اخبار, سیاسی, فرهنگی, ویژه خبری, چندرسانه ای

سێمیناری زانستی: هێمن موکریانی: ژیان، بەرهەم و پێگەی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی

وتاری د. خالید ته‌وه‌کۆلی

هێمن بەرهەڵستی جۆرێک لە نابەرابەری دەبێتەوە، کە لە کۆمەڵگادا باوە. ئەو جۆرە لە نابەرابەری و دژایەتییە بریتییە لە ململانێی نێوان ئەو کەسانەی کە خاوەنی سەرمایەی فەرهەنگین لەگەڵ کەسانێک کە سەرمایەی مادییان هەیە. دیارە ئەم کێشەیە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و زۆر کەسی خاوەن‌فەرهەنگ، گلەییان لەو دۆخەی کۆمەڵگا کردووە کە کاڵاکەیان، کڕیاری نییە و کەس قەدریان نازانێ.
چ ئینسافە ئەمن بەو دەنگی خۆشم
ئەسیر و دیل و زیندانی و خەمۆشم
بەڵام ئێستا قەلی ڕووڕەش لە گوڵزار
بە قاڕەقاڕ دەدا گوێی خەڵکی بازاڕ
گوتم ئەی بولبولی خەمگینی دڵمەند
مەناڵێنە لە دەس داو و لە دەس بەند
بزانە ئەوی ئەهلی هونەر بێ
دەبێ یا دەسبەسەر یا دەربەدەر بێ
هونەرمەند و ژیانی خۆش محاڵە
هونەرمەند ڕەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە
ورینگە خۆشەکەت بۆ تۆ بەڵایە
ئەتۆ خۆش‌خوێنی حاڵت بۆیە وایە
ئەگەر نەتبا ورینگە و دەنگی وا خۆش
بەڕەڵڵا بووی وەکوو ئەو ڕووڕەشە تۆش.

خاڵێکی گرینگ کە هێمن ئاماژەی پێدەکا ئەوەیە لە کۆمەڵی کوردەواریدا ئەگەر زێڕت نەبێ پێگەی کۆمەڵایەتیی باڵات نابێ، لەوە ناخۆشتر و خەساری گەورەتر ئەوەیە کە لە بازاڕی ژیاندا ئەوانەی کە غەیری هونەر خاوەنی هیچ سەرمایەکی دیکە نین، بەشیان ڕەنجەڕۆیی، دەربەدەری، پەرێشانی و خەفەت دەبێ:
منیش چونکە بڕێک خاوەن‌هونەر بووم
هەمیشە ڕەنجەڕۆ بووم، دەربەدەر بووم
(هەمان؛ ل، ۱۲۹)
دەزانی بۆچی من هێندە پەرێشان و خەفەت‌بارم
لە بازاڕی ژیان، غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە
(هەمان؛ ل، ۱۴۹)
بەشی کوردێکی زانا لەم وڵاتە مەینەت و دەردە
ئەوەی نەتویست بڵێ ڕەببی بە دەردی کوردی زانا چێ
لە ناو بازاڕی ئەورۆکەی ئەدەبدا شێعری تۆ هێمن
وەکو پووڵی چرووکە، هیچ ڕەواجێکی نییە، ناچێ
(هەمان؛ ل، ۱۵۱)
سەرنجدانی هاوکات بۆ ئەشق و سیاسەت لە شیعر و ئەدەبیاتی فۆلکلۆری و فەرمیی کوردیدا، بابەتێکی دەگمەنە. “هێمن” قارەمانی ئەم بوارەیە و بە تایبەت لە دیوانی “ناڵەی جودایی”دا لە زۆر حاڵەتدا هەردووکیان لە پاڵ یەکدی دادەنێت. لەم شیعرەدا ئاوارەیی خۆی بە بولبولی دوو لە گوڵزار و چەمەن دەشوبهێنێ:
بۆ منی «ئاوارە» و «دوورەوەتەن»
بلبلی بێبەش لە «گووڵزار» و «چەمەن»
لە شیعرێکی دیکەدا خۆ بە “نەی” دێنێتە ئەژمار کە باسی جودایی و دەربەدەریی خۆی دەگێڕێتەوە، بە دەربڕینێکی دی؛ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناڵەی جودایی مرۆڤێک کە لە وڵاتی خۆی دەرکراوە لەگەڵ “نەی” کە باسی جودایی خۆی و ئەشق دەکات، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و هەردووکیان کارتێکەرن:

نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ «نەی» بیکا چ «پیاوی دەربەدەر»
لەم شیعرەدا ڕاشکاوانەتر “یار”، “شار”، و “وڵات” دەخاتە پاڵ یەکدی و بەهایەکی یەکسانیان بۆ قایل دەبێ:
یادی «یاران» و «وڵات»م رۆژ و شەو
لێی حەرام کردووم قەرار و خوارد و خەو
نابینم «خاک» و «وڵات» و «شار»ی خۆم نابینم «ناسیاو» و «دۆست» و «یار»ی خۆم
روو لە هەر لایێ دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم «جێژوان» و «کەونەلان»ی خۆم
هەڵبڕاوم من لە «یار»ی نازەنین
دەرکراوم من لە «خاک»ی دڵنشین
دێم و هەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد

لە ڕاستیدا ژیانی ئاوارەیی بۆ هێمن هاوکات لەهەردوو ڕوانگەکەوە دژوار بووە. بۆ ئەو هەم یار “نازەنین” بووە و هەم خاک، دڵگیر و دووری لەم دووانە بۆ ئەم شاعیرە هەست‌ناسکە بە یەک ڕادە زەحمەت بووە. “وڵات”، “خاک”، “شار”، “کەونەلان” و “کوێستان” کە چەمکگەلێکی سیاسی و لە توخمە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردین، لەگەڵ “یار”، “دۆست”، “ناسیاو”، “جێژوان” و “شەوڕنی بێستان” کە فەزایەکی ئاشقانە وێنا دەکەن، خاوەن گرنگییەکی یەکسانن.
“هێمن” هیوا و ئارمانی خۆی بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئەشق کورت دەکاتەوە و خۆی بە ڕێبواری کۆڵنەدەری ئەم ڕێگەیە دەزانێت:
هەزارهێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم، هێشتا
لە نێو دڵدا هەمە ئاواتی «خاڵ» و «پەرچەم»ێکی‌تر
هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگەی «عیشق» و «ئازادی»م
ئەگەر بێجگە لە ناکامییش نەبینم بەرهەمێکی‌تر.

بەڕێوەبەران: زانکۆی کوردستان و ئەنستیتووی ڕاژە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *