنێتەوە. جوانی و چێژوەرگرتن لە زمان، هۆکارێکی سەرەکی مانەوەی زمانە و شێعر و ئەدەبیات ئەم ئەرکەیان بە درووستی بەئەنجام گەیاندوە.
ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە ئەوندەی کە لە شێعردا بەرهەمهێنان، جوانی، ئەندێشە و مانا هەیە لە هیچ بوارێکی تردا ئەو شتە بەرچاو ناکەوێ. لە شێعری عیرفانی، خۆشەویستی، حیماسی و تەنانەت کۆمەڵایەتی و سیاسیدا کورد تا ڕادەیەکی زۆر شێعری زۆر چاک و دەرجەیەکی هەیە. لە هیچ بوارێکی زانستیدا وەها حاڵەتێک بەرچاو ناکەوێ و ئەوەندە نووسراوە و تیۆریی نیە کە شان بدا لە شانی وتار و نووسراوەی زمانەکانی تر. کەوابوو شێعری کوردی پرستیژەکەی لە توانایی و لیهاتوویی خۆی و ئەو کەسانە وەردەگرێ کە بۆ دەربڕینی هەست و نەستی خۆیان بەکاری دێنن و وابەستە بە ئایدیۆلۆژی یان سیاسەت نیە بۆیە لەو سەردەمانەی سیاسەتێکی فەرهەنگی لە ئارادا نەبوو، شاعیران، شێعر و بەرهەمی بەرزیان دەخولقاند و دەبوو بە سەرمایەی فەرهەنگی بۆ خولقێنەران و ئەو کەسانەی کەڵکیان لێوەردەگرت.
ڕوویەکی دیکەی ئەم باسە ئەوەیە کە ئەگەر لە ناو بیرمەنداندا مانا و ئەندێشە ببێ، ئەو ئەندێشە و مانایە وا دەکا کە هەوڵ بدەن زمانی پێویست بۆ دەربڕینی ئەندێشە و خەیاڵەکەیان ئامادە بکەن. ئەگەر گۆران گرفتارە بەدەس لێکدانەوە و خەیاڵێکەوە و دەڵێ:
هەر چەن دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم بۆچ وەها دوورن لە یەک نازانم
دەبێتە هۆی ئەوەی کە قسە و زمانیشی پەروەردە ببێ و ئامادەی بکا بۆ نزیک کردنەوەی لە لێکدانەوە و خەیاڵەکانی. لێرەدا مانا و ئەندێشەیە کە زمان پاراو دەکا و گەشەی پێدەدا. پەیوەندی نێوان زمان و ئەندێشە، پەیوەندییەکی دوو لایەنەیە و شاعیرانی بیرمەند و پڕهەست بە هەر دوو شێوە خزمەتیان کردوە بە زمان و فەرهەنگی کوردی بە بێ ئەوەی کە ئایدیۆلۆژیک بیر بکەنەوە.
– ئەم وتارە لە گۆڤاری «مەهاباد»یش ژمارەی ۲۳۶ بڵاو بۆتەوە.