کەرەفتوو؛ لە شوێنێکی مێژووییەوە بۆ ڕوایهتێکی شاراوەی میترایی
هەژان بابامیری
کەرەفتوو لە ڕێگای خوێندنەوەیەکی نوێی مێژوویی؛ ئایا ئەم ئەشکەوتە یەکێک لە گەورەترین مێهرکەدەکانی جیهان بووە؟
لە چوارچێوەی گەشتێکی زانستی ـ مێژوویی کە لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی «ئاڵای سنە» ڕێکخرابوو، کۆمەڵێک لە شارەزایان و حەزخوازانی بواری مێژوو سەردانی ئەشکەوتی مێژوویی کەرەفتوویان کرد.
لەم گەشتەدا دوکتور نەجمەدین جەباری، مامۆستای زانکۆی کوردستان، بە وردەکارییەوە باسێکی زانستی لەسەر ئایینی میهر و میتراییسم و مێژووی کەرەفتوو بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد.
بەڕێزیان بە پشتبەستن بە نیشانە و بەڵگە مێژووییەکانی ناو ئەشکەوتەکە، ئەگەری ئەوەی خستەڕوو کە کەرەفتوو لە ڕابردوودا یەکێک لە گەورەترین مێهرکەدەکانی جیهان و شوێنی نیشتەجێبوونی مۆغە میتراییەکان بووبێت.
هەروەها باس لە بەکارهێنانی هەندێک بەشی ئەشکەوتەکە بۆ ڕێوڕەسمی قوربانی و کاریگەری بوومەلەرزە لەسەر دەروازە و پێکهاتەکانی ئەشکەوتەکە کرا. ئەفسانەی «سێ کچ و کوڕە خەیات»یش لە ماوەی سەردانەکەدا باس کرا.
بەپێی زانیارییەکان، وتارەکە بە تەواوی فیلم کراوە و بڕیارە بە ژێرنووسی ئینگلیزی و لە چوارچێوەی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لە ڕایەڵکە جیهانییەکان بڵاو بکرێتەوە؛ هەنگاوێک کە دەتوانێت بە ناساندنی کەرەفتوو و مێژوو و کەلتووری ئەم ناوچەیە لە ئاستی جیهاندا یارمەتی بدات.
ئەشکەوتی کەرەفتوو لە نێوان شارەکانی سقز و دیواندەرە هەڵکەوتووە و نزیکەی ۷۲ کیلۆمەتر لە سقز و ۷۲ کیلۆمەتر لە دیواندەرە دوورە.
