ئهم پێنووسهش له کۆڵانهکانی شاردا بهشی نییه. ئازارەکانی شار نەڕژاوەتە کانیاوی هەستی، تەنیا شەقامی شار لە دوورەوە شەپۆلی بۆ ئەدەن، هەر زریقە و بریقەکانی لە کێوی ڕووشەوە مێلوورە دەکەنە نێو مێشکیەوە و ختۆکەی دەدەن. پێدهشته خپ و مت ومۆری وهک بهری دهستی هێجانان ئاوهڵایه بۆ لانکهی ههستی شاعێر.
له لووتکهی ڕووشهوه تهژی له شیو و لاپاڵ به پهرێزهوه له شار نزیک دهبێتهوه. ههنگی تاسهی له گهڵ شیلهی گوڵ بهینیان خۆشکردوه، بهڵام ههر نزیک بووەوه به سرتهش دیسان دهڵێ : ” ئهم ههرێمه، قوژبن و لاپاڵ و دهشت و بهندهنی مهکتهبی عهشقه به قوربان ، پڕ له واژه و وانهیه.” پەیامەکانی بە بسکی خۆرەو دراوە لە ڕوومەتی نسار” و موعتاد بە خۆڕەی ئاو و قاسپەی کەوە.
بەقوربانەکانی زۆرن، ئەوینێکی لە کۆڵ ناوە لە نێو سلسڵە و پڵپڵەدا حەشاری نەداوە، بە ئیشتیای دڵ پێیدا هەڵدەڵێ و لە بەری دەپاڕێتەوە، بە گۆژمە و لێشاو وشەی سروشت دەڕژێنێت بە سەریدا، ڕێژنەبارانی دەکات، وا نوقم بوە بۆ بێ وڵامی هاڕەشەش دەکات: ” نەک خودا ناکەردە پێنووس وەرگەڕێ و بیکا زەمت.”
بڵەی ڕۆژێ عەتا و ئاواتەکانی؟
ئیتر نەبنە من و لێژ و گڵۆڵە؟
ئاواتەکانی لە تۆی ئەوینێکی ساکار و بێ مار و دوو له قاوداوە. گلەیی و گازەندەکانی کوردبوونی بە چپەی بن پەسیو و لە قوڵکەچاڵی شێعرەکانی ڕاناوە. دەڵێن خودا گەلە هەژارەکەی لە کووچە بونبەسدا قەتیس کردوە، هەر لە سەرەتایی بوونیەوە بێ بەش بوە، کەس دەهانای نەهاتوە، “خاکەلێوەی خەونەکانی بۆ دەمێکیش هەر نەهات” بەڵام بێ هیوا نابێ، دەڵێن: ” هەژارئاسا بەم زمان و تینەوە تێهەڵدەچمەوە.” “مەگەر ئەکرێ لە کن ڕووبار، وەنەوشە کاری زاری بێ؟” ئەوین ناچاری دەکات بە کەوشی شڕەوە لە سەر ڕێخ و چەو بۆ قومێ ئاوی دەسنەکەوتووی لووتکە بگەڕێ ، بڵێن ئەدا ڕۆگەی دڵی چوارپارچەکەی نیشتمان بێت، چوارجارە نوێژی ڕوو لەوێندەرێ بێت.
لە بناری کێوی ڕووش خرتەڵە بوە و بۆنی زێخەڵی وێ گرتوه،”ڕکەی ئەسپی خەیاڵی بەرەو نسارە” بەڵام بە لایەوە نزمە:” من هەڵۆی کویستانی خۆمم، ئێرە زۆر نزمە لە بۆم” دەڵێن:” شاهەڵۆی کوێستانی سەخڵەتە، بە مەرگی ڕازیە تا بگاتە تەواری خۆ.” چبکات خۆشەویستی لە کاتی لاوییدا، تێکەڵی باوەڕی بووە.
بە شێعرەکانی هاوخەمی دەکات، “سوور گوڵانی خاکی عەفرین، دەس لە مل لاولاو ئەکەن”
خۆزگەکانی خۆری تاسەی بێ ژومارە و هەرچەند،
“ژیان کورتە بەڵام بەری ئاوات درێژە”
- سقز رووداو
- کد خبر 16982
- بدون نظر
- پرینت