کێوه‌کانی (وه‌نه‌وشه)، (ئاڵکه‌ڵوو)، (قاره‌مان) و (تاوه‌قڕان) له چوار لاوه سه‌قزیان له باوه‌ش گرتووه.
سه‌قز به هۆی به‌رزی و نزمی دیمه‌نێکی تایبه‌تی هه‌یه و ته‌نیا له ڕێگه‌ی سنه‌وه ده‌توانی به‌شێکی زۆری شار ببینی. کوێستانه سه‌رسه‌وزه‌کانی ده‌وروبه‌ری ناوچه له به‌هاراندا ژوانگه‌ی ئه‌ویندارانی سروشتن. کچ و کوڕ به دڵێکی پڕ له هه‌سته‌وه بۆ چنینی گیای به‌هاری وه‌سه‌ر شاخه‌کان ده‌که‌ون و ڕۆژێکی خۆش ڕاده‌بورن و ئێواره پاش ههڵپهرکێیهکی هه‌ست بزوێن ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵی خۆیان، تا رۆژێکی دیکه له ده‌وری یه‌ک کۆببنه‌وه. کوێستانه‌کانی “مێرگه‌نه‌خشینه” ،”نه‌که‌رۆز”، “سارده‌کوێستان” ، “ئاژوان و … گه‌لێ یادگاری شیرینیان له یاد دایه .
له ناوچه‌ی سقز زیاتر له ۳۰۰ هه‌زار که‌س ده‌ژین که له‌م ژماره‌یه‌دا ۲۰۰ هه‌زارکه‌س له شار و ۱۰۰ هه‌زارکه‌س له دێهاتدان .
کورته‌یه‌ک له مێژوو:
له‌کاتی ده‌سه‌ڵاتداری ماده‌کان شاری”ئیسکێت” یه‌کێ له شاره گرینگه‌کانی حکومه‌تی ماد بووه، پاش هێرشی”سه‌کایییه‌کان” و داگیرکردنی وڵاتی ماد، شاری “ئیسکێت” به(سه‌کاکز) یان(ساکز) ناوی گۆڕدرا. پاش ئه‌وه‌ی که (هووهخهشتهره) پادشای ماد له داوی ۳۰ ساڵ، توانی ئه‌م ناوچه‌یه بگڕێته‌وه ئه‌و نێوه هه‌روا به شاره‌وه ما.
ئه‌و شاره ئێستا سه‌قزی پێده‌ڵێن. سه‌قز بێگومان ناوه‌ندی حکومه‌تی مانایییه‌کان بووه.که مانا لکێکی ماد بوون. (کۆشکه‌ڵه) له لای ئاشی پێنج قاتی ڕێگه‌ی سنه، شوێنی کۆشکی حاکمی ئه‌وکاته بووه.
له ناوچه‌ی سه‌قز، قه‌ڵای به ناوبانگی ماد به ناوی (ئارامائیت- قهپلانتوو) و (ئیزی پیا- زێویه) و (که‌ره‌فتوو) هه‌ن. که نیشانده‌ری مێژووی کۆنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن. ته‌نانه‌ت واده‌رده‌که‌وێ (هه‌گمه‌تانه) نه‌ک له هه‌مه‌دان به‌ڵکوو له زێویه‌ی سه‌قز بووه. (کتێبی دوران بی خبری ــ رشید کیخسروی)
هه‌ر وه‌ها به پێی چیرۆکی سه‌ر زاری خه‌ڵکی له ناوچه‌ی قه‌پڵانتوو «رۆسته‌می زاڵ که له شانامه‌ی» فیرده‌وسیدا ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی ئازایه‌تی و توانا، له که‌نداڵێکی گه‌وره له‌ژێر تاقهدارێک به ده‌ست براکه‌ی به فڕوفێڵ له‌و دێیه ده‌کوژرێ. (کتێبی دوران بی خبری ــ رشید کیخسروی)
هه‌ر وه‌ها ئه‌م ناوچه‌یه خاوه‌نی دوو شوێنی ئایینی و پیرۆزی سه‌رده‌می ماد و ساسانی بووه. موبه‌د (معبد) مانایی (قه‌ڵای سپی) له نزیک بۆکان و موبه‌دی ساسانی (ئازهرگشسب- ئازهرگهشهسب) له زێویه‌یه.
خه‌ڵکی ناوچه له‌و سه‌رده‌مه‌دا زه‌رده‌شتی بوون و پێیان ده‌گوترا: (گه‌ور). ئێستا ناوی ناوچه‌یه‌ک له باکووری سه‌قز هه‌تا لای مه‌هاباد و سه‌رده‌شت، (گه‌ورک)ی پێده‌ڵێن. که‌وا دیاره له‌و سهرهمهوه هاتووه.
ئه‌گه‌ر بڕوانینه شێعره فولکلۆرییه‌کان ده‌بینین که (گه‌ور)ه‌کان به هۆی هێرشی عه‌ره‌به‌کان ژیانێکی یه‌کجار ناخۆشیان بووه.
بۆ وێنه:
هه‌ناسه‌ی سه‌ردم به‌ردی تاوانۆ گه‌وری سه‌ر کێوان منی لاوانۆ
یان :
هه‌رکه‌سێ بیکا به‌ینی من و تۆ بێته نه‌سیبی، گه‌وره‌که‌ی سه‌رکۆ
له‌کاتی هێرشی موسولمانان بۆ په‌ره‌پێدانی ئیسلام، له سه‌قز چه‌ن که‌سێک له‌وان شه‌هید بوون، که ئێستا مه‌زاریان له سه‌قز دایه. ئه‌و شه‌هیدانه بریتین له: پیری خه‌زایی، پیر محه‌ممه‌د، پیر میکائیل، پیر شه‌ڵاڵی.
پاش هاتنی ئیسلام و تێکشکانی ساسانییه‌کان، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێک تێده‌کۆشا له ناوچه ده‌سه‌ڵات به ده‌سته‌وه بگرێ. بۆ وێنه له بانه حکوومرانانی (ئیختیاردینی) و له سنه (بابائه‌رده‌ڵان) ده‌سه‌ڵاتیان وه‌ده‌ست گرت. له ساڵی (۶۰۲ی کۆچی مانگی) کڵوول به‌گی ئه‌رده‌ڵان شاری سه‌قزی داگیرکرد و هه‌تا سه‌رده‌می(ناسره‌دین شا ) به ده‌ست ئه‌وانه‌وه بوو.
هه‌ر چه‌ن ناسره‌دین شا به ناردنی معتمدالدوله بو حکومرانی سه‌قز تێکۆشا، ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌رده‌ڵانه‌کان له نێو به‌رێ، به‌ڵام ئه‌وان هه‌تا ساڵی ۱۳۳۲ی کۆچی مانگی هه‌ر حاکمی سه‌قز بوون.
ئه‌رده‌ڵانه‌کان له نه‌ته‌وه‌ی خوالێخۆشبوو محهممهدسوڵتان خان بوون، که پاش ئه‌و محه‌ممه‌دعه‌لی خان و له دواییدا مه‌جیدخان و پاشان سیفه‌دین خان(مڤفرالسلطنه)ی ئه‌رده‌ڵان ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌ی سه‌قز بوون.
له‌کاتی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌یفه‌دین خاندا شۆرشی (مشروطیت) کرا . له‌و سه‌رده‌مه‌دا به پێی پیلانێک سه‌یفه‌دین خان، محه‌ممه‌دخانی بانه و سهیفۆڵڵاخانی موکری، له لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه گیران و له شاری (مه‌راغه) به تاوانی لایه‌نگری له ڕووسه‌کان له سێداره دران.
پاش ئه‌وه هه‌رده‌م که‌سێ حاکمی سهقزبوو. ژیانێکی سه‌ر لێشێواو بۆ خه‌ڵکی پێک هاتبوو. به تایبه‌ت له سه‌رده‌می قاجاردا. دوایین حاکمی تایفه‌ی ئه‌رده‌ڵان پاش یه‌ک هه‌زار ساڵ ده‌سه‌ڵاتداری له ساڵی ۱۳۳۲ی هه‌تاوی سهیفۆڵڵاخانی ئه‌رده‌ڵان بوو، که به‌رپرسی فه‌رمانداری سه‌قز و یه‌کێک له لایه‌نگرانی دوکتور موسه‌دیق بوو.
عه‌شایری سه‌قز
به هۆی ئه‌وه‌ی که ئابووری خه‌ڵکی ناوچه به‌ستراو به کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارییه، هه‌ر له کۆنه‌وه عه‌شایر له ناوچه‌دا هه‌بوون. گه‌لێ مرۆڤی پایه‌به‌رز و به‌نرخ له ناو عه‌شایردا هه‌ڵکه‌وتوون. هه‌ر عهشیرهیێک به پێی فه‌رهه‌نگی تایبه‌تی ناوخۆی، خاوه‌ن داب و نه‌ریت و خووخده‌ی تایبه‌تی خۆیانن.
ئێستا باسی چه‌ن عه‌شیره‌تێکی به ناوبانگ ناوچه ده‌که‌ین:
۱ــ عه‌شیره‌ی گه‌ورک: سه‌رۆکی ئه‌م عه‌شیره‌یه خوالێخۆشبوو(عه‌لی ئاغای جه‌وانمه‌ردی) بوو. که هاورێ له‌گه‌ڵ براکه‌ی خوالێخۆشبوو (ڕه‌سووڵ ئاغا) پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، له شاری سه‌قز له دار دران.
پاش (عه‌لی ئاغا) کوڕه‌که‌ی خوالێخۆشبوو محه‌ممه‌د ئاغا که مرۆڤێکی یه‌کجار ئازا و به توانا بووه، سه‌رۆکایه‌تی عه‌شیره‌ی به‌ده‌سته‌وه گرت و زۆرجار دژی ڕژیمی شا شه‌ڕی کرد و هیچکات نه‌یانتوانی بیگرن. بنه‌ماڵه‌کانی عه‌شایری گه‌ورک زۆرتربه ناوی(جه‌وانمه‌ردی)، (مه‌حموودی)، (قادری)، (محه‌ممه‌دی) و (خدری) ده‌ناسرێن.
۲ــ عه‌شایری سه‌رشیو: سه‌رۆکی ئه‌وان خواڵخۆشبوو(ئاغاساڵحی سوڵتان په‌نا) بوو، که مرۆڤێکی زانا و بهئهزمودن و ئه‌ده‌بدۆست بوو. به‌پێی بڕێ به‌ڵگه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م عه‌شیره‌ته ئه‌چێته‌وه سه‌ر (زه‌ند)ه‌کان. ئاغاساڵح له ژیانیدا تووشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی زۆر هاتووه. بنه‌ماڵه‌کانی عه‌شایری سه‌رشیو به ناوی (یه‌زدان په‌نا، سوڵتان په‌نا، وه‌کێڵی، سه‌هامی)یش ده‌ناسرێن.
۳ــ تایفه‌ی حه‌سه‌نی: له عه‌شایری (خوڕخوڕه)ی سه‌قزن و له تۆره‌مه‌ی شێخ حه‌سه‌نی مهولاناوان. تایفه‌که‌یان له ناوچه‌کانی خوڕخوڕه و سه‌رشیو به ناوه‌کانی (حه‌سه‌نی)، (محه‌ممه‌دی) ، (یه‌زدانی) ، (شێخی)، (سادقی) ده‌ناسرێن.
شێخ حه‌سه‌نی مه‌ولاناوا یه‌کێک له گه‌وره‌ترین عاله‌مانی ئیسلامه، که له علمی (ریازی)یشدا زۆر به‌توانا بووه. به چه‌شنێ که توانیبووه به دانانی به‌رد به‌رانبه‌ر به هه‌تاو کاتی نوێژی نیوه‌ڕۆ و ئێواره دیاری بکا و هه‌ر وه‌ها ڕۆژمێری بۆ جووتیاران ساز کردبوو که ئێستا به نێوی ڕۆژمێری شێخ حه‌سه‌ن به ناوبانگه. ئه‌وکاته‌ی خه‌ڵکی ناوچه تووشی گیروگرفت ئه‌بن، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر مه‌زاری شێخ حه‌سه‌نی مه‌ولاناوا و به گریان و پاڕانه‌وه تکا و راز و نیازی خویان ده‌رده‌بڕن .
۴ ــ تایفه‌ی که‌ڵهۆر: ئه‌م تایفه‌یه له کرماشانه‌وه کۆچیان کردۆته ئه‌م ناوچه‌یه‌و له ناوچه‌ی (زێویه) و (کوڵتهپه) ئه‌ژین. سه‌رۆکی ئه‌م تایفه (ئاغا ڕه‌زای که‌ڵهۆر) بوو، که پاش ئه‌و کوڕه‌که‌ی (مه‌جیدخان) بۆته سه‌رۆکی تایفه. مه‌جیدخان مروڤێکی تێگه‌یشتوو و لێزان بووه .
۵ ــ عه‌شایری(غه‌فاری) و (وه‌له‌دبه‌یگی): سه‌رۆکی ئه‌وان(مه‌لا سه‌یفه‌دینی غه‌فاری) بوو. که له عاله‌مانی گه‌وره‌ی کوردوستان بوو، ناوچه‌ی ژیانیان (یۆرقوڵ) و(داشبڵاغ)ه .
ــ تایفه‌ی (حه‌مه‌وه‌یسی): سه‌رۆکی ئه‌وان (عه‌لی خان) یه‌کێک له به‌هێزترین سه‌رۆکه‌کانی عه‌شایر بووه، که له قه‌یرانی شه‌ڕی عه‌شایری و شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و هێرشی عه‌شایری بانه، نه‌خشێکی به‌رچاوی هه‌بوو. شوێنی ژیانی ئه‌م تایفه گونده‌کانی(حانه‌میران)، (سهیفئاوا)، (ته‌خت) و (زامنئاوا)یه .
۷ــ عه‌شایری تیله‌کۆ: سه‌رۆکی ئه‌وان خوالێخۆشبوو(عه‌لی خان حه‌بیبی) بوو. که له‌ڕێی پێک هینانی هێمنی له‌کاتی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و قه‌یرانی خه‌رمانانی ١٣٢٠ی هه‌تاوی نه‌خشی به‌رچاوی هه‌بوو. عه‌لی خان به ده‌س محه‌ممه‌دئه‌مین خانی بانه کوژرا. له پاش ئه‌و (موزه‌فه‌رخان) و له دوییدا (سه‌عیدخان) بوونه سه‌رۆکی عه‌شیره .
۸ ـ عه‌شیره‌ی فه‌یزوڵڵابه‌یگی: یه‌کێک له ڕه‌سه‌نترین هۆزه‌کانی ڕه‌گه‌زی کورده. له ناوچه‌ی مه‌هاباد و بۆکان و سه‌قز ده‌ژین. شوێنی ژیانیان به‌ربڵاوه له ڕۆژئاوای تیکابه‌وه هه‌تا باکووری (سه‌قز) و باشووری (میاندواو). بنه‌ڕه‌تی ئه‌م عه‌شیره‌ته له فه‌یزوڵڵابه‌گ کوڕی عه‌بدوڕه‌حمان پاشای موکری سه‌رچاوه ده‌گرێ. که ئه‌وانیش له نه‌واده‌کانی (فه‌قێ ئه‌حمه‌دی دارهشمانهن. (داره‌شمانه ناوی گوندێکه)
په‌یوه‌ندی ناوخۆیی ئه‌م هۆزه جیاوازی له‌گه‌ڵ هۆزه‌کانی دیکه‌دا هه‌یه. ئه‌مان له مێژه‌وه هۆگری شێعر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بوون. و چه‌ن که‌سێک له‌وان وه‌ک به ناوبانگترین شاعیران، زانایان، وێنه‌کێشانی کوردستان ده‌ناسرێن. بۆ وێنه: خوالێخۆشبو عه‌بدوڵڵا ناهید(افتخار) هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار و نووسه‌ری هه‌ره به ناوبانگی ئێرانه، که نمونه‌ی کاری له مۆزه‌خانه‌ی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی دایه. هه‌ر وه‌ها ئه‌م به‌رێزه، نووسه‌رێکی پایه‌به‌رز بووه و کتێبێکی به‌ناو (مسافرت به کره مریخ) زۆر به ناوبانگه.نیوه‌رۆکی ئه‌م کتێبه وه کتێبی(ئوتوپیا) نووسراوه‌ی (توماس مۆڕی) ئینگلیسی ده‌چێ.
ئیبراهیم سه‌لاح(فه‌یزوڵڵابه‌گی) به بێ ئه‌وه‌ی مامۆستای بێ، توانای زمانه‌کانی فه‌ڕانسه، ئینگلیری، رووسی، ئاڵمانی، تورکی و عه‌ره‌بی وێڕای رێزمانهکانیان، به ته‌واوی فتر بێ و گه‌لێ نووسراوه‌ی وه‌رگیڕدراوی هه‌یه .
هۆزی فه‌یزوڵڵابه‌یگی زۆرتر په‌یوه‌ندی کوڕ ۆ کچانیان له ناوخۆدایه و خزمایه‌تیان پته‌وه. ئه‌م هۆزه زۆرتر به ناوی که‌یخوسره‌وی، دانشوه‌ر، ناهید، شێرزاد، فاروقی، فاتێح، کرمانج، شکارچی، ئهنووشیروانی، مه‌تین، دادخواه، ئه‌میری و …. له شاره‌کانی ئێران‌دا، به تایبه‌ت له سه‌قز و مه‌هاباد و بۆکان‌دا بڵاون .
ئه‌م هۆزه دژی جافه‌کان شه‌ڕێکی توندیان کرد و ئه‌وانیان تێک شکاند. هه‌ر وه‌ها له‌کاتی کۆماری کوردستان به هۆی خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ قازی محه‌ممه‌د، نه‌خشی به‌رچاویان هه‌بوو. پاش تێکچوونی ئه‌و کۆماره، حه‌وت که‌سیان له سه‌قز له دار دران. له سه‌رۆکانی به ناوبانگی ئه‌م هۆزه ده‌توانین: محه‌ممه‌دخانی که‌یخوسره‌وی ناسراو به (حه‌مه‌خانی چاخلوو) ئاماژه بکه‌ین .
عه‌شایری دیکه‌ی ناوچه‌ی سه‌قز ده‌توانین: عه‌شایری خوڕخوڕه به سه‌رۆکایه‌تی (مه‌حموودخانی سوڵتانی) و تایفه‌ی وه‌کێڵی به سه‌رۆکایه‌تی خوالێخۆشبوو حاجی وه‌کیل و تایفه‌ی (دیوانی موقه‌ده‌م) به سه‌رۆکایه‌تی خوالێخۆشبوو (ڕهشیدالدیوان) ناوبه‌رین .
فه‌رهه‌نگ: به هۆی هه‌ڵکه‌وتنی سه‌قز له نیوان ڕێگه‌ی هاتووچۆی ناوچه‌ی فارس و ناچه‌ی تورک نشینه‌کان و هه‌ر وه‌ها کۆچی ناله‌باری خه‌ڵکی دێ بۆ شار و پێک هاتنی قه‌ڕه‌بالغی و په‌یدابوونی کاری سوک و بێ بایه‌خ ده‌ڵاڵی و…ئاڵوگۆڕی فه‌رهه‌نگی به تایبه‌ت له ناو لاوه‌کانیدا، خۆی نیشان ده‌دا .
ناوچه‌ی سه‌قز به هۆی هه‌بوونی مێژوویه‌کی کۆنی شارستانیه‌ت، خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێکی ڕه‌سه‌نه. که له‌رێی بووژاندنه‌وی گوڵستانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، گه‌لی مرۆڤی هێژا و به‌رزی پێشکه‌شی باره‌گای فه‌رهه‌نگی کوردی کردوه. و لێره‌دا ئاماژه به چه‌ن که‌سێ له‌م به‌رێزانه ده‌که‌ین . داوای لێبوردن ده‌که‌م ئه‌گه‌ر که‌سانی ناوداری دیکه ئاماژه‌م پێ نه‌کردوون. چونکا ئه‌وه‌نده زانا، هونه‌رمه‌ند، نووسه‌ر و شاعیری هه‌یه، که کتێبێکی جیاواز و تایبه‌تی ده‌وێ.
۱ ـ ساڵح سه‌قزی (شاعیر)
۲ ـ مه‌لا عه‌بدولره‌حمانی نیعمه‌ت زاده (عالم)
۳ـ مه‌لا مه‌حمودی باکی (شاعر، عارف)
۴ ـ مه‌لا محه‌ممه‌دکه‌ریمی قازی که‌وسه‌ر (عالم، نووسه‌ر، شاعیر)
۵ـ مه‌لیکولکه‌لامی مه‌جدی (شاعیر، خۆشنووس)
۶ ـ میرزا عه‌بدولحه‌مید مه‌لیکولکه‌لامی شه‌رقی (خۆشنووس). ئه‌م به‌رێزه خاوه‌نی به‌رهه‌می هه‌ره به ناوبانگ وه‌ک: سواڵه‌ته‌کانی گه‌وره‌ی حافز و سه‌ر درگای زانکۆی تاران و ناوه‌ندی ئێران و….
۷ـ شێخ ره‌ئووفی زیایی (شاعیر، نووسه‌ر )
۸ـ توفیقی ئه‌مینیان (شاعیر، نووسه‌ر)
۹ ـ شێخ نافیع مه‌زهه‌ر “شپرزه”(شاعیر)
۱۰ ـ مه‌لا که‌ریم سائیب(شاعیر)
۱۱ ـ حاجی شێخ عارفی نه‌قشبه‌ندی (عالم، زانا‌و شاعیر)
۱۲ ـ محه‌ممه‌د ره‌سووڵی شیرازی(شاعیر، نووسه‌ر )
۱۳ـ مه‌لا غه‌فوری ده‌باغی – حافزی مه‌هابادی(شاعیر)
۱۴ـ محه‌ممه‌دخانی ناهید(نهوازهنده، نه‌ققاش، ناسک کار، گۆرانی بێژ)
۱۵-عه‌بدوڵڵاخانی ناهید(نووسه‌ر و گه‌وره‌پیاوی سیاسی)
سه‌رچاوه‌کان:
١- کتێبی تاریخ و فرهنگ و ادب شهرستان سقز نوشته: کاک عمر فاروقی
٢- کتاب دوران بی خبری نوشته: استاد رشید کیخسروی
٣- گۆڤاره‌کانی سروه و ئاوێنه
- سقز رووداو
- کد خبر 19977
- بدون نظر
- پرینت