زەردەپەڕێ لە ئامێزی خەیاڵدا
– غەفوور کەسنەزانی، ژاکاو
وەرە خەیاڵ! هاوڕێ، هاودەمی ئەشقی تێکسمڕاوی هەزاران شاعیرو نووسەرو بانگخوازی دڵسۆزی ئەم گەلە ڕەش و ڕووتەی سەر بە گۆنگەڵ.
دەزانی تۆش وەک دڵبەرە، دڵڕەقە، بێ وەفاکەم دیارت نییە، ناپرسی؟ چیبووە؟ خۆ منی خامە بە دەستی ئەم چاخە زوانم بە هیچ لایێ نە بە چاک نە بە خراپ نەگەڕاوە، خاو نیم وەک خامە دوو زوانیش بکەم، ئاخەر عەسرو دەورێکە زمان ئامانە، بۆ بینینی گەنجینەی سەربەمۆری جوانانی ئەم دەورانە چاو ڕێشکەو پێشکە دەکات و ناتوانێ ئەوەی پێویستە وێنە و ڕووداوەکان بە هاردی مێشک وەک قەدیم بسپێرێ، جا بۆ نافەرمووی چی وەک قەدیم ماوە؟
هەموو شت بۆتە بیرەوەری و سەربردە و ژیری دەسکردیش لە ناو هەموو ئامڕازەکان ئەوەی نەیکات ماڵی ئاوا. شەو دانیشتن و حەقایەت بێژی و گەلە ڕاوێژەی دەوری قورسی شار و دێ بۆتە ئەفسانە و دەیگێڕنەوە. دەزانی وەک چییان لێهاتووە؟ وەک ڕوومەتی جوان و سیمای دڵڕفێنی خاڵخاسانی ڕابردوو بە دەس جوانکاری و بووتکاس و ژلە و هتد…
ئەوەی دێتە پەرێز و جاڕی ڕوانین ئەوە نییە تۆ بە دوویا وێڵی.
لەوەی گەڕێین چاکە ئاو ئاردە ئاوی زۆر دەوێ، تازە هەموو شتێ لە بستە و تەوەرە ترازاوە و تا سووڕێ نەدا و جینێ تر نەیێنەوە سەر کەوڵی پان و بەرینی ژیان بە من و تۆ باشار نابێ.
ئازاری دووری دڵخوازەکەم دیسانەوە دووپشکە ڕەشەی (عەربەتە) و زوو زوو دەمگەزێت، شەوی درێژی پاییزی ئاوات و خۆزگەکان و ڕۆژگاری بەهاری جوانی سەراپا بوونەتە ژان و برک و لەش و لار تێکدەقرمێنن، شەمەندەفەڕی عومر چەندین وێستگەی بەڕێ کردووە و دەیهەوێ لە دوایین وێستگەی بێ گڕانەوەدا ڕاوەستێ، دەزانم دەگاتێ، نازانم کەی و لە کوێ.
خەمی تێر نەبوون لەم مێرگ و چیمەنەی تەمەن لە بەرێکەوە بڕستی بڕیوەو و لەو بەریشەوە دووری لەم خەڵکە کە تا قوڕقوڕاچکەی لە تراویلکەی نەزانیدا ڕۆچووە هێمنی بەخشە.
تەنیایی لەم هەل و مەرجە دەوڵەمەندییە، خۆ دۆزینەوەیە لە ڕەقە بەڕۆژی دواکەوتوویی، خۆڕێکخستنە لە ناو سندە کوڵۆی قوڕەکێڵی نەزانی، ئاخ لە دەس تەنیایی هەڵکێشم یا بۆ تەنیای خۆم بکێشم.
لە مێژە دڵم گیراوە، خەم و مەرارەتی وەک تێلدڕوو دەورەی داوە لە سەد لاوە، شیرینترین یادەکان بە پڕیشکەی تاڵی، تام و چێژی دەگۆڕدرێ، خۆشەویستی هەوێنێکە بۆ گرێدان و گرسانی تەمەنێکی دوورو درێژ، لە لارو خواری و چاکی و کرێژ، هەموو ساتێ لەم هەوارە بێ تەخت و تاجە زەلە زەڵی کۆچی شۆڕەسوارانێ چەشنی مەم و سیامەند ومیرزا و لاسە، شیوەن و گابۆڕی پێک نەگەیشتنی سەدان خاتوونی لاوی، گوێ بە گواری وەک زین و خەج و یای ناز و خەزاڵی مل بە کوێنە،
پاییزی وەرزی ساڵ و پاییزی تەمەن ڕێک کەوتوون، دەمەو ئێوارەیە، کەشە هەوری تاڵی هەراش ئاوسی باران بەری ڕووناکی ڕۆژی گرتووە، کەتری ڕەش و گڕەمەشقەڵەی ئاور و چایی بڵاڵووکی و هەوارو کۆتانێ بەرە و لا خۆی ڕاکێشاوم، چاڵی (گیای خانمێ) و شانکەی (بەردە دیوار) و (بەردە قەلە) و قوتەی (بەردەڕەشان) دیمەنێ سێحراویان پێک هێناوە، کەرتە مەڕێ وردە وردە بەرەو پەرچەی شەویان قەتارەیان بەستووە، پێشەنگ یەک دوو بزنی هارو هاج و کۆڵە،
هێزی نووسین و وزەی قەڵەم خۆ بە خۆ دێنە قسە و وشەش وەک کۆنە دۆست ڕام و دەستەمۆیە(ببوورن گوتم کۆنە دۆست، کۆنە دۆستی ئێستا نامۆ و غەریبەن) و لە دیلانی نووسراوەدا سەرچۆپی کێشە.
هەموو شتێ سازو کۆکە، تەنیا دڵبەر نەبێ لووت بەرزانە چۆتە سەر دارێ بەرزو نایێتە خوارەوە، ئەڵێی هێزو گوڕەی گەنجیە و گەڕانەوەی مەحاڵ، بیری سەرەڕۆیی و وێڵی مەملەکەتی بە ناو ئازادییە،
ئێوارەی دووشەممە ڕێکەوتی ۲۰/۷/۱۴۰۵ هەتاوی