اخبار, سیاسی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

لیبەراڵ‌دیموکراسی و نەیارەکانی/ “گەڕانەوەی رۆحی ئێشمیت بۆ ئاسمانەکانی جیهان”

نووسه‌ر: فەرهاد ئەمین‌پوور

لە چەند دەیەی رابردوودا، ئەو نەزمە لیبەراڵ‌دیموکراسییە ئامریکاتەوەرەی کە دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤییەت جیهانی گرتبوەوە، قەیرانگەلی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە. بەهێز بوونی چەپی نوێ، گەشەی راستی توندئاژۆ لە ئامریکا و ئورووپا، گوشارەکانی ئیسلامی سیاسی و سەرهەڵدانی هیزگەلی وەک چین و روسیا کە بانگەشەی دەسپێکی نەزمێکی نوێی جیهانی دەکەن، بونیادی لیبەراڵ‌دیموکراسییان لەگەڵ کێشە و قەیرانی گەورەدا رووبەروو کردۆتەوە. جیا لەمانە، دزەکردنی گەندەڵی لە سیستەمی سەرمایەداری رۆژئاوایی و ئیستانداردە هەڤدژەکان لە جێبەجێکردنی بایەخە لیبەراڵەکانیش دەورێکی گرینگیان بووە لە لاواز کردنی نەزمی جیهانی زاڵدا.
لە روانگەی تیۆریکەوە دەتوانین ئەم دۆخە بە گەڕانەوە بۆ بۆچوونەکانی “کاڕڵ ئێشمیت” بیرمەندی سیاسی ئاڵمانی لێکبدەینەوە کە سیاسەتی لەسەر بنەمای دروستکردنی جیاوازیی ریشەیی لە نێوان “دۆست” و “دوژمن” پێناسە دەکرد. ئەو پێیوابوو لیبەراڵیزم بە سڕینەوەی ئەم جیاوازییە، لە ئەنجامدا سیاسەت لاواز دەکا و کۆی سیستەمەکە دەڕووخێنێ. وادیارە ئەم لۆژێکی بیرکردنەوە دووبارە خەریکە دەگەڕێتەوە بۆ بەستێنی سیستەمی جیهانی. رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی بلۆکی رۆژئاوا و بلۆکە رۆژهەڵاتییە نوێکان (بریکس، شانگهای، هاوپەیمانییە سەربازی و ئابوورییە نادیموکراتییەکان) و گوتارگەلی وەک “دونیای ئازاد لەبەرانبەر ستەمگەری”، هەموویان نیشانەی گەڕانەوەن بۆ سیاسەتی ئۆردووگایی و لۆژیکی ئێشمیتی.
سەرەتا پێویستە چاوێک بخشێنین بەسەر رەوت و گوتارە نەیارەکانی لیبەراڵ‌دیموکراسی و نەزمی هەبوودا:

 

۱.چەپی نوێ و قەیرانی ناوخۆیی لیبەراڵ‌دیموکراسی
چەپی نوێ لەگەڵ هەموو لق و پۆپەکانی وەک نیۆمارکسیزم، پۆست‌مودێرنیزم، پۆست‌کۆلۆنیالیزم، فیمینیزمی توندئاژۆ، تیۆرە رەخنەییەکان، خوێندنەوە رەگەزی و ئیتنیکییەکان و… لە چەند دەیەی پێشوودا توانیویانە خۆیان لە رێکخراوە ئاکادیمییەکان و میدیاکانی رەوتی سەرەکی لە رۆژئاوا بەهێز بکەن. ئەم گوتارە، نە لە دەرەوە، بەڵکوو لە ناوەوە هێرشی کردۆتە سەر پرەنسیپەکانی لیبەراڵیزم و چەمگەلی وەک ئازادیی ڕادەربڕین و عەقڵانییەتیی رۆشنگەرانە و سکۆلاریزم و گەردوونی بوونی مافەکانی مرۆڤی لە ژێر ناوی خوێندنەوەی رەخنەیی، رووبەڕووی مەترسی گەورە کردۆتەوە. لە روانگەی لیبەراڵە نەریتییەکانەوە، ئەم گوتارانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی “سیاسەتی شوناس‌خوازیی توندئاژۆ” و لە ئەنجامدا درزی کۆمەڵایەتی گەورە و داڕمانی یەکگرتوویی نەتەوەییان لە وڵاتە رۆژئاواییەکان لێکەوتۆتەوە. ئەوان پێیانوایە ئەم قەیرانە ناسنامەییە، درزی نێوان نوخبەکان و جەماوەری قووڵتر کردۆتەوە و دەرفەتی رەخساندووە بۆ گەڕانەوەی راستی توندئاژۆ. تەنانەت هەندێک لە لقەکانی ئەم رەوتە زۆر جار لەگەڵ ئیسلامی سیاسی یەکدەگرنەوە کە وەک نموونە دەتوانین ئاماژە بە خۆپیشاندانەکانی دژ بە شەڕی غەزە بکەین کە ماوەیەک شەقام و زانکۆکانی زۆربەی وڵاتە رۆژئاواییەکانی گرتەوە.

 

۲. راستی توندئاژۆ و گەڕانەوەی نەتەوە‌خوازی
گەشەی راستی توندئاژۆ لە ئامریکا و ئورووپا، پەرچەکردارێکی راستەوخۆیە بەرانبەر بە لاواز بوونی شوناسە نەریتییەکان، دیاردەی کۆچبەری، جیهانی‌بوون و سووک و زەلیل‌بوونی چینی مامناوەند و خوارەوەی کۆمەڵگا. گەڕانەوەی ترامپ بۆ لووتکەی دەسەڵات لە ئامریکا و سەرکەوتنی حیزبە راستەکان لە وڵاتگەلی وەک هۆلەند، فەڕانسە، ئیتالیا، مەجارستان و هەروەها بەهێزبوونی گوتارەکانی دژ بە کۆچبەری، دژ بە ناتۆ و دژ بە نوخبەکان، نیشانەی گۆڕانێکی گەورەن لە بونیادی گوتارەکانی رۆژئاوادا. راستی توندئاژۆ بە کەڵک‌وەرگرتن لە درزە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، چەمکە لیبەراڵییەکانی وەک پلۆرالیزم و لێبوردوویی ئەتک دەکا و بە دروشمی “شکۆی نەتەوەیی” و “بایەخە نەریتییەکان” هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی چەشنێک پاوانخوازی مودێرن ئەدات. ئەم رەوتە، یەکگرتوویی ناوخۆیی ژیاریی رۆژئاوایی لاواز کردووە و بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەشنێک دابەزین و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە رۆژئاواییەکاندا.

 

۳. ئیسلامی سیاسی
گوتاری ئیسلامی سیاسی لە سەرهەڵدانی ئێخوان و سەلەفیزمەوە تا شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتریش، بەردەوام ئیدیعای ئەوەی بووە کە هەڵگری جێگرەوەیەکی فیکری و یاسایی و سیاسیی تەواوە بەرانبەر بە لیبەراڵ‌دیموکراسی. تەنانەت ئیسلامییەکان لە رێگەی کۆچکردن و دروستکردنی سەنتەرگەلی جەماوەری لە وڵاتە رۆژئاواییەکاندا، هێزێکی فەرهەنگی و سیاسیی بەرچاویان دروستکردووە کە زۆر جار گرفتی فەرهەنگی یان پەرچەکرداری شوناسخوازانەی لێکەوتۆتەوە. ئێستە هەندێک لە رەوتە ئیسلامییە توندئاژۆکان بە راشکاوی داوای جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەت دەکەن لە وڵاتە رۆژئاواییەکاندا.

هەر بۆیە ئەم گوتارە لە روانگەی رۆژئاواییەکانەوە جیا لەوە هەڕەشەیەکی ئەمنییە بەڵکوو هەڕەشەیەکی بونیادیشە چون راشکاوانە بایەخە لیبەراڵییەکان نەفی دەکا و خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ شەریعەت یان مۆدێلەکانی خەلافەت و ئیمارەت لە ئیسلامدا.

 

۴. سیستەمە پاوانخوازەکان
رەنگە گرینگترین کێشە بۆ لیبەراڵ‌دیموکراسی لەسەر عەرزی واقیعی دونیای ئەمرۆدا، سەرهەڵدان یان گەڕانەوەی ئەو هێزانە بێ کە نەزمی هەبوو بە دادپەروەرانە نازانن و وەک نەزمی سوڵتەخوازانەی ئامریکایی پێناسەی دەکەن. چین بە مودێلی گەشەی پاوانخاوازانە و روسیا بە سیاسەتی بووژاندنەوەی ژیئۆپۆلەتیکی و ئێرانیش بە مودێلی حوکمڕانیی ئایینییەوە هەوڵدەدەن تا نەزمێکی نێودەوڵەتی نوێ رێکبخەن کە بنەماکانی نەک لەسەر لیبەراڵ‌دیموکراسی بەڵکوو لەسەر چەندجەمسەری و حوکمڕانی نەتەوەیی رەها دامەزراوە. ئەم وڵاتانە، لە کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی رۆژئاوا کەڵک وەردەگرن و بەردەوام هەوڵیان ئەوەیە لە خاڵە لاوازەکانی وەک قەیرانی کۆچبەری، درزی نێوان نوخبەکان، قەیرانی وزە و گەندەڵی سیاسییەوە بچنە ژوورەوە و گەشە بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بدەن. شەڕی ئوکراین و کێبڕکێ لە تایوان و دژبەرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ئەم کێشمەکێشەن.
هەروەها گەڕانەوی ترامپ بۆ دەسەڵات لە ئامریکا، گورزێکی بەهێزی داوە لە یەکگرتوویی بەرەی رۆژئاوا. ترامپ بە سیاسەتی پێشبینی‌نەکراو و بێ‌متمانەیی بەرانبەر بە ناتۆ و روانینی ئابووری‌تەوەر بۆ سیاسەتی دەرەوە و هەروەها پشتگوێ خستنی بایەخە لیبەراڵییەکان، وەک نوێنەری خواستێکی نەتەوە‌گەرای پۆپۆلیستی دەرکەوتووە کە بە پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوەی رۆژئاوا کە پێشتر کلاسیک بوو، لەسەر بەرژەوەندیی کاتی و دوو جەمسەری دروستکردن پێناسە دەکرێت. سەرلێشێواوی و بێ‌بڕیاری ترامپ بەرانبەر بە پوتین، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی دەروونی لە بەرەی رۆژئاوادا کە دەتوانێت بەشێکی بەرچاو لە ئەنجامەکانی رەوتی ئەم دژایەتی و پێکدادانە و هەروەها داهاتووی سیستەمە پاوانخوازەکان دیاری بکات. بەگشتی دەتوانین بڵێین، پاشڤەچوونی هەرچی زیاتری ئامریکا لە بەرپرسیارەتییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی و نەرمی نواندنی زیاتر بەرانبەر بە رکابەرە ئیستراتژییەکانی، نەزمی نێودەوڵەتی هەبووی بردۆتەوە قۆناغی ئانارشییەکی کونترۆڵ نەکراوەوە.
لێرەوە جارێکی تر بیری وتەکانی ئێشمیت دەکەوینەوە کە دەڵێت: “سیستەمی لیبەراڵ بە هۆی پەیوەستبوون بە یاسا و رەوتە دیموکراتییەکانەوە، ناتوانێت لە دۆخی ناوازە و هەستیاردا بڕیاری بەپەلە بدات، چون بەردەوام گیرۆدەی وتووێژ و گونجاوبوون و ئاڵۆزیی رێکخراوەییە.” ئەمە ئەو بۆشاییە کوشندەیە کە هەم ئیسلامی سیاسی و هەم سیستەمە پاوانخوازەکان بەردەوام کەڵکیان لێوەرگرتووە. ئێستە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە دەبێت لە داهاتوودا چاوەڕێی چ دۆخێک بکەین و ئەنجامی ئەم دژایەتی و پێکدادانە بە کوێ دەگات؟ ئایا ئەم دۆخە وێناکراوە دەبێتە هۆی رووخان و شکستی یەکجاریی نەزمی لیبەراڵ یان ئەم گوتارە دیسان قەیرانەکانی بەردەمی تێدەپەڕێنێ و جارێکی تر بەسەر دۆخەکەدا زاڵ دەبێتەوە؟
بەگشتی دەتوانین ۳ سیناریۆ بۆ داهاتووی لیبەراڵ‌دیموکراسی و نەزمی جیهانی لەبەرچاو بگرین کە بریتین لە:

 

۱.شکەست و داڕووخان
بەپێی ئەم سیناریۆ، رۆژئاوا بە هۆی قەیرانە ناوخۆییەکان و لاوازبوون بەرانبەر بە هەڕەشە دەرەکییەکان، یەکگرتوویی نامێنێ. ناتۆ لاواز دەبێت، یەکێتی ئورووپا بەرەو نەتوانی و بێدەسەڵاتی هەنگاو دەنێ و ئامریکاش ناوخۆگەرێتی هەڵدەبژێرێ. هەروەها جیهان بۆ ماوەیەکی نادیار دەچێتە دۆخی بێ‌نەزمی و ئانارشی ژیئۆپۆلەتیکی و کێبڕکێی پاوانخوازانەوە.

 

۲. دەسپێکی نەزمی چەندجەمسەری
سیناریۆی دووهەم قبووڵکردنی واقیعە نوێکان و سەرهەڵدانی نەزمێکی چەند جەمسەرییە کە ئەگەرچی لە وەها دۆخێکدا وڵاتە رۆژئاواییەکان بەهێز دەمێننەوە، بەڵام ئیتر تەنها هێژمون نابن، بەڵکوو یەکێک لە جەمسەرە کاریگەرەکانی جیهان دەبن. ئەم نەزمە نوێیە دەتوانێ ببێتە هۆی دیسان پێناسە کردنەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەرلەنوێ ئەرک و کاریگەری رێکخراوە جیهانییەکانیش دابڕێژێتەوە. بەم پێیە، ناوچە جیاوازەکانی جیهان بە رێسای سیاسی و فەرهەنگی و ئابووریی جیاواز و جۆرێک لە هاوکاریی رێژەیی لەگەڵ یەکتردا بەڕێوە دەچن و چەشنێک ئاشتیی ساردیی جیهانی بە لۆژیکێکی ئابووری‌تەوەرەوە زاڵ دەبێت.

 

۳. ریفۆرم و هەستانەوە
لە دوایین سیناریۆدا، دیموکراسییە رۆژئاواییەکان بە قبووڵکردنی هەڵە و لاوازییە ناوخۆییەکانی وەک: درز و دابڕانە کۆمەڵایەتییەکان، گەندەڵیی سیاسی، بەسەنتەر بوونی سەرمایە و نادادپەروەری ئابووری و دابەزینی متمانەی گشتی، ریفۆرمی بنەڕەتی دەستپێدەکەن.

 

لەم حاڵەتەدا حیزبە نەریتییەکان لە بەرانبەر پۆپۆلیزمدا خۆیان رێکدەخەنەوە، میدیاکان دەوری هوشیار کردنەوەی خۆیان دەگێڕنەوە و کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان بە سەرلەنوێ سازدانەوەی رێکخراوە دیموکراتییەکان و دیسان پێناسە کردنەوەی شوناسیی فەرهەنگی خۆیان و بەهێز کردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، جارێکی تر دەسەڵاتی نەرم و گوتارمەندی خۆیان وەردەگرنەوە.
سەرەڕای هەموو ئەم باسانە، دەبێ بڵێم کە ئەم چیرۆکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، چون گوتارە دژبەر و نەیارەکانی لیبەراڵ‌دیموکراسی، خۆیان دۆخێکی هەموار و بەهێزیان نییە. گوتاری چەپی نوێ، سەرەڕای کاریگەرییەکانی، لە هەناوی خۆیدا و بەتایبەت لەباری ئایدیۆلۆژیکەوە گیرۆدەی هەڤدژی و سەرلێشێواوییەکی بەربڵاوە و هێشتا هەندێک لە لق و باڵەکانی پێیانوایە کە دەبێ ئازادییە لیبەراڵیەکان بپارێزرێن و کۆی سیستەمەکە بمێنێتەوە. ئەوان هەروەها هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا بە هەڕەشە بۆ سەر چەپ و داهاتووی ئەم گوتارە دەزانن. لقەکانی تریش، ئەم هاوکارییە بە کاتیی دەزانن و پێیانوایە دەبێ سنوورەکانی ئەم گوتارە بپارێزن. لیکۆڵینەوە مەیدانییەکان لە وڵاتگەلی وەک ئامریکا و بریتانیا و ئاڵمان بەتایبەت لە فەزا ئاکادیمییەکاندا ئەم راستییانە دەسەلمێنن.
لە لایەکی ترەوە، ئیسلامی سیاسی بە هەر دوو فۆرمەتی سوننە و شیعەوە، پێگەی پێشووی نەماوە و بە پێی لێکۆڵینەوەکانی Arab Barometer و Pew Research ئاستی لایەنگری لە رەوت و حیزبەکانی وەک ئێخوان و نێهزە (تونس) و حەماس و حیزبوڵا لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا تا رادەیەکی بەرچاو دابەزیوە. سیستەمی ئایینی ئێران شەرعییەتی پێشووی نەماوە و لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسراییل تا رادەیەکی زۆر لاواز بووە. هەروەها حیزبی داد و گەشەی ئەردۆغان لە تورکیا ئەو پاڵپشتییە جەماوەرییەی رابردووی لەگەڵ نییە و ئەو دیاردەی لە ژێر ناوی “ئیسلامی دیموکراتیک”دا بانگەشەی بۆ دەکرا، ئێستە وەک پێشوو سەرنجی خەڵکی تورکیا و وڵاتە ئیسلامییەکان راناکێشێ.
هەروەها وڵاتانی بەرەی رۆژهەڵات واتە چین و روسیا و ئێرانیش هەرکام بە شێوەیەک تووشی قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی قووڵ و بەربڵاون کە زۆر لە قەیرانەکانی سەر بەرەی رۆژئاوا بەهێزترن. حەشامەتی چین رووی لە پیری و کەم بوونەوە کردووە، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و چینایەتی پەرەی سەندووە، گەشەی ئابووری خاو بۆتەوە و پەیوەستبوونی بە هەناردەکردن و مەترسی گەمارۆکانی رۆژئاوا کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئەم زلهێزە داناوە کە وەک سەرکەوتووترین سیستەمی پاوانخوازیی دنیا و رێبەری بەرەی رۆژهەڵات دەناسرێت. وڵاتی دووهەمی ئەم بەرە واتە روسیا، بە هێرشکردن بۆ سەر ئوکراین، بە کردەوە خۆی لە بونیادی ئابووری جیهانی لیبەراڵ هێنا دەرەوە و بە ناچار بەرەو ئابوورییەکی سەربازی و سیستەمێکی داخراو و پەیوەستبوونی تەواو بە رۆژهەڵاتەوە هەنگاوی هەڵگرتووە. ئێستە روسیا ئابوورییەکی لەرزۆک و نزۆکی هەیە، سەرچاوە مرۆییەکەی تووشی داڕمان بووە و نوخبەکانی وڵات جێدەهێڵن، کێشە ئیتنیکی و ئایینییەکان لە هەندێک لە ناوچەکان سەریان هەڵداوەتەوە و قەیرانی جێگرەوە بۆ پوتین هەر لە ئێستەوە دەستیپێکردووە. دۆخی ئێران لە هەر دوو وڵاتی چین و روسیا خراپترە و کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قووڵترین قەیرانی سەردەمی خۆیدا رووبەڕوو بووەتەوە کە لەم دۆخەدا هەوڵە سەرەکییەکەی تەنها مانەوەی خۆیەتی.
هەر بۆیە ئەم سیستەمانە، توانای پێویستیان نییە بۆ بەڕێوە‌بردن و جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەتوانێ نەزمێکی نوێ بەرهەمبهێنێ. وادیارە هەوڵی سەرەکی ئەم وڵاتانە، دەربازبوون لە قەیرانەکانی خۆیان و راگرتنی کۆی سیستەمە سەرکوتکەرەکەیە، چون بۆ مانەوە بەردەوام پێویستییان بە کونترۆڵی گشتی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانە. ئەمە ئەو لاوازییە بونیادییەیە کە لە ئەنجامدا دەتوانێ داهاتووی دژایەتیی و پێکدادانەکەیان لەگەڵ رۆژئاوا یەکلایی بکاتەوە.
ئەگەر لیبەراڵ‌دیموکراسی نەتوانێت بەسەر قەیرانە ناوخۆییەکەنیدا زاڵ بێ و بەرەی رۆژهەڵات لە ئەنجامدا بتوانێ بە لۆژیکە ئێشمیتییەکەی خۆی جیهان بۆ چەند کەمپی دژ بە یەک (رۆژئاوای لیبەراڵ، رۆژهەڵاتی پاوانخواز، ئیسلامی سیاسی) دابەش بکات، دەبێ چاوەڕێی بەردەوامبوونی شەڕی پرۆکسییەکان و شەڕی سایبێری و کێبڕکێی سەربازی و دابەشبوونی ئینتەرنێت و دابەشبوونی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و هەروەها دابەشبوونی بازاڕەکان بکەین. ئەمە پێکدادانێکی گەورەیە لە نێو ژیارەکاندا کە دیسان داهاتووی مرۆڤ مەترسیدارتر و ژیان لە رۆژهەڵاتی جیهان تاریکتر دەکات. بەڵام لە بیرمان نەچێ کە لیبەراڵ‌دیموکراسی هێشتا هێزێکی نەرمی هەیە کە پاوانخوازەکان ئەو هێزەیان نییە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *