مەترسی لەنێوچوونی ژینگەی چێرگەکان (بووکی کوردستان) لە چیای تووڵەکە (نێوان ئاواییەکانی بۆگەبەسی، کوچک، بوغدەکەندی) بەهۆی کۆڵینی کانگەکان

لید خبر:
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو کۆمپانیای "کوێستان کاوە" هەوڵی داوە بۆ کۆڵینی کانگایەک لە چیای تووڵەکە لە نێوان ئاواییەکانی بۆگەبەسی، کوچک و بوغدەکەندی. بەڵام بەهۆی هەڵوێستی چالاکە ژینگەپارێزەکانی شارەکانی بۆکان (ڕێکخراوەی ژینبانانی سروشتی بۆکان)، سەقز (ڕێکخراوەی ژیانی سەوزی سەقز) و هەروەها شۆڕا و دێیاری ئاوایی کوچک، لە ساڵی ۱۴۰۰ هەتاوی پێش بەم کارە گیرا و لە لایەن دادستانی شاری سەقز فەرمانی ڕاگرتنی کۆڵینی کانگاکە درا.
ئەم کانگایە لە نێوەڕاستی یەکێک لە باشترین مۆڵگەکانی چێرگدایە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوو، چێرگەکان لەم مۆڵگەیە بینراون و لە لایەن کومیتەی چێرگەوانی ڕێکخراوەی ژینبانانی بۆکان فیلم و وێنەیان لێ گیراوە و بەڵگەیەکی زۆرمان بەردەستە.
ئەمساڵ دوای ماوەیەک، ئەم کانگایە دیسان چالاکی خۆی لەم ناوچەیە دەست پێکردووەتەوە و مەترسی لەنێوچوونی ژینگەی چێرگەکان لە چیای تووڵەکە زیاتر بووە. هەر لەبەر ئەمە دیسان ڕێکخراوەی ژیانی سەوزی سەقز و ڕێکخراوەی ژینبانانی بۆکان، بەدواداچوونەوەیان بۆ ئەم کارە کردووە و داوامان لە سەرجەم خەڵکی ژینگەدۆست و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان ئەمەیە پشتگیریمان بکەن و لەم هەڵوێستە نیشتمانییەدا یارمەتیدەرمان بن و هەروەها داواکارین لە تەواوی ئیدارە پێوەندیدارەکان، بەپێی یاسا و بە زووترین کات، پێش بە لەنێوچوونی ئەم ژینگەیە بگرن.
✍️ڕێکخراوەی ژینبانانی سروشتی بۆکان
✍️ڕێکخراوەی ژیانی سەوزی سەقز
✍️دانیشتوانی ئاواییەکانی بۆگەبەسی، کوچک و بوغدەکەندی