اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

ڕانانێک بۆ ڕۆمانی «هەموو شت زانی بێ سنوور» بەرهەمی سەید قادر هیدایەتی

دوکتۆر زەکەریا بزدوودە

بۆ ئەو خوێنەرانە کە سەید قادری هیدایەتی ئەناسن و ڕۆمانەکانی تۆقی عەزازیل، گابۆڕ، بەردینە و گۆڕەشاریان خوێندۆتەوە، ڕۆمانە نوێیەکەی، هەمووشتزانی بێ سنوور، ئەزموونێکی جیاواز و تا ڕادەیەک سەرسوڕهێنەرە. هەرکام لەو رۆمانانەی پێشووی هیدایەتی لە جۆگرافیایەکی ئاشنا لە کوردستاندا رووئەدەن ئەوەندە ئاشنا کە لەوانەیە خوێنەر شوێنەکان لە جیهانی ڕاستەقینەدا دابین بکات. هەروەها کەسایەتییەکان ئەوەندە ئاشنان کە خوێنەر هەست ئەکات شێخ باپیر و عەتاخان و گوڵەندام و مەلا سابیر و دەروێش کامیل و عەبدولموتەلیب و کەریم و میرزا هادی و ئاغای سەرچەشمە و سەیدە سوورە و گودروون و ئازاد و نیشتمان و خاڵە خەفوور و هتد هەموویان جیرانی ئێمەن و هەموویان لە مێشک و بیرەوەریماندا ماونەتەوە.

بەڵام هەمووشتزانی بێ سنوور وەکوو هیچکام لەو رۆمانانەی پێشوو، تەنانەت گۆڕەشاریش نییە. ئەگەر خوێندنەوەی گۆڕەشار ئەزموونێکی ئاڵۆز و ئەستەمە، خوێندنەوەی هەمووشتزانی بێ سنوور هەوڵێکە کە لە تێۆری ئەدەبیدا بە “تێشکانی خوێندن” (Failure of Reading) یان “لەخوێندنەوەنەهاتوویی” (Unreadability) ناوبانگی کردووە. مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوە نییە کە نووسەر لە نووسینەکەیدا سەرکەوتوو نەبووبێت بەڵام ئەمە لە روانگەی توێژەرانێکی بەناوبانگ وەکوو پول دو مان (Paul de Man) دا تایبەتمەنییەکی زمان وەدەرئەخات کە ئەبێتە هۆی لەخوێندنەوەنەهاتوویی دەق. جیهانی ئەو ڕۆمانە جیهانێکی سەیر و بوونخوازانەیە جیهانێک کە لە دەروونی خودی زمانەوە ڕوو ئەدات. لەوە ئەچێت مەبەستی نووسەریش لە نووسینی ئەو ڕۆمانە هەر ئەوە بێت کە خوێنەر فڕێ بداتە نێوان جیهانی زمانەوە هەڵبەت نە ئەو زمانە کە بە ڕای زۆربەی خوێنەران ئامرازێکە بۆ دەربڕینی هەست و دروست کردنی پێوەندی لە نێوان ئێمەی مرۆڤدا بەڵکوو ئەو زمانە کە بە ڕای زانیارانی بواری پاش بنەماخوازی وەکوو ژاک دیریدا (Jacque Derrida) و دو مان و ویتگنیشتاین (Wittgenstein ) جۆرە گۆڕەپانێکە کە مرۆڤ ئەگەرچی هەمووشتێکی لەو وەرئەگرێت لە هەمان کاتیشدا تێیدا ونە و لە دەستی ڕزگاری نییە؛ ئەمە هەر ئەو شتەیە کە بە لەخوێندنەوەنەهاتوویی ناومان لێ برد.

نووەسەر هەر لە سەرەتاوە بە ئیپیگرافێک لە قورئانی پیرۆزەوە لە سوورەتی بەقەڕە، “من ربه الکلمات،” جیهانی رۆمانەکە وەدەرئەخات کە جیهانی کەلیمە و وشە و ڕستەیە. بە ڕای دیریدا “هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە” و “جیهان وەکوو دەقێک وایە.” هەمووشتێک لە زماندا رووئەدات. لەو ڕۆمانەدا ڕێک وایە. لێرەدا کەسایەتییەکان هەموو وشەن و هەندێکیشیان “وشەییەکی ترن.” جگە لە سەرباز کە ڕۆڵێکی هەیە دیکەی کەسایەتییەکان بریتین لە سێهەم کەس، یەکەم کەس، من، سێهەم کەسی تاک، دوو وشەی نامۆ، دەنگێکی نووساو، دەنگێکی تووڕە، دەنگێکی بەرز و هتد. لەو جیهانەدا وشەکان وەکوو جندۆکە و لاپەڕەکان وەکوو مڵۆزم و بەشەکان وەکوو رمووزن وان. رووداوەکان لە وشە و رستەدا ڕووئەدەن: “چوون بە دەست وشەیە، گەڕانەوە نا،” یان “سێهەم کەس چوو بۆ وشە ڕستەشی دانا،” یان “وشەم کەوتووە” یان ” ئەو تفەنگەشت لێرە بە وشەیەکەوە هەڵپەسێرە.” لەم جیهانەدا لە جێگای خەستەخانە و گرتووخانە، وشەخانە و وشەگرتووخانەمان هەیە.

کەوابوو ئەگەر خوێنەر لەو رۆمانەدا بە دوای گێڕەڕەوە و بەردەنگ و گەڵاڵە و تەشق و ئەو شتانە بێت، بێ گومان دەستی ناکەوێت. لێرەدا هەموو شتێک وت و وێژە لە نێوان چەند وشەدا. هەمووی دەقە و پەراوێز. ئەو وشانە بەردەوام بە خوێنەر گەمە ئەکەن و لەم وشە بۆ ئەو وشە و لەم ڕستە بۆ ئەو ڕستە و لەم لاپەڕە بۆ ئەو لاپەڕە ئەیگوێزنەوە ئەوەندە کە تووشی سەرلێشێواویەکی سەیری بکەن. ئەوە هەر ئەو شتەیە کە لە زماندا رووئەدات بە ڕای ویتگینیشتاین “گەمە زمانییەکانە.”

هەڵبەت ئەو رۆمانە لە باری ناوەڕۆکەوە چڕ و پڕە. ئەوین و دەسەڵات و یاسا و سانسۆر و چاودێری و ئیمکانی بەرەنگاری و خۆڕاگری و شتی دیکەشی تێدایە. بەڵام ئەمانە بە شێوەیەکی جیاواز و بە فۆڕمێکی پاشمودێڕن و میتافیکشیناڵ ئاراستە کراون. ئەو تایبەتمەندییانە و زۆر شتی دیکەش کە باشترە بیهێڵینەوە بۆ خوێنەران، ئەو ئەزموونەی سەید قادری هیدایەتی یان خستۆتە پاڵ ئەزموونی ڕۆماننووسانێکی بەناوبانگ وەکوو جەی ئیم کەویتزی (J.M. Coetzee) و پۆل ئۆستیر (Paul Auster) و ئیتالۆ کالڤینۆ (Italo Calvino).

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *