اجتماعی, اخبار, سیاسی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

دیاری مەهاباد و مەلا غەفوور

ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مەلا غەفوور دەبباغی ناسراو بە "حافزی مەهابادی" (شاعیر) -لەدایک‌بوون: ساڵی ١٣٠۶ی هەتاوی لە سەقز -کۆچی‌دوایی: ٢١ی گەلاوێژی ١٣۶٩ی هەتاوی - شوێنی ناشتن: گردی شاعیران لە مەهاباد.

✍عابید حسەینی

زۆر جار لەم ولەو ورده شێعری گاڵتاویم به ناو ناحەز و جوان له نێو کۆڕی دۆستاندا دەبیست که هین مامۆستا حافزی مەهاباتین. به هەڵکەوت “دیاری مهابادم” له کتێب فرۆشیەک بەر چاوکەوت و کڕیم. ملم له خوێندنەوەی نا.کاتێ سەرەتا و ژیانی ئەم کابرا بستەزمانم دی ،بێزم له چاوەشینەکانی خۆم هەستا. بیری وتەی مامۆستا هێمن له پێشەکیەکەی شەرەفنامەی بدلیسی کەوتمەوە که بۆ مامۆستا هەژاری نووسیوه و ئەفەرموون:” له سەنگەردا ویزەی گولله به لاماندا گیڤەی دەهات. مامۆستا هەژار تۆزێک له جێکەی خۆیی دەبزوا و به گوڕ، خەریکی وەرگێڕانی ئەم کتێبه مێژوویه پڕ له تویکڵاویه دەبوو.” ئێمه بەم کارئاسانیه هەتوانی خوێندنەویشمان نییه.

سەروبەری ئەم کتێبه خۆماڵیه ساکارگۆیەم خوێندەوه. به دەگمەن گرێپووچکەیەک بەربینت دەگرێ بێ گرێ و گۆڵ و ڕەوان ملی لێناوه و به زمانێکی ساکار بەیت و مەتەڵی پڕ به زاری هۆنیوەتەوه.

زمانی ساکار و خۆماڵی هانتدەدا هەموو شێعرەکانی بخوێنیتەوە. ئەم هەڵبەستانه بۆ گفت و لفتی خۆش و قسەی خۆماڵی گەلێک به تام و چێژن و دەکرێ له جانتایی مێشکدا هەڵیانبگریت و له کاتی باس و خواسی ڕۆژانەدا هانایان بۆ ببیت و زارتی پێ تەڕ بکەیت. به ڕاستی ئاو پڕژێنکەی وتەکانت دەکەن و هەڵگرتنیان به قەد ژیانی شاعیرەکەیان ساکاره و تام و چێژی تایبەتیان هەیه.هەموو ی تامی دەردەکانی خۆیی ئەدات. بۆنی ژیانی چەوت و چەوێڵی له سەر و گوێلاکی شێعرەکانی دەبارێ.

جار جار وڵات خۆشەویستی له مابەیین شێعرەکانی خۆیی دەردەخات.
بەهەشته خاکی کوردستان و سەیرانی بەهارانی
نموونەی کەوسەر و ئاوی حەیاتە، چەشمەسارانی.
(بێ چاوی، کاری لەم شێعرەدا نەکردوه.)

ئەی خوێن مژی گەل تا زووه بمره
دەڵێن سەگی هار چل شەوت عومره.

ئیمانی قورس و قاییم به بەشی خودا له نێو گله و گازنده لەو بەشی خودا پێیداوه دژ به یەک دەنوێنن. ناڕازیبوون له بەش خوراوی و ئاستی بەرز و نزمی ژیانی جیاوزی کۆمەڵگا دنەی هەستی ئازار چێشتووی دەدات.

یەکێ تێر دەکا له گۆشت و پڵاو
یەکێ کوێر دەکا به چۆڕێ شۆرباو.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *