ناسیین و ناساندنی نووسەر و بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە
✍د. محەمەد یەعقووبی
بەشی یەکەم:
لە مێژ ساڵە ئاواتەی ئەوەم بووە دەرفەتێکی باشم بۆ بڕەخسێت و لە سەر کتێب و نووسیینەکانی مەزنە نووسەر و بیرمەندی کورد، ڕەحمەتی مامۆستا عەزیز گەردی بە دڵی خۆم شت بنووسم، بەڵام بە داخەوە ئەو ژیانە قورس و سەنگیینە هەرجارەو بە پاساوێک ڕێگای ئەو ئاواتەی لێ بەربەست کردووم، ئیتر باش دەزانم تەمەن کە کەوتە سەرووی پەنجاساڵەوە، خێراییەکەی زۆر زۆرەو هەرچی دەکەیت ڕاوەستەیەکت بۆ ناکات. هاوزمانە ئازیزەکانم خزم و کەسە خۆشەویستەکانم ئەگەر هەموو تەمەنم بەو زمانە شیرینە کوردییە وەک کانی ئاو، وشەم لە کانیاوی زوڵاڵی زمانی دایکیم، هەڵگۆستبایە و هەموو ئەو وشانەم وەک دەنکی ملوانکە هۆنیبایەتەوەو و لە ملی بەرزوجوانی ئەدەبی کوردیم کردبایە، هێشتا ئۆخژنم بە دڵدا نەدەهات، ئەوەندە تینووی ئەو زمانەی خۆمانم وەک ماسییەکییم لێهاتووە کە لە نەبوونی ئاوەکەدا دەمرم. بۆیە یەکێک لە سەرچاوکە ڕوون و زوڵاڵەکانی زمانی دایکیمان لە ماڵە مامۆستا عەزیز گەردیدا هەڵقوڵاوە و ئیتر منیش ئیرادەم بەوە کرد، خوێندنەوەیەکی بەشێک لە کتێبەکانی مامۆستا بکەم تاکوو دوڕو گەوهەری جوانیان لێ دەربهێنم وە پێش چاوانیان بخەم و لایەنەکانی شاراوەو ناشاراوای زمانی و ئەدەبی و کەسایەتی ئەو مامۆستا گەورەیە،وەبەر ڕووناکایی بخەم ئەو کەسایەتییەی کە لە بێدەنگیدا ژیاو لە بێدەنگیشدا، ماڵئاوایی لە ئێمە و نیشتیمان کرد. کاتێک نووسیینەکانی کاک عەزیز و دیکەی نووسەرانی گەورەی کورد چاو لێ دەکەیت وابیر دەکەیت بڕیارێکی نەنووسراو لە نێوان، مامۆستا بەرز و گەورەکانی کورددا هەبووەو دەڵێیت ئاوا لە نێوان خۆیاندا ئیشە بنەڕەتییەکانیان، بەش کردووە. مامۆستا هەژار بەشی فەرهەنگ نووسی و مێژوو و وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز، مامۆستا مەسعوود محەمەد بەشی زمانەواتی و ڕێزمانی کوردی و فەلسەفەی ئەدەب، مامۆستا عەلائەدین سەجادی، بەشی مێژووی ئەدەبی کوردی و چیرۆکە ناوازە کوردییەکان، مامۆستا عەزیز گەردیش، بەشی بەلاغەت و عەرووز وەک ڕوونبێژی و جوانیکاری و واتاناسی و کێشناسی شیعری کوردی و وەرگێڕانی شاکارە جیهانییەکان پۆلیینبەندییان کردوون و هەرکامەیان لە بەشی خۆیاندا تا توانیویانە، لە قووڵایی دڵەوە بە قووڵایی ئیشەکانیاندا ڕۆچوون و بە باشترین شێوە، بەرزترین ئاستی ئەدەب و زانست و وەرگێڕانیان پێشکەشی نەتەوەکەیان کردووە.
هەر کات وا بیر دەکەم ئەو کەڵە پیاوانە لە نیۆ ئێمە غایبن، خەمێک قووڵ دام ئەگرێت، بەڵامدڵم نایەت بڵێم هیچ کام لەو گەورە نووسەرانەمان مردوون، چونکوو باش دەزانم ئەوان هیچ کامەیان نەمردوون و لە سەر تاقچە و لە سەر کتێبخانە و لە ناو ماڵەکانمان، هاودەمی هەموو کوردێکن و دڵی هەموو کوردێک دەدەنەوەو هەستمان دەبزۆێنن و ڕۆحمان هان دەدەن کە مەترسن ئێمە ئەوەی دەبێت بکرێت، کردوومانە، ئێوە بەس چاوتان لەو ماڵە فەرهەنگییە بێت، ئێمە بۆتانمان ئاوەدان کردووە. ئێوە گەنجتان بە دەستەوەیە بەو گەنجانە کلتووری وڵات و نیشتیمان سەر لە نوێ بنیات بنێنەوەو، ئاوێنەی ڕۆحتانی پێ هەتوان بدەن. کێ دەتوانێت لە هاودەمی هەژاردا باڵای ئاوەزی بەرز نەبێت و جارجارێک نەگرێت و کێ دەتوانێت کاتێک مەسعوودمحەمەد دەخوێنێتەوە هەست بە هاودەمی فەلسەفی و ئاوەزمەندی و گەورەیی نەکات، کێ دەتوانێت بە لای عەلای سەجادیدا بڕوات و پێ نەکەنێت و لە گەڵ سەجادی بەرەو ساڵەکانی سەدەی دووەمی کۆجی نەڕوات و بە شوێن شیعرە پەرژ و بڵاوە کوردییەکاندا نەگەڕێت و لە شوێن ناوی کەسایەتییە گەورە کوردەکان گوند بە گوند و شار بە شاری کوردستان سەفەر نەکات، کێ دەتوانێت بێتە بەر هۆدە لە وانە سازکراوەکانی عەزیز گەردی و ئەو پەڕی شایی و خۆشحاڵی لێی سەرنەدات ئەو کاتانەی دەبینێت هیچ تیوری و نەزەریەیەکی زانستی بەلاغەت بە واتاناسی و ڕوونبێژی و جوانیکارییەوە تاکوو عەرووز و هەموو کێشەکانی شیعری نییە مەگەر کاک عەزیز هەر هەموویانی بە سەر نموونە شیعرییە کوردییەکاندا تەتبییق داوەو شیعری بەرزی شاعیرانی بەو زانستانە، چەن ئەوەندە بەرزتر کردوەتەوە دەڵێیت کاک عەزیز چەن زانکۆی کوردستانی لەو ساتانەدا پێیان گوتووە بۆ ئەدەبی کوردی کتێبی زانستی بنووسێت. من ویستم لەم نووسیینانەمدا لە گەڵ نووسیینەکانی کاک عەزیز گەردی میوانی ماڵی دڵ و مێشکتان بم و بە لیکدانەوەی باسەکانی مامۆستا عەزیز و شێوازی نووسینی، بەش بە حاڵی خۆم، خزمەتێکی هەرچەن بچووکم بە زمان و ئەدەبی کوردی کردبێت.کاک عەزیز هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لای گرینگ بووەو هیچ کامیانی لە بیر نەکردووە. ئەدەبی مناڵانی هۆنێوەتەوەو لە ئەدەبی کوردی و ئەدەبی مناڵانی وڵاتانی دیکە، چێشتی فیکری و زەینی مناڵانی دابین کردووە. چیرۆک و ڕۆمانی زمانەکانی دی بۆ هەمووان بە جوانترین و نەرم و ناسک ترین وشە و ڕستەی کوردی وەرگێڕاوەتەوە. بەشی چیرۆک و ئەدەبی کرماشانی لە بیر نەکردووەو کتێبەکانی مەنسوور یاقوتی و عەلی ئەشرف دەرویشیانی بە زمانێکی پاراوی کوردی وەرگێڕان کردووە. نووسیینەکانی کاک عەزیز هەوێنیان لە زمانێکی نەرم و نیانە کە کەسەکان وا دەزانن ئەوانیش ئەتوانن بەو زمانە بنووسن کە خۆیان لەو ئەزموونە ئەدەن دەبینن نە پێیان ناکرێت. وشەکان لە کێش و سەروای هاوتەریبێک کەڵک وەردەگرن کە ڕستەکان بە فۆرم و ناوەڕۆکیک پڕاوپڕ لە هەست و ئاوەز و مۆسیقا دەخەمڵێنن.ئەم زاتە گەورەمان لە ساڵی ۱۹۴۷ لە بەحرکەی شاری هەولێر سەری بە دونیا هەڵێناوەو قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە بەحرکە تەواو کردووەو لیسانسی زمان و ئەدەبی فەرەنسی لە زانکۆی موسڵ گرتووەو ماستەری لە زمان و ئەدەبی کوردیدا لە ساڵی ۱۹۹۴ گرتووەو لە ساڵی ۱۹۹۹بڕوانامەی دووەمی دکتۆرای زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کۆیە گرتووە. کاک عەزیز لە ژیانیدا پلە و پێگەی زانستی شایانی بووەو لە دوا ئەنجامدا پلەی زانستی پرۆفیسۆر بە دەست دەهێنێت کە هەر هەموویان نیشان لە گەوەرەیی و زانستوانی ئەو پیاوە دەدەن. کۆی نووسیین و وەرگێڕانەکانی کاک عەزیز لە سەرووی پەنجا بەرهەمن کە هەموویان بۆ زمان و ئەدەب و سامانی کوردی گەنجینەن.
دەکرێت بە پێی بابەتی نووسیینەکانی بەم شێوازە پلەبەندییان بکەین،
بەرھەمەکان:

ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردی دا، ھەولێر، ۱۹۷۲.
ئەدەب و ڕەخنە، بەغداد، ۱۹۷۴.
ئەدەبی بێگانان، بەغداد، ۱۹۸۲.
جووتیارێکی زیرەک.
پیاوێک.
سەروا، ھەولێر، ۱۹۹۹.
کێشی شیعری کلاسیکیی کوردی، ھەولێر: وەزارەتی ڕۆشەنبیری، ۱۹۹۹.
ڕەوانبێژی (ڕوونبێژی، جوانکاری، واتاناسی)، وەزارەتی پەروەردە، ۲۰۰۲.
ڕابەری کێشی شیعری کلاسیکی، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، سلێمانی، ۲۰۰۳.
گەردەلولی مەرگ، ھەولێر، ۲۰۰۸.
کێشناسیی کوردی، ۲۰۱۴.
فەرهەنگی کێشناسی
سێ دەرمان: ھەقایەتی کوردەواری، کۆکردنەوەی عەزیز گەردی.
وەرگێڕان
چیرۆکی بەر ئاگردان، ۱۹۷۸.
چیرۆکەکانی ئیزۆپ یان لەناو گیانداران دا، نووسینی ئیزۆپ.
لۆرکا: سێ تراژیدی، ۱۹۸۴.
(چرا)یەک لەسەر مادیان کۆ، نووسینی مەنسوور یاقووتی.
بیرەوەرییەکانی مامۆستایەک، نووسینی مەنسوور یاقووتی.
لاوەچ، نووسینی مەنسوور یاقووتی.
ئێمە ئەم شیعرەمان نوسیوە.
ئەفسانەی ئەرمەنی، نووسینی چارڵز دونیتگ.
ئەفسانەی ئەفریقی.
ئەفسانەی سلاڤی.
ئەفسانەی کوردی، نووسینی م ب ڕودێنکۆ.
ئەفسانەی ەورکیایی.
بەرکوتێکی ژیانم، نووسینی یەڤجینی یەڤتوشینکۆ.
ئافرەت ڕەگەزی بێکەڵک، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
پەنەلۆپە لە جەنگدا، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
پیاوێک، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
حەفت گفتوگۆ، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
ژیان و جەنگ و ھیچی تر…، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
گفتگۆ لەگەڵ مێژوودا، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
نامەیەک بۆ ئەو کۆرپەلە نێرینەی کە ھەرگیز لەدایک نەبوو، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
ئەگەر خۆر بمرێت، نووسینی ئۆریانا فالاچی.
چیرۆکەکانی کریلۆڤ.
حاجی مراد، نووسینی تۆلستۆی.
خەڵک بەچی دەژی، تۆلستۆی.
کەویەی دامەنواری، سلێمانی، ۲۰۰۴.
کاریگەریی گۆرانی لەسەر کوردیی ناوەڕاست، نووسینی میشێل لیزینبێرگ، دەزگای سەردەم، ۲۰۰۴.
درەختی چل داستان، لەنووسینی کەلیموڵڵا تەوەحودی، دەزگای سەردەم، ۲۰۰۷.
داستانی حوسێنی کورد و چەند ھەقایەتێکی تر، لەفارسییەوە لەنووسینی ئەحمەد ئازەر ئەفشار، دەزگای سەردەم، ۲۰۰۸.
زارا عەشقی شوان، نووسینی محەممەد قازی، سلێمانی.
ڕۆمیۆ و جوولێت.
یەک چیای گەوھەر: کۆمەڵە چیرۆکێکی ئەفسانەیی گەلان.
کۆمیدیا، سێ بەرگ دۆزەخ، بەرزەک بەهەشت، لە نووسینی دانتێ ئەلیگیێری،
داغستانی من، نووسینی ڕەسووڵ حەمزاتوف
قۆڵبڕ، نووسینی عەزیز نەسین.
قوتیل، نووسینی ئەلفۆنیس دۆدی،
مەسەلەک، هێنری ئەلیک

بەشی دووهەمی
مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانیەوە
بۆ خۆم لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم بەوە کرد، ئەو هۆکارە سەرەکییەی منی هانداوە تا لە یەکێک لە سەرچاوکە دوانەهاتووەکانی ئەدەبی کوردی یانی کاک عەزیز گەردی وبەر لێکدانەوەو ناساندن بخەم، خۆشەویستی لە دڵماڕیشەداکوتاوی زمانی کوردییە کە بە ئەو پەڕی خۆشەویستی و هەبوونمەوە خەریکی فرمان و ئیش کردن لە سەر زمانەکەم دەبم و لەو ئیشانەم قەد شەکەت نابم و تەنانەت شەکەتیش لەسەر ئەو بابەتە بۆم چێژبەخشەو ئاواتم ئەوەیە کاتی زۆرترم هەبوا بۆ ئەوەی لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی کاری زۆرتر بکەم.ڕاستی دەڵێن سنووری هەر کەسێک و هەر نەتەوەیەک بە سنووری زمانەکەی دیاری دەکرێت، بەو واتایە تۆ تا ئەو شوێنە هەیت وا زمانت بڕدەکات، کاک عەزیز هەموو خوێن و ئێسقان و گیان و لەشی خۆی لە کەوانی زمانی کوردی نا، تا سنوورەکەی درێژتر و بەرفراوانتر بێتەوەو دەڵێن کاتێک داغستانی من لە ڕەسووڵ حمزاتۆف وەرگێڕاوەتەو، ئەوەندە زمانەکەی ئەملاو ئەولا پێکردووەو دەیان جار کوژاندیوەتەوەو نووسییوەتەوە ، خوێن لە پەنجەکانی چۆڕاوە، بۆیە ئەگەر ئێستا دەماری زمانی کوردی پڕ خوێنە، لە خوێنی پەنجەکانی کەسانی وەک عەزیز گەردی و هەژارو هێمن و قزڵجێ و زەبیحی و شوکورمستەفاو… دەیان کەسایەتی دیکەی دڵسۆزی زمان و ئەدەبەکەمانە پڕ خوێن بوەو شادەماری زمانەکە لێوانلێو لە خوێنی ڕەنگینی هەزاران شیعر و چیرۆک و پەخشانی خەمڵێنراوی ئەوانە.بۆ ئەوەی خوێنەرانی ئازیز لە سەر زمان و شێوازی نووسیین و بیرکردنەوەی مامۆستا عەزیز گەردی بە چەشنێکی ڕێک و پێک بەرەوڕووببنەوەو بیناسن، نووسیینەکەم بەش بەش کردووەو دابەشم کردوون بە چەن بەش: یەکەم ئاوێنەی کتێبە ئەدەبییەکانی مامۆستا عەزیز وەک ڕەوانبێژی و ڕەخنە و کێشناسی شیعری کوردی و زمانتاسی، دووهەم ئاوێنەی کتێبە وەرگێڕانەکانی لە زمانەکانی فەرانسەوی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی.
مامۆستا عەزیز لە کتێبەکانی ڕەوانبێژیدا کە بریتی بن لە بابەتە سەرەکیبەکانی واتاناسی و ڕووننبێژی و جوانیکاری، هەوڵ و تەقالای ئەوەی داوە ئەو کەلێنە پڕنەکراوەی زمان و ئەدەبی کوردی پڕ بکاتەوە. بەر لە کاک عەزیز کەسێک هەموو تیور و باس و بابەتەکانی زانستی ڕەوانبێژی بە کوردی نەنووسیبوو و کەسیش ئەو تیورانەی لە سەر ئەدەبی کوردی کردەکی نەکردبووەو بەراوردی نەکردبوو.
زۆر سەختە بۆ یەکەمجار کەسێک بێت و زانستێک کە بۆ خۆی سێ بەشی سەخت و جیدییە، بە زمانی کوردی بنووسێتەوەو دوایی دانە دانەی تیورەکان، شیعریان بۆ بدۆزێتەوەو سازێنەرە هونەری و سەنعەتە ئەدەبییەکان لە سەریان ساغ بکاتەوەو بۆ ئەو مەبەستەیش هەم لە شیعری کلاسیک و هەم لە شیعری هاوچەرخیش کەڵک وەربگرێت. زانستەکانی ڕوونبێژی(بیان) واتاناسی (معانی) جوانکاری (بدیع) لە سێ بەرگ کتێبدا بە جوانی و ڕێک و پێکی لە سەر ئەدەبی کوردی کردەکی کردوەتەوەو کە بەم ئیشەی چەن خاڵی هاوکات جێبەجێ کردووە، هەم ئەو زانستانەی لە زمانی عەرەبی بە زمانی کوردی دابەزاندووەو کورداندیوە هەم بۆ هەر نموونەیەک شیعرێکی کوردی یان چەن شیعری هێناوەو تیور و سازدەرە هونەرییەکەی لەسەری بەراورد کردووەو بە شێوازی کردەکی بۆ خوێنەری کورد، ئامادەی کردووە.یەکێک لەو بابەتانەی لە خوێندنەوەی پێشەکییەکەی کتێبی ڕوونبێژی کاک عەزیز زۆر دڵی گرتم بابەتێک بوو کە لەسەر پێناسەی ئەدەب نووسیبووی کە بەڕاستی وە بیری پێناسەکانی ماتیۆئارنۆڵدی تیوریداڕێژی ڕەخنەی نوێی خستمەوە کە لە سەر فەرهەنگ کردوویەتی، دەتگوت کاک عەزیز ئەو کارانەی ئارنۆڵدی خوێندبێتەوەو کارتێکردنی لە سەر بووبێت. زۆر جێگای تێڕامانە ئەو کەسایەتییە ئازیزە چەن جوان پێناسەکانی ئەدەب و تایبەتمەندی و ڕەگەزەکانی بە دەستەوە دەدات.کاک عەزیز دەڵێت ئەدەب بەو هەستە ناسکە دەڵێن کە لە دڵی مرۆڤ پەیدا دەبێت و دەردەبڕێت. باشترین هەستەکان و بیرەکانە لای مرۆڤ کە دەریدەبڕێت بە وشەی جوان و بە تین و داڕشتنی هونەرییەوە دەردەبڕدرێت.ئارنۆڵدیش پێناسەی فەرهەنگی بەرز هەر وا شەن و کەو دەکات و دەڵێت: فەرهەنگ باشترینی بیرەکانە وا مروڤ خولقاندوویەتی و دەریبڕیوە و لە باشترینی دەربڕداوەکان، ئەدەب واتە شیعر لە هەمووی بەرزترە. دیارە باسەکەی مامۆستا عەزیز و ماتیۆئارنۆڵدیش چۆن یەک دەگرنەوەو و چەندیش لێکچوونیان هەیە……
– درێژهی ههیه…..