دیمانەیکی کورت لەگەڵ زڕەی زنجیری وشە دیلەکانی مامۆستا جەلالی مەلەکشا:مۆحسن سادقی
وەکوو پێشه‌کی له زمانی شاعیره‌وه:
قه‌ڵه‌مێکی ده‌سته‌مۆیان دایه ده‌ستم!
بووم به شاعیر و
ده‌رد و ئازارم ھه‌ڵبژارد.
وتیان بنووسه شه‌وه‌زه‌نگ
له‌م وڵاته سروشتیه …
وتیان بنووسه ئاسمان
قه‌ڵه‌مڕه‌وی یاسای داڵه
وتیان بنووسه یاسای داڵ یاسای خوایه
….
به‌ڵام شیعر
بۆ سه‌فه‌ر
له چاو‌دێر ناپرسێ
ئه‌شقیای کوێستانی خه‌یاڵه و
له سوڵتان له خونکار و له جه‌لاد
ناترسێ.
من شاعیری دڵی خۆمم …
کڵاوم لارە!
قه‌ڵه‌مه‌که‌م له به‌رامبه‌ر چی سوڵتان و فه‌رمانڕه‌وا و … داگیرکه‌ره کڕنۆش ناکات!
من گوڵێکم
بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ
له‌م شۆره‌کاته ڕواوم ئێوه‌ی دڕکیش
ڕق و کینه‌ی ھه‌موو دنیا کۆکه‌نه‌وه
دڵنیا بن ده‌ستان ناگا
به ترۆپکی به‌رزی ناوم.
🔹نێو و نیشانتان؟
جه‌لالی مه‌له‌کشای ڕووت و قووت
🔹خه‌ڵکی کوێن؟
خه‌ڵکی وڵاتی گریانم
🔹له کام ڕه‌گه‌زی؟
من یادگاری ئه‌و عهشیرهتهم
له سه‌ر سینگی ژین
گوڵیان به ھه‌ودای خوێن ته‌قه‌ڵ داوه!
🔹ھه‌واڵی نیشتمان و زێده‌که‌ت؟
ھه‌ر دڕوو ده‌ڕوێ
خێڵی گوڵ
که‌وتونه‌ته به‌ر شهلاخی باھۆز و
ھه‌رچی شیناوه‌رده، ژاکاوه
خاک لانه‌ی مار و دووپشکه
ئاسمانیش قۆرخی داڵه
🔹لە شەوگاری ئەنگوستە چاو و ولاتی بێباراندا ژیانت چۆن ڕابوارد؟
من…
بە وشەی تیشک
قسەم لەگەڵ شەوا ئەکرد
دژی زریان و شەختە بووم
سینگم پڕ بوو لە بروسکە
رۆحم وەک رۆژ لە ناو دەروونما ئەدرەوشا
🔹ئێستا ده‌ته‌وێ چ بکه‌ی؟
من ده‌مه‌وێ به گاسنی وشه‌ی شێعر
وەرزی تازه بکێڵمه‌وه
بۆ چاندنی زه‌رده‌خه‌نه
🔹کاتێ قەلەمە دەستەمۆکەیان دایە دەستت و فرمان درا بنوسی “شەوەزەنگ لەم ولاتە سروشتیە و…” تۆ چیت کرد؟
لقی شکاوی گولێکم کردە قەڵەم
بەخوێناوی بولبولێکی کوژراو نوسیم:
نوسیم: ئاسمان قەڵەمڕەوی باڵندەیە
نوسیم ئەوین یاسای بێخەوشی دڵدارە
گول و ئاسمان و ئازادی
قانونی خوای ئەویندارە
🔹به‌سه‌رھاتی شێعره‌کانت؟
بوون به گوڵ و
که‌نیشکه‌کانی ئه‌م شاره
چه‌پک چه‌پک
کردیان به ھه‌دیه‌ی دڵداری
🔹دوا بڕیاری شێعری لاسارت؟
بڕیاری دا
شووره‌ی ده‌سکرد بڕوخێنێ …
نه‌ھێنی و ڕازی ئه‌ودیو
دیواره‌که بدرکێنێ
🔹بۆچی بوی به تاوانبار؟
چونکه ئه‌موت
مرۆڤ ده‌بێ
ئازاد و شاد و سه‌ربه‌ست بێ
🔹پەیامت بۆ کوڕه‌کانی ھهلاکۆخان؟
ھه‌زار کوانووی پڕ له ئاگر
شێعره‌کانم ناسووتێنێ
گۆمێ گه‌نده‌ڵ که‌ی ئه‌توانێ
چیای ھاوار له ناو خۆ‌یا بخنکێنێ
🔹وته‌ت بۆ مێژوو؟
ئەی مێژوو!
له بیرت بێ
به‌ھار ھات و ده‌ساڵ، ده‌ساڵی ڕه‌به‌ق
له به‌رامبه‌ر دهرکهکانماهوه ڕاوه‌ستا و پاڕایه‌وه
ئێمه ده‌رکه‌مان بۆ نه‌کرده‌وه و …
🔹سه‌ده‌ی سەردەم؟
ئەم سەردەمە
چەرخی دەردە
سه‌ده‌ی ته‌نیایی ئینسانه
🔹ھه‌ڵه‌بجه؟
زامێکی ناسۆره
… ھه‌ڵه‌بجه ھاواری ئینسانه
… ھه‌ڵه‌بجه شکاتی گه‌لێکه
🔹سواره‌ی ئێلخانیزادە چلۆن وەسف دەکەی؟
شه‌مێ باڵا به‌رز
گۆچانی تیشکی گرت به ده‌سته‌وه
شه‌وی به‌زاندو
گڕی خسته ناو شه‌وگاری نووته‌ک
له نێڵه نیڵدا
🔹له داستان و به‌سه‌رھاتی داره پیره بۆچی فه‌رمان به بڕینی درا؟
فه‌رمان درا له به‌ر ئه‌وه‌ی
داره پیره په‌نای یاخی و جهردهکانه
له به‌ر ئه‌وه‌ی سێبه‌ری وی
مۆڵگه گه‌ڵاڵه و پیلانه
له‌به‌ر ئه‌وەی ھێندێ باڵنده‌ی نافه‌رمان
کردویانه به ھێلانه
پاڵ و په‌سێو داره پیره
مه‌ته‌رێزی یاخیهکانه
🔹چی بوو به پواز بۆ داره پیره؟
لقێ سووتاو!
ڕه‌ق و ته‌ق و ڕه‌نگ بزرکاو
لار و گێڕ و له‌به‌ر خۆره‌تاو ھه‌ڵقرچاو
لاواز و بێبه‌ر و گه‌ڵا
خوێڕی، ناحه‌ز و به‌ره‌ڵڵا
🔹چۆنیان کرد به پواز؟
لقی لار و خوار و خێچ و بێئهمهگیان
به به‌ڵێنی درۆ کڕی
🔹کاتێ داره پیره وتی: “لقه مه‌ڕۆ! مه‌به به داره ده‌ست” پواز چی وت؟
پواز وتی، ئیتر من ئه‌و لقه له‌ڕ و لاوازه نیم
ته‌ماشام که بزانه من چیم
… به‌ڵێن وایه بمکه‌ن به ده‌سته‌ی خه‌نجه‌ری
به‌ر پشتوێنی فه‌رمانڕه‌وا!
من چیم داوه له یاخی بوون
نازانم له خه‌بات دژی سه‌رما و سۆڵه و مافی ڕه‌وا!
🔹له ئاکامدا دارە پیرە و پواز چیان به سه‌ر ھات؟
داره‌که‌یان بنبڕ کرد و
بۆ ئاگری کوره‌ی کۆشکی سوڵتانیان برد
ڕێ که‌وتن و پواز وتی ئه‌ی من نابه‌ن؟
گه‌وره‌که‌یان وتی: لاچۆ …
لاچۆ له‌به‌ر چاوم بۆگه‌ن
قه‌ت نه‌مدیوه، خاین به خۆ
بێژگه ھۆڕهی سپڵه وه‌ک تۆ
تفی لێ کرد …
به شه‌پان و تێھه‌ڵدان
فڕی دایه نێو زبڵدان!
🔹له ژوانگه‌ی پیلان چیت بۆ ده‌رکه‌وت؟
به ئه‌م ھه‌وره قسره
نه ئاسمان ئه‌زێت و
نه قاقڕ بهشینکه ئه‌خه‌مڵێ
🔹کێشه‌یان چیه؟
ئه‌و ھه‌ورانه
ھه‌ر چه‌ند سه‌ر له ئاسمان ئهسوێن
قسرن، بارانیان پێ نییه
تۆزی به‌رپێی
ئه‌سپی له‌شکه‌ری ھهڵاکۆن!
🔹ڕه‌خنه‌ت بە گشتی له ئێمە و خەلکی و کۆمەڵگا چیه؟
بیرتان ئاسمانێکی ته‌سکه
ھێنده به‌رچاوتان تاریکه
نازانن ڕۆژ له ئاسۆی کام پێده‌شته‌وه
سه‌رھه‌ڵدێنێ
ھه‌ر به ته‌شییه کۆنه‌که‌تان ده‌یڕێسن و
له بیری نوێ سڵ و سرکن
🔹ئامۆژگاری و چاره‌سه‌ر؟
له شه‌وگاری ئه‌نگوسته‌چاو
گۆچانی شک ده‌لاقه‌یه‌ک ناکاته‌وه …
چرای ئه‌ندێشه‌تان ھه‌ڵکه‌ن
ڕێگا و ڕه‌وتی ھه‌نگاوه‌کانتان بگۆڕن.
🔹به هیوای کام ڕۆژی چاوه‌ڕوان کراوی له ژیانا؟
کاوه‌ی کوڕم
جانتای سهفهرکاته شانی؟
ده‌ڵاڵانی به‌ر گاراژی شاری سنه
ھاوار بکه‌ن
سلێمانی سلێمانی
🔹کاتی گه‌ڕانه‌وه و دوا سه‌فه‌ر وه‌سیه‌تت بۆ دۆست و یاران چییه؟
کاتێ مردم، ده‌خیلتان بم!
له‌م غه‌ریبستانه مه‌منێژن
جه‌سته‌ی ماندووه خهمڕێژهکهم بسووتێنن
خۆڵه مێشه خه‌مباره‌که‌م
به ئاوی دیجله بسپێرن!
🔹بۆچی دیجله؟
دیجله ده‌مبا بۆ ئۆقیانوس
ده‌بمه ھه‌ڵم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ئاسمان
بای زریانیش ھه‌ڵده‌کات و
جه‌سته‌ی سپی چه‌شنی ھهورم
ده‌باته‌وه بۆ کوردستان!
- سقز رووداو
- کد خبر 13311
- بدون نظر
- پرینت