بۆ لوقمان
ـ فەرەیدوون محەمەدزادە
ئەڵێن قەدر و قیمەتی هەر شتێک نەزانی لە دەستت ئەچێ. ئەمە چیرۆکی لوقمانە و ئەمە تراژدیایە ئێمەیە. یەکەم سوورەت لە باران نامەی شێرکۆدا بە ژنەوە دەس پێ ئەکا. سی و یەکەمین سوورەت لە کتێبنامەی مرۆڤدا بە لوقمانەوە دەس پێ ئەکا. ئەمە سی و یەکەمین سوورەتی کەلامی حەققە. ئەمە ئامۆژگاری لوقمانە بۆ کوڕەکەی. کە واتە باسی لوقمانتان بۆ ئەکەم. ئەز چیتان بۆ باس بکەم؟ لوقمانیان وت حەکیم؛ پیاوێکی ناودار. کەسێک کە نێوی لە زۆربەی کتێبگەلێ کە سەبارەت بە ڕاهێنان و وانەی ژیانە، هاتووە. لە ڕاستیدا لە خۆوە نییە کەسێک نێویکی ببێ. ڕەنگە لە ڕۆژی ئەزەلەوه دابین کرابێ. ئەمە بیر و ڕای دۆگم و بێ هۆیە نییە، نێوی تاقمێک پڕ بە پێست، شایانی هەر ئەو کەسانەیە. نێوی لوقمان لە ڕاستیدا پڕ بە باڵای بەلە باریکی ئەو کەسایەتییە دابین کراوە کە ئەمڕۆ ئێمە یادی ئەکەین تا بیرمان نەچێ کە ئەو هاوڕێمان بوو، ڕفیقمان بوو، هاوکارمان بوو، دۆستمان بوو، حەکیمان بوو.
لوقمان پێش لەوەی مامۆستا، نووسەر، لێکۆڵەر، وێنەگر، هونەرمەند و وەرزشوانێکی باش بێ منداڵێکی باش بوو. برایەکی باش، هاوسەرێکی باش و باوکێکی چاک بوو. جێگەی شانازییە بۆ ئێمە و بۆ هەموو ئەو کەسانەی وا لوقمانیان دەناسی رفیقی بین. ڕفیقی لوقمان بوون ئیفتخارە. ئەو هەم لوقمان بوو و هەم نادر بوو. نادر پوور بوو، کوڕێکی نادرە و کەم وێنە.
مامۆستای قوتابخانە بوو. سی ساڵ پتر وانەی ژیانی بە منداڵانی ئەم شارە وت.
نووسەر بوو. گوند بە گوند و ناوچە بە ناوچە دەگەڕا تا حیکایەت و ئەفسانە کوردییەکان کۆ کاتەوە. بە لای پیر پیاوان و پیرە ژنانەوە دا دەنیشت تا چیرۆک و ئەفسانە و بەسەرهاتی بۆ بگێڕنەوە.
هونەرمەند بوو. هەر لقێکی هونەری دەستت بخستایەتە سەری تێدا شارەزا بوو. وێنەگر بوو، کەم کارناوڵە و ڕێ و ڕەسم بوو تێیدا بەشدار نەبێ و وێنە نەگرێ. لێکۆڵەر بوو لە سەر هەر بابەتێکی ئەدەبی و هۆنەری. وەرزشوان و جەستەیەکی چالاکی بوو.
لوقمان دوو ئەوەندەی ئێمە ژیا. چۆن؟ بە هۆی ئەوەوە کە سات بە سات و کات بە کاتی ژیانی بە نرخ بوو. ئەگەر ئاورێک لە ژیانی بدەینەوە لە هیچ شوێنێکدا نابینین کە کاتی بە فێڕۆوە چووبێ.
لوقمان ئەکتیو بوو. بەردەوام لە حاڵی فێر کردن و فێربووندا بوون.
لە تەربیەت موعەلم و سی ساڵ لەوە پێش، کاتی پشوو دان دوای کەلاس و نەهار هەموو ئەخەوتن. یەک کاتژمێر دوو یان سێ بەڵام لوقمان تەنیا چاوێکی دەنا بە یەکدا و دیسان شارژ دەبووەوە بۆ کار و بۆ فێر بوون.
دوای دوو ساڵ کاتێ کە تەواو بووین لە دواهەمین ڕۆژەکاندا لوقمان بە هەر کام لە کوڕەکان پاکەتێکی دا. لە نێو پاکەتەکەدا کاغەزێک بوو لەگەڵ سەد تمەنێکی تازە. لە سەرووی کاغەزەکەدا شتێکی بۆ هەر کام لە ئێمە نووسیبوو. بۆ هەر کەسێک، شتێکی جیاواز، وانەیەکی ژیان. لە ژێری ئەو دێڕەدا نێوی هەموو کوردەکانی نووسیبوو. نێوی هەر کەس و تایبەتمەندییەک کە بووی، ئارەزوو و ئاواتی و بنێشتە خۆشەی سەر زاری.
نزیکی بیست کەس بووین، بگرە زیاتر؛ لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان. لە ورمێوە بگرە تا سەر پێڵ. لە مەریوانەوە بگرە تا دێولان. لوقمان هەموومانی کۆکردبووەوە لە ژێر باڵی خۆیدا. لوقمان ئەو کەسە بوو پەیوەندی نێوان کوڕە کوردەکانی ڕێک خستبوو. بە چی؟ بە زانیاری، بە چی؟ بە مێهرەبانی، بە چی؟ بە چاکی.
هەر هەموو ئەو کەسانە وا یادی لوقمان دەکەن خۆیان بە دۆستی ئەو دەزانن و ڕاست وایشە. نە هەر ئەمڕۆ و نە هەر لێرە لە دوورەوەیش زۆر کەس هەن دۆستی لوقمانن. لوقمان ئەوەندە ئەکتیو بوو، ئەوەندە کاری بوو، ئەوەندە شارەزا بوو کە ڕەنگە کەم کەس لەم شارەدا بێ نێوی نەبیستبێ، لەگەڵی کاری نەکردبێ. بیرمان نەچێ پتر لە سی ساڵ مامۆستای قوتابخانە بوو و لەم سی ساڵەدا پتر لە سێ هەزار قوتابی بووە. سێ هەزار قوتابی بە بنەماڵەیانەوە پتر لە دە هەزار کەس.
کەلاسی بابەتێکی هونەری دادەنرێ. هەر بابەتێکی هونەری کێ بە قەد لوقمان لەو بابەتەدا شارەزایە و کێ ئەتوانێ بە قەد ئەو مامۆستای ئەو کارە بێ.
پار لە لایەن ئەنجومەنی هونەرهای تەجەسومی پارێزگاوە چووین بۆ کەرەفتوو و زیویە کێ بە قەد لوقمان زیویە ئەناسێ و کێ بە قەد ئەو مێژووی کەرەفتوو دەزانێ. هەر ئەبێ ئەو مامۆستای ئەو خولە بێ. هەر ئەبێ ئەو بێ؛ لە شوێنێکدا کە بەرپرسی ڕێنمایی زیویە و کەرەفتوو چاوی لەدەمی لوقمانۆیە.
ڕفیقی زۆر بوو. لە هەر شار و شارۆچکەیەکی کوردەواری ڕفیقی بوو. جیاوازی نەبوو ئەم کەسە خەڵکی مەهاباد بێ یان بانە، خەڵکی مەریوان بێ یان کرماشان. هۆی ڕفاقەتی چاکی و کار و لە یەک فێر بوون بوو. سەری بە هەر کون و قوژبنێکدا دەکرد و دوای ماوەیە زۆر لێهاتوو دەبوو لەو کارەدا.
شەوانە کە مێوانیمان بوو و لە ماڵی یەکێ لە دۆستان کۆ دەبووینەوە وەفا ویولۆنەکەی دەهێنا و کەماڵ دیوانەکەی. کێ بوو بخوێنە؟ گورانی بێژمان نەبوو. تەنیا لوقمان شێعرەکانی باش دەزانی تەنیا ئەو گورانییەکانی بە جوانی لە بەر بوو. تەنیا ئەو دەنگی هەڵ دەهێنا و لەگەڵ دەنگی ویۆڵۆن و دیوان دەیخوێند. لەم کۆڕ و کۆبوونەوانەدا باسی هونەرمان دەکرد کێ لە لوقمان هونەرمەندتر.
باسی ڕەنگمان بکردایە تەنیا ئەو بوو کە ڕەنگەکانی دەناسی و دەیزانی هەر ڕەنگێک لە چی ساز دەبێ و لە کوێوە هاتووە. باسی دەنگمان بکردایە کێ لە لوقمان باشتر گورانی بێژەکانی دەناسی. باسی بەیت و حەیرانیمان بکردایە کێ لەو باشتر چیرۆکی سەیدوان و برایمۆک و فەرەح و خاتوو ئەستێی دەزانی. کێ لەو باشتر سۆزی تراژدیای هەست پێ دەکرد. باسی نەخش و وێنە کوردییەکانت بکردایە جا چ لە سەر دیواری ئەشکەوتەکان یان لە سەر بەرماڵ و مەوج و فەرشەکان کێ لەو شارەزاتر بوو. باسی وێنەگریمان بکردایە لە لوقمان شارەزاتر کێ بوو.
ئەچین بۆ دەشت و چیا. ئێمە پشوو دانێ. ئێمە چاییەکی سەر ئاگر. ئێمە خواردن و خەوتنێک. ئێمە قاقا و پێکەنینێک. لوقمان بەڵام لە جیهانێکی تردا دەژیا. ئەو بەڵام کاتی نییە بۆ پشوو دان. ئەو کاتی نییە بۆ بێهوودەیی. ئەو دەگەڕێ، ئەو دەبینێ، ئەو دەبیسێ، ئەو قوڵ هەڵئەماڵی بۆ ئیش و کار. کێ بە قەد ئەو ڕووح سووکە بۆ کار. کێ بە قەد ئەو دەنگی باڵەندەکان دەناسێ. کێ بە قەد ئەو دەنگی ڕووبار و شاخ ئەبیسێ. کێ بە قەد ئەو تایبەتمەندی گیاکان دەزانێ. کێ بە قەد ئەو دەزانی هەنگەکان بۆ ئەمساڵ هەنگوێنیان کەم داوە. کێ بە قەد ئەو شوێنی پێی بوونەوەرەکان دەناسێ و کێ بە قەد ئەو ئەزانێ باڵەندەکان کەی هاتوون و چۆن هاتوون و بۆ کوێ ئەچن.
دەچین بۆ شوێنێکی مێژوویی. کێ بە قەد ئەو مێژووی ئەو شوێنە دەناسێ. کێ بە قەد ئەو شوێنی کەتیبەکان ئەزانێ و کێ بە قەد ئەو ئەزانێ چیان لێ نووسراوە. کێ بە قەد ئەو ئەزانی هەر شتێک بۆ ساز کراوە و نیشانەی چییە. کێ بە قەد ئەو ئەزانی چ گەنجینەیەک لەوێدا بووە و هەرکامی چین و ئێستە لە کوێن. کێ بە قەد ئەو نەخش و نیگارەکان دەناسێ. کێ بە قەد ئەو دەزانێ کام پاشا و کام دەسەڵاتدار لەوێدا بوون و چۆن لە بەین چوون.
ئەو جەستەی پتەوتر لە ئەشکەوتی کەرەفتووە و مێشکی پتر لە گەنجینەی زیویەی تێدایە.
وەفا ئەزانێ ڕووح سووکی و ئازایەتی ئەو چۆنە. کاوە ئەزانی ڕفیقایەتی ئەو باس کا. فەرهاد ئەزانێ سوور بوون و کوڵ نەدان ئەو لە کاردا چییە. ئەردەشیر ئەتوانێ بڵێ پێ چەقاندنی ئەو بۆ بە ئاکام گەیشتنی کار چۆن بوو. هادی ئەتوانێ بڵێ کۆمەڵ لە وێنەکانیدا چ مەرتەبەیەکی هەیە. سمایل ئەزانێ ئەو لە کوێدا چی دەڵێ و لە ناخیدا چی ڕوو ئەدا. ئەمیر ئەزانێ بڵێ شەوقی بۆ فێر بوون چۆن بوو. بەیان ئەزانێ ئەو چ مانایەکی دا بە مامۆستا و قوتابی. حامید ئەتوانێ بە هێوری و بە هێمنی عەشقی بۆ ژیان باس بکا. فەرەیدوون ئەزانێ لە ژێر قامەتی شاخیدا چ جەرگێکی ناسک تەپە تەپی بوو.
ئەو ڕۆحی لەگەڵ چیاکانە. هەستی لە نێو کەروێشکەی گەنمەکانە. ورەی هاژەی شەپۆلی زریاکانە. ئەو باڵای بە بەرزی تاقەدارە.
ئاخ دایە گیان! من نازانم بە پێوانە پێ، گەز، میتر، نەکەرۆز و حاجیە حاجی تاوە و ڕووش چەنێ لە ڕۆخی زریاوە بڵیندترن بەڵام ئەزانم بۆ تۆ ئەو بڵیندترین شاخ و قووڵترین ئاخە!
لۆقمان کێیە؟ شێرکو وتەنی ئەو دەنگ و ڕەنگ و سۆز و سەنگە!
بۆ میرات چیمان بۆ بە جێی دێڵێ:
بەیت و بالۆرەیەک، بزەیەک و مێهرەبانییەک، هەستێکی ئەویندارانە و ڕوومەتێکی یەکجار گەش!.