لێکۆڵینەوەیەک لە سەر شیعری گۆران بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری جوانیناسی کتێبخانەی فرانکفۆرت
– نووسەر: محەمەد یەعقووبی
بێ دوو دڵی یەک لە گرینگترین توخمەواتاییەکانی شیعری گۆران،ڕۆحی ڕخنەگرانەیەتی.شیعری گۆران کارتێکراوی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیشی لە سەرە. گۆران لە بەشێکی زۆری شیعرەکانیدا بە نیگایەکی نەرێنی، دۆخی کاتیی کۆمەڵگای خۆی خستوەتە بەر رەخنە و شەن و کەو و لە وەدەرخستنی جوانیناسی و هونەرمەندانەی بیرە ڕەخنەگرانەکان هەوڵ و تێکۆشانی کردووە. لە نیگای گۆراندا بەس هونەرێک جێی قبووڵ کردنە کە لەخزمەتی بەرزکردنەوەی زانست و ئاگاییە کلتوری و ڕەخنەگرانەکاندا بێت. ئەم تێڕوانینە جۆرێک لە هاوتەریبی و هاوسانی گۆران لە گەڵ بیرۆکەکانی تیۆری دانەرە جوانیناسەکانی کتێبخانە یان مەکتەبی فرانکفۆرت پێشان دەدات. تیۆری جوانیناسی ڕەخنەگرانە یەکێک لە دەسکەوتەکانی مەکتەبی فرانکفۆرتە. ئەم تیۆرە لە مەڕ ئەو بۆچوونە نەریتیە دانراوە کە پێی وابوو سیستەمی باو دەبێت بمێنێتەوە و بۆچوونێکی پۆزیتیویستیان هەبوو. تیۆری جوانیناسی ڕەخنەگرانە هەوڵێک بوو بۆ ڕەت کردنەوەی بیری بە ئایدیۆلۆژیک بوونی هونەر و دەرەنجامەکەی کە موتڵەق خوازییە. بیری جوانیناسی ڕەخنەگرانە دژبەری دەسکاریکردن و دەستەمۆ کردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکان بوو بەو شێوازەی کە لە کۆمەڵگاتۆتالیتەرەکاندا هەبوو. ئەگەر لە بڕێک لە مەکتەبەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و بەتایبەت ڕەخنەی کۆمەڵناسانە هەوڵ دراوە لە ڕەسەنایەتی بەرهەمە ئەدەبییەکان وبەدیهێنەرەکانیان کەم بکرێتەوە بەرهەمەئەدەبییەکان بە دەرەنجام و دەرکەوتەی هۆکارە دەرەکی و کۆمەڵایەتییە کان بزانن و ڕەوڵێکی لکێنراوو وابەستە بدەنە بەرهەمە ئەدەبییەکان، جوانیناسی ڕەخنەگرانە هەوڵدەدات دەور و ڕەوڵیکی سەربەخۆتر بداتە بەرهەمە ئەدەبییەکان و لە سەر پێگەی ڕەسەنایەتی پێداگری دەکات و وەک دونیایەکی نۆی لە هەمبەر دونیا واقیعی و عەینییەکان دایدەنێت . لای مارکوزە و ئادۆرنۆ تایبەتمەندی گرینگی هونەر و ئەدەبیات لایەنی نەرێنی و سلبی و نەفیگەرییەتی . لایەنی نەرێنی و سلبی و نەفیگەری هونەر و ئەدەب دەیخاتە دژبەری لە گەڵ دۆخی چەق بەستوو و هەنووکەدا. ئەم تایبەتمەندییە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە بەرهەم لە ئاستی پێوەندییە کۆمەڵایەتیبەکانی بەرهەمهێنان سەرتر بچوات و خۆی لە پێوەندییەکانی باوی دەسەڵات کە لەسەر هونەر دادەسەپێت ئازاد بکات. لای ئادورنۆ تایبەتمەندی نەرێنی و سلبی هونەر وادەکات تا بە جێی ئەوەی بەشە ئەرێنییەکانی ژیان باس بکات زۆرتر باس لە ڕەنجەکانی مرۆڤ دەکات.
ئادورنۆ دەڵێت هونەر پێویستە خۆی لە دەلالەتە واتایی و قسە دوایی و نیهاییەکان ئازاد بکات. زمانی هونەری پوتانسییەل و ئیمکاناتی زۆری تێدایە کە بەوان دەتوانێت لە تەک مانایی و تەک واتایی بەرگری بکات. ئادورنۆ لایەنی کۆمەڵایەتی هونەر لەو بەشەدا دانانێت کە ناوەڕۆک و ناواخنی خۆی لە کۆمەڵگا وەردەگرێت بەڵکوو لە بناغەدا هونەر بە ئەمرێکی کۆمەڵایەتی دەزانێت چونکوو لە گەڵ کۆمەڵگای خۆیدا دژبەری و دژایەتی هەیە. بەم پێیە هونەر بە جێی ئەوەی قبووڵکەری بێ پرسیاری جیهانی داسەپاو بێت لە بەرامبەری دا ڕادەوەستێت. یەک لەو ڕەنجانەی گۆران لە شیعرەکانیدا باسی دەکات و لایەنی نەفیکردنەوەو دژبەرانەی داب و نەریتەکانی کۆمەڵگای ئەو سەردەمەسە ڕوانیینی شاعیرە بۆ باسەکانی نامووس و ڕووبەڕووبوونەوەیە لە گەڵ ئەو جۆرە ڕوانینە ناحەز و هەڵانەدا کە لەو سەردەمەدا باو بووە. لە شیعری بەردەنووسێک کە لە سەر کێلی گڵکۆی گەورە کچێک هەڵکەنراوە باس لە کچێک دەکات کە لە سەر دەستی باوکی خۆی بە هۆی خەیانەتی لاوێکی ناپیاو کووژراوە. بەرامبەری بیری باوو داسەپاوی کۆمەڵگا ڕادەوەستێت و ڕەخنەی خۆی لە نێۆ زمانی شیعری دا ئاراستەی کۆمەڵگادە کات و بەم جۆرە دەنووسێت:ئەو کوڕ بوو سەرەڕای ئەوەش دەستدار بوو، بە دەستوری گەل ناپاکیی کردەوەی دوور لە پرسیار بوو، بەڵام ئاخ ئەجەل، منی کچ، مامزی بەندیخانەی ژین، سزای تاوانم ، بەدەستی باوکی خۆم چووم بە سەربڕین، پرچی پەخشانم کەوتەسەرچاوم . لەم شیعرەدا شاعیر پیاوسالاری و نێرباوەڕی کۆمەڵگا بە توندی دەخاتە ژێر ڕەخنە و پرسیارەوەو بۆ ئەم بابەتەیش لە زمانێکی هونەری پڕلە سۆز و هەست کەڵک وەردەگرێت. یان لە شیعری ناڵەی بێکاردا بە جوانی هەم ڕەخنە لە کۆمەڵگای ئاغا و ڕەعییەتی دەگرێت و هەم ڕەخنە لە کۆمەڵگای سەدەی بیست دەگرێت کە چۆن لەو سەردەمەیشدا دەردی بێکاری هەر بەرۆکی بەزۆر کەسان گرتووە و مرۆڤەکان بۆ نان و ژیان داماو بن و بە ئاغای کە لەکاتی لاویەتیدا هەموو کات ئافەرینی بۆدەکرد (نامەخۆ و ئافەرین سەری لێ شێوانم دڵسۆزی بۆ ئاغا ئەوندەی ڕەتانم ) دەڵێت:نەخۆشی ناو جێ بووم بێ شۆربا بێ دەرمان بۆ زمان تەڕکردن نەختێک ئاو ئەمناڵان. بەرگوێم کەوت ئاغاوات نەک ئێستا هیی جاران قیڕاندی بۆ نایبەن فڕێیدەن لە کۆڵان.
هەر لێرە لە ڕەخنەی چەرخی بیستەمدا دەڵێت:زۆر شەرمە لە چەرخی بیستەمدا ئینسانێ. بێ ئیش بێت و سکی خۆی هەڵوەشێ بۆ نانێ. شاعیر بە جوانی نەفی هەر دوو لایەنەکەی ژیانی کۆمەڵگا لە ڕابردوو و هەنووکەی خۆیدا دەکات. شاعیر لە زۆر شوێندا باس لە چینەکانی باڵادەست و ژێردەست دەکات و بە زمانێکی تیژ و بەزەبری هەست لەمەڕ داب و نەریتە هەڵەکانی کۆمەڵگا ڕادەوەستێت. لە شیعرێکدا بە نێو سەگوەڕ لە بەرامبەر ئەوانەی بەناحەق باسیان لێی کردوە بە زمانێکی زۆر توندەوە نەفییان دەکات و بەرامبەریان ڕادەوەستێت و ڕەخنەیان ئاراستە دەکات و بە ئاژەڵی سەگیان دەشوبهێنێت و پێیان دەڵێت خۆیشیان دەزانن کە لە ناحەق ئەگەفن ئاوا باسیان دەکات و ڕەخنەییان ێاراستەدەکات: توولەی دەرگای ئاغایان گشت. وەک کەڵەشێر کلک لەسەر پشت. ئەوەن وەڕی ئەوەن وەڕی تا لەکاساچاو دەرپەڕی منیش هەندی کەس پاشملە. لێم کەوتونە تەقەی زلە بەڵام من وەک حەوزێکی مەنگ هەرگیز لێیان نایەمە دەنگ. با بۆ خۆیان هەربگەفن هەر خۆیان هەر دوو تەرەفن. لە شیعری گوڵی خوێناویدا بە جوانی لە بەرامبەر کۆمەڵگای نەریتیدا رادەوەستێت و بە زمانێکی هونەرمەندانە و شاعیرانەوە نەریتە ناحەزەکانی کۆمەڵگادا ئەداتە بەر ڕەخنە و نەفیکردنەوەو لە وێنە شیعرییەکی جواندا زۆری زاڵمان لە سەر کچ و کور و ژیانی مرۆڤەکان دەکێشێت و ئەو تێڕوانینە ناحەزانەی سەردەم نەفی دەکاتەوە.
