حوزنی موکریانی دڵێکی گەورە بۆ نیشتمانێکی گەورە
د.شەماڵ ئیسماعیلپوور / سەقز
تەمەنی پڕۆسەی نەتەوەسازی لە نێو کورددا بە شێوەی کردەیی دەگا بە سەد ساڵ . واتە زیاتر لە سەد ساڵە گەلی کورد بۆ نەتەوسازی خەبات دەکا و لەم ماوەیەدا دەیان ئەزموونی تایبەتی بووه.
ئەم پڕۆسەیە لەپڕدا سەری هەڵنەداوە و زۆر زووتر لە ڕێی شێعرەکانی مامۆستا ئەحمەدی خانییەوە کەوتۆتە سەر زاران و بەم پێیه ئەحمەدی خانی دەبێتە پێشەنگی بیری نەتەوەسازی. هەرچەند خانی بۆ ئەو مەبەستە ڕێکارێکی کردەیی ناخاتە بەرپێی کورد و بە کورد دەڵێ تۆش نەتەوەی و دەبێ بۆ خۆت نەتەوەسازی بکەی. ئیتر ناڵێ چۆن دەکرێ و دەبێ چی بکرێ. خانی دەڵێ :
گـــــــــــەر دێ هەبوا مە ئیتفاقەک
ڤێگـــڕا بـــــکرا مـــــــە ئینقیادەک
ڕووم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیــــــــــا ژ مە ڕا دکـــر غوڵامی
تـــــەکمیل دکر مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دەکر مە عیلم و حیکمەت
ئەم بیرۆکەیە دەبێتە هۆی غوربەت و غەوارە بوونی ئەحمەدی خانی لە کۆمەڵگاکەی خۆیدا. دەکەوێتە بەر لۆمە و تانە و تەشەری مەلا و فەقێی خۆبەکەمزان و نەتەوەنەویست و مێشک داگیرکراو و شێخی عارەبویست و خونکاری دەسەڵات پەرەست. بەڵام لە بیر و بۆچوونی خۆی پاشگەز نابێتەوە و دەبێتە پێشەنگی نەتەوە خوازان . ئەم غوربەتە و سووربوونی خانی لەسەر بیری نەتەوەیی گۆمی کولتووری سەردەم دەشڵەقێنێ و کەسانی وەکوو خانی لەجێی خزمەت بە زمان و کولتووری سەردەست و داگیرکەر، ئاوڕ لە زمان و کولتووری نەتەوەکەیان دەدەنەوە و بناغەی بیری نەتەوەسازی دادەمەزرێ.
دووسەد ساڵ لەوەپێش شاعیری نەتەوەیی کورد حاجی قادری کۆیی بە پێشوازی بانگەوازەکەی خانییەوە دەچێ و جیا لە دووپاتەکردنەوی بیری نەتەوەخوازی ئەو، ڕێکاریش دەخاتە بەردەم کۆمەڵگای کوردی. حاجی قادر جیا لە غوربەتی نێو کولتووری باوی سەردەم، ڕێگای غوربەت بەرەو هەندەران دەگرێتە بەر و بۆ شاری ئەستەمۆڵ دەچێ. لەوێ لەگەڵ زاری کورمانجی و مودێڕنیتە و شێعری نوێی ناڕەزایەتی ئاشنا دەبێ و لە چەمکی ناسیونالیزمیش دەگات. هەمووی ئەو تایبەتمەندییانە دەبنە هۆی ئەوەی کە حاجی بە بیرێکی نوێوە لە کێشەی نەتەوەکەی بڕوانێ و بۆ نەتەوەسازی ڕێکاری تایبەت نیشان بدات. حاجی دەڵێ:
کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز
بە کــوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مـــــەلا و شێخ و میر و پادشامان
هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی
هەر ئەو بیرۆکەیەی حاجی قادر دەبێتە سەرمەشقی شاعیرانێکی نوێخوازی وکوو عەبدوڵڵا پەشێو ، کە دیسان بیری نەتەوەسازی لە چوارچێوەی شێعری نوێدا دەورووژێننەوە. بەم شێوەیە دووهەم قۆناخی بیرۆکەی نەتەوەسازی بەدەستی حاجی قادر دێتە ئاراوە و حاجیش دەبێتە ڕێنیشاندەری پڕۆسەی نەتەوەسازی. ئێستا دەبێ کەسێک قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵێ و بۆ کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەزی کورد ، بێتە مەیدان و بیرۆکەی نەتەوەسازی کورد بەرەو کامڵ بوون بەرێ و پیشەسازی چاپ بێنێتە وڵاتەوە. حوزنی موکریانی بۆ گەیشتن بەو ئاواتە ڕێگای غوربەت دەگرێتە بەر و لە ئینچکەی سەقزەوە(گوندێکی چۆڵکراوی خاپووربووی نزیک ئاوایی بوغدەکەندییە)دەچێتە مەهاباد و لەوێوە بەرەو حەڵەب دەڕوا. لە حەڵەب لەگەڵ شۆڕشگێڕانی باکوور ئاشنا دەبێ و بیرە نەتەوەیییەکەی زیاتر گەشە دەکات و بیری چاپی گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب دەکەوێتە مێشکییەوە. بۆ ئەو مەبەستە دەزگایەکی چاپ دەکڕێ و ساڵی ۱۹۲۶ دەیباتە حەڵەب. هەرچەند ئەوە یەکەم دەزگای چاپ نییە کە دێتە کوردستان . یەکەم ڕۆژنامەی کوردی ساڵی ۱۸۹۸ی ز لە قاهیرە چاپ دەکرێ. یەکەم ڕۆژنامەی عەرەبی ساڵی ۱۸۳۲ی ز چاپ دەبێ و چاپی یەکەمین ڕۆژنامەی فارسیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۸۴۸ی ز. ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی ساڵەکانی ۱۸۶۵ و ۱۸۶۶ لە شاری بتلیسی کوردستان بۆ کاروباری دەوڵەتی و چاپی فەرمانی میری چاپخانە دادەنێ.
ساڵی ۱۸۶۸ی ز چاپخانەیەکیش لە شاری ئامەد دادەنرێ. لە ساڵی ۱۸۹۰ شاری وانیش چاپخانەی بۆ دەچێ.
لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دوڵەتی قاجار ساڵی ۱۸۷۰ چاپخانە دەباتە شاری کرماشان.
لەنێو ئەم چاپخانانەدا، چاپخانەکەی سلێمانی کە ساڵی ۱۹۲۰ی ز دەوڵەتی بریتانیا بۆ چاپ بە زمانی کوردی دایدەنێ ، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم چاپخانەیە دەبێتە هۆی گەشەی زمان و کولتووری کوردی و ڕەنگ و بۆنێکی ڕۆشنبیری تایبەت بە شاری سلێمانی دەبەخشێ و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سلێمانی هەمیشە بەشاری ڕۆشبیری بناسرێ . شارێک کە هەمیشە پێشەنگی زمانەوانی و گەشەی کولتووری و ڕۆشنبیری بووە و دەیان شاعیر و هونەرمەند و نووسەری دەروەستی لە داوێنی خوێدا پێگەیاندووە.
دوای ئەم ئەزموونانە بۆ چاپ ، حوزنی موکریانی قۆناخی سێهەمی بیرۆکەی نەتەوەسازی دەخاتە چوارچێوەی کردەوەوە.
بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی لەم بوارەدا و پەرەپێدانی کاری چاپ و ڕۆژنامەوانییەکەی ساڵی ۱۹۴۳ی ز چاپخانەکەی دەباتە شاری ڕەواندز. حوزنی لە ۴۷ کتێبی بەردەستی ۱۷ کتێب چاپ دەکا.
لە ماوەی ژیانیدا ۲۵ گۆڤار و ڕۆژنامە چاپ دەکا. بۆ ئەوەی بتوانێ بابەتی جۆراوجۆر چاپ بکات و گۆڤار و ڕۆژنامەی دەوڵەمەند بخاتە بەردەستی خوێنەران، چەند نازناوی بۆ خۆی داناوە( حوزنی، خدۆک، داماو، بیژەن) لە نازناوی داماو زیاتر کەڵکی وەرگرتووە.
حوزنی زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی و ڕووسی و هێندی و فەرەنسی زانیوە . هەر بۆیە توانیویەتی بابەتی باش و بەکەڵک وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی. حوزنی لە غوربەتدا بۆ بەڕێچوون زۆر کار و پیشەی تاقی کردۆتەوە . ئەم کارانەی زانیوە : مۆر هەڵکەندن، خۆشنووسی، نووسین لەسەر مس و زەرد و سووشە، نووسین لەسەر بەردی بەنرخ و دار ، مۆری لاستیک ، زەنگۆگرافی ، کڵێشە هەڵکەندن. بەداخەوە حوزنی غەریب و دوورە وڵات هەمیشە بە نەداری و هەژاری ژیاوە و هەموو تەمەنی خۆی فیدای خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە.
حوزنی لە هەر شوێنێک هەلی کار و چالاکی بۆ ڕەخسابێ، ڕووی تێکردووە و خۆی بە جوگرافیاییەکی تایبەتەوە گرێ نەداوە.
بە پێی دڵە گەورەکەی بۆ نیشتمانێکی گەورە دڵسۆزی نواندووە و تەنیا خۆی لە هەرێم و پارچەیکی جیادا نەدیوەتەوە. ئەوە ڕۆحی مەزنی حوزنییە بۆ مەزنایەتی گەلەکەی هەموو دەرد و ئازار و قسە و قسەڵۆکێک قەبووڵ دەکا ، تا بتوانێ ڕۆژێک لە ڕۆژان مەزنایەتی زمان و کولتووری نەتەوەکەی ببینێ و تۆماری بکات.
سێزدە بەرهەمی لێ بەجێماوە کە زۆربەیان مێژوویین و چەند بابەتێکیشی لەسەر پیشە و زانیارییەکانی خۆی چاپ کردووە. بە گشتی بەم کارانەی بۆتە هۆی دەوڵەمەندی زمان و کولتووری کوردی. بوو بە ڕێچکەیەک بۆ ئێمەی کورد کە بتوانین لە بیری چاپ و نووسین و ڕۆژنامەوانیدا بین و ئاواتەکەی خانی و حاجی بێنینە دی و خاوەنی کتێب و دەفتەر و کاغەز بین.
حوزنی بە هۆی چالاکی و کارەکانییەوە دۆست و دوژمنی تایبەتی بووە. دەیان تۆمەت و قسە و قسەڵۆکیان بۆ هەڵبەستووە و بە جاسووس و سیخوڕیان ناوبردووە. لە نێو نەتەوە ژێردەستەکاندا بەداخەوە ئەم پەتایە هەمیشە بووە و کەسە مەزن و دڵسۆزەکانی زمان و نەتەوە تۆمەت و قسە و قسەڵۆکیان بۆ دروست کراوە و بۆ ئەوەی لەبەر چاوی جەماوەر بکەون ، بەدناو کراون. دەزگا ئەمنییەتییەکان بۆ بەدناوکردنی ڕۆشنبیران ناوی خراپ و کردەوەی چەوتیان داونەتە پاڵ. بەداخەوە خەڵکیش بەو پیلانە نازانن و دەکەونە داوکەوە و لەوەها حاڵەتێکدا کەسە دڵسۆز و نیشتمانییەکان دەبنە دژی گەل و کەسە گوێ لەمستەکانیش دەکرێنە قارەمان و نیشتمانپەروەر. تا گەل و نەتەوە بەو ئاکامە دەگەن کە فێڵێان لێ کراوە و خزمەتکارە ڕاستەقینەکان تۆمەتیان خراوەتە پاڵ، ژیانی ئەوان بە کۆتایی دەگا و بە غەریبی و دڵشکاوی سەردەنێنەوە. مخابن مێژووی ئێمەی کورد پڕە لەو کارەساتە گورچووبڕانە. دیارە حوزنی غەریبیش لەم پەتایە بێبەش نەبووە. گومانی ئەوەشی لەسەرە کە دەبێ لەلایان کەسانێکەوە دەرمانخوار کرابێ و لەپڕدا کۆچی دوایی کردووە.
چەند کەسی ناوداریش تاریفیان کردووە و حوزنییان بە کەسی گەورە و دڵسۆز ناساندووە.
مینۆرسکی دەڵێ: حوزنی بۆ ناساندنی پرسی کورد و مێژووی نەتەوەکەی هەموو هەوڵ و تێکۆشانی خۆی خستۆتە گەڕ و لە هیچ خەباتێک درێغی نەکردووە.
پڕۆفیسۆر نیکیتین دەڵێ: من و هەموو ڕۆژهەڵات ناسەکان منەتباری حوزنی موکریانین.
بەداخەوە حوزنی لەپڕدا کۆچی دوایی دەکا و ڕەنگە ئەو لەپڕدا مردنەش گومانی دەرمانخوارییەکەی بەهێزتر بکات. حوزنی بە بێکەسی لەشاری هەولێر دەنێژرێ.
مامۆستا هەژار لە چێشتی مجێوردا ئاوا باسی کۆچی دوایی حوزنی دەکا:
” بەیانییەک برادەرێک هات و گوتی ، حوسێن حوزنی کوتوپڕ مردووە، با بچینە قەبران. چەند دیمەنێکی دڵتەزێن بوو. جەنازەکەی لەسەر خاک درێژ کرابوو، تا قەبرەکەی تەواو دەبێ. جگە لە من و چەند برادەرێک، هیچ کەسی لەلا نەبوو. بیرم لە قەدرنەزانی کوردان دەکردوە. گریانێکی بەکوڵ گرتمی و پێم وایە تەنیا کەسێک کە بۆ مەرگی حوزنی گریابێ، من بووم. (کە مردنێکی غەمگینە خودایە!)