لە ڕانانی مەعریفەی نۆستالۆژیکەوە بەرەو ڕۆنانی کردەی نوێ
یادداشت: عەبدولقادر نیازی/شاعیر و ڕەخنەگر
(خوێندنەوەیەک لە وتاری شێعر و ئەرکی پاراستنی زمان لە نووسینی دوکتور خالید تەوەککولی)…
دوکتور خالید تەوەککولی نووسەر و توێژەر و کۆمەڵناسی کورد، دە وتارێکدا بەنێوی” شێعری کوردی و ئەرکی پاراستنی زمان”، بە خوێندنەوەیەکی مەیلەو ڕەچەڵەکناسانە پژاوەتە سەر ڕەوتی پێوەندییەکانی زمان و ناسیۆنالیزم و شوناسی کورد و سووکەئاوڕێکیشی لە شێعری کوردی و سیاسەت داڕێژی کەلتووری و زمانی و چەمکی نەتەوەسازی داوەتەوە. ئەو شێوازە لە لەنگەری بەڕێزیان بوو بە هۆی ئەوەیکە باوەڕی سەرەکی ئەو یادداشتە ئەوە بێ کە بەڕێزیان هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە دەخوێندنەوەی شێوازناسانە و مێتۆدیکاڵی پێوەندییەکانی شێعری کوردی و زمان و ناسیۆنالیزمی کوردیدا بە دەرئەنجامێکی ئەرێنی و پۆزەتیڤ و ئیجابی نەگەیشتووە، گیرۆدەی هەندێ پێکهاتەی سادەشە لەسەر ئەم پێوەندییە ئیماژیک نەک تێئۆریکەی کە خەریکە بارستایی و بۆشایی نێوان زمان و شێعر و ناسیۆنالیزم بە شێوەیەکی پەسیو و بەرهۆکارانە و تا ڕادەیەکی زۆریش ئیدئۆلۆژیک پڕ دەکاتەوە. بۆچوونەکانی بەڕێز دوکتور تەوەککولی، لانیکەم لەبواری شێعر و زماندا، وێڕای ئەوەیکە خۆ لە چەشنێ دەرهاویشتەی تاک گەرێتی دەدەن هاوکات توانیویانە پرساژۆی هەندێ بونیاد و بنەڕەت و پڕەنسیپیش بکەن کە دەنێو ئێمەی کورددا زەروورەتن. بە واتایەکی تر وتارەکەی بەڕێزیان وێڕای ئەوەیکە لەنگەری لەسەر هەندێ پڕەنسیپی نەگۆڕ و سەقامگیر و ئیدئۆلۆژیک گرتووە بەڵام لەچەشنی خودی پرسی زمان و شێعری کوردی و ناسیۆنالیزم و… کە دەنێو ئێمەدا نەتەنیا هێشتا بە شێوەیەکی زانستی پرساژۆ نەکراون، ئاراستەیەکی پڕبەپێست و پڕمەزندەشی ئاراستە کردووە. بەڵام بە پێچەوانەی بەڕێزیان کە دە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی زمان دە پێکهاتن و بیچمگرتنی شوناس و نەتەوە و ناسیۆنالیزمدا کردووە، وەک نووسەری ئەو یادداشتە لەسەر ئەو باوەڕەم کە پێوەندییەکانی شێعری کوردی و زمان و ناسیۆنالیزم دەو سەردەمەدا پتر لە هەموو شتێ پێویستی بە خوێندنەوەیەکی خەسارناسانە و پاتۆلۆژیکاڵ هەیە نەک ئیدئۆلۆژیک و پێداگرانە و بەفەرمی ناسانە. کێشەی سەرەکی ئێمە بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە کە پێوەندییەکی سابجکتیو/ئابجکتیو واتە تێئۆریک و هزریمان لەسەر بابەتەکان نەبووە و خوێندنەوەی پاتۆلۆژیکاڵ و خەسارناسانەش هەر بەو هۆیە بە دەرئەنجام و دەرکەوتووییەکی ئیجابیش نەگەیشتووە. هەر بەو پێیە ئەو یادداشتە بەنیازە بگاتە ئەو قەناعەتە کە بڵێ بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی دوکتور تەوەککولی، ئاوڕدانەوە لە پێوەندی نێوان زمان و شێعر و ناسیۆنالیزم، لانیکەم دوای کۆماری کوردستان، وێڕای ئەوەیکە خوێندنەوەیەکی جدیتری پێویستە هاوکات بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دەمارگرژانە لە گەڵ چەمکی ناسیۆنالیزم و شێعر و زمان بە تایبەت کە هێمن و هەژار وەک دوو شاعیری مەزنی کورد، خسترانە ناو بازنەی ناسیۆنالیزم و ئەدەب و زمانەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوە ناسیۆنالیزم بوو کە زمان و شێعر و شوناسی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و ئەو جۆرەی مەیلی لێبوو، دەستی دایە پێناسە و پلان داڕێژی بۆ ئەو چەمکانە نەک پێچەوانەکەی. ئەویش ناسیۆنالیزمێکی فۆڕمۆڵەنەکراو و سانتی مانتاڵ و دەرهەست کە وەک قەبەدال یا ئەویترێکی واڵا، دەستی دایە سەر گشتخوازی و تەواوییەتخوازییەک کە دە زۆر بواردا، چەمەوازیی وەرگرتنی بیرۆکەی نوێ و مۆدێڕنی دەخۆیدا نەدۆزییەوە. ئەو ناسیۆنالیزمەی کە پتر لەوەیکە بە گوێرەی سیاسەتی جیهانی، خۆی مردەوەژی کاتەوە، شێعر و ئەدەب و سیاسەت و تەنانەت کەلتووریشی هێنایە ژێر گوتاری فانتزیکی خۆی.
ناسیۆنالیزمێکی پاتریمۆنیک و فالوس تەوەر کە تەواوی بنچینەکانی خۆی دە فلکلۆر و ڕەسەنایەتی و جل و بەرگ و ڕووماڵ و فۆڕماڵ و ڕێئاڵی زماندا دۆزییەوە بێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی زانستی و مۆدێڕن بۆ زمان و داهێنان قایل بێ، بەرخۆدان و بەرەنگاریشی کرد. دابەزاندنی خولیا سیاسی و فەرهەنگییەکان بەرەو جل و بەرگ و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و ئاپاراتووسی فلکلۆر، ئەو گوتارە بوو کە لەو ناسیۆنالیزمە کەوتەوە. دووجەمسەرییەکانی ئایین/نەتەوە، جاش/باش، ڕەسەن/ناڕەسەن و … زۆرجار حاسڵاتی ئەو گوتارە ناسیۆنالیستییە بوو کە بەردەوام سۆبێکتی نوێخواز و پێشکەوتنخوازی سەرکۆنە دەکرد. دەبێ ئەوەش بڵێین کە قووڵایی و قەیرانی نەبوونی سیستم و پێکهاتەیەکی نەزەری و سیاسی و ئەدەبی دەنێو ئێمەی کورددا، نەتەنیا پرسی ڕەخنەی ئەدەبی کە خودی مژارەکانی وەک زمان و شێعر و ناسیۆنالیزمیشی تووشی شپرزەیی و کات ئاڵۆزی (اناکرونیسم) و دیفۆڕمە بوون و کێشەگەلی هایپۆترۆفیکی واتایی (تورم معنایی) و ئانامۆرفیک(شێواندنی فۆڕم) و تەنانەت لیپاولیپ کردنی ئوستوورەپەرەستی و ڕێئەکشێنی ناپوختە و دەڵەمە کردووە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی مەترسی سڕینەوە لە نەبوونی فۆڕم و پێناسەی خۆماڵی و سیستمی نەزەری و هزری.
کێشەی سەرەکی نەبوونی ئەو پێکهاتە نەزەری و تیۆریکە، بوو بە هۆی ئەوەیکە نە پرسی زمان و نە ناسیۆنالیزم و نە هیچکام لە بزافە فیکرییەکانی ئێمە، تا ئێستاش نەتوانن ماهییەت و چییەتی خۆیان بە شێوەیەکی خۆجێیی کراو و مێتۆدیکاڵ و شێوازناسانە ئاراستە بکەن بەڵام بەڕێزیان زۆر شێلگیرانە و بەفەرمی ئەو ڕەوتەی تەئیید کردووە. سەرەڕای ئەوە، بەڕێزیان دە وتارەکەیاندا بە کەڵکوەرگرتن لە وتارێک کە دە گۆڤاری بەیاندا چاپ و بڵاو بۆتەوە، نموونەی لە گۆڤاری سروە هێناوەتەوە و گرینگترین کەڵکەڵەی گۆڤاری سروەی دە فێرکردنی خوێنەر و بەردەنگی سروە بە خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی گرێ داوە. دەوەدا کە سروە، ڕۆڵی سەرەکی خۆی دە پانتای زمان و ئەدەبی کوردیدا گێڕا، هیچ شک و شوبهەیەک نییە بەڵام دەوەشدا کە پاراستنی زمان وەک پێکهاتەیەک، نە تەنیا خوێندنەوە و نووسین کە بەرهەمهێنانی هزر و ئەندێشەیە، جێی دڕدۆنگی و شک و شوبهە نییە. سەرەڕای ئەوە، پارادۆکسی بۆچوونەکەی بەڕێزیان دەوە دایە کە لە شوێنێکی وتارەکەیدا ئاماژە بە شوێندانەری نەرێنی ئیسلامییەکان و چەپەکان و لیبڕالەکانی کورد دەکا و دەنووسێ: “لەوانەیە ئەگەر ئەندێشەی چەپ، ئیسلامی و لیبڕاڵ لە سیاسەتی کوردیدا دەوری کاریگەر و زیاتریان ببایە، ئارمان و دروشمی پاراستنی زمان و گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی ڕەسەن ئاوا بەرجەستە نەدەبۆوە، تەنانەت لەوانەیە وەکوو جۆرێک لە کۆنەپارێزی لەقەڵەم بدرایە و دژایەتییان لەگەڵ بکردایە”. بەڕێز دوکتور تەوەککولی بە یەقین ئاگاداری ئەوە هەیە کە دە کۆماری کوردستاندا کە لە مەهاباد دامەزرا، هێمن و هەژار لەلایەن سەرکۆماری کوردستان، بە شاعیری نەتەوەیی ناوزەد کران. پرسیارێ کە بۆی هەیە لە بەڕێزیان بکرێ ئەوەیە: ئەگەر لەلایەن پێشەواوە، هێمن و هەژار وەک شاعیری نەتەوەیی ناوزەد نەکرابان، ئایا پێش بینی ئەوەیکە سروە و بزافی خوێندنەوە و نووسین بە کوردی، تا ئەو ئاستە دەمێژووی زمان و ئەدەبی کوردیدا دەگەیشتە ئەو شوێنە کە بەڕێز تەوەککولی نموونەی لێ بێنێتەوە؟ بە واتایەکی تر ئەگەر سەرکۆماری کوردستان، هێمن و هەژاری وەک دوو شاعیری نەتەوەیی ناوزەد کرد، پارادۆکسی بۆچوونەکەی دوکتور تەوەکوللی کە دەنووسێ: “لەوانەبوو ئەگەر سیاسەت لە کوردستاندا، دە دەست ئیسلامییەکاندا بوایە…”، لە کوێی خوێندنەوەیەکی زانستی و نائیدئۆلۆژیک و دوور لە لایەن تەوەریدا(جهت دار) ڕادەوەستی؟ ئەویش لەکاتێکدا سەرکۆماری کوردستان تەواو ئیسلامی بوو. لەلایەکی ترەوە بەڕێزیان بە کام مێتۆدی خوێندنەوە بەو ئارگیۆمێنتە گەیشتووە کە ئەگەر سیاسەت لە کوردستاندا دە دەستی ئیسلامییەکان و چەپ و لیبڕاڵەکاندا بوایە تووشی نسکۆ دەهات؟ مەگەر شێعری ئەحمەدی خانی و قانع و حاجی قادر کۆیی کە بەگشتی خاوەنی گوتارێکی ئایینی/ناسیۆنالیستی بوون، ڕێچکەی مسۆگەربوونی بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی کوردی نەشکاند؟ نالی و مەحوی و پیرەمێرد و خانای قوبادی تا دەگاتە سەیفولقوزات و وەفایی و حەقیقی و خاڵەمین و.. کە بەگشتی کەسایەتی ئایینی بوون و لەڕێی شێعر و زمانەوە، مێژووی زمان و ئەدەبی کوردیان هەڵچنی، ئایا دە قامووسی دوکتوردا ئەو ئیسلامییانەن کە بەڕێزیان باسیان لێ دەکا یا مەبەستی بەڕێزیان لەو ئیسلامییەکان کەسانێکی نادیارن؟ ئەوە لە کاتێک دایە کە بزافی ناسیۆنالیزمی کوردیش کە بەڕێزیان زۆر تۆکمە و پوخت باسی لێ دەکا، هەر لەسەرەتاوە لەسەر دەستی ئیسلامییەکان دامەزرا. ئەو خیانەتەی کە ئیسلامییەکان قەرار وابوو بە زمان و ناسیۆنالیزم و شوناسی کوردی بکەن و دوکتور تەوەککولی پێش بینی بۆ کردوون کامانەن؟ خۆ ئێستا دەسەڵات و سیاسەت لە کوردستاندا دە دەستی ئیسلامییەکاندا نییە، ئەی چۆنە مەلای کورد ئێستاش هەم دە زماندا هەم دە وێژە و ئەدەبی کوردیدا و هەم دە جل و بەرگدا، پێشەنگ و هەڵگری ئەو ڕەسەناتییەیە کە نووسەری وتار باسی لێدەکا بەڵام ئەو ڕەسەنایەتییەی بەڕێزیان باسی لێ دەکا لەناو گوتارەکانی تری کوردستاندا بڕەوێکی وای نییە؟ دوکتور تەوەککولی لە شوێنێکی تری وتارەکەیدا باس لە سیاسەتگوزاری و پلانداڕێژی کورد دەکا و دەنووسێ: ” ئەگەرچی سیاسەتی فەرهەنگی، بەرنامە و پڕۆژەیەکە کە دوای دامەزرانی دەوڵەت بۆ بەهێزبوونی نەتەوە بەڕێوە دەچێ، بەڵام لەناو کورددا پێچەوانە بووە و بەر لەوەی دەوڵەتی کوردی دامەزرێ، سیاسەتی فەرهەنگیی خۆی دیاری کردووە و بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی ئەو سیاسەتە کە میللەتسازییە، هەوڵ و تەقەلای زۆری داوە. ئەو سیاسەتە، وردە وردە پەرەی سەندووە، خۆی بە زمانەوە نەبەستۆتەوە و ئێستا ناسیۆنالیسمی کوردی جل و بەرگ، مۆسیقا و هەڵپەڕکێشی وەکوو بەشگەلێکی ئەساسی لە شوناسی کوردی گرتۆتەوە. لەم بوارانەدا، گرینگ ئەوەیە ڕەسەنایەتی بپارێزرێ و هەر شتێک ڕەسەن بێ کەواتە باشیشە”…
دە وڵامی ئەو بۆچوونەی دوکتور تەوەککولی بەڕێزدا دەبێ بڵێم: ئەو بۆچوون و ئارگیۆمێنتە پتر لەوەی ئارگیۆمێنتێکی دروست و زانستی بێ، سەرگرتوو لە خوازەیەکی نەتەوەخوازانە و هۆگرایەتییەکی فەرهەنگییە نەک دەلالەتێکی زانستی. بەهۆی ئەوەیکە وەک دە سەرەتای ئەو یادداشتەدا ئاماژەی پێکرا کە بەهۆی نەبوونی سیستم و پێکهاتەیەکی سیاسی و نەزەری و فەلسەفی، ئێمە پێناسەی کوردانە و خۆجێییمان بۆ هیچکام لە مژارەکانی وەک فەرهەنگ، دین، ئەدەبیات و ناسیۆنالیزم و سیاسەت نەبووە. تەنانەت بەو جۆرەی دەوترێ، ئێمە ناسیۆنالیستی کوردمان زۆرە بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردیمان نییە. ئەوەش بەهۆی ئەو خوێندنەوە سەقەت و دەڵەمەیە بووە کە لە فەرهەنگ و ناسیۆنالیزمی کوردی کراوە و پتر لەوەی دەخزمەت نەتەوەسازیدا بێ خەریکە لەبری هەمووی ئێمە قسە دەکا ئەویش بە ڕووکردێکی ئاماڵ دەمارگرژانە و ئەویترساز نەک بەرساخت گەرا. فەرایەندی نەتەوەسازی بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ و کردەی ئیماژیک بە ئەنجام ناگا. ڕەسەنایەتیش بەواتای بەرهەمهێنان و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی کردەی نۆستالۆژیک و چەقبەستوو نییە و ئەرکی دەوڵەتی کوردیش ئەوە نیە تەواوی ڕەسەنایەتی و شوناسی کورد لە گۆرانی و جل و بەرگ و هەڵپەڕکێ گرێ دا. ڕەسەنایەتی نەک دە مێژووی لەمێژینە و ڕووکەش و ڕووماڵدا کە دە خۆ خستنەناو پانتای سیاسەت و هزر و فەلسەفەی جیهانیدا واتای هەیە. بە واتایەکی تر ڕەسەنایەتی و نەتەوە نە سابجێکتیویتەیەکی نەگۆڕ و نەڕۆخ و ڕاوەستاو و چەقبەستوو بەڵکوو فەرایەندێکی ئەکتیو و داینامیکە کە تەنیا بە گوێرەی پاڕادایمەکانی سەردەم و جیهانی دیاری دەکرێن نەک بە گۆرانی و مۆسیقا و زمان و مێژووی دێرینە و کەونارایی. بەو ڕوانینە، وتاری دوکتور تەوەککولی تووشی ئینفعال و بەرهۆکاری مێژوویی و تێئۆریک بووە و بەڕێزیان نەتەنیا هیچ زەروورەتێکی تاریخی بۆ پڕۆسەی نەتەوەسازی هەست پێناکەن بەڵکوو پڕۆسەی زمان و ڕەسەنایەتی و فەرایەندی نەتەوەسازیشی لە کردەی هەبوو گرێ داوە کە تا ئێستاش کردەی سیاسی بە بارمتە گرتووە. لە هەر شوێنـــ/کاتێدا، کردەی ئیماژیک و ڕووماڵ، مەیدانی بە کردەی سیاسی چۆل کرد، زمان و کەلتوور ڕۆڵی ئەو کاتالیزۆرانە دەگێڕن کە کردەی سیاسی بزر و بێ سەر و شوێن دەکا. خاڵی بێ هێزی سیاسەت و سیاسەتداڕێژی و زمان پارێزی دە مێژووی کورددا ڕێک ئەو فاکتەرانەن کە دوکتور تەوەککولی بە پلانی سیاسی و فەرهەنگی و کەلتووری و ڕەسەنیان لەقەڵەم دەدا. بەجوانیناسی کردنی کردەی ئیماژیک، نە زمان دەپارێزێ نە پاراستنی زمانیش تەنیا خوێندنەوە و نووسین بە کوردییە، بەڵکوو هزرین و تێفکرین و داهێنانە بە کوردی. ئەوەیکە شێعر دەبێ پارێزەری زمان بێ، نەتەنیا بیرۆکەیەکی دروست نییە بەڵکوو دابەزاندنی خولیا سیاسییەکانی کوردە دە کردەی جوانیناسانە و ستاتیکدا. پێوەندی زمان و شێعر ئەوە نییە کە جەوری تەواوی کارەسات و ڕابردوو و داهاتوو و ڕووداوەکانی کورد بکێشێ و وێنای بکا. کار و ڕساڵەتی شێعر ڕۆنانی چەمک و مژاری پێشکەوتوویانەیەی فکری و هزرییە نەک پاشکۆیانە. شێعر نە پاشکۆ کە پێشباری کۆمەڵگایە. ئەو پێوەندییە هەرچییەک بێ دە داهێنان و بیر و هزر و بەرهەمهێنانی دەقی جیهانی و ستاندارد و یۆنیڤێرساڵدا واتای هەیە نەک دە بە بارمتەگیران دە مێژوو و جوانیناسی کردنی نۆستالۆژی و کردەی ڕابراو و پیتاندن و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە و لیپاولیپ کردنی کردەی نۆستالۆژیک. بە مینۆکی کردن و بەخشینی خسڵەتی نۆڕۆتێئۆلۆژیک و بەپیرۆزکراو بە شێعر و زمان و ڕەسەنایەتی و نۆستالۆژی، نەتەنیا نەتەوە سەرناگرێ کە زمان و کردەی سیاسی و فەرهەنگ و کەلتوور لە واتای عەقڵانی و ڕساڵەتی خۆیان دادەماڵرێن. پاراستنی کردەی ئاڕکائیک و ئۆستوورەیی و وێستان لەو وێستگەیەی ئێستادا کە کورد پتر لە هەموو شتێک پێویستی بە عەقڵانییەتی سیاسی و دوورەپەرێزی لە دە ئیماژ و ڕووماڵدا مانەوە و لادانی شێوەنیگای ڕووکەشیانە هەیە، بێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی مۆدێڕن و زانستی و یۆنیوێرسالیان بۆ بکرێ، نە نەتەوەی لێ دەردەچێ نە دەرهاویشتەی سیاسی و سەردەمیانە و ڕۆژەڤیشی لێدەکەوێتەوە. ئەوەش نەک بەواتای سڕینەوەی مۆسیقا و هەڵپەڕکێ و فلکلۆر لە پانتای گوتاری کورد و کوردانەدا بەڵکوو کەڵکەڵەی ڕۆنانی کردەی مۆدێڕن و داڕشتی ستراتژی نوێ و درێژخایەنە دە سیاسەت و سیاسەتداڕێژی کەلتووریدا…