فستیواڵی بەیت و حەیرانی سەردەشت و چەند قسەیەک
د. شەماڵ ئیسماعیلپوور
یازدەهەمین فستیواڵی بەیت و حەیرانی سەردەشت بەڕێوەچوو. یازدەساڵ بەڕێوەچوونی وەها فستیواڵێک چ دەسکەوتێکی بۆ سەردەشت بووە؟چەند لاوی حەیرانبێژی هێناوەتە مەیدانی هونەرەوە. ئاخۆ بەیت و حەیران و گۆرانی توانیویانە لەچاو
دەساڵی پێش ئێستا مۆرک و پێناسەی سەردەشت بن؟
بەیت و حەیران و گۆرانی بە درێژایی مێژوو توانیویانە زمانی کوردی بپارێزن. لە ساڵانی دوور و درێژی قەدەغەکردنی زمانی کوردیدا ئەوە بەیت و حەیران و گۆرانی کوردی بوون کە زمانیان لە فەوتان ڕزگار کرد. بەیت و حەیران و گۆرانی بۆ کورد بۆشایی نەبوونی کتێب و ڕۆژنامە و قوتابخانە و تەواوی ئەو کەرەسە و ناوەنداندە زمان پارێزانەیان پڕ کردۆتەوە. ئەی چۆنە لەوەها
فستیواڵێکدا چوار وتاری زانستی لەم بوارەدا نەخوێندرایەوە.چۆنە کە لەم فستیواڵەدا ئاوڕێک لە زمان نەدراوەتەوە.بۆچی پسپۆڕێکی پێوەندی نێوان بەیت و حەیران و زمان بانگهێشت نەکراوە تا بە شێوەیەکی زانستی ئەم باسە پێویستە بورووژێنێ؟
هونەر سەرمایەی هەر نەتەوەیەکە. کورد بەداخەوە لەجێی سینەما و پەیکەرتاشی و نیگارکێشی و هەموو جۆرەکانی دیکەی هونەر، تەنیا خاوەنی بەیت و حەیران و سیاچەمانە و هۆرە ولاوک و گۆرانی بووە.دوای یازدە ساڵ بەڕێوەچوونی فستیواڵ و بەرنامەی تایبەت، چەند بەرهەمی زانستی و لێکۆڵەرانە لەسەر ئەو سەرمایە زۆر و زەبەنی کورد ئامادە کراوە و بە شێوەی کاری زانستی خراوەتە بەرچاوی کۆمەڵگا؟
یەکێک لە ئامانجەکانی فستیواڵ دەبێ لێک نزیک کردنەوەی حەز و چێژی هونەری خەڵکانی کوردستان بێ لە یەکتر.واتە کاتێک شاخی بەرز و ڕووباری بەخوڕ و دەشتی پان و بەرین و ناوچەی شاخاوی و ئاران بوونەتە هۆی دروست بوونی ئەو هەموو شێوازە لە هونەری دەنگ و گۆرانی. بۆ لێک نزیک کردنەوەی دەنگی پڕلەسۆزی هۆرە چڕێک و گوێ و هەستی هونەرخۆشەویستێکی نائاکادمیکی موکریان و کورمانج چ کارێک کراوە؟
سەرەڕای ئەوەی کە فستیواڵی بەیت و حەیران بە دڵنیاییەوە دەسکەوتی باشی بووە و لەسەر بیر و هەستی هەموو هونەرمەندانی ئێران کاریگەری باشی بووە، بەداخەوە نەیتوانیوە ئامانجە سەرەکی و پێویستەکان بپێکێ.لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی فستیواڵ و قسەی داوەراندا چەندین جار هونەری ئەقوام و چکۆلەکردنەوەی هونەری کورد لە هونەری گەلێکەوە بۆ هونەری تاقمێکی خۆجێیی جوگرافیایەکی بەرتەسکدا دەهاتە بەرگوێ. ئاخۆ ئەوە دیسان لەسەرەوە بۆ خوارێ ڕوانین و لەچاوی سەردەستەوە بۆ ژێردەست ڕوانین نییە؟ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەداخەوە زۆربەی داوەرانی ئەم فیستیواڵە کورد بوون و ئاوایان لە خۆیان ڕوانێوە. هیوادارم لە فستیواڵی ساڵانی داهاتوودا هەموو هێز و تواناکان بۆ کاری زانستی بۆ هونەر و سەرمایە بەهێزەکەی نەتەوەکان وەگەڕ بخرێ و هەموو هونەرمەندە دڵسۆزەکان دەستیان لە کارەکەدا ببێت.