کێ بەرپرسیارە لەوەی مناڵان و ڕۆڵەکانمان ناودارانی کورد ناناسن؟

[هۆی نەناسینی ناودارانی کورد لە لایەن قوتابییان، مێرمناڵان و لاوانی کورد]
– دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و نووسەر و لێکۆڵەر
لە کاناڵێکی تێلێگڕامیدا، چاوم بە کورتەنووسراوەیەکی فێرکارێکی مەهابادی کەوت بە ناوی :«بیرەوەری[ـی] تاڵ»؛ لەم کورتەنووسراوەیەدا، فێرکارێک(ڕەیحانی) گلەیی خۆی دەربڕیبوو لە بابەت نەناسینی هیچکام لە ناودارانی کورد و ناودارانی شاری مەهاباد و تەنانەت نەزانینی ناوی هیچکام لەم ناودارانە(جیا لە هەژار و هێمن؛ ئەویش تەنیا لە ئاستی زانینی ناوی ئەم دوو کەسایەتییە و بەس)، لە لایەن تێکڕای قوتابییانی کچی یەکێک لە پۆلەکانی قوتابخانەیەکی مەهاباد.
با پێکەوە دەقی «بیرەوەری[ـی] تاڵ»ـی ئەم فێرکارە بخوێنینەوە:
«جارێکی لە کلاسی ۱۱ ، بە قوتابێکانم کوت ، کچینە کێ گیو موکریانی دەناسێ ؟؟
هەموو بە سەیری چاویان لێکردم و دایان لە قاقای پێکەنین
خانم چی؟ گیو چییە؟
هەر قەتیان نەبیستبوو، کردیانە ورتە ورت و دەنگە دەنگ!
دوایە بیرم کردەوە تا بزانم لە کەسایەتییەکانی کورد کێ دەناسن؟
کوتم باشە ئێوە چەند کەسایەتی کورد دەناسن
کوتیان : هێمن و هەژار.
کوتم: دەی کێی دی؟
بیریان کردەوە ، کەسیان پێ شک نەهات.
کوتم: باشە یەک پرسیار، کەسایەتێکمان لە مەهابادی هەیە کە زۆربەی ڕۆمانە گەورەکانی جیهانی بە فارسی وەرگێڕاوەتەوە، شەقامێکیش لە مەهابادی بە نێوی ئەو گەورە پیاوە، ناودێرکراوە، ئەو کێیە؟
هەر کەس نێوێکی دێنا سەر زمان؛
با نێوەکانتان پێ بڵێم:
خانم : حافزە؛
خانم : سەعدییە؛
خانم : فردوسییە؛
خانم : مەلکوشوعەرای بەهارە؛
خانم : ئا خانم زانیم مەولەوییە.
[کوتم:] باشە کچینە مەگەر ئەوانە وەرگێڕن؟ کوردن ؟
ئەمن چیتان پێ دەڵێم: کوردە ، وەڕگێرە ، خەڵکی مەهابادییە .
ئەنگۆ چ دەڵێن ؟!
یەکیان کوتی: ئا خانم هەر ئەو کابرایەی کە پێشێ باست کرد( مەبەستی گیو موکریانی بوو )»
دوای خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییە تاڵە، بزانین ئاخۆ هۆکاری ئەم نەزانین و بێئاگاییەی قوتابییان، لاوان و مێرمناڵان لە ئاست ناو و یادی ناودارانی کورد‒تەنانەت ناودارانی شارەکەی خۆیان‒ چییە؟
بۆ ڕوونبوونەوەی هەرچی پتری بابەتەکە و هۆکارەکانی، بەپێویستی دەزانم جارێ منیش چەند بیرەوەریی خۆم لەم پێوەندییەدا بگێڕمەوە، دوایە دەگەڕێینەوە سەر شڕۆڤە و شیکاریی هۆکارەکانی ئەم بێئاگایی و خەمساردییە کەلتوورییەی وا بەرۆکی تێکڕای ئەندامەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەواری گرتووەتەوە.
۱. دەساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی مەهاباد، فێرکارێک کە فەوقی لیسانسی لە زانستگایەکی دەوڵەتی وەرگرتبوو و ۲۶ ساڵ ئەزموونی دەرسگوەتنەوە و فێرکاری لە قوتابخانە دواناوەندییەکان هەبوو، لێی پرسیم: ئەرێ تۆ کە تامەزرۆی بواری کەسایەتیناسی و ناودارناسی، تۆخوا پێم بڵێ کە ئەو مەلای جزیری کە وادیارە هەر بەم زووانە و لەم چەندساڵەی دواییدا کۆچیدوایی کردووە[!!] و دیارە خەڵکی مەهابادیش بووە[!!]، ئاخۆ ماڵەکەی هەر ڕێک لەم گەڕەکە بووە، بۆیە ئەم شەقامی مەلای جزیرییان بەناو کردووە؟[!!].
۲. هەشتساڵ لەمەوبەر، فێرکارێکی قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندییەکان، کە ئەوکات ۳۰ ساڵ بوو ئەزموونی دەرسگوتنەوە و فێرکاری هەبوو و خۆی وەک فێرکارێکی خولیای زانیاری دەناساند، لێی پرسیم: ئاخۆ ئەو شێخ ڕەزای تاڵەبانی، کە دیارە شاعیرێکی خەڵکی مەهابادە[!!] و لەمێژ نییە کۆچی دوایی کردووە[!!]، بۆچی لە شاری خۆی، واتە مەهاباد شەقامێکی بەنێو ناکەن[!!]؟ تۆ کە سەرت لەو شتانە دەخورێ و خولیای ئەم باس و بابەتانەی بۆ بە شووڕای شار ڕاناگەیێنی کە لە جیات ئەوەی گەڕەک و کووچە و شەقامی مەهاباد بە نێو کەسێکی وەک سارمبەگ بکەن کە ئەوجۆرەی بیستوومە خەڵکی کوردستانی تورکییەیە نەک ئێران[!!] و تەنانەت ئەوجۆرەی ئاگادارم کوردی ڕەسەنیش نییه و کوێرەسونییە[!!]؛ لە جیات ئەو سارم بەگە، شەقام و گەڕەک و کۆڵانی مەهاباد بە نێوی شاعیری قسەخۆشی مەهابادی، شێخ ڕەزا [!!] بکەن!
3. پێنج ساڵ لەمەوبەر، هاوڕێیەکی هێژای مەهابادیم کە فێرکاری قوتابخانە داواناوەندییەکانە و هەڵگری شەهادەی دوکتۆرایە و خوداهەڵناگرێ لەبوارگەلی جیا لە کەسایەتیناسی و ناودارناسی، تامەزرۆی موتاڵا و خوێندنەوە و زانیاریکۆکردنەوەیە، زۆر بە جیددی پێوەندیی تەلیفونی لەگەڵ گرتم و گوتی: ئەرێ برالە چەندجارم کورتەنامە بۆ ناردووی، بۆ وڵامی پرسیار و داخوازییەکەم نادەیەوە؛ دیارە چاوم بە پرسیارەکەی کەوتبوو بەڵام پرسیارەکەی هێندە سەیر و چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیە وام بە مەسڵەحەت زانی کە خۆمی لێ گێل کەم و وڵامی نەدەمەوە. گوتم: داوای لێبووردن دەکەم چاوم پێی نەکەوتووە، پرسیارەکەت دووپاتە کەوە تا وڵامت دەمەوە؛ زۆر بە تێڕادیوی پرسیاری کرد: تکایە هەرچی زووتر ژمارە موبایلی مامۆستا «ئەنوەر ئیرانزادە»ـی نووسەر و ڕۆماننووسم بۆ بنێرە[!!]، خزمێکم داوای لێ کردووم و منیش لە تۆ بەدەر کەسی دیکەم پێشک نەهات کە پرسیاری لێ بکەم و داخوازییەکەمی پێ ڕابگەیێنم.
منیش وڵامدا گوتم: سوێند بە ماڵەخودای و بە کابەتوڵڵا و بە ئیسمی ئەعزەم، من ژمارە موبایلی هیچکام لە خەوتووەکان و ئارامگرتووەکانی ناو گڵکۆی ناودارانی مەهاباد و «مەقبەرەتوششوعەڕا»ـم پێ نییە و لەخۆڕا لێی مەگەڕێ، خاترجەم و دڵنیا و دڵئەرخەیان بە گەر ئەم ژمارە موبایلە لە لای من دەستنەکەوێ، لە هیچ کوێی دی پەیدا نابێ و دەستناکەوێ!!
4. فێرکارێکی قوتابخانەکانی مەهاباد کە خۆی دەڵێ جیا لەوە فێرکارم، هەڵسووڕاوی فەرهەنگیشم، بە ئەوپەڕی شانازییەوە بە نووسین باسی ئەو بیرەوەرییە شیرینەی خۆی ئاوا دەگێڕایەوە کە: ئەوکاتەی لە دوایین پۆلی قۆناغی دواناوەندیدا و لە دوایین ساڵی قوتابخانەدا دەرسم دەخوێند، مامۆستایەکی دڵسۆز و خەمخۆرمان، مامۆستا هەژاری بە ئێمە ناساند، ئەویش بەبۆنەی ئەوەوە کە ڕێک لەو زستانەدا مامۆستا هەژار کۆچیدوایی کردبوو[!!]؛ تا ئەو کات ناوی ئەم شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و فەرهەنگنووسە بلیمەتەم، چ لە ژوورەوە و چ لە دەرەوە، لە چ مامۆستایەکی تر و لە چ کەس و کەسایەتی و، تەنانەت لە هیچ کام لە کەسوکار و سۆرە و تۆرە و خزمی نیمچەخوێندەواری خۆم نەبیستبوو[!!].
5. بیستساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە زانستگاکانی مەهاباد لە دیوی حەسانەوەی مامۆستاکان، بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی وتارێکم لە یەکێک لە گۆڤارەکاندا، لەبابەت عەللامە مەلا ئەحمەد تورجانیزادەی مەهابادی، مامۆستای ناودار و بلیمەت و هەڵکەوتەی زانستگای تەورێز، یەکێک لە مامۆستا کوردەکانی زانستگا، کە هەڵگری دوکتۆرای یەکێک لە لقەکانی زانستە مرۆییەکان بوو، گوتی: وتارەکەتم چاو پێکەوت، دەستت خۆشبێ، بەڵام تۆ بۆ باسی مامۆستایەکی تەورێزیت نووسیوە[!!] کە مامۆستای زانستگای تەورێز بووە و هەر لە تەورێزیش ئەسپاردەی خاک کراوە؟ بە بڕوای من لەجیات ئەو کەسە، دەبوو لە بابەت دوکتۆر سەید حەسەن ئیمامی وتارت نووسیبایە، کە نوێنەری مەهاباد بووە لە مەجلیس و بەپێچەوانەی تورجانیزادە، هەم خەڵکی مەهاباد بووە[!!] و هەم دوکتۆر و هەم مامۆستای ڕشتەی ماف بووە لە زانستگای تاران؟(دیار بوو وتارەکەمی نەخوێندبۆوە دەنا…)
[ڕوونکردنەوە: دوکتۆر سەید حەسەن ئیمامی، خەڵکی تاران و مامۆستای زانستگای تاران بوووە؛ ئەو چاخی وا باو بووە کە نوێنەری شارێکی کوردنشینی وەک مەهاباد و سنە و سەقز، خەڵکی شارێکی دی بووبێ، لە ئەوسەری ئێران! هەر بەم هۆیه دوکتۆر ئیمامی، بووەتە نوێنەری مەهاباد، لە ساڵەکانی۱۳۳۱‒۱۳۳۳، لە هەڵبژاردنەکانی خولی ۱۷، ئەویش بە فڕ و فێڵ و دهۆ؛ حکوومەت لە بەرانبەر بەربژێری زانا، ڕۆژنامەنووس و مافناسی ئازادیخواز، سارموددینی سادق وەزیریی سنەییدا، ناوی د.ئیمامی وەک براوەی هەڵبژاردنەکە، لە سندووقەکانی دەنگدان دەرکێشایە دەرێ! لەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، شاری مەهاباد ۳ بەربژێری هەبووە:۱.د. سەید حەسەن ئیمامی؛ ۲. سارموددین سادق وەزیریی؛ ۳. میرزا ڕەحمەت شافیعی؛ ئایەتوڵڵا ئیمامی، هەر لەو خولەدا بووە بە ڕەئیسی مەجلیسیش؛ ئایەتوڵڵا سەید حەسەن ئیمامی، بۆ ماوەیەکی زۆر، ئیمام جومعەی تاران بووە، هەروەها زاوای حەمەڕەزا شا بووە، واتە دوای مردنی ڕەزا شا، لەگەڵ دایکی حەمەڕەزا شا پێوەندی ژنومێردایەتییان بەستووە! ئایەتوڵڵا دوکتۆر سەید حەسەن ئیمامی(۱۲۸۱‒۱۳۵۸)، ساڵی ۱۳۱۲(ساڵێک پێش بنیاتنانی زانستگای تاران) دوکتۆرای مافـی لە زانستگای لۆزانی سووئیس وەرگرت و لە ئاکامدا هەر لە وڵاتی سووئیس و لە ساڵی ۱۳۵۸ کۆچی دوایی کرد.]
۶. بەڵام بیرەوەرییەک و نەقڵێکی لە هەموویان خۆشتر و بەتاموچێژتر: ۷ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەندین هاوڕێی فێرکار و هاوکارێکمان کە بەڕێوەبەری قوتابخانە دواناوەندییەکانە و خاوەنی شەهادەی کارناسی باڵایە و ۲۵ ساڵ ئەزموونی فێرکاری و بەڕێوەبەری هەیە، لە گوندێکی مەنگوڕایەتیی مەهاباد بۆ شام دەعوەت کرابووین و دوای خواردنی شامێکی تێروتەسەل و بەتاموچێژ و خۆماڵی و کوردانە و «ئۆڕگانیک»، گوتم: گەلۆ برادەرینە! ئەی هاوڕێیان و هاوکارانی خۆشەویستم! گەر ئیزن بدەن بۆ ئەوەی کات و ساتمان بە فیڕۆ نەچێ و چێژ و بەهرە لەم دەرفەتە وەرگرین، ژیاننامەی دوو کەسایەتیی پایەبەرز و ڕچەشکێنی مەهابادیتان بۆ دەگێڕمەوە کە یەکیان هەوەڵ کەسایەتی بووە (لە باری زمەنییەوە)، لە هەر چوار بەشی کوردستان، کە دوکتۆرای ماف و حوقووقی وەرگرتووە، ئەویش لە زانستگایەکی ناوبەدەرەوەی دونیا؛ هەر ئەم کەسایەتییەی کە بۆتە هۆکار و هاریکار بۆ کۆکردنەوە و بڵاوبوونەوەی هەوەڵ کتێب لە سەر بەیتە کوردییەکان؛ ئەوی دیکەیان هەوەڵ کەسایەتی موکریانە کە دوکتۆرای لە بواری پزیشکی وەرگرتووە و دواتر قۆناغی پسپۆڕیشی تەواو کردووە و جیا لەوانە شاعیر و ڕۆژنامەنووسش بووە؛ هەر دوو کەسایەتیش هەم خزمی نزیکی یەکتر بوون و هەم هەردووکیان، ۱۰۰ساڵ، واتە سەدەیەک لەمەوبەر لەم دووبوارە زانستییەجیایەدا ‒ماف و پزیشکی‒ خوێندنیان تەواو کردووە. دیارە دوای ئەم پێشەکییە و ئیزن وەرگرتن لە بەشداربووانی کۆڕەکە، باسی ناو و ناوبانگ و پێناسە و کەسایەتی و ئاسەوار و بیرەوەری و سەربووردەی هەردووکیانم بەتێر و تەسەلی و بەچڕوپڕی و بە لقوپۆپەوە و بە پەڕاوێز و کۆبەوە، بۆ ئەم کۆڕە باس کرد؛ بەشداربووانی کۆڕەکە، هەر هەموویان ئەم بەسەرهات و پێناسە و بیرەوەرییانە و ئەم سەربووردە و زانیارییە مێژوویی و کەسایەتیناسانەیان گەلێک پێخۆش بوو، تەنانەت خاوەنماڵ و خانەخوێ، سەرەڕای ئەوەی نەخوێندەواریش بوو، لەڕادەبەدەر دڵخۆش و کەیفساز بوو بە گێڕانەوەی ئەم بەسەرهات و بیرەوەرییانە و گەلێک جار مەرحەبا و سوبحانەڵڵای لەبۆ دەگوتین!. ئەوجار پرسیارم کرد لە هاوکاری بەڕێوەبەری قوتابخانە دواناوەندییەکەمان، کە بە ڕەچەلەک و و بە پێی پێناسە و ناسنامە، خزمی ئەم دوو کەسایەتییە بوو و دیارە هاوشۆرتی ئەوانیش بوو؛ ئاوام لێ پرسی: ئەرێ کاکئاغا و کاکی بەڕێوەبەر تۆخوا ڕاستگۆیانە و بەبێفڕوفێڵ و خۆڕانان، پێمان بڵێ ئەم دوو کەسایەتییە تەرز و بەرز و بلیمەت و هەڵکەوتوویانەی گەلی کورد، کە لەپێش هەموو شوێنێک، جێی شانازیی مەهاباد و مەهابادیانن و دیارە بە ڕەچەلەک و بە شۆرەت لە شانازییەکانی بنەماڵەی پڕلەشانازی جەنابیشت لەئەژمار دێن، هەردووکیانت چاک دەناسین؟ کاکی بەڕێوەبەر زۆر ڕاستگۆیانە و بەبێ خۆڕانان گوتی: هەرسێک تەڵاقم کەوتبێ ئەوە هەر ئێستا و بۆ هەوەڵینجارە کە لە زمانی تۆ ناو و ناوبانگ و پێناسە و سەربووردەی ئەم گەورەپیاوانەی خێڵ و تایەفە و خانەدان و بنەماڵەی گەورەی خۆمان دەبیستم!! ماڵتە تۆش سەیری، خودا غەزەبتە!کەس نییە لەو دونیا پان و بەرینە، کوتەکاغەزێکی ڕەشکردبێتەوە و تۆ نەیناسی، ماڵت نەشێوی بۆ ئەو حەوسەلە و تاقەتەت!!
دوایەکاکئاغا درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: با قسەیەکیش بۆ خودا بکەین؛ ماڵتە بنەماڵە و خێڵ و تایەفەی ئێمەش هێندەیان کەسایەتی و هەڵکەوتە و گەورەپیاو لە هەموو باروبوارەکان لێ هەڵکەوتووە کە هەر سێک تەڵاقم کەوتبێ ناسینی تێکڕای ئەو کەسایەتییانە، ئەویش بە وردەکارییەوە، لە تاقەتی هیچ بەشەرێک دانییە!! گوتم: کاکئاغا قسەکەت هەتا بڵێی ڕاستە، بەڵام ئەو قسانەمان بە گوێداناچێ و ئەو پاساوانەمان پێ پەسند نین، گوێ ڕاگرە بزانە دەڵێم چی و بزانە چ سزایەکمان بۆ لەبەرچاو گرتووی!
گوتی: فەرموو، سەر و ماڵم لەڕێ دایە! گوتم: ئەرێ ئەی جەماعەت! ئەی هاوڕێیان و هاکاران! ئەرێ تۆ ئەو خودایەی بە حەقی دەناسن، کەسێکی وەک کاکئاغای بەڕێوەبەر کە خزم و عێل و عەشیرە و تایەفەی خۆی نەناسێ، ئەویش گەورەپیاوی پایەبەرزی وەک ئەم دوو بلیمەت و هەڵکەوتەیەی کە شانازی هەموو کوردانن، حەقی خۆی نییە تێکڕای جەماعەتی ئەو مەجیلسه بۆ شامێکی ئاغایانە و بەڕێوەبەرانە داوەت بکا؟! هەموویان تێکڕا گوتیان: ئەشهەدوبیللا حەقی خۆێەتی و بەسەرێوە ناچین و لێی خۆش نابین! کاکئاغای بەڕێوەبەر، دیسان دووپاتی کردەوە کە: ئێوە هەر ئەمر بفەرموون، من ماڵ و سەرم لەڕێدایە!! مانگێک دوای ئەم شەونشینییە پڕلەبیرەوەرییە، تێکڕای ئەم جەماعەتە و دوو هێندەی تری دۆست و هاوڕێ و هاوکاری، کە نزیکەی پەنجا کەس دەبوون، بۆ شامێکی گەلێک ئاغایانە و شایانە و کوردانە و «ئۆڕگانیک»، داوەتکرد و دوای ئەوەی بەم چەشنە کاکاغایانە و بەڕێوەبەرانە شاباشی خۆی دا، ئینجا قیت قیت هەڵدەپەڕی و دادەپەڕی و چەقەنەی لێدەدا!!
لە گیڕانەوەی ئەم کورتە بیرەوریی ڕاستەقینە و باوەڕپێکراو و جێمتمانانەدا، تا ڕادەیەکی هۆکاری بێئاگایی و نەزانینی ناو و پێناسە و سەربووردەی ناوداران و زانایان و نووسەرانی کوردمان‒بەگشتی‒ بۆ دەردەکەوێ. دیارە ئەو کەسەی دەتوانێ زۆرترین شوێن دابنێ لە سەر زانیاری مناڵان و مێرمناڵان و لاوان و قوتابییان و فێرخوازان و خوێندکاران، بەبێ هیچ شک و گومانێک، موعەللیم و فێرکار و مامۆستایە و بەس. دەی کاتێک موعەللیم و فێرکار و مامۆستا، ئاوا بێئاگا و خەمساردبێ لە بەرانبەر مێژووی زانایان و ناودارانی گەلەکەی و، شارەکەی و، تەنانەت گێرەی لە هەولێرێ بگەڕێ!، دیارە له قوتابییان و فێرخوازان و خوێندکاران و لاوان و تازەلاوان و مێرمناڵانیش، هەر ئەو چاوڕوانییەی دەکرێ کە لە بیرەوەریی سەرەتای ئەم نووسرواوەدا لە زمان فێرکارێک هێنامانەوە!
هەڵبەت دەبێ لێرەدا ئاماژە بە ۳ هۆکاری هەرە گرنگ و هەستیاری دیکەش بکەین:
1. دەور و نەخشی دایک و بابەکان؛ هەر وەک هەموومان دەزانین، دایک و بابی ئێستا، شوکور بۆخودا، زۆربەی هەرە زۆریان خوێندەوارن و بەشی زۆریان شەهادەی زانستگایان هەیە و، ئەمە خۆی لە خۆیدا، بەرپرسیاریەتیی دایک و بابەکان لەم پێوەندییەدا پتر و پتر دەکا؛ بەڵام سەد مخابن لە لایەن دایک و بابەکانیشەوە هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ لەم پێوەندییەدا هەڵناگیرێ؛ بێمشووری و خەمساردیی دایکوبابەکان، بەتایبەت دایک و بابە خوێندەوارەکان، لەم بوارەدا، تاوانێکی گەورە و نەبەخشراوە!
۲. بەداخەوە لە کتێبە دەرسییە هاوپێوەندەکانی فێرگەکاندا، وەک کتێبی دەرسیی مێژووی ئێران و مێژووی سەردەم و مێژووی ئەدەب، ئاوڕێکی ئەوتۆ نەدراوەتەوە سەر ناساندنی کەسایەتییە ناودارەکانی کورد، کە ئەوە خەسارێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە و قەرەبوو ناکرێتەوە. هەرچەند لەم دواییانەدا، لە نێوان وانەکانی کتێبی فارسی دا، وانەیەکی ئازاد دابینکراوە، کە فێرکار دەتوانێ لەوێدا لەبابەت ناودارانی کورد بۆ قوتابییان بدوێ و دوایان لێ بکا لەم بابەتەوە لێکۆڵینەوە بکەن و وتاری پێوەندیدار بنووسن؛ بەڵام سەد مخابن دیسان لەلایەن فێرکاران و موعەللیمانی کوردەوە ئەوجۆرەی پێویستە، بایەخ نادرێ بەم بڕووکە دەرفەت و دەرەتانە کەلتووری و ڕۆشنبیرییەش!!
3. ڕاگەیێنەرە گشتییەکان و میدیاکان، بەتایبەت کاناڵە تەلەفیزیۆنییە کوردییەکان؛ بەداخەوە ڕاگەیێنەرە گشتییەکان و میدیاکان و کاناڵە تلەفیزیۆنییە کوردییەکان‒بە گشتی‒ و کاناڵە تلەفیزیۆنییەکانی ناوخۆ‒ بەتایبەتی‒ و کاناڵە تلەفیزیۆنییەکانی پارێزگا و شارە کوردنشینەکان‒بەتایبەتیترین شێوە‒، لە پلەی هەوەڵدا؛ پڕۆگڕامی تایبەتیی ڕەسەن و سەردەمیانە و شێوازمەند و زانستی و هەمەلایەنە و فێرکارانە و پەروەردەکارانەیان نییە بۆ ناساندنی ناودارانی کورد. لە پلەی دووهەمدا؛ لەم بەرنامانەشدا کە بە هەڵکەوت و بەڕێکەوت، لەم بابەتەوە بڵاوی دەکەنەوە، لە زۆربەی هەرە زۆری بەرنامەکانیاندا جەخت دەکەن لەسەر ناساندنی چەندین کەسایەتیی هەرەناودار و بەناوبانگ، کە ئەگە ئەوانیش نەیانناسێنن، خۆیان ئەوەندە ناسراو و بەناوبانگن کە هیچ کەلەبەر و بۆشاییەک لە بواری کەسایەتیناسیی کوردەواری بەدی نایەت( هەرچەند سەرەڕای ئەوەش، ئەم بەرنامانە هەر دەبێ وەک دەرفەت سەیر بکردرێن)؛ بەڵام پێشهەموو شتێک ئەم کاناڵە تلەفیزیۆنییە کوردییانە دەبێ هەل و دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ناساندنی پەروەردەکارانە و فێرکارانە و سەردەمیانە و شێوازمەندی کەسایەتییە نەناسراو و نیوەناسراوەکانی کورد، کە سەرەڕای ئەوەی خزمەت و ڕاژەی زۆر و زەوەندی کەلتووری و ڕۆشنبیری و زانستی و وێژەیییان کردووە بە زمان و فەرهەنگ و نیشتمانەکەیان، کەچی بەچەشنێک لە چەشنەکان و بە هۆکارگەلێک فەرامۆش کراون و غەدریان لێ کراوە و نەناسراون و نەناسێندراون و دەرفەت و دەرەتانی ناساندنیان نەدراوەتێ.