دەرفەتێک بۆ دەرخستن و لێکدانەوەی دەقی شیعر لە پێناو تازەگەری و داهێناندا
(ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی یەکەمین فێستیواڵی شیعری ڕۆژەڤ لە مەریوان)
پێنج شەممە ۲۰ سەرماوەزی ۱۴۰۴ی هەتاوی، کاتژمێر ۲ی پاشنیوەڕۆ. کومیتەی ئەدەبیاتی “ڕۆژەڤ” ناوەندی زانستی- فەرهەنگی ڕۆنان، کۆڕێکی بەشکۆی ئەدەبی لە ژێر ناو (یەکەمین فێستیڤاڵی شیعری ڕۆژەڤ) لە موجتەمەعی فەرهەنگی هونەری مەریوان و هۆڵی مامۆستا قانع ساز کرد. لەم فێستیواڵەدا کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە شاعیران، نووسەران، ڕەخنەگران و ئەدیبان و هۆگرانی شیعر، و لێژنەی هەڵسەنگاندن لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژەهەڵاتەوە، ۲۰ شاعیر بە چەندین شیعری نوێ و پانێلێکی زانستی پێشکەش بە فێستیواڵ کرا و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا پێنج خەڵاتی تایبەتی فیستیواڵ بەخشرایە پێنج دەقی هەڵبژێرداوی لێژنەی داوەرانی فێستیواڵ.
خەڵاتی یەکەم بە شێوەی هاوبەش بۆ دەقی شیعری (بەرەو مردن ئەڕوانم) شیعری ” یادگار روزبە – مەریوان” (کچێک بە جیانی لەهجەیەوە) شیعری ” سیروان ڕەزایی – تیکاب.
خەڵاتی دووەم بە شێوەی هاوبەش بۆ دەقی شیعری (۱و۲) شیعری ” کاروان شوکری – مەریوان”، (هەوارو لەیلێ) شیعری “د.سەلمان خودامورادی- سنە”.
خەڵاتی سێیەم. بۆ دەقی شیعری (پاییز بە رەو شپرزەیی ڕەنگەکان) شیعری ” شیوا موزەفەری -ڕوانسەر”ٚ.
فێستیواڵ بە پێی ڕیزی بەرنامەکانی کە پێکهاتبوو لە ۸ بەرنامەی جیاواز، سەرەتا بە پیشاندانی تیزرێک لە چالاکییەکانی یەک ساڵی ڕابوردووی “ڕۆژەڤ” کرایەوە. کاک کاوەی کوردستانی پێشکەشکار بە توانایی و هەستی شێعرییەوە، بە کەش و هەوایەکی شیعراوی بەرەو پیری بەرنامەکانی فستیواڵ چوو. کاک ڕەحمان هوشیاری بەرپرسی ئیدارەی ئیرشادی مەریوان لە وتەیەکەی کورت وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوچوونی فستیواڵ لە لایەن کومیتەی ئەدەبیاتی ڕۆژەڤی ناوەندی ڕۆنان، ئاماژەی بە چالاکی و سەربەخۆیی ئەنجومەن و ناوەندەکان کرد.پاشان پەیامی هاوبەشی ڕۆژەڤ و ناوەندی ڕۆنان بۆ یەکەمین فێستیواڵی شیعری ڕۆژەڤ لە لایەن “حەمەی کەریمی” بەرپرسی ڕۆژەڤ (سەبارەت بە ئامانج و ستراتیژی فێستیواڵ- خولقاندنی فەزایەکی جیدی ئەدەبی لە پێناو داهێناندا و سازکردنی بەستێنێک بۆ ئاڵۆگۆڕی بیر و هزری جیاواز و دەرفەتێک بۆ ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی شیعر نوێ و ئاراستەکردنی پرسیاری نوێ و گرنگیدان بە شیعر و دەقی جیاواز لە بەستێنی شیعر و ئەدەبیاتدا خوێندرایەوە.
لە درێژەی بەرنامەکاندا چەند شیعر لە لایەن شاعیرانی زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات (۱۲ دەقی هەڵبژێردراوی لێژنەی داوەران بۆ فێستیواڵ و ۸ شیعری میوان) لە پێنج پانێلدا بۆ ماوەی ۳ کاتژمێر پێشکەش کرا. ئەم شاعیرانە لە پانێلەکاندا دەقە شیعرییەکانیان خوێندنەوە؛[بێهزاد کوردستانی، یادگارروزبە، سەلمان خودامورادی، سیروان ڕەزایی، ڕووناک سەمەدی، زانا قاسمی فەڕ، شەریف مورادی، سابیر عەزیزی، کاروان شوکری، شیوا موزەفەری، دانا مەنوچێهری، بنیامین سەحرایی، مەهناز شەمس، ئارشا سادقی، هیوا ڕەحیمینیا، حەمیدە بینەندە، خالید ئەحمەدی، موسلێح ئەحمەدی].
لە کەشێکی شیعراوی دو هونەرمەندی بە توانا کاک موحەمەدی ئەزکات و مەتین ئەزکات بە سازی دیوان چەن پارچە موزیکی کوردی پڕ هەستیان پێشکەش بە بەشداربوان کرد.
له بەرنامەی دووەمدا، پانێلێکی زانستی سەبارەت بە (ڕەخنە و لێکدانەوەی شیعری نوێی کوردی) بە بەشداری ڕەخنەگرانی ئەدەبی ڕەئوف مەحموود پوور کارناسی پانێل، بە ورووژاندنی چەند پرسیاری باسهەڵگر و ڕەخنەتەوەر سەبارەت بە شیعر نوێی کوردی، بەڕێوەچوو. بەڕێزان د. محەمەد ڕەحیمیان، بە تەوەری [ئانتۆلۆژیای شیعر و پێکهاتەی زمان لە شیعری نوێی کوردیدا] باسێکی پوخت سەبارەت بە پێکهاتەی زمان و دەق لە شیعری نوێدا لە ڕوانگەی ئانتۆلۆژی و فەلسەفەی بوونناسانەی هایدەگەر و بە ئاوڕدانەوە لە تێۆر و بۆچوونەکانی هایدەگەر و بیرمەندانی فەلسەفەی ئۆنتۆلۆژیک و بە هێنانەوەی ڕێفرێنس لە دەقە شیعرییەکان، کاک عادڵ محەمەدپوور، بە تەوەری [سەرهەڵدانی شیعری ئازادی هەورامی و باسێکی نیشانە ناسانە] ئاوڕدانەوەیەک لە شیعری نوێی هەورامی و خوێندنەوەیەکی نیشانەناسانە بۆ شیعری نوێ، کاک محەمەد موەفەقی، بە تەوەری [ئاخۆ لەم سەردەمە ئاڵۆزەدا نووسینی شیعر زەروورەتی هەیە؟] باسێکی ئەدەبی سەبارەت بە زەرووتی نووسینی شیعر لە جیهانی مودێڕن و پاشمۆدێڕن دا بە تەواوی ئاڵۆزییەکانیەوە لە کاتژمێرێکدا پێشکەش کرد.
دواتر بەیانییەی لێژنەی داوەرانی یەکەمین فێستیواڵی شیعری ڕۆژەڤ و ڕاگەیاندنی براوەکانی خەڵاتی فێستیواڵ لە لایەن شاعیر و ڕەخنەگر کا “کەماڵ شەنگالی” بە نوێنەرایەتی لێژنە پێشکەش کرا و پاشان لە ڕێوڕەسمێکدا بە پێدانی خەڵاتی تایبەتی فستیواڵ و سپاسنامە ڕێز گیرا لە شاعیرانی براوە و هەڵبژێردراو و هەروەها بەشداربوانی پانێلی زانستی و لێژنەی داوەران و چالاکانی ئەدەبی فێستیواڵ.
جێگای ئاماژەیە دوو شاعیر و ئەدیبی ئازیز کاک ڕەزا عەلی پوور وەک ڕەخنەگری پانێلی زانستی و د. بەیان عەزیزی. وەک داوەری لێژنەی هەڵسەنگاندن بە هۆی پێشهاتی ڕووداوی هاتووچوو لە ڕۆژی فێستیواڵ بەداخەوە نەیانتوانی بەشدار بن.
وەک لێژنەی بەڕێوەبەرایەتی یەکەمین فێستواڵی ڕۆژەڤ، سپاس و پێزانینی تایبەتمان هەیە بۆ تەواوی بەشداربووانی فێستیواڵ، خەڵکی ئەدەب دۆستی مەریوان، رێکخراوە مەدەنییەکان، شاعیران، نووسەران، هونەرمەندان، ڕەخنەگرانی ئەدەبی، مامۆستایان، چالاکانی شیعر و ئەدەبیات کە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژەهەڵاتەوە لە یەکەمین فێستیواڵی شیعری ڕۆژەڤدا بەشدار بوون. هیودارین لە ساڵانی داهاتودا ئەم فێستیواڵە بە شکۆیەکی زۆرتر بەڕێوە بچێت و بتوانێت بەستێنێک ساز بکات کە لە داهاتوودا لە ئاستێکی بەرزتر و بەربڵاوتردا له دیکەی بەشەکانی کوردستان پەل و پۆ بکوتێ و پرسی شیعر بە گشتیی و بە تایبەت شیعری جیاواز بکاتە پرسی ڕۆژەڤ و سەردەم. ستاڤی بەڕیوەبەری کومیتەی ئەدەبیاتی “ڕۆژەڤ” ناوەندی زانستی- فەرهەنگی ڕۆنان.
مەریوان ۲۱ی سەرماوەزی ۱۴۰۴ی هەتاوی
