سەفەر بۆ سەقز و چەند وردە باسی مێژوویی

- یادداشت: سەیید موحەممەدئەمین واژی ـ مەهاباد چوارشەممە 1ی پووشپەڕی 1404ی هەتاوی
هەوا گەرم، ئاسمان ساف، لە زۆر شوێنی ناو شار، کارەبا جیرەبەندی کراوە، قەیرانی ئاوێ بۆتە دەنگی خەڵک و بەرپرسان، لەم کەش و هەوایە، بیری چونە سەفەر، کەوتە مێشکم، بانگی ئێواڕێی فەرموو، لە مزگەوت ڕا، چوار و پەنجا خولەک لە خزمەت د. شاباز محسینی بەرو سەقز و بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی کۆڕی ڕێزگرتن لە بەڕێز کاک قادر ئەمین قودسی، کەوتینە ڕێ. هاڵاوی گەرمایە لەخوار و سەر دەبارێ. بە هۆی گەرمای تاقەتپروکێن و بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی کەڵک وەرگرەن لە ئاو و بەرق، ۲۳پارێزاگای وڵات داخراون. لە نێوان ڕێ باسمان هاتە سەر کەمبوونی ئاو، بەحری ڕزایە بەرەو وشک بوون دەڕوا، بەرپرسان هەر دەڵێ کەم لە ئاوێ کەڵک وەرگرن، لە حاڵێک دایە حەووت و نیو لەسەدی، ماڵێ کەڵک لە ئاوێ وەردەگرن، دوو نیو لەسەدی کارخانەکان دەکاری دێنننە.
نەوەد لەسەدی مووچەومەزا کەڵکی لێوەردەگرن. بە سێڕای بوڕهان بەرەو بۆکان کەوتینە ڕێ. دیمەنی ئاوایی “دۆستاڵی” و کێوی “قوڵقوڵاغ” منی بردەوە بۆ ژیانی دوو کەسایەتی مەزنی موکریان، بداغسوڵتان، بنیاتنەری سابڵاغ و مزگەوتی سوور و کەسی دووهەم، باوەگەورەی بنەماڵەی قازی، واتە حاجی میرزا موحەممەد. حاجی موحەممەد، زۆر کەوتۆتە بەر دڵی خوالێخۆشبوو بداغ سوڵتان و دەیکاتە دادوەر و قازی سابڵاغ. کاتێ میرزا موحەممەد لەسەفەری حەج دەگەڕێتەوە، دەستحێبەکی عەنتیکەی نارگینی و عەبایەکی جوانی بە خەڵات بۆدێنێ، بداغ سوڵتان دەڵێ: لە شاروێران، سندووس، گەورکایەتی و محاڵ چ گوندێکت پێت خۆشە، هەڵیبژێرە بۆ خۆت و بنەماڵەت، حاجی موحەممەد قازی، دۆستاڵی هەڵدەبژێرێ. نەوەی حاجی موحەممەد بە نێوی حاجی عوسمان قازی، ئەوەندە ئەهلی عیبادەت و خوا پەرەستی دەبێ کە لە پشت کێوی “قوڵقوڵاغ” کە ڕووکارێکی بە دیوی مەهاباد و ڕووکارەکەیتر دەڕونێتە ناو دێی دۆستاڵی، پەرسگەیەک بۆ موناجات و ڕازونیازی خۆی درووست دەکات، کە ئێستاش شوێنەوارەکەی ماوە .[تاریخچه خاندان قاضی در کردستان ایران،۲۲، ۲۳، ۲۴]. لە ناو شاری بۆکان بەرەو سەقز درێژەن بە ڕێگە دا، ئەم جادە گرینگە بوو بە هۆی قەرەباڵغبوون زۆرئاوەدان بوو. ئەوەندەش مەترسیدارە، هەر دوو لایەنەیە. ئەمە هاتوچۆی دوو سێ پارێزگای پێدا دەکرێ.
بە شەقامی مامۆستا مەلا عەبدووڵڵا موحەممەدی، ئیمام جومعەی پێشوو و خۆشەویستی ئەم شارە، بەرەو گەڕەکی شایان و گۆڕستانی کۆنی ئەوشارە ڕۆیشتین، کاک شاباز موحسینی، چۆ سەر گۆڕی باوکی فاتیحای بخوێنێ و منیش بە ناو گۆڕستان دا دەگەڕام زۆریان ئی سی چل ساڵ لەمەو بەر بوون. لە گەڕان بەناوی شاری خامۆشان، چاووم بە گۆڕی شاعیری ناسکخەیاڵ، مامۆستا “خەمین” کەوت و فاتیحایەکم ڕەوانەی ڕووحی بەرزی ئەم مامۆستا بەڕێزە کرد. مامۆستا “مهلا عهلی سهعدی” ناسراو بە “خهمین ” ساڵ ۱۳۰۰ ههتاوی له گوندی “سڵێمان کهندی” له ناوچهی فهیزوڵڵابهگی سهقز لهدایک بووە.
مامۆستا، دیوانه شێعرێکی له پاش خۆی بهجێهێشتوه که بەشێکی لە لایان بنەماڵە و بە هاوکاری کاک شاباز بڵاوبۆتهوه، هەندێ شێعری هێستا نەکەوتوونەتە بەر دیدی خوێنەران. مامۆستا له شێعره کوردیهکانیدا نازناوی “خهمین ” وله فارسیهکانیدا “حهزین” ی بۆ خۆی داناوه ههر بۆیه له فارسیه کاندا دهفهرمێ:
بسی درد و بسی درمان چشیدم بسی هجر و بسی حرمان کشیدم
ندیدیم غیر حزن و ناله و اه تخلص را [حزین] من برگـــــزیدم
مامۆستا خەمین، پاش چەند ساڵ خزمەت لە ئاوایییەکانی سەقز وەک سونەتە، باژبڵاخ، زێویە، قۆزڵوو و ساڵی ۱۳۶۲ کۆچی ھەتاوی لە گەڕەکی شانازی شاری سەقز دەگیرسێتەوە و مزگەوتی سەلاحەدینی ئەییووبی دروست دەکات. ئەم شاعیرە کوردە لە زستانی ساڵی ۱۳۶۳ کۆچی ھەتاوی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی گەدە دەبێت و لە گەڕانەوەدا لە شاری تەورێز بۆ سەقز، لە شاری بۆکان دڵی لە لێدان دەکەوێ و کۆچیدوایی دەکات، تەرمەکەی لە سەقز و لەم گۆڕستانە ئەسپەردەی خاک دەکرێت. [پێشەکی دیوانی مامۆستا خەمین].
دیارە، ئێستاکە مردۆکان دەبەنە گۆڕستانی “ئایچی” هەڵکەوتوو لە ڕێگای چوونە بانە. لە گۆڕستاندا بوین، بانگی شێوانی فەرموو. هاوڕێ لەگەڵ کاک شاباز بەرەو ماڵی مامۆستای خانەنشین، ڕێزدار کاک ڕەشید بابامیری چوین. کاک ڕەشید گێڕایەوە: تەمەنم هەڤدەساڵ دەبوو، چوومە خزمەت حەزڕەتی شێخ عوسمان بیارە، نەبزی دەستی گرتم و فەرمووی: ناڕەسایی قەلبت هەیە، ترشی سماق مەخۆ. منیش نەم خوارد، تا ئەم چەند ساڵانی بەساڵاچونی تەمەنم، دۆستێک کوتی: فڵانی ترشی سماق بۆ تۆ باشە، ڕۆژی دوو سێ کەڕەت بە قامکی تامەکەی بخە سەر لێوانت، منیش ئەم ڕاسپاردەی شێخ عوسمانم لەبیر مابوو، دە دڵی خۆم دا کوتم ئەم ڕاسپاردەی وی بۆ ئەوکات و تەمەنی لاویم بووە، ماوەیەک ئەم ڕسپاردەی دۆستم جێبەجێ دەکرد، تا نەخۆش کەوتم و بریانمە نەخۆشخانە و دوکتۆر کوتی: باوکتان ناڕەحەتی قەلبی هەیه، دەبێ لەم دەرمانە و لەم و لەو کەڵک وەرگرێ، ڕاسپەردەی شێخم هاتەوە بیر و سماقم فڕێ دا و شوکری خوا چاک بوومەوە.
دوای نان و چا خواردن لەخزمەت خانەخوێ، بەرەو کۆڕی ڕێزنان، وەڕێکەوتین کە هەڵکەوتوو لە کافە ڕێستۆڕانی شاین، نزیک بە هوتێل کورد بوو. دەبێ کاتژمێر ۹ی شەو بەڕێوە بچێ. نزیکی ۹و۴۵خولەگ گەیشتنێ، پێمان وابوو، وەک دابی هەمیشەیی دانیشتنەکە بە درەنگەوە دەستپێدەکات. گەلێ جار هەبووە یەک کاتژمێر دوای ڕاگەیاندن دەستی پێکردووە، کاتی چوین، خاتوو فاتیمە حیجازی وتاری پێشکێش ئامادەبووان دەکرد، دیارە ئەم کۆڕە بە مەبەستی ڕێزلێنان لە کاک قادر ئەمینقودسی، نووسەر، وەرگێڕ و چالاکی فەرهەنگی، بەڕێوە دەچێ. بە گەرم و گوڕی پێشوازیان لێکردین و کاک فەردیدوون خالیدی تەشریفی هێنا و فەرمووی: فڵانی پێمان خۆشە ئەگەر بابەتێک بە پێویست دەزانی لە خزمەتان دابین.
ئەم کۆڕە بە پێشکێشکاری، د. سارۆ کەریمی ئاوا بەڕێوە چوو، وتاربێژان: عیرفان ساحێبی، کاک موحەممەد سدیقی، خاتوو فاتیمە حیجازی، د. شاباز موحسینی، خاتوو کەمەند ڕەحیمزدادە، بەندە(سەیید موحەممەدئەمین واژی) لە خزمەتیان دابووم و عەرزم کردن، دیارە من ساڵی ۱۳۹۹ی هەتاوی ئەم کتێبە، واتە موکریان و ڕووداوەکانی لە دەورانی سەفەوییە بەملاوە خوێندۆتەوە. بە بڕوای من بەشێکی وەرگێڕان و بەشێکی کاری نووسەرە، وێنایەکی جوانی خوڵقاندوە، خوێنەر لەگەڵ خۆی دەباتەوە سەدان ساڵ لەمەوبەر، بە تایبەتی پێشەکێکەی بەلامەوە گرینگە کە باس لە سەیفەدینخانی موکری دەکات کە بەدەم خەڵکی دڤەری موکریان دێت، کاتێ هەواڵی بۆ دێ خەڵکی ئەم ناوچەیە لە لایان قزلباشان قەڵاچۆ دەکرێن و پەنا دێنن بۆ دارستانەکانی سەردەشت و بانە بەڕێزیان لە شارەزوور ڕا بەدەم هانای ئەم خەڵکە دێ، یەکێتر لەکەسایەتێکان “ساڕەمبەگ” ئەم کەسایەتیەی چوار کەڕەت لەگەڵ قزڵباشەکان ئاوقای شەڕێ دەبێ، کوڕ و برای لە ناو دەچن، بەڵام بۆ پاراستنی ناسانەمەی گەلەکەمان، کە بریتیە، لە مێژوو، کلتوور، ئایین و مەزهەب، پاشەگەز نابێ و پەنا بۆ قەڵای سارم دەبا کە مێژۆوی ئەم قەڵایە بۆ بەر لە ئیسلام دەگەڕێتەوە. لە کۆتاییدا بە لشکری دوازدە هەزار کەسی دەتوانێ. قزڵباشەکان تا ڕەشەکانێی نزیک ورمێ ڕاونێ. جارێ تر دریازی وەک پێتەختی خۆی هەڵدەبژێرێ، لە کاتی ماڵاوایی لە ژیان دەڵێ: لێرە، بە خاکم بسپێرن تا سیلەیەکی چاوم لە قەڵای سارم و سابڵاغ و ئەوەی ترم لە دەشتی شاروێران بێ. ئەم شوێنە لە وروودی ناوی شار مەهاباد و کەڵکی بەگزادان، کە دەبێ گڵکۆی بەگزادان بێ هەڵکەوتوە. دەبێ بڵەم دووکەس لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، یەکیان بە قەڵەم واتە مامۆستا مەلا ئەبووبەکر موسەنیف لە مەریوان و ساڕمبەگ بە قەدەم لە موکریان. لە کۆتاییدا دەست خۆشی لە کاک قادر دەکەین ئەم لاپەڕەی مێژووی ئێمەی بۆ جیلی لاو و خوێنەران هەڵداوەتەوە، یەکێکە لە خاڵە بە هێزەکانی ئەم کتێبە، ڕیفڕێنس و سەرچاوە دراوە. لەبەر ئەوەی کاتەکە پێنج خولەکە هەمووتان بە خوای میری مەزن دەسپێرم. دوای من حاجی فاتیح مەهدەوی، دوایی کاک ئیرەج کەیخوسرەویی دیکلەمە شێعر. پاشی بەڕێزیان کاک قادر ئەمین قوودسی. دوایی پێشکەش کردنی خەڵات لە لایان ناوەندی وریشە و دۆستان.
مامۆستا قودسی خاوەنی چەند بەرهەمە، کە یەکێ لە بەرهەمەکانی:موکریان و ڕووداوەکانی سەردەمی سەفەوێکان. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بریتییە: لە ۲۶ ڕووداوی گرینگ، وەک: ساڵی گرانی قەدیم – ساڵی گرانی دوایە – ساڵی هەمزاغای مەنگوڕ – ساڵی مەلا خەلیل – ساڵی کچە هەرمەنی – ساڵی سمایل ئاغای سمکۆـ ساڵی جیلۆیە – ساڵی فەریق پاشا – ساڵی هەڵات هەڵاتێ – ساڵی سێڵاوێ – ساڵی ڕۆژ گیرانێ – ساڵی دێموکڕاتێ، لە ۲۵۶ لاپەڕەدا لە سەر دەمی دەسەڵاتداری ئمپڕاتووری عوسمانییەکان و حکوومەتی سەفەویەکانەوە بەملاوە کە ڕێکەوت: ۱۰/۱۱/ ۹۹ هەتاوی(چاپەمەنی ناوەندی گۆتاری سەقز) بۆ جاری دووهەم بڵاوی کردووە.
بەڕێز کاک فەریدوون خالیدی وەک بەڕێوەبەر ڕووی لە من کرد و وتی: ئەمە ڕێنوێنی حاجی عەلی نادری بەرپرسی “جەماوەری زاگڕۆس”ـە و ئەزموونی بەڕێزیانە لە مەهاباد، ئێمە بە شێوەیەکی تر دەیبەینە پێشێ، دیارە ئەنجومەنی زاگڕۆس بۆ ڕێزلێنان دەچنە ماڵەکان بەڵام ئێمە لە شوێنەکی وەها کۆدەبینە و بەڕێوەی دەبەین و ئەمە شەشەمین کۆڕە بەڕێوە دەچێ، دوای ئەمە دەمان هەوێ مانگێ کۆڕەکی ڕێزلێنان هەبێ، ئەمجارە بۆ بەڕێز کاک ئەمین گریدیگلانی دەبێ. لە ساڵۆن هاتینە دەرێ و لەبەر دەرگا چەند وێنەیەکی یادگارین کێشا.
هەندێ لەم کەسایەتیانەی لەم ڕێوڕەسمە بەشداریان کرد، کاک شاباز موحسینی ئاماژەی پێ فەرموو: کاک ڕەسووڵ میرزاپوور، مامۆستای موسیقی، لیسانسی موسیقی هەیە و دەبیری خانەنشنینە. پیاوێکی زۆر با ئەخلاق و ئیماندارە، حۆم لێم بیست کوتی: هیچکات بەبێ دەستنوێژ دەستم بۆ ئالاتی موسیقی نەبردووە. کوڕەکەشی کاک ئازاد میرزاپوور، لە تاران وەک کەسایەتێکی موسیقی ناسراوە و هاوکلاسی کوڕی شەجەریان بووە. کچکەشی، خاتوو فڕووخ کە ئێستا لە دەرەوەیە و مامۆستای موسیقیە. زاواکەی کاک سەلاح میعمار زادە، بەگشتی بنەماڵەیەکی موسیقیزانن. هەر وا لە کەسایەتێکان، بەڕێزان کاک “حامید فائیز”، بەڕێز سەیید هاشمی، کاک عەتا حەبیبی، کاک ئیسماعیل پاشایی مامۆستای تائاتر و چەند کەسایەتی تر.
ناساندنی کاک قادر
داوام لە کاک قادر کرد کورتەیەک لە ژیانی خۆمان بۆ باس کا، فەرمویان: بەناوی گەورەناوی بێ هاوتا، من قادر ئەمین قودسی ساڵی هەزارو سێ سەت و سی و یەکی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووم. شەش ساڵی سەرەتایی و سێ ساڵی ناوەندیم لە مەهاباد تەواو کردووە و بۆ سێ ساڵی دواناوەندیش چوومەتە هونەرستانی کەشاوەرزی لە شاری ڕەزاییە واتە شاری ورمێی ئێستا. ساڵی هەزار و سێ سەت و پەنجاویەک لەوێ دیپلمم وەرگرتووە.ساڵی پەنجاودوو بۆ بەجێهێنانی ئەرکی سەربازی بووم بە سوپای ترویج و ئاوەدانی لە ئاوایی ساحب سەر بە شاری سەقز کە ئێستا بووە بە شار. پاش تەواو کردنی ئەرکی سەربازی ساڵی هەزارو سێ سەت و پەنجاو و چوار لە ئیدارەی پەروردە و بارهێنان واتە ئامووزش و پەروەرشی شاری سەقز بە مامۆستایی دامەزرا و پاش سی ساڵ خزمەت،ساڵی هەزار و سێ سەت و هەشتاو دوو خانە نشین کرام. ساڵی هەزارو سێ سەت و حەفتاوچوار بۆ پەرەپێدانی زانیاری واتە ئیدامە تەحسیل بە ماوەی چوار هاوین چوومەتە دانشسرای شەهید باهنری ئیسفەهان و لەوێ فوق دیپلمم وەرگرتووە. لە دەوروبەری هەشتاکانەوە دەستم کردووە بە نووسین و وەرگێڕان. حاسڵ و بەرهەمی ئەو چەندساڵە چالاکییە فەرهەنگییە بریتییە لەو چەند بەرهەمە کتێبانەی خوارەوە.
۱- هەوەڵین بەرهەمم کتێبی موکریان و ڕووداوەکانە کە بریتییە لە ۲۶ ڕووداوی گرینگ کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری عوسمانیەکان و سەفەوییەکانەوە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوویان داوە.ڕووداوەکان بریتین لە: ساڵی گرانی قەدیم،ساڵی گرانی دوواوە،ساڵی کچە هەرمەنی،ساڵی مەلاخەلیلی،ساڵی هەڵات هەڵاتێ،ساڵی سمایل ئاغای سمکۆ،ساڵی سێڵاوێ،سڵای ڕۆژگیرانێ،ساڵی دێموکڕاتێ ئیلائاخر.
۲-دووهەمین بەرهەمم کتێبی سینوهە پزشکی تایبەتی فیرعەونی میکاڤاڵتاری فنلادییە کە بەڕێز ئوستاد زەبیح اللە مەنسووری کردوویە بە فارسی و منیش وەرم گێڕاوەتە سەر زوانی کوردی لە دوو بەرگ و ۹۴۵ لاپەڕەدا.
۳- سێ هەمین بەرهەمم کتێبی گزنگی هەتاوە کە بریتییە لە پێنج هەزار پەندی پێشینیان و کینایات و قسەی نەستەق و تەوس و ناونیتکە و خوراف و ئیعتیقادات و بیر و بڕوا لە ناو کۆمەڵگادا.
۴-چوارەمین بەرهەمم وەرگێڕانی کتێبی حافز و شاخ نەباتە لە زوانی فارسییەوە بۆ کوردی.
۵- پێنجەمین بەرهەمم کتێبی گاڵتە و گەپە کە بریتییە لە کۆمەڵێک قسەی ناو کۆڕ و مەجلیسەکانە.
۶- شەشەمین بەرهەمم وەرگێڕانی کتێبی دایکم دووجار گریای ئاغای ئیبراهیمی یونسییە لە فارسییە بۆ زوانی کوردی.
شایانی ئاماژەیە کە سێ چوار بەرهەمی دیکەشم بە نیوە و ناتەواوی لەبەردەستە وەک حەمەتاڵی بانە کێ بوو، بەسەرهاتی فاتم و مینەگەزۆ، بیوگرافی تاقمێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی کورد وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە تورکیە هەروەها شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر لە سولیمانی و هەروەها هێندێک لە بیوگرافی و بیرەوەریی و ژیاننامە و بەسەرهاتی خۆم. شایانی ئاماژەیە کە لەو چەند بەرهەمە توانیومە ئەم سێ کتێبی موکریان و ڕووداوەکان و سینوهە و گزنگی هەتاو بە چاپ بگەیەنم.لە خواداوا دەکەەم عومر ئەوەندە مەودام بدا تا ماوم بتوانم ئەوانەی تریش بەچاپ بگەیەنم و بیانخەمە بەردەست هۆنەران و هۆگران و هەروەها ناو کتێبخانەکانەوە.
دوایی بەڕێزان، کاک ڕەشید بابامیری، کاک بەهائەدین قوڕئانی کاک عەباس کەریمی و کاک کارن ئەحمەدزادە، خوشکەزای کاک شاباز موحسینی. تا درەنگانێکی شەو لە نزیک ئەم کافیشاب و گەلێ قسەی جوان و مێژووی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران تاوتوێ کرا. بۆ نووستن چوینەوە ماڵە کاک بێهزاد ئەحمەدزادە.
بەیانی دوای هەستان لە خەو ڕاستەوخۆ چوینە دوکانی ویرایشی زۆرێک لە کتێبە چاپ کراوەکانی ئەم دەڤەرەیە، بەڕێز کاک ئومید موقەددەسی، کە بەداخەوە تەشریفی لەوێ نەبوو پێوەندین پێوەگرت و فەرمووی بەرەو جوانڕۆ بۆ پرسەی قوڕئانخوێنی بە ناوبانگ کە ڕۆژی شەممە ۲۸ی پووشپەڕی ۱۴۰۴ی هەتاوی، کۆچی دوایی کردوە دەچین، بەڕێز خوالێخۆشبوو دکتۆر ئەمیر موستەفایی ئەندامی جەماعەت و لە چالاکانی قوڕئانی و وەرزشیی ناوچەی هەورامان بووە کە بەهۆی وەستانی دڵ کۆچی دوایی دەکات. خوالێخۆشبوو موستەفایی، تەمەنی بەبەرەکەتی لە ڕێی خزمەت بە قوڕئان و فێرکاری و ڕاهێنانی ڕەچەڵەکی داهاتوو بەسەر برد، هەمیشە نموونەی ڕەوشت و ئەخلاق بوو بۆ قوتابییەکانی.
بەرەو پارکی مەولەوی وەڕێ کەوتین. یەکێ لەم شتانەی لە دیواری لای پردی ناسراو بە “جاڵجاڵۆکە” وێنا کرابوو ئێلێمانی بەرهەمی هەندێ لە نووسەران، زانایان و لێکۆڵەرانی سەقزی بوو، بە ڕەنگ و وێنایەکی جوان سرنجی هەر ڕێبوارێکی بۆ لای خۆ ڕادەکێشا کە بریتی بوون لە: ۱ـ “کردستان و سقز در گذر زمان” نویسنده: محسن صدیقی. ۲ـ “بنیاد جهان شاخه: متافیزیک”نویسنده: مک میلان، مترجم: محمد رسول شیرازی. ۳ـ “خاطرات من” نویسنده: عبدالله ناهید. ۴ـ «دیوان آوات» نووسەر سەید کامیل ئیمام زەنبیلی.۵ـ “سفرنامه عبدالمجید ملک الکلام “مجدی” شاعر و ادیب نامدار کرد. ۶ـ “بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا ئیمامی” نووسەر: موحەممەد ئیمامی. ۷ـ “دیوانی خەمین”نووسەر: مامۆستا مەلا عەلی سەعدی. ۸ـ “پژوهشی در برخی از شیوههای بیان قرآن کریم” نویسندە: دکتر محمد فاضلی. ۹ـ “کتاب خواندن و نوشتن کردی به زبان ساده (رینووسی کوردی)” نویسنده : عطا برفی. ۱۰ـ “کتاب تاریخ ادبیات فرانسه” نویسنده: دکتر افضل وثوقی.۱۱ـ “سڵ و ترسی سەقز” نووسەر: حاج مصطفی تیورزاده، وەرگێڕ: مامۆستا نافیع مەزهەر. ۱۲ـ “گرد و کۆ” نووسەر: نافیع مەزهەر. ۱۳ـ “نظری به کردستان و دیداری با شعرای کردستان” نویسنده: خالد خاکی. ۱۴ـ “مێرگۆڵانی ژین، بوستان به کوردی”. نووسەر: عومەر صالحی صاحب ۱۵ـ “نوروز در کردستان” نویسندە: مصطفی کیوان. ۱۶ـ “نگاهی به تاریخ و فرهنگ کردستان”نویسنده: عمر فاروقی.
سەیرانگای مەولەوی
لەگەڵ کاک شاباز بۆ هەندەک پەیاسەکردن چوینە سەیرانگای مەولەوی کورد، ئەم سەیرانگایە یەکێ لە سەیرانگاکانی گەورەی پارێزگای کوردستانە، لە قەڕاغی چۆمی سەقز و بیست هێکتار دەبێ. سەرەتا، بەشێوەی دارستان بووە و دوایی لە ساڵی ۱۳۴۴ی هەتاوی کراوەتە سەیرانگا. کتێبخانی ناوەندی شار و کۆتەڵی مامۆستایانی گەورەی کورد وەک: نالی، مەحوی و مەلکولکەلامی مەجدی، بە دەست مامۆستای هونەرمەند کاک “هادی زیائەدینی” چێکراوی کە ئەوەندەی تری ئەم سەیرانگایە ڕازاندۆتەوە.
ئەم سەیرانگایە، دیدی هەر ڕێبوارێک بەرەو خۆی ڕادەکێشێ، لەگەڵ ئەوەی سەقز بەشی زۆر شاخ و قەڵایە، جێی خۆیەتی ڕێبواری شاری لە مێژینەی سەقز، سەر لەم سەیرانگایە هەڵێنن.
عیماڕەتی حاجی سدیقیان
لە میانەی دیدارەکەمان. بۆ دیتنی عیماڕەتی خوالێخۆشبوو حاجی عەبدووڵڵا سەدیقیانی، ناسراو بە عیماڕەتی کەمانگەر کە بۆ سەردەمی قاجارەکان دەگەڕێتەوە، لە سەیرانگای مەولەوی بەرو قەڵا چوینە سەرێ. ئەم بینا و عیماڕەتە شکۆدار لە ناو دڵی شاری سەقز و شەقامی لێواری چۆم و نزیکی گۆڕەپانی ئازادی هەڵکەوتووە. ئەم عیماڕەتە تێکەڵاوێکە لە نژیارفانی(معماری) شێوازی ئێرانی و ئوڕووپایی، خاوەنی هەیوان، دیوو، ژێرخان، شوێنی میوان و حەسارێک بە حەوزخانەیەکی گەورە. ئەم بینایە لە دوو نۆهۆمدایە، و هەر نۆهۆمەش پێنج کۆڵکەی و نۆهۆمی سەریش هەیوانێکی جوان کە دەڕوانێتە پێدەشتی سەقز و ڕووباری ئەم شارە. بەداخەوە نەلوا بچینە ژوورێ. د. شاباز؛ کوتی: حاجی سەدیقیان پیاوێکی دەستپاک و دڵپاک و خۆشنێوی شاری سەقز بووە، زۆر پیاوێکی بەدین و دینخۆشەویست بووە، دووکەڕەت بە پێیان چۆتە زیارەتی کابەتوڵڵای پێزۆز. لە درێژدا ئاماژەی کرد کە بڕیارە ئەم بینایە، لە لایان شارەداری بکڕدرێتەوە، بکرێتە خەڵکناسی، شوێنی پاراستنی ئاسەوارە مێژوویەکان و عەنتیکەخانەی شار و شوێنێکی گەشتیاری. ئەم بینایە دوایی فڕۆشراو بە بنەماڵەی کەمانگەر بۆیە بەم ناوە ناسراوە.
مزگەوتی دێمەکاڵان
لە میانەی دیدارەکەمان یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویی و کۆنانەی کە نێوبانگەکەی زۆری دەرکردوە و بەدرێژایی مێژوو، بەرز و بەڕێز ڕاگیراوە، گەڕەک و کۆڵانێکە بە نێوی دێمەکاڵان کە کەوتۆتە سووچی باشووری شارە کۆنەکەی سەقز، بەرامبەر بە پارکی شار واتە مەولەوی و لە لێوارەی شەقامی ساحیلیدا بە درێژایی چۆمەکەی سەقز شان بە شانی ئەم ڕووبارە پڕ ئاوە تا بەری ڕۆژەهەڵات شار درێژەی هەیە.
چوینە بەردەرکی مزگەوت کاتژمێر دە و بیست خولەک دەبوو داخرابوو، دیارە وەک کۆن نەپارستراوە و نۆێژەن کراوەتەوە، تەواو دەستی تێوەردرابوو، بە پێی بەڵگە مێژوویەکان و بەوجۆرەی کە لە لەوح و نووسراوەیەکی هەڵاوەسڕابوو لەسەر دەرانەی مزگەوتەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە تەمەنی ئەم مزگەوتە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ۲۴۰ ساڵ.
شاعیر و نووسەری سەقزی، مامۆستا ئیحسان ئەخەوان، لە لێدوانێک لەگەڵ مامۆستای دەنگبلاوێنی مەهابادی، کاک عومەر ڕەسولی کە لە کاناڵی تێلگڕامی سەقزڕووداو بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ: ئەمەی لەم گەڕەک و کۆڵانەیە مێژوویەدا شایانی سرنجێکی تایبەت و تێبینێکی وردانەیە، حەوزوو و مزگەوتێکی کۆنی و بە تەمەن ۲۴۰ساڵەیە کە وەک نەقیمێک بەسەر ئەم گەڕەکەدا دەدرەوشێتەوە و نێوی خۆی ئاوێتەی نێوی دێمەکاڵان کردووە بە شوێن و ناوەندێکی ئایینی پیرۆز و تایبەت، لە ناوچەدا ناسراوە. سەرەتای درووست بوونی ئەم مزگەوتە دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە ۲۴۰ساڵ لەمەو بەر و دووهەم مزگەوتی درووستکراوی شاری سەقز دێتە ئەژمار،، پاش مزگەوتی دوو مەنارە کە یەکەم مزگەوتی سەقزە و پاڵی وەباڵی قەڵا کۆن لەمێژینەکەی ئەم شارە، ئەم قەڵایە وەک هێمایی مێژوویی لە نێوەڕاستی شاردا سەری بەرز کردۆتەوە و خۆ دەنوێنێ” لە دڕێژەدا دەڵێ: ئاوی حەوزی دێمەکاڵان لە کانێکی بەردینی پڕ ئاو هەڵدەقوڵێ.
لەم یانە دیدارەکەدا، کاک شاباز موحسینی کوتی: محەممەد ڕەسوول شیرازی، شاعیر، نووسەر، وەرگێر، لە ئاخرین ساڵەکانی ژیانیدا لە مزگەوتی دێمەکاڵان(دێمەکاران) لە شاری سەقز قورئانی فێر خەلک و بە تایبەت گەنجەکان دەکرد و ھانی خەلکی دەدا بۆ کەلک وەر گرتن لە ڕێنەمایییەکانی قورئان. شیرازی لە ساڵی ۱۹۸۹ زایینی کۆچی دوایی کرد.
بۆ ڕێزلێنان لە خزمەتەکانی شیرازی بە پێشنیاری بەڕێزیان(شاباز موحسینی) شەقامێک لە شاری سەقز بە ناوییەوە کراوە.
مزگەوتی مێژووی دوومەنارە
کاک شاباز پێوەندی بە مامۆستا مەلا ناسر زیارەتی وانەبێژ و پێشنوێژی مزگەوتی مێژوویی دوو مەنارە گرت، کە دێینە خزمەتی. کاتژمێر دە و نیو گەیشتینێ، دەرگای مزگەوت ئاوەڵا کرابۆوە، مامۆستا ناسر لە ناو ژووری مزگەوت قەدەمی لێدەدا و چاوەڕێی ئێمە بوو، بەر لە چاکوخۆشی چوینە شوێنی دەستنوێژ گرتن و دوو ڕەکعەتی تەحیەتوولمەسجیدن خوێند، دیمەنی دیواری نزیک یەکگەز و نیوی، خشتی سوور، دارینەی کۆڵەکە، میچ و پەنجەرەکان منی بو دەیان ساڵی ڕابردەوو بردەوە، دەبێ چەند زانا، بلیمەت، شەرعزان و توێژەران و گەورەپیاوانی کورد لێرە دانیشتبن، دەبێ چەندها فەقێ چۆکیان دادابێ و گوێچکەیان بۆ وانەبێژان هەڵخستبێ، دەبێ چەند عارف، زانا و دەسەڵاتدارانی ناوچە و وڵات سەریان لەم شوێنە هەڵێنابێ، کاروباری کۆمەڵگایان ڕاپەڕاندبێ. لەکۆڵ ئەم دەبیانە بوومەو ئاە و ئاخێکم هەڵکێشا و هەندێ لەگەڵ خوای خۆم ڕازونیاز و هەندێ لەبەری پاڕامەوە، سوکنایەک کەوتە ناو دڵمەوە، دوای سڵاو دانەوە، لەگەڵ مامۆستای خۆشسیما تۆقە و هەواڵپرسیمان کرد.
بە پێی بەڵگە مێژوویەکان و بەوجۆرەی لە لەوح و نووسراوەیەکی هەڵاوەسڕاوو لەسەر دەرانەی مزگەوتەکە ئاوادەڵێ: مزگەوتی دوو منارەی سەقز بەهۆی ئەو دوو منارەی خۆرهەڵات و خۆرئاوای هەیەتی، هەر لەمێژە بە مزگەوتی دوو منارە ناوبانگی دەرکردووە.
هەرکەسێک کە دەچێتە سەردانی سەقز، لە یەکەم بینیندا ئەو مزگەوتە سەرنجی بۆ لای خۆی رادەکێشێت.
تائێستا بە روونی دیار نییە کە ئاخۆ مزگەوتەکە لە چ سەردەمێکدا دروستکراوە، بەڵام بە زۆری باس لەوە دەکرێت کە لە کۆتایی سەردەمی ئەفشارییەکان و سەرەتای زەندییەکاندا لەلایەن شێخ حەسەن مەولاناواوە دروستکراوە. ئەفشارییەکان لە ۱۷۳۶ بۆ ۱۷۹۶دا لە ئێراندا حوکمڕانیان کردووە. باس لەوەش دەکرێت کە نادر شای ئەفشار چەند دیارییەکی بۆ شێخ حەسەن مەولاناوا ناردووە. شێخ حەسەن وەک بنیاتنەری ئەو مزگەوتە ناسراوە و زانایەکی سەردەمی خۆی بووە. جگە لەوەی زانایەکی ئایینی بووە، لە بواری فەلەکناسیشدا زۆر بەتوانا بووە و رۆژژمێری تایبەتی بە خۆی هەبووە. هەروەها قورئانێکی دەستنووسی هەیە لە مەولانا.
لەگەڵ مامۆستا مەلا ناسر هەندێک لەبارەی ئەم مزگەوتە دواین و پرسیارم کرد، ئەرێ مامۆستا گیان! ئەمە کە لە میحڕابەکە بەدەرەوە چەند گەزێک چۆتە پێشێ، وەک بەرهەیوان و خاوەن میحڕابی چییە؟ فەرموویان: وەک دەڵێن کاتی گەرما هاتوونەتە ئەم بەرهەیوانە و نوێژیان لێ خوێندوە ئەم شوێنەش کە وەک میحڕاب وایە جێگای مامۆستا بووە. کوتم: دەنا دە زەینی خۆم دا دەمکوت: ڕەنگبێ وەک شوێن ڕاگەیاندن و وتاری مامۆستا یا گەورە پیاوان بێ، کە دەڕوانێتە پێدەشتی قەڵا. لەبەر ئەمە مزگەوتەکە پشتی بە قەڵاوەیە و خەڵکەکە لێرە چاوەڕێی بڕیار و وتار بوونە. مامۆستا لەدرێژەدا کاتی: ئەم مزگەوتە کۆنترین مزگەوتی ئەم شارەیە و کاتی خۆی نوێژی هەینی تێدا بەڕێوە چووە.
کوتم: ئەی مامۆستا! ئەم بەشە لە قونیسکی خواڕێی مزگەوت، کە سی چل سانت بڵیند حەووت لە سێ دایە بۆ چییە؟ فەرمووی: وڵا لەسەر ئەم سەکۆیە لەناو ژووری مزگەوت قسە زۆرن، هەندەک دڵێن: شوێنێک بووە بۆ هەژار و بێکەس و لێقەوماوان، کە خەڵک یارمەتی داوون، لێرە ماونەتەوە. هەندەکیش دەڵێن: بۆ لابردنی کێشەی کۆمەڵایەتی دانراوە و لێرەوە باسەکەیان درێژە پێداوە. بڕێکیش دەڵێن: بۆ منداڵ و مێرمنداڵ بۆوە کاتێ هاتوونەتە مزگەوت، بۆوە ڕیزەکەیان لە گەڵ نوێژخوێنان ڕێک و پێکبێ و بتوانن پێشنوێژی ببینن، درووست کراوە. مامۆستا لە درێژەی لێداوانەکەی لەسەر ئەم مزگەوتە فەرمووی: سەد و پەنجا ساڵ لەمەو بەر زانا و خواناسێکی گەورە لێرە بووە، بە ناوی مامۆستا “مەلا سەیید عەبدوولحەکیم گوڵچەرموو”، وەک دەڵێن خەلیفەی کاک ئەحمەدی سلێمانیە بووە، من لە نوسراوەیەک بە واژووی زانایانی سەقز، دیومە کە فەرمویەتی: من خەرج مامۆستای وانە بێژ و فەقێکان ئەم مزگەوتە دەدەم. ئێستاش گۆڕەکە لێرە وەک مەزارگە پارێزراوە.
باسمان لە کەشوهەوای ڕووحی ناو مزگەووت کرد، مامۆستا مەلا ناسر فەرمووی: من چوار ساڵ قوتابی و فەقێی خەلیفە مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیمام، بەر نوێژی “خانەقای شێخنەجمەدین” سەقز بووم، خوا دەرەجاتی عالی کا، من لەم چوار ساڵە، بێشەرعێکم بەم زانا و عارفە گەورەیە نەدیت، مامۆستا دابی وابوو پێشنوێژ دابستن ئەوڕادی وەک دە کەڕەت، سبحان اللە، لا اله الاا لله، الحمدللە ، الله اکبر و استغفرالله دەخوێند و دوای دوو ڕەکعەتە سوننەتەکە نوێژی دادەبەست. جارێک ئەوڕادی پێش نوێژی ئێوارێی نەخوێند و دوو ڕەکعەت سوننەتەی کرد و نوێژی ئێوارێ و زیکرەکانی خوێند و پاڵی وە کۆڵەکەکەی داوە، دە دڵی خۆم دا کوتم: ئەمە یەکەم کەڕەتە ئەمەی دەبینم. چوومە خزمەتی و فەرمووی مامۆستا ناسر ئەوڕادەکانم بەڕێوە خوێند و کوتم با بۆ دەرسەکە درەنگ نەبێ. جارێ، کۆمەڵێ خەڵک ئەم پرسیارەیان لێکرد، کە قوربان چۆنە ئەم مزگەوتە قەدیمیانە سوکنایەکی تایبەتیان تێدایە؟ فەرمووی: کاتی خۆی ئەگەر مزگەوتێک بینا دەکرا دایکان و خوشکان و پیاوەکان کام پوڵ و ماڵ حەڵاڵ با، بۆ بینای مزگەوت دایان دەنا، دوایش بەننا و کاریگەر بەر لە چوونە سەرکار، دەستنوێژیان هەڵدەگرت”. منیش عەرزم کرد مامۆستا گیان ئەم گێڕانەوە لەسەر مزگەوتی سووری مەهابادیش هەیە، کە بەننا و کارگەر بە دەستی دەستنوێژ کاریان کردووە و جیا لەمەش، لە بیننای مزگەوت پەلە نەکراوە و زوو تێکی وەرپێچن، وەک دەڵێن: مزگەوتی سووری مەهاباد بە پازدەساڵ درووست کراوە، لەم قسانە دابوین، کوتی: ئەرێ مامۆستا واژی، مامۆستا سەیید موحەممەد واژی پیرانشار چی تۆ بوو؟ کوتم: بابمە، من موحەممەدئەمین و باوکم موحەممەد. کوتی: هەر بەڕاست!؟. عەرزم کرد: بەڵێ! باوەڕکە مامۆستا گەش گەش بۆوە، لە شادی، ئەسرین لە چاوەکانی قەتیش بوو. بە هۆگرێکی زۆرەوە دیسان دەستمان دە دەستی یەک نا. زۆر دووعای خێری بۆ باوکم کرد و چەند بیرەوەری لەم زانا و خواناسە گێڕایەوە. فەرمووی: من ساڵی ۱۳۷۱ لای بەڕێزیان فەقێ بووم و کتێبی “موختەسەر” لە زانستی بەلاغەم لە لا دەخوێند، هێزی تێگەیاندنی زۆر بە هێز بوو، کتێبی “جامی” لە زانستی نەحووی چاک دەزانی. ئاواتە خوازبووم لە لای بخوێنم کە نەلوا. کوتم: بەڵێ مامۆستا گیان! من کتێبی جامیم لە لە لای باوکم خوێندوو فەرمووی المرفوعات ڕا پێددەڵەم چوون هەوەڵەکەی سەختە، به تایبەتی باسی حاسڵومەحسووڵ.
مامۆستا ناسر فەرمووی: مامۆستا واژی(باوکت) زۆر بە ئەدەب بوو، مڕۆڤ شەرمی لێدەکرد، من جەگە لە موختەسەر، کتێبی “منهاج” لە فیقهی ئیمام شافعیم لە لا دەخوێند، جارێکیان تەشریفی هێنا و منیش مێزەرەکەم لە تەنیشت خۆم دانابوو و لەسەر چۆک دانیشتبووم و دەوری کتێبی منهاجم دەکردەوە، مامۆستا فەرمووی: خۆزیا لەکاتی چاو لێکردن و لە خزمەت کتێبی منهاج، مێزەرەکەشت لەسەر با، کوتم بە چاوان قوربان، لە دڵی خۆم دا کوتم خوایە ئەم زانایە دەبێ لە خزمەت قوڕئاندا دەبێ چۆن بێ؟!
جارێکیتر له خزمەت مامۆستا چوینە ماڵە براکەت[سەیید موحەممەدخالید]، براژنت هاتە دەرێ و مامۆستا چاوی داخست و بووکەکەی لە پشتی دەرکەی زۆر بە ئەدەبەوە بەخێراتنی کرد، زۆرم بەلاوە سەیر بوو، منیش لە خزمەت مامۆستا قسەم دەکرد و کوتم قوربان ئەوە بوکتە! هەر وەک کچ وایە. فەرمووی نا ئاوا باشترە مامۆستا ناس. ئەوەند سەنگینیم بە مامۆستاوە دیت. بە دونیایەک خۆشی و داکۆکی مامۆستا بۆوە نەهار میوانی بین خوا حافیزیمان لێکرد.
مامۆستا ئەمجەد و کاکە ماجید ئیمام
بە پێی بڕیاری پێشوو، لە خزمەت کاک شاباز موحسینی بەرەو ماڵی مامۆستای زێدە ئازیز، مامۆستا “مەلا ئەمجەد ئیمام” کەوتینە ڕێ. دەقوولبابمان کرد و مامۆستا بە گەرمی پێشوزی لێکردین، مامۆستا سەری ڕووت بوو، بەلامەوە سەیر بوو. پێموابوو، مێزەری بەسەرەوەیە. ئاشنایم بە مامۆستا ئاوێتەی ئاشنایی بەسەر بەرهەمێکی ناوز و دەستنووسی عەللامە قزڵجی لە زانستی ئادابە، مامۆستا وێڕای هەندێ ڕاڤەکردن لە سەر ئەم دەقە لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکان بڵاوی کربۆوە کە دەنگدانەوەی باشی لێکەوتەوە. لە مامۆستام، پرسی کەی و چۆن بوو ئەم دەقەتان دەستکەوت؟ چیرۆکی ئەم کارە و هەوڵدان بۆ پاراستنی، بۆ گێڕاینەوە. جێی خۆیەتی جارێتر سرنجی خوێنەری ئازیز بۆ لای ئەم لاپەڕە ڕاکێشم کە مامۆستا ئەمجەد ئاوای باس دەکات: “عەللامەی قزڵجی و زانستێک لە لاپەڕەیکدا”، ئەم دستنووسە، وێنەی ڕیسالەیەکە لە زانستی (ئادابی دیبەیت) یان (مناظرە) کە هەمووی، یەک لاپەڕەدایە! واتە نووسەری ئەم ڕیسالە، هەموو زانستەکەی لە یەک لاپەڕەدا کۆکردۆتەوە. نووسەری ئەم ڕیساڵە زانای بە ناوبانگی کورد، “مامۆستا مەلا عەلی قزڵجی”ییە”، کە ئەمە بە خەتی مامۆستا محەممەد حەسەنی قزڵجییە ڕوونووس کراوەتەوە.
مامۆستا مەلا ئەمجەد چۆ ئەم دیو و ئەم دەستنووسەی بۆ هێناین، لەبەر ئەم بەرهەمە هەستاین.
بە چاو لێکردن، منی بردەوە نزیک سەدووپەنجا ساڵ لەمەو بەر، ئاخۆ دەبێ چەند گەنجینەی ئەوا لە ماڵە مامۆستاکان و خوێندەواران و میزرایان هەبێ و لەبەر بێکەسی و کڵۆڵی خۆمان، بە بێنازی، یا فەوتاوون، یا نە، بەڵکە سەریان لە عەنتیکەخانەکانی دەرەوە وەدرناوە و بیانی، شانی و پیلی خۆی پێڕادەوەشێنن و بە گەنجینەی ئێمە، دنیا بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن!
لەم بیرە دابووم، ئەم بیرەشم بە مێشکی داهات: دەبێ ئەم دەستنووسە، هاوزەمان نەبێ لەگەڵ خوێندنی مامۆستا مەلا سەیید عەوڵای واژی(کەوڵزەرد)، باوکی عەللامە مەلا سەیید حەسەن(ابن واژی) کە فەقێ و لای مامۆستا مەلا موحەممەدحەسەنی قزڵجی خوێندویەتی، بە پێی بەڵگە دەستنووسەکی خۆی، کتێبی گەلەنبەوی بووڕهانی لە زانستی مەنتیق لای بەڕێزیان خوێندویەتی. بڵەی لای وی و لەم زانستەش زانست هەڵنەینجابێ؟ لەم دنیایە دا نەمابووم، بە تەقەی ئیستیکان و قەندان گڵۆڵەی مێشکم هاتەوە لای ئامادەبووان. لەم کەش و هەوایە دابوین، ڕێزدار کاک ماجید ئیمام، برا گەورەی مامۆستا ئەمجەد، تەشریفی هێنا ژوورێ، دانیشتنێکی گەلێ خۆماڵیم هەست پێکرد، دڵەکان تەواو لای یەک دەحەسانەوە، باسمان لە دەستنووسەکان دەکرد، کاک شاباز فەرمووی کاکە ماجید، تێزی کارناسی باڵای لە سەر دەستنووسەکان هەیە، ئێمەش داوامان لێ کرد نامیلکەکەی ببینین، زەحمەتیان کێشا و چۆوە ماڵێ و هێنایان، بەڵێ ناوی ریسالەکەی، “فهرستنویسی تحلیلی نسخ خطی کتابخانه مسجد شیخ نجمالدین نقشبندی سقز کردستان” بەڕاستی جێی ڕێزە، کە لە ناساندنی ئەم دەستنووسانە، گەلێ کاری کردوە و هەندەکی لە نەمان ڕزگار کردوونە.
کاک ماجید فەرمووی: فڵانی! لە کتێبخانەوبەڵگەمەندێکانی نەتەوەیی، دەستنووسم دیوون بە نێوی “ابنالواژی”، کوتم بەڵێ! دەبێ ئی مامە مەلا سەیید حەسەن واژی بێ کە چەند بەرهەمی هەبوو، لەوان: تەجوید، شەمایل، پەرواێز لەسەر تەسریفی مەلا عەلی و چەند پەڕتووکی تر. ڕووم لە مامۆستا ئەمجەد کرد و عەرزم کرد مامۆستا گیان هۆگریتان بە پاراستنی دەستنووس هەیە و بۆ پاراستنیان چ دەکەی، وێڕای لێداونێک لەسەر ئەم کارە، فەرمووی بەشێکیان قتووبەندی دەکەم، بۆ وێنە ئەوە لەم دیوە دەیان هێنم، ئەگەر مامۆستا هاتەوە بە گەنجینەیەک لە نامەنووسینی کۆمەڵێک لە زانایان، مەشایخ و دەسەڵاتدارانی کوردستان تێدایە، کە هەمووی پێوەندی بە خوالێخۆشبووی “خەلیفە مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیمام” زانا و عارفی دەڤەری سەقز و باوکی کاک ماجید و ئەمجەد بوو، هەمویان لە دوو کلاسۆر، ئەمیش بە پێڕست و ژوومارە دانانیان، بۆ وێنە نامە گۆڕینەوە لەگەڵ شێح عوسمان(خوا دەرەجاتیان عالیکا) یا مامۆستا مەلا باقر، مامۆستا مەلا عەبدوولکەریم مودەریس و سەدان نامە و بەڵگەنامەی تر، وای دیکۆمێنت کردبوو کە بۆ وێنە ئەمەندە نامە ئاڵۆگۆڕی کراوە؛ لە فڵان لاپەڕەیە تا فڵان لاپەڕە، پێوەندی بە فڵان زانایە هەیە. چەندین نامە و بەڵگەنامە کە ڕەنگە تەمەنیان زیاتر لە دووسەد یاڵیش پتربێ لەم کلاسۆرە دەبینران. زۆر زۆرم پێخۆشبوو، وەک پێشنیار عەرزم کردن، لە هەوەڵین کاتدا، ئیسکێن و هەوڵی لە چاپ دانیان بۆ بکرێ. چەندە مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیمام گرینگی بە نامەکان داوە، بەشی زۆریان مێژووکەیان بە مانگی کۆچی یا هەتاوی دیاری کراوە و هەندەکیان دەزاندرێ لە چ کەش و هەوایەکدا نووسراوە.
کوردستان و نیشتیمانی ئێمە گەلێ دەوڵەمەندە بەڵام ئاوڕدانەوەی جیدی و گرینگی بۆ ئەم کارە نەبۆتە هەوێنی کاری.
هەرچەند کاک عەبدوولعەزیز ئەفخەم زادە بۆ موکاتەباتەکانی مەڕحوومی مامۆستا مەلا هادی ئەم کارەی کردووە و وەک دەسپێک دێتە ئەژمار بەڵام لە موکریان و لە ئەردەڵان تا ئەو جێیەی بزانم زۆر کەم ئاوڕی وەڵا دراوەتەوە. ئەو دەستنووسانە، وەک ئاسەواری کۆن و بەشێک لە فەرهەنگ و مێژوو و کەلتووری کوردە دێتە ئەژمار، ڕووحێکی زیندووی گەلەکەمانە، هەندێ لە لێکۆڵەران دەبێژن: بە نووکی قەڵەمەکەی و بەم سەمایەی بە پێنووس لەسەر لێنووس کراوە، دەتوانین بزانین نووسەر لە چ حاڵ و هەوایەک دابووە. لە ڕاستی دا ئەم دەست نووسانە بەشێکن لە میراتی باوانمان. دەستنووسەکان دەتوانن پەیوەندی نێوان نەوەکان بەھێزتر بکەن.
داوام لە مامۆستا مەلا ئەمجەد کرد، کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیمام(باوکی) پارێزەری ئەم میراتە بە نرخەمان بۆ باس کات، فەرمویان:
ناساندنی مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیمام
مامۆستا “مەلا ئەحمەد ئیمام” لە ساڵی ۱۳۰۴ی کۆچی هەتاوی لە گوندی بەڕۆژەی قازی (قشڵاخی قازی)، سەر بە شاری سەقز لە دایک بووە. باوکی ناوی سۆفی مەحموود بووە و دایکی ناوی “ئامان” بووە. دوای لەدایکبوونی منداڵەکەیان، دایک و باوکی بڕیار ئەدەن کە ئەحمەد بنێرنە خوێندن و تەرخانی بکەن بۆ شەریعەت. بۆیە بۆ ئەم ئامانجە بەرزەیان؛ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەینێرنە مزگەوتی گوندەکە بۆ ئەوەی لەلای ئیمامی گوندەکە بەناوی مەلا موحەممەد قورئان بخوێنێت. پاش ماوەیەک لەسەر پێشنیاری مامۆستای گوندەکە، ئەحمەد ڕەوانەی گوندی هێجانان لە ناوچەی سەقز کرا، کە مەکۆیەکی زانستی بەناوبانگ بووە، بە سەرپەرشتی مامۆستای خواپەرست مامۆستا خەلیفە عەبدولڕەحیم ئەفشاری؛ و بە فەرمی وەک خوێندکارێک دەستی بە فێربوونی زانستە ئیسلامییەکان کردووە. خەلیفە مەلا ڕەحیم ئەفشاری کە یەکێک بوو لە خەلیفەکانی حەزرەتی شێخ موحەممەد عەلائەددینی بیارە؛ تایبەتمەندێکانی ئەخلاقی مەلا ئەحمەد، بە گونجاو بۆ سۆفیگەری دەبینی و هەر بۆیە حەزرەتی شێخ عەلائەدینی پێ ناساند. دوای ماوەیەک خەلیفە مەلا ڕەحیم دەچێتە ئاوایی مەرخوزی سەر بە موکریان و گەورکی سەر بە سەقز، مەلا ئەحمەدیش لەگەڵ قوتابیانی دیکە، لە قوتابخانەی مەرخوز درێژە بە خوێندن دەدات. دوای کۆچی دوایی خەلیفە مەلا ڕەحیم ئەفشاری، مەلا ئەحمەد ماوەیەک لەلای کوڕەکەی، خوالێخۆشبوو مەلا سدیق ئەفشاری خوێندوویەتی و دوای ماوەیەک دەچێتە گوندی خەیێر لە سەقز و لەگەڵ خوالێخۆشبوو مەلا سەعید خالیدی درێژە بە خوێندن دەدات. خوالێخۆشبوو مەلا سەعید کە یەکێک بوو لە خەلیفەکانی حەزرەتی شێخ عەلائەددین، فەقێ ئەحمەدی بە فەرمی بە ڕێبازی نەقشبەندییە ناساند. دواجار فەقێ ئەحمەد لەگەڵ مەلا سەعید دەچێتە بیارەی شەریفە و بۆ یەکەمجار دەگاتە خزمەت حەزرەتی شێخ موحەممەد عەلائەدین و دەبێتە شوێنکەوتووی ڕێبازی نەقشبەندییە. دوای ماوەیەک فەقێ ئەحمەد گوندی خەیێر بەجێدەهێڵێت و بۆ درێژەدان بە خوێندن گەڕایەوە بۆ مەرخوز. لەوێشەوە دەچێتە گوندی بۆبەکتان لە سەقز و ماوەیەک لە لای مەلا سەید حەسەن بۆبەکتانی خوێندوویەتی. لە بۆبەکتان، هەواڵی نەخۆشی باوکی دەزانێت، ئەمەش وای لێکرد بگەڕێتەوە دێهاتی خۆی و بۆ دواجار سەردانی باوکی بکات. باوکی لە دوا کاتەکانی ژیانیدا سوێندی بە کوڕەکەی خواردوە کە دەستبەرداری خوێندن نەبێت. دوای چەند ڕۆژێک باوکی کۆچی دوایی دەکات و مەلا ئەحمەد ماوەیەک بە کشتوکاڵ و پاڵپشتیکردنی دایکی بەساڵاچوو و خوشکەکەی، حەبیبە خانم بەسەر دەبات، بەمەش بۆشایی لە خوێندندا دروست دەبێت و دوای دەستپێکردنی وەرزی زستان، فەقێ ئەحمەد بۆ درێژەدان بە خوێندن هەموو ڕۆژێک دەچووە لای مەلا سەعید خالیدی لە گوندی خەیێر، شەوانەش دەگەڕایەوە بۆ لای بنەماڵەکەی بۆ ئەوەی ئاگاداریان بێت. لە بەهاری ساڵی دواتر دایکی دوای چەند ڕۆژێک نەخۆش دەکەوێت و کۆچی دوایی دەکات و فەقێ ئەحمەد و خوشکە تاقانەکەی هێندەی تر بە تەنیا دەکەون. هاوینی هەمان ساڵ لەسەر پێشنیاری مامۆستاکەی مەلا سەعید خالیدی خوشکی فەقێ ئەحمەد هاوسەرگیری دەکات.
فەقێ ئەحمەد دوای هاوسەرگیری خوشکەکەی دەگەڕێتەوە گوندی خەێیر و ماوەیەک لە لای مەلا سەعید خوێندوویەتی. دوای ئەوە لە ساڵی ۱۳۲۶ی کۆچیدا خۆشەویستییەکەی بۆ شێخ عەلائەدین وای لێکرد بچێ بۆ بیارە لەوێ بخوێنێت. لە بیارە، مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەرەس بەهۆی زۆری خوێندکارانەوە، داواکەی فەقێ ئەحمەدی بۆ کاتێکی تر دواخست و ناچار بوو بچێتە هەڵەبجە و سەید سادق و خورماڵ و بۆ ماوەیەک لە مزگەوتەکانی ئەو شارانە لە خزمەت مامۆستایاندا بخوێنێت. لە ساڵی ۱۳۲۸دا جارێکی تر سەفەری بیارە دەکات و کەوتۆتە بەرچاوی شێخ موحەممەد عوسمان سیراجەددینی دووەم. شێخ عوسمان داوای لێکرد لە بیارە بمێنێتەوە، مامۆستا عەلامە عەبدولکەریمیش وەک قوتابی خۆی وەریگرت. دوای ماوەیەک لە خوێندن و پراکتیزەکردنی ڕۆحی، لەسەر پێشنیاری شێخ موحەممەد عوسمان و ڕەزامەندی و ئیزنی شێخ موحەمممەد عەلائەدین، مەلا ئەحمەد کرا بە ئیمامی خانەقای بیارە.
ئامادەبوون لە بیارە خواستێکی لە مێژینەی فەقێ ئەحمەد بوو کە ئێستا بە باشترین شێوەی خۆی گونجابوو. وەک ئەوە وابوو دەستی جوانی قەدەری ئیلاهی لە دۆڵی خۆشەویستی ڕاستەقینەدا داینابێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ هیچ نیگەرانییەک، ڕۆژ بە بەدەستهێنانی زانستی ئاسایی و فێرخوازی ئەو سەردەمە بەسەر ببات و باقی کاتەکانیش لە ئامادەبوونی ڕۆحی شێخ عەلائەدین بەسەر ببات.
دوای ئەوەی عەلامە مەلا عەبدولکەریم بیارە بەجێدەهێڵێت، سەرەتا بۆ ماوەیەک لەلای شێخ عەلائەدین زانستەکانی خوێندووە و بەگوێرەی لێدوانەکانی خۆی نیوەی کتێبی جمع الجوامع کە لە کتێبە کۆتاییەکانەی مەلایەتیە، لە خزمەت شێخ عەلائەدین خوێندوویەتی.
پاشان کاتێک مەلا موحەممەد بالیسانی کوڕی عەللامە مەلا تەها بالیسانی هات بۆ بیارە، لای ئەویش هەندێک زانستی تەواو کرد و مۆڵەتی ئیفتا و وانەوتنەوە لە شێخ موحەممەد عەلائەدین و خوالێخۆشبوو مەلا موحەممەد بالیسانی وەرگرت و دوای چەند ساڵ لەلایەن حەزرەتی عەلائەدین ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە زێدی خۆی. دوای گەڕانەوەی سەرەتا لە گوندی سەرتەکڵتووی سەقز و پاشان لە گوندی بەرۆژەی ساڵح بەگ(قشڵاخی ساڵە بەگ) لە سەقز وەک ئیمام و مامۆستا خزمەتی قوتابیان و ڕێنوێنی خەڵکی کردووە. لەو نێوەندەدا چەندین جار دەچێتە بیارە بۆ سەردانی شێخ عەلائەدین و شێخ عوسمان سیراجەددین. مەلا ئەحمەد هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێک لە کچەکانی مەلا سەعید خالیدی خەێیری کرد بە ناوی حەلیمە و دەرئەنجامی هاوسەرگیریەکەیان کوڕە گەورەکەی بوو بە ناوی موحەممەد خالید. پاش ماوەیەک، کە حەلیمە خانم کۆچی دوایی کرد، کچێکی تری مەلا سەعید خالیدی بە ناوی (وەجیهە خانم) دەخوازێت و منداڵەکانی ئەم هاوسەرگیرییە بریتی بوون لە (چیمەن و ماجید و ئەمجەد).
پاش کۆچی دوایی حەزرەتی شێخ عەلائەدین، بە یەکێک لە خەلیفەکانی، حەزرەتی شێخ موحەمممەد عوسمان سیراجەدین ناسراوە و دوای ماوەیەک لەسەر پێشنیاری ئەو، کرا بە ئیمام و مامۆستای خانەقای حەزرەتی شێخ نەجمەدین لە سەقز، و تا کۆتایی ژیانی لەوێ درێژەی بە خزمەت داوە و زۆرێک لە خوێندکاران سوودمەند بوون لە زانیاری و عیرفانی ئەو.
مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیمام، شارەزاییەکی زۆری لە هەموو زانستە ئیسلامییەکاندا هەبووە، بە تایبەتی لە نێو زانایانی ناوچەکەدا لە زانستی فیقهـ و لێکدانەوەی قورئاندا ناوبانگێکی زۆری هەبووە. لە عیرفان و سۆفیگەریدا پێگەیەکی بەرزی هەبووە و ساڵانێکی زۆری لە سلووکی ڕۆحیدا بەسەر بردووە و خۆشەویستێکی تایبەت و گشتیی خەڵک بووە؛ خاوەنی سروشتێکی نەرم و میهرەبان و مرۆڤئاڕاستە بوو، هەمیشە بوونی پڕ بوو لە ساتەوەختی ڕۆحی و دەربڕینی فێرکارییەکانی قورئان و یادکردنەوەی خودا و باسکردنی نەریتەکانی پێغەمبەری خودا. هەرکەسێک دەیبینی سەرسام بوو بە ڕواڵەتی ڕووناک و ڕۆحییەکەی. تەقوای دەرەکی و ناوەوەی هەناسەیەکی گەرمی بە ئامادەبوونیان بەخشی.
ئەم کەسایەتییە زانستییە عیرفانییە لە ساڵی ۱۳۸۱ی کۆچی لە تەمەنی ۷۷ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندی خەێیر لە تەنیشت مامۆستاکەی مەلا سەعید بە خاک سپێردراوە.
چەندین تێبینی ژێرەوەی لەسەر کتێبە جۆراوجۆرەکانی وەک عەقیدە و تەفسیری بەیزاوی، و … هەیە. هەروەها چەند بەرهەمی هەیە کە بریتین لە “گوڵچینی باخچەی بەهار لەسەر ژیانی حەزرەتی شێخ عەلائەدین”؛ کتێبی “ڕێوڕەسمی حەج”، کتێبی “ئیمان و ئیسلام بۆ منداڵان”، و ڕیساله یه ک له سه ڕ یه کێک له داب و نه ڕیته کانی ڕێبازی نه قشبه ندی. والسلام.
مامۆستا مەلا ئەمجەد خوا جەزای خێرتان داتەوە و یادی و ناوی ئەم مامۆستا بەڕێزە بەهەشت و هەر مان بێت.
نزیک دەبۆوە لە بانگی نیوەڕۆ و لە خزمەتیان دا بۆ نوێژ بەرەو خانەقا شێخنجمەدین کەوتینەڕێ، لە مامۆستا ئەمجەدم پرسی فەقێتان هەیە، کوتی بەداخەوە، بەڵام لە مزگەوتی حاجی خەلیل ساڵحی چەند فەقێمان هەیە و لەوێ دەرس بە فەقێکان دەڵەم، گەیشتینە خانەقایە. تەبەقەی هاوکەوفی کە نیوەی هەڵبڕابوو، جێدەستنوێژ و بەرماڵ ڕاخرابوو بۆ ڕێبوار و کارگەر و ئەوانەی بە پەلەن بۆ نوێژ. چوینە تەبەقەی سەرێ چەند کەس، لەسەر بەرماڵ، بەرەو قوبڵە و لەسەر چۆک دانیشتبوو، چاوڕێی بانگ بوون. مامۆستا ئەمجەد لەو دیو، مێزەرە سپێکەی لەسەر نا و چۆ پشتی میکڕۆفۆن و بانگی فەرموو، دوای دوو ڕەکعەت سووننەت، بە دەنگی بەرز تەسبیحاتی کرد و دوایی پێشنوێژ. دوای نوێژ لە خزمەتیا چوینە کتێبخانە کە لە قونیسکی ڕاستی ژووری خانەقا هەڵکەوت بوو. لێمپرسی بەرنامەتان چییە لە خانەقا، فەرمووی حەوتووی شەوێک خەتمە و شوێکیش کوتنەوە و شیکاری زانستی ڕیسالەی عیرفانی “طب القلوب” نووسراوەی حەزرەتی شێخ “محمد علاءالدین نقشبندی” کوتم ئەی تەبەقەی سەرێ: کوتی: سەرێش بۆ خەتمەیە.
خوێنەری هێژا! مامۆستا مەلا ئەمجەد ئەهلی قەڵەم و چەند بەرهەمی چاپ کراوی هەیە، یەک لەوان، وەرگێڕانی گەشتنامەی کەرەفتوو، نووسەراوەی: مەلیکولکەلام مەجدی. ئەم کتێبە یادداشت و بیرەوەرییەکانی شاعیر و زانای سەقزی مەلیکولکەلام مەجدییە کە نزیکەی ۱۵۰ساڵ لەمەو پێش نووسیویەتی.
مامۆستا دوو بەرهەمی خۆی وەک دیاری پێشکێش کردین: “سراج القلوب” لە نووسینی حەزرەتی شێخ موحەممەد سیڕاجەدین نەقشبەندی سانی و “گلچینی از باغ بهار” له نووسینی مامۆستا مەلا ئەحمەد ئیمام. زۆریان داکۆکی کرد بۆ نەهار لە خزمەتیان دابین، خوا حافیزیمان لێ کردن و بەرەو مزگەوتی شێخ مەزهەر درێژەن بە دیدارەکە دا.
“مزگەوتی مێژووی شێخمەزهەر”
گەرمای تاقەتپڕوکێن، مڕۆی گردەنشین و تینی ڕۆیشتنی لێ زەوت دەکرد، لە لای سەرێ ڕا هاتینە خوارێ و چاوم بە مزگەوتی “شێخ مەزهەر” کەوت، لەمێژ بوو نێو و نێوبانگی ئەم مزگەوتەم بیستبوو. کاتژمێر یەکوچل خولەک دەبوو. چوینە پەنا دیواری ئەم مزگەوتە و تۆزێ حەساینەوە. مزگەوتی شێخمەزهەر، مزگەوتێکی کۆنی شاری سەقزە کە لە کۆڵانی مووساییەکان و شەقامی جومهووری و ساحلی هەڵکەوتووە. بە پێی ئەم نووسراوەی لە تەنیشتی مزگەوتەکە هەڵاوەسراوە، مێژووکەی بۆ سەردەمی قاجارەکان دەگەڕێتەوە بەم شێوەیە تەمەنی زیاتر لە دوو سەد ساڵ دەبێ. بینای ئەم مزگەوتەم هەروەک مزگەوتی دوو مەنارەم هاتە بەر چاو، چوار گۆش، دیواری یەک گەزوو سیسانتی، بەرهەیوان و میحڕابی دەرێ، هەر دووکیان دوورە دیمەن(چشم انداز)ێکی جوانیان هەبوو کە دەڕواننە پێدەشتی قەڵا و چەمی دێمەکاڵان.
بۆ ئاگاداری، شاعیری ناسراو، شێخ نافیع مەزھەر ناسراو بە شپرزە (۱۹۱۳ – ۱۹۹۹) شاعیر و وەرگێر خەڵکی سەقز، برا چوکەی شێخ مەزهەرە بووە.
گەڕەک، کاک شاباز هەر دەیکووت ئیشتیام لە کەلانەی سەقز بێنگۆ ناخۆش چوین کەلانەکەمان خوارد و بەرو مەهاباد کەوتینە ڕێ، لە ڕێگایەدا دوکتۆر دەیکووت ئیشتیام لە گڕکەی دێمەیە، منیش دەمکووت کابرای نەینوسیبێ لێی مەکڕە، زۆریان نوسیبویان. لە چلوپێنج هەزار تومانی تا شێست هەزار تومانی لە سەقز بۆن نەکڕا و لە بۆکان بەستەنێکن و خواردوو دیسان لە میراوی بۆکان گڕکەی بە کەیفی دوکتۆر وەگیر نەکەووت. زۆرمان خەو دەهات و ماندوو بوین، شەو تا کاتژمێر یەک و نیو بە خەبەر بوین و بەڕۆژیش لەبەر ئەم سەردانانە کاتی چاو گرم کردنن نەبوو، لە کلکەی وەتەمیش ماشێنن ڕاگرت تۆزێکن چاو گرم کرد و گەڕاینە مەهاباد.