مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانیەوە
✍ د. محەمەد یەعقووبی
▪️بەشی سێهەم و چوارەم
لە دوای باس کردن لە پێوەندی نێوان ئەدەب و ڕەوانبێژی، باسەکەمان لە سەر شرۆڤەی ڕوونبێژی چڕ دەکەینەوە. ڕوونبێژی هەڵگری بابەتەکانی، لێکچواندن، خوازەو خواستن و درکەیە و هەرکام لەمانەیش دەستکردی سۆزن و سۆزیش لە دڵی ئەمانەدا جێی خۆی دەکاتەوە. پێچەوانەیشی، سۆز هەر کام لەمانە وە دەر دەخات و ئەیانهێنێت. نووسەر و هۆنەر و شاعیر بەم سازدەرە هونەرییانە، زمان گەوهەربەندی دەکەن و دیاری دەکەن بەرهەمەکە تەڕو پڕ دەچێتە دڵی خوێنەرەوە یان نا؟ ئایا نووسەر لە نووسیین و هونەرنواندندا ڕێبازێکی نوێی بەتاقی کردوەتەوە یان ڕێچکەی کەسانی دی دەپێوێت و شتێکی نوێی نەخولقاندووە؟ ئایا ڕێچکە شکێنە یان ڕێچکەڕۆی کەسانی دیکەیە؟ هۆنەر سازەکان بە جێ بەکارهێنراون یان نابەجێ جێیان گرتووە؟ ئایا بەرهەمەکە لە کێبرکێی جوانیدا، گرەوی جوانی بردوەتەوە؟ ئەگەر جوانە، شوێن و بنەڕەتی جوانیەکەی لە چیدایە و ئایا نووسەر توانیویەتی جۆشی دڵی بدا بە خوێنەر و خوێنەر لە هەست و سۆزی خۆیدا شەریک بکات؟ لەم بەشەیدا شتێکی سەرسووڕهێنەر کە بە لامەوە زۆر جێگای بایەخ بوو، ئەوەیە لەم بەشەدا مامۆستا عەزیز بە هێنانەوەی زۆرتر لە سەد پرسیاری بە جێ، بۆ خۆی زانست دە خوولقێتێت، چونکوو هەمووان دەزانین زانست لە پرسیاری نوێوە دەخولقێت، یان با وا بڵێم خودی پرسیاری نوێ، عەینی زانستە.
مامۆستا گەردی بە ڕێزکردنی سەدان پرسباری بنەڕەتی و جوان جوان، زەین بەرەو خولقاندن دەبات، چونکوو خودی پرسیارەکە خولقێنەرە. لە لای مامۆستای پسپۆڕی ئاوەها، دەزانیت کاتێک دەڵێن پرسیار، زانست دەخولقێنێت واتاکەی چییە، لەبەر ئەوەی کاتێک پرسیارەکانی مامۆستا گەردی دەخوێنیتەوە، پێش لەوەی بچیتە ناوەڕۆکی باسەکەوە، لە پرسیارەکاندا تۆی زانستەکە وەشیاوەو لە بیری خوێنەردا پێشتر چەکەرەی کردووە. لێرەدایە دەزانیت زانست ڕیزکردنی ڕستەکان نییە، بەڵکوو وەگڕخستنی پرسیارە بنەڕەتییەکانە. لە پرسیارەکاندا زانستەکە چێ دەکات و بەو پرسیارانە فێرکاری زانستی ڕەوانبێژی بۆ خوێنەرەکان دەستەبەر دەکات. با لە بیرم نەچێت بە شاعیران و هونەرمەندانی دەڤەری نووسیینی هونەری شتێک بڵێم، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەتانەوێت خۆتان بزانن چەندە لە هۆنینەەوەی هونەرەکەتان سەرکەوتوو یان ناسەرکەوتوون تکایە پێشەکی بەرگی یەکەمی ڕەوانبێژی مامۆستا گەردی بخوێننەوە بە ڕوونی بۆ خۆتان دەر دەکەوێت چەندە کارەکەتان هونەرییە یان ناهونەرییە. لە پێناسە کردنی زانستی ڕەوانبێژیدا بۆ کۆن دەگەڕێتەوەو پێناسەکەی لە بۆچوونی یۆنانییەکان و ئێرانییەکان و ڕۆم و هێند و کورد دێنێتەوەو بەو کارەی چەشنێک بەراوردکردنی شاراوەی لە نێوان پێناسەکاندا لە بەردەمی بەردەنگدا خستووە. بۆ خۆم کە ئەدەبی عەرەبم خوێندووەو ئەو پێناسانەم پێشتر دەزانی بۆم زۆر جێگای خۆش حاڵی بوو کە پێناسە قەدیمییەکەی کوردیشم لە ڕەوانبێژی لای مامۆستا گەردی وە دەس کەوت. لە پێناسەی کۆنی کوردی بۆ ڕەوانبێژی دەفەرموێت کورد دەڵێت: کوردێک ئامۆژیاری کوڕەکەی دەکات و دەڵێت ڕۆڵە گیان بەر لەوەی قسە بکەیت، قسەکەت، بیگێژە، بیبێژە، بیوێژە. ئینجا چاو لەو خوازەی ناسینەوە(استعارە شناختی) بە واتا لەیکافی_ جانسۆنییەکەی (خوازە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا، نەک لە زماندا بە تەنێ، بەڵکوولە بیر و کردەیشماندا، بوونی هەیە. چییەتی و ماهییەتی سیستەمی چەمکی ئاسایی ئێمە، کە بیر و کردوەکانمان لە سەریان بنیات ناون، لە بنیاتدا خوازەیین) بکەن چەندە بە جوانی و بەکورتی و پوختی پێناسەی ڕەوانبێژی دەکات. واتە ڕۆڵە پێش لەوەی قسە بکەیت چۆن گەنم دەکەن بە سەرەنداو دەیخولێننەوەو ئەیگێژن و دوایی دەیکەن بە بیژنگداو دەیبێژن و ئەو وەختە پوخت دەبێت و بە کەڵکی ئەوە دێت کە لە گەرۆمەی ئاش بکرێت و بە ئارد بکرێت، ڕۆڵە گیان، قسەکەی تۆیش با بەم چەشنە بێت، پێش ئەوەی قسە بکەیت لێی ورد بەرەوە لە هەڵەو چەوتی و لە شتی زیادەو ناڕەسەن پاکژی بکەوە تا پوخت ئەبێت و جا بە پوختە دەری ببڕە. لەو ئامۆژگارییە پوختەدا، ڕەوانبێژی وەدەر دەکەوێت و پێشان دەدرێت کورد حەزی لە قسەی پڕوپووچ نەکردووە.
بەر لەوەی بچمە سەر باسی چوارەم، دۆستی شاعیر و خۆشەویستم کاک ئیدریس وەیسی، ئاماژەی بە خاڵێکی گرینگ کرد و وتیان بۆ ڕاست و دروست بوونی تیورە کوردییەکەی مامۆستا عەزیر لە سەر ڕەوانبێژی، خودی وشەی بێژەیە کە خۆمان لە زمانی کوردی بە کاری دێنین. وشەی بێژە بە مانای وتنێکە کە واتاکەی بیری لێکرابێتەوەو لە بێژن درابێت کە بۆ خویشم شتێکی جوان بوو وا دەزانم ئەو بیریشە وەڕاست دەگەڕێت. زەریای زانستی مامۆستا عەزیز گەردی قووڵە و مەلە کردن لەو زەریایەدا، مەلەوانی خۆی دەوێت تا بتوانێت شرۆڤەو لێکدانەوەی نووسیینەکانی بەدروستی بکات.
لە بەشی سێهەمی ئەم وتارەدا باسم لە سەر لێکدانەوەی ڕوونبێژی لە ڕوانگەی مامۆستا عەزیزەوە بوو. لەم بەشە لە باسەکە دێمە سەر بابەتی هونەرسازەکانی لێکچواندن و خوازە و خواستن و درکە. کاتێک دێیتە سەر نموونە شیعرییەکان و بنچینە و کۆڵەکەکانی لێکچواندن، دەبینیت ئەم نووسەرە دڵسۆزەمان بە چە تاوو تینێکەوە هەوڵ دەدات بە جوانی و بە ڕوونی بابەتەکە بۆ خوێنەرەکانی تاووتوێ بکات و چەن بۆی گرینگە لە باشترین نموونە شیعرییە کوردییەکان کەڵک وەربگرێت تا تەواوەتی تیور و نەزەریەکان لەسەریان ساغ کاتەوەو. بەو ئیشەیشی ناڕاستەوخۆ بە هەموومان دەڵێت ئەدەبی کوردی لە بواری ئاستی ئەدەب و پێوەرە ئەدەبییەکانەوە لە هیچ کام لە ئەدەبەکانی عالەم کەمی نییە، بۆ وێنە لە سەر بابەتێکی لێکچواندن ئاوا باس دەکات: بە بڕوای من هەتا شوبهێندراوو پێ شوبهێندراو لەیەک دوورتر بن و جیاوازییان زیاتر بێت لێکچواندنەکە سرنجڕاکێشترەو جوانتر دەنوێنێت، بەو مەرجەی لێکچوونەکە هەردووک لا بگرێتەوەو چونکوو لێکچوونەکە لەو حاڵەتەدا پێشمانمان دەدات هۆنەر هەستی زۆر ناسکەو خەیاڵی باشتر قەڵبەزە ئەدات و دوورتر دەڕوات و دەپێکێت و سرنجی ورد و تیژترە بۆیە توانیویەتی شتە وردەکان ببینێت و دەڵێت لێکچواندن بەستن و دەرخستن و نیشاندانی سیفەتێکە لە نێوان دوو شتا بە هۆی هاوبەش بوونیان لە یەک سیفەتا یا چەن سیفەت بۆ مەبەستێک یان چەن مەبەست و ئەم شیعری مامۆستا گۆران وەک نموونە دێنێتەوە:
نوێژ تەواو ئەبێ جەماعەت بڵاو
چەن پیرێک ئەبن بە خلتەی لافاو
بێ دوودڵی لە گەڵ نرکەی مەلابانگدانا لە هەموو لایەکەوە خەڵکی بەسەر مزگەوتا دائەڕژێن وەکوو چۆن بەست و زێ لە هەموو لایەکەوە دەربا دەکەنەوە تا نوێژ دەکرێ ئینجا وەک لافاو شەپۆلی ئەم خەڵکە ئەڕواو مزگەوت جێ دێڵێ، ئەوەی ئەمێنێتەوە چەن پیاوێکی پیرە، جا گۆران دێیەنی ئەم پیاوە پیرانەی لە پاڵ لافاوی دەرچوونی خەڵک لە مزگەوت و بە جێ ئەمێنن بۆو خلت و خاڵەی چواندووە پاش لافاو هەڵسان و نیشتنەوە لە جێ هەڵنیشتنی لافاوەکە دەمێننەوە. مامۆستا عەزیز گەردی دەڵێی لەو سەردەمەدا تیوەرەکەی لەیکاف و جانسۆنی لە سەر خوازەی ناسکاری (شناختی) خوێندوەتەو دەڵێت، ئەگەر نەختێ هەست لە دەوروبەری خۆمان ڕابگرین و گوێ لە گفت و لفتی هاوزمانەکانمان شل بکەین بە ڕوونی بۆمان دەر ئەکەوێت کە لێکچواندن وەک فڕفڕۆک لە ناو وت و وێژەکانماندا هەڵئەچەرخێ بە بێ ئەوەی هەر هەستیشی پێ بکەین. لەیکاف و جانسۆنیش هەر ئەوە دەڵێن کە زمانی ڕۆژانە بیناکەی زۆرتر لە سەر خوازە ڕۆنراوە. لە بەردەوامی باسی لێکچواندندا دێت و دنکە دنکەی چەشنی لێکچواندن کە لە کتێبە ڕوونبژییە عەرەبییەکاندا هاتووە، هەموویان بە پێناسەو بە باسی تەواوکەرەوە دێنێت و جگە لەوەی بۆ هەمووی چەشنە لێکچواندنەکان و بنەماکانی لێکچواندن نموونەشیعری کوردی دێنێتەوە، هیچ کامیان بێ شرۆڤە و لێکدانەوە ناهێڵێتەوە. چەنێک لە کتێبی (المختصرالمعانی) کە یەکێک لە ژێدەرە سەرەکییەکانی زانستی ڕەوانبێژی (علوم بلاغت) بە زمانی عەرەبییە، لە سەر ئەو بابەتە باس کراوە، زۆرتر لەو باسانە و نە کەمتر، مامۆستا عەزیزگەردی باسەکە لە نێو دۆخ و فەزای شیعری کوردیدا، کردەکی دەکاتەوەو وەک کەسێک بڵێت با لە زمان و ئەدەبەکەی ئێمەیشدا لەم بابەتانە کەم و کەسرێکمان نەبێت، هەوڵی تەواو کردنی ئەدات وبەرپرسیاریەتی ئەوان ئالێرەدا وەبەرچاو دەکەوێت، ئەڵێی کەسێکەو ئیش بەس بۆ بنەماڵە و خاوخێزانی خۆی دەکات. لە دابەشکردنی لێکچواندنەکاندا بە پێی هەرچوار بنەڕەتەکەی، دابەشکاری دەکات و بە پێی ئامرازی لێکچواندن یان بە زمانی خۆیان ئەوزاری لێکچواندن بە دوو بەشی بەرەللا و جەختاو دابەشیان دەکات و بە گوێرەی لێکچوون بە دوو بەشی لێکچواندنی قولە و لێکچواندنی درێژە دابەشیان دەکات و بە گوێرەی ئەورازی لێکچوون بە بەشەکانی درێژەی بەرەللا و ڕەوان دابەشیان دەکات. بە گوێرەی هەر دوولای سەرەکی لێکچواندن بە لیکچواندنی شتی هەستی بە شتی هەستی، شتی ژیری بە شتی ژیری، شتی هەستی بە شتی ژیری و شتی ژیری بە شتی هەستی دابەشیان دەکات. دوایی لێکچواندنەکانی تەخت و کۆ و بڵاوو پێچراو پێناسە دەکات.

کە دێتە سەر لێکچواندنی ئاوەژوو شیکارییەکی باشی دەکات و چەن نموونەی جوانی بۆ دێنێتەوە:
ئەگەرچی وەک خەیاڵی من عەبا دەوری لەشی داوە.
یان:
بەژنی تۆ یا بەژنی ڤینووس ئەی فریشتەم شەنگترە
خونچە تەنگتر یا دەمی تۆ یا دڵی من تەنگترە
لە درێژەی باسەکەیدا دێتە سەر لێکچواندنی وێنە و پەسەندیدە و نموونەیان بۆ دێنێتەوە. دوای ئەمانە بە چاوخشاندنێک بە کۆی لێکچواندنەکان، مەبەستەکانی هێنانیان ڕووندەکاتەوەو باسی دەرخستنی گونجانی لێچوو، دەرخستنی دۆخی لێچوو،دەرخستنی ئەندازەی بەهێز یا بێهێزی لێچوو و چەسپاندنی لێچوو لە زەینی گوێگردا دەکات و دوابەدوای ئەمەیش باسی سوودەکانی شوبهاندن دەکات و کورت بڕی و ڕوونکردنەوەو هووشەکاری و داگرتن و جەخت کردن وەک سوودەکان ناودەبات. بۆ ڕوونکردنەوە شیعرێکی پیرەمێرد وەک نموونە دێنێتەوە حەیفم لێ هات بۆ خوێنەر نەینووسم؛
جاهیل زلیش بێ وەک کەندووی بۆشە
دەنگی دەهۆڵیش لە دوورۆ خۆشە
بۆداگرتن و جەخت کردنیش ئەم شیعرەی کاکەی فەلاح دێنێتەوە:
هەرکەس ئۆباڵی ئیشی خۆی لەسەر ئەستۆیەتی
وەک برۆ چۆن پشتی چاوی گرتووە جێی خۆیەتی
دوایی باسی چەن لێکچواندن لە یەک بەیتی شیعردا دەکات و لە یەک تا هەفت لێکچواندن لەیەک بەیتدا وەک نموونە دێنێتەوەو بۆ هەر ژمارەیەک لێکچواندن یەک یان چەن بەیت نموونە دێنێتەوە. بۆ دوو لێکچواندن ئەم بەیتە جوانەی مەولەوی دێنێتەوە:
نەشەو ڕاحەتم نە ڕۆ دڵشادم
شەو زوڵف و ڕۆ ڕووت مەوزۆ ئەو یادم.
دوای باسی لێکچواندن دێتە سەر باسی ڕاستی(حقیقت) و مەجاز و پێناسەیان دەکات و بۆ ڕاستی شیعرێکی جوانی پیرەمێرد وەک نموونە دێنێتەوە:
کچە وتی ئەوە ئەستێرەیەکی تازە هەڵات
بە کوردی ناوی گەلاوێژە شەوقی دایە وڵات
وەرە بە شوعلەی ئەو سوێند بخوین کە یەک دڵ بین
بۆ نیشتیمان هەوڵ بدەین هەتاکوو دەژین
حەقیقەت بە بەشەکانی، زمانی، نەریتی و دەستووری دابەشدەکات. هەر کام لەمانە پێناسە دەکات و نموونەیان بۆ دێنێتەوە.
دوای ئەمە لە بەشی پێنجەمدا دێینە سەر باسی خوازە و خواستن و بەشەکانیان و نیگای مامۆستا عەزیز گەردی بۆ سەر ئەوانە باس دەکەین.
