اخبار, سیاسی, عناوین بین الملل, ویژه خبری, یادداشت

ئیسلام یان ناسیۆنالیزم؛ ئایا هەرێمی کوردستان حوکوومەتێک بە ئیسلامییەکان قەرزدارە؟

فەرهاد ئەمین‌پوور، نووسەر و ڕۆژنامەوان

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت دوای شکست و رووخانی ئیمپراتووریی عوسمانی و سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوەکان، چەشنێک سووڕیی دەسەڵات لە نێوان سێ نمێنەک یان ئولگووی سەرەکیی حوکمڕانیدا بیچمی گرت کە بریتی بوون لە ناسیۆنالیزم، کۆمۆنیزم و ئیسلامی سیاسی. دەتوانین ئەم سێ گوتارە وەک سێ‌‌گۆشەیەک بێنینە بەرچاو کە هەرکات یەکێک لە گۆشەکان لاواز دەبوو، گۆشەیەکی تر گیانێکی تازە دەچوو بە بەریا و لاوازبوونی بەرانبەرەکەی دەکرد بە هێز بۆ خۆی. سەردەمی شەڕی سارد نموونەی کلاسیکی ئەم نمێنەکەیە لە حوکمڕانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ نموونە، کاتێک نەتەوەگەریی سکیۆلار لە میسر و ئێران و سوریا و عێراق بە بنبەست گەیشت، کۆمۆنیزم و ئیسلامی سیاسی بە شێوەیەکی هاوتەریب گەشەیان کرد. دوای رووخانیی یەکیەتی سۆڤییەت و لاوازبوونی بیریی چەپ، ئێستە تەنیا دوو گۆشەی ئەم سێ گۆشە ماوەنەتەوە کە بریتین لە ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسی. هەرێمی کوردستان بە بونیادی فیدرالی و شوناسە نەتەوەییەکەیەوە یەکێک لە نموونە دیارەکانی لێکهەڵکەوتن و کێبڕکێی ئەم دوو گۆشە یان ئەم دوو ئایدیۆلۆژییەوە.
لە نەوەدەکانی سەدەی بیستەمەوە، دوو حیزبی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان (پارتی، یەکیەتی) سەدەڵاتی سیاسی و ئابوورییان قۆرخ کردووە و شەرعییەتی خۆیان لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی کوردی و گوتاری شاخ و شۆڕش و شەهید دامەزراندووە. هەروەها کە “فواز جورجیس” لە لێکدانەوەیەک لە ژێر ناوی “نەتەوەگەری لە کۆمەڵگا تورتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”دا دەڵی: ئەم گوتارە تەنیا هەوڵێکە بۆ مانەوە و پێوەندیی لەگەڵ گەشەی سیاسی‌ و دیموکراسیدا نییە. واتە ئەگەرچی ناسیۆنالیزم دەتوانێت گوتارێک بێت بۆ پەڕینەوە لە مەترسی مان‌ونەمانی نەتەوەیەک، بەڵام هاوکات ناتوانێت گوتارێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. لە وەها هەل‌ومەرجێکدا، ناسیۆنالیزم زیاتر وەک ئامرازێک بۆ کونترۆڵی کۆمەڵگا و شەرعییەت بەخشین بە دەسەڵات بەکار دەهێنرێ و دوورە لە پەرەنسیپەکانی دیموکراسییەوە. بۆیە ئەم گوتارە لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی گەندەڵی بەربڵاو، رێکخراوەی لاواز و ئابووری نەوتییەوە، بەردەوام لەگەڵ قەیرانی شەرعییەت‌دا رووبەڕوو بووەتەوە. بێ‌متمانەیی بەرانبەر بە حیزبە دەسەڵات‌دارەکان و بەردەوامبوونی بێکاری و هەڵاواردن، وەک زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانی پێش شۆڕشی بەهاری عەرەبی، دەتوانێت فەزای گشتی کۆمەڵگا بۆ بەهێز بوون و گەڕانەوەی ئیسلامی سیاسی ئامادە بکات.

ئەگەرچی چەند حیزبی ئیسلامی وەک “بزووتنەوەی ئیسلامی” و “یەکگرتووی ئیسلامی” و “کۆمەڵی ئیسلامی” لە نەوەدەکانەوە لە باشووری کوردستان چالاکن، بەڵام بە پێچەوانەی زۆربەی ولاتە عەرەبییەکانەوە، ئیسلامی سیاسی تا ئێستە لە هەرێمی کوردستان هێزی سەرەکی و باڵادەست نەبووە و پشکی ئەم حیزبانەش لە هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام لە ژێر ۱۰ بۆ ۱۵ لەسەددا ماوەتەوە. مەترسییەکە ئەوەیە کە ئەم هاوکێشەیە خەریکە دەگۆڕدرێ. لێکدانەوەکانی “رێکخراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کارینگی” دەریدەخات کە ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا خەریکی گۆڕینی سروشتی خۆیەتی و لە ئایدیۆلۆژیی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەوە بەرەو رەوتگەلی کردەوەگەرا و کۆمەڵایەتی و نەرم هەنگاوی ناوە. “ئاسێف بەیات” لە کتێبی “پۆست‌ئیسلامیزم: گۆڕینی روخساری ئیسلامی سیاسی”دا دەڵی: قۆناغیی نوێی ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قۆناغیی پۆست‌ئیسلامیزمە کە لەوێدا چالاکانی ئایینی بەجێگەی هەوڵدانی راستەوخۆ بۆ دامەزراندنی حوکوومەتی ئیسلامی، لەسەر ئەخلاق و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دژایەتی بەرانبەر بە گەندەڵی داکۆکی دەکەن. لە هەرێمی کوردستانیش، ئیسلامییەکان بەم روانگەوە هەوڵئەدەن خۆیان وەک ئاڵتێرناتیو بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی گەندەڵ پێناسە بکەن. واتە ئێستە ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەی بنەماخواز بێت، پۆست‌ئیسلامییە و توانیویەتی وەک ڤێرژێنێکی کردەوەگەرای ئیسلامی سیاسی، لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدا خۆی رێکبخاتەوە. ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا چووبێتە هەرێمی کوردستان دەزانێت کە ئەم ڤێرژێنە لە ئایینی ئیسلام، تا چ رادەیەک لەسەر کۆمەڵانی خەڵک بەتایبەت نەوەی نوێ کاریگەر بووە کە بەشێکی بەرچاو لەم کاریگەرییە پەرچەکردارە بەرانبەر بە لاوازبوونی شەرعییەتی ئەو سیستەمە کە لە ژێر ناوی گوتاری ناسیۆنالیزمدا حوکمڕانی دەکات.

ئەگەرچی هەرێمی کوردستان لە رواڵەتدا خاوەنی سیستەمێکی پارلەمانییە، بەڵام لە واقێعدا ئەوە دوو حیزبە سەرەکییەکەن کە وەک دوو حوکوومەتی هاوتەریب بەڕێوەی دەبەن. لە روانگەی “ئالفرێد ئێستێپان”ەوە، وەها بونیادگەلێک، دیموکراسی تا ئاستی “لێک‌تێگەشتنیی کاتیی لە نێوان نوخبەکان” دادەبەزێنن و رێگە نادەن کۆمەڵگا لە بەڕێوەبردنی راستەقینەی دەسەڵاتداهاوبەش بێت. بە وتەی جورجیس، لە وەها دۆخێکدا ئیسلامی سیاسی لە درزەکانی شەرعییەتی سیستەمەکە کەڵک وەردەگرێ و خۆی بەرهەم‌ دەهێنێتەوە. واتە کاتێک ئەو حیزبانەی خۆیان بە نوێنەری ناسیۆنالیزم دەزانن دەبن بە ئامرازی کونترۆڵ کردنی کۆمەڵگا، دروشمی دادپەروەری ئیسلامی سیاسی دڵڕفێن دەبێت، تەنانەت ئەگەر بونیادێکی داخراوتریشی لێبکەوێتەوە.
ئەگەرچی بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئەنێستیتۆ واشینگتۆن لە ساڵی ۲۰۲۴دا، وا دەردەکەوێ کە لایەنگری لە حیزبە ئیسلامییەکان لە ناو گەنجانی خوار تەمەن ۳۰ ساڵی هەرێمی کوردستان بۆ ژێر ۶ لەسەد دابەزیوە، بەڵام ناتوانین ئەمە بە نیشاندەر یان پارامێتری دابەزینی ئاستی کاریگەریی ئیسلامی سیاسی بزانین، چون بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، حیزبە ئیسلامییەکان بە نوێنەری خۆیان نازانن و وەک ئامراز و کارتی یاریی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان و دوو حیزبە سەرەکییەکە سەیریان دەکەن و لە بەرانبەر گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی راستەقینەدا بە رێگریان دەزانن.

لە روانگەی ئاسێف بەیاتەوە، ئەم بێ‌متمانەییە نیشانەی جۆرێک پەڕینەوەیە بۆ سیاسەتی رۆژمەڕە. واتە ئەو شوێنەی کە بەشێکی بەرچاو لە گەنجان ئیتر چاوەڕێی مونجی یان حیزبێکی ئایدیۆلۆژیک نین کە رزگاریان بکات، بەڵکوو هەوڵئەدەن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆچ و کردەوەی مەدەنی بچووکەوە، جۆرێک لە بەرخۆدان دروستبکەن. بۆیە ئەمە باشترین شوێنە بۆ ئامادەبوونی پۆست¬ئیسلامیزم تا ئەو بێ‌متمانەیی و بێ‌هیواییە کۆ بکاتەوە و خۆی وەک نوێنەری راستەقینەی ئەخلاق و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دژایەتی بەرانبەر بە گەندەڵی نیشان بدات.
هەر دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بەتایبەت لە دە ساڵی رابردوودا، بە ئاگاداری لە بەهێز بوونی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، رکابەرییەکی سەیریان دەستپێکردووە بۆ رێگەدان بە ئیسلامییە بنەماخوازەکان تا بە خەیاڵی خۆیان لە کاتی هەڵبژاردندا سەرنج و دەنگیان بە ڵای خۆیاندا رابکێشن. شای نەتەوەگەرای ئێرانیش پێش شۆڕشی ۱۹۷۸، هەوڵیدا بۆ رێگەگرتن لە کۆمۆنیستەکان، ئیسلامییەکان بەهێز بکات کە لە ئەنجامدا شۆڕشی ئێران و حوکوومەتی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە. بێگومان ئەگەر قەیرانی ئابووری و شەڕی حیزبەکان و دەستێوەردانی دەرەکی لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بێ، ئەم یەکە سیاسییە دەکەوێتە ناو سووڕێک لە ناسەقامگیرییەوە کە لەوێدا ئیتر ناسیۆنالیزم شەرعییەتی پێویستی بۆ کونترۆڵ کردنی کۆمەڵگا نامێنێ و بۆشاییەکی گەورە سەرهەڵئەدات کە تەنیا ئالتەرناتیوەکەی ئیسلامی سیاسییە.
هەرێمی کوردستان ئێستە لە قۆناغی پەڕینەوەدایە لە ناسیۆنالیزمی موحافزەکار بەرەو ناسیۆنالیزمی ریفۆرم‌گەرا. ئەگەر ئەم پەڕینەوە هاوکات بێ لەگەڵ چاکسازیی رێکخراوەییدا، ناوچەکە دەتوانێت لە داهاتوودا نموونەیەکی سەرکەوتوو لە دیموکراسی بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەگەر وا نەبێت، ئیسلامی سیاسی نەرم، وردە وردە خۆی دەکات بە جێگرەوەی سەرەکی و دەرفەتی چاکسازیش بۆ هەمیشە لە کیس دەچێت کە بە وتەی کارل پووپەر، دەرفەتێکی ئەبەدی نییە لە بەردەستی سیستەمە سیاسییەکاندا. باشترین نموونەی زیندوو بۆ لە کیس دانی ئەم دەرفەتە مێژووییە، کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بەپێی لۆژێکی دستاودەستکردنی دەسەڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەوتۆتە ژێر گوشاری بەهێزی نەتەوەگەراکانەوە.
ئەم وتارە، نە بانگەشە بۆ سەرکوتکردن و کونترۆڵی ئیسلامییەکانی هەرێم دەکا و نە داوای ئەوەش دەکات بەم شێوەی ئێستە رێگەیان بۆ خۆش بکرێ، بەڵکوو پێیوایە تەنیا شتێک دەتوانێت مەترسییەکە بڕەوێنێتەوە و هەر چەشنە هەوڵێک بۆ بەهێز کردنی ئیسلامی سیاسی یان دەمەزراندنی حوکوومەتی ئیسلامی لە هەناوی خۆیدا بتوێنێتەوە، گەشەدان بە دیموکراسی راستەقینە و بە‌هیزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخستنی سیستەمێکی یەکپارچە و بەپرسیار و شەفافە کە رێگە بە هەمووان بدات لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا بەشدار بن. ئەمە ئەو دۆخەیە کە جارێکی تر شەرعییەت دەبەخشێتەوە بە حیزبە سیاسییەکان و کۆی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها لۆژیکی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێو ناسیۆنالیزم و ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ هەمیشە بن‌بڕ دەکات.
ئێستێپان و لینز لە تیۆری “دیموکراسی ئایینی”دا نیشانیان داوە کە تەنیا رێگەی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەخوازی بە تایبەت لە کۆمەڵگا چەند فەرهەنگییەکاندا، دروستکردنی رێکخراوەی بەرپرسیار و دابەشکردنی راستەقینەی دەسەڵاتە. بۆیە نە ناسیۆنالیزم کلیلی سەقامگیری سیاسییە لە هەرێمی کوردستان‌دا و نە ئیسلامی سیاسی.

داهاتووی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە وەڵامی ئەم پرسیارەوە بەستراوەتەوە کە ئایا ناسیۆنالیزمی کوردی دەتوانێ خۆی لەگەڵ بایەخەکانی دیموکراسیدا بگونجێنێ یان نا؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *