اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, گزارش

لێکدانەوەیەکی چەن ڕەهەندی لە ئەدەبیات: ڕامانێک لەسەر ئەزموونە ئەدەبییەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشا

ڕۆژی پێنجشەممە ۶ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، لەلایەن ئەنجومەنی چرۆی ژیان و هیوای زانست لە شاری سەقز پەنێلێکی زانستی بە بەشداریی لایەنگرانی ئەدەب و ئەندێشە و مامۆستایانی شارەزای ئەو بوارە لە کتێبخانەی هیوای زانستی سەقز بەڕێوە چوو.

مژاری ئەم پەنێلە لێکدانەوەیەکی چەن ڕەهەندی لەسەر ئەزموونە ئەدەبییەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشا بوو کە لەلایەن وتار بێژان مەسعوود بینەندە، ڕەهبەر مەحموودزادە و  حیسام (هیوا) خاکپوورەوە بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای دەسپێکی پەنێلەکە، بەڕێز فەرهاد ساڵحیپوور بەڕێوبەری پەنێل، جەختی کردە سەر گرینگی ئەدەبیات و خوێندنەوەیەکی زانستیانە لە سەر شێعر و ئەدەبیات و گرینگیی ئەدەبیات لە بەستێنێ کوردستاندا.

دوکتور مەسعود بینەندە لە پانێلی یەکەمدا لەژێر سەردێڕی “تراژێدیای مێژوو و مێژووی تراژێدیا” شێعرەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشای شی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لایەنی سەرەکیی شێعرەکانی مەلەکشا لە چوارچێوەی دیاردەیەکدا بەناوی تراژێدیا نووسراوەتەوە. ناوبراو وەک مامۆستای کۆمەڵناسیی ئەدەبیات، پێی وابوو کە شێعرەکانی مامۆستا تەنیا بەرهەمی خەیاڵی شاعێر نین و  بەرهەمی ململانێیەکی کولتوری و کۆمەڵایەتین یە.  بەزمانێکی تر، هەرچەن شێعرەکان بەناوی جەلالی مەلەکشاوەی،ە بەڵام خاوەنەکەی کۆمەڵگەی کوردییه. ناوبراو پێی وابوو کە ئەگەرچی تراژێدیا و کارەسات کلیلواژەی زۆربەی شێعرەکانی جەلال مەلەکشان بەڵام لە هەمان کاتدا یەکگرتوویی بە ڕەمزی تێپەڕبوون لە کارەسات و سەرکەوتن بەرەو ئامانجەکانی نەتەوەکەی دەزانێ. کۆتا باسەکەی ناوبراو خوێندنەوەی چەندین بەرهەمە شێعری مامۆستا مەلەکشا بوو.

دوکتور هیوا خاکپوور لە پانێلی دووهەمدا وتی: ئێمە پێش ئەوەی باس لە هیوا بکەین، پێویستیمان بە جۆرێک لە خەمڵاندنی بوونناسی هیوامەندانەیە کە لە عەینی ئەوەدا کە دەزانین دەورووبەرمان تاریکییه و هەر بە تەعبیری مامۆستا جەلال مەلەکشا “چوار تەنیشتی لێ تەنیوم خێڵی بەدڕەفتاری شەو” پێویستیمان بە جۆرێک لە ئەندیشەوەرزی، جۆرێک لە وەگەڕخستنی فەلسەفەیەکی کوردستانییه کە هیواکان جومگەبەندی بکات و بە خەڵک بڵێ بە چ هیوایەکەوە ئەبێ بژین و بە چ هیوایەکەوە درێژە بە بەرخۆدان بدەین. ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوە دا کە جەلال مەلەکشا خۆی بە تەنیا دەبێتە داینامۆی ڕاچڵەکانی مرۆڤی کورد دژ بە نەزمی باو و شێعر بۆ مەلەکشا مێکانیزمێکە کە تەنگژە بۆ مەعریفەی ئێرانی بە نیسبەتی ئەو کەسانەوە درووست دەکات کە بەجۆرێک گرێدراوی ئەو بوارەن.

دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە لە پانێلی سێهەمدا تیشکی خستە سەر ئەوەیکە وەک ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی، شێعری مەلەکشا دروازەی ناسین و دەسپێکی چالاکی لەبواری شێعر و وێژەی کوردی بووە.
د. ڕەهبەر پێی وابوو کە مەلەکشا شاعیرێکی چەند ڕەهەندییه و پێش ئەوەی باسی جەلال مەلەکشا بکەین، پێویستە ڕوونی بکەینەوە چ لایەنێکی ئەدەبیی ناوبراومان مەبەستە، چون جگەلەوەی کە لە شێعرەکانیدا، شاعرێکی چەند ڕێچکەییە و گرێدراوی ڕێچکەیەکی تایبەت نییه، هەروەها   چیرۆکنووس و ڕەخنەگرێکی لێزان و کارامەیە.ناوبراو لە گۆتایی باسەکەیدا لە ۱۰ خاڵدا مۆدێلێکی بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی ئەدەبیی مەلەکشا هێناوە ئارا.

سێمینارەکە بە پرسیار و تێبینی بەشدار بووان و وەڵامی وتاربێژان کۆتایی پێهات و لە کۆتاییدا بەڕێز فەرهاد ساڵحیپوور جەختی کردە سەر گرینگیی کۆبوونەوەکان و پێی وابوو بەشداری و چالاکی کولتووری ئاستی مەعریفی و زانستی ئێمە دەباتە سەرەوە و کەسایەتی دەدات بە مرۆڤەکان و لە جەختی بێ شوناسی ڕزگاریان دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەزموونی ئەدەبی زەریایەکی بێ سنوورە و  تیۆری و چاویلکەی جۆراوجۆر بۆ خوێندەوەی ئەو ئەزموونە هەیە، هیچ پەنێلێک، ناتوانێت وەڵامی هەموو پرسیارەکان بداتەوە، خاڵی گرینگ ئەوەیە کە لە دڵی ئەم کۆبوونەوانەدا ئایدیا و پرسیاری نوی بخولقێنین و رێگەخۆشکەری توێژینەی تازە بین.

ڕێکخراوەی چرۆی ژیان و هیوای زانست

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *