کورد و دیاردەکانی دونیای نوێ “هەلی زێڕین یان دۆڕانێکی مێژووییتر”
فەرهاد ئەمینپوور، نووسەر و ڕۆژنامەوان
بڵاوبوونەوە و گەشەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ژیری دەستکرد لە ۲۰ ساڵی رابردوودا، سەرتاپای بونیادی بەرهەمهێنان و دابەشینی هەواڵ و زانستی گۆڕیوە. ئیتر هەواڵ لەلایەن ناوەندە میدیاییە قەبەکانەوە قۆرخ ناکرێ کە پێوەندیی نزیک و بەردەوامیان لەگەڵ بونیادەکانی دەسەڵاتدا هەیە. هەروەها زانست لە پاوان و قۆرخکاری رێکخراوە توێژینەوییەکان و زانکۆ سونەتییەکان دەرباز بووە و بەجۆرێک گشتی کراوەتەوە. بە واتایەکی تر، ئەم تەکنۆلۆژییە نوێیانە، نەزمی پێشوویان لە بوارەکانی هەواڵ و زانستدا بەتەواوی تێکداوە و نەزمێکی نوێ یان جۆرێک ناڕێکییان هێناوەتە ئاراوە. ئێستە ئیتر بەربەستەکانی وەشاندن رووخاون و وەک هابێرماس دەڵێ، سپێهری گشتی گۆڕاوە و بە ئامادەبوونی مرۆڤە ئاساییەکانەوە، جارێکی تر بیچمی گرتووەتەوە. بێگومان ئەم گۆڕانکارییە لە بەرژەوەندیی ئەو نەتەوە و کۆمەڵگانەدایە کە بەردەوام لە بونیادی نەریتیی دەسەڵات و دەوڵەت-نەتەوە ناوچەیی و جیهانییەکاندا پەراوێز خراون.
مانۆئێل کاستڵز، کۆمەڵناسی ناوداری سەردەمی زانیارییەکان، بەوردی نیشانیداوە کە بە پێچەوانەی رابردووەوە، دەسەڵات لە دونیای نوێدا لە سەرچاوە نەریتییەکانی وەک زەوی و سامان و هێزی سەربازییەوە سەرچاوە ناگرێ، بەڵکوو لە کونترۆڵکردنی تۆڕەکان و رەوتەکانی زانیارییەوە هەڵدەقوڵی. لەم روانگەوە، تەنیا ئەو کۆمەڵگایانە دەتوانن لەسەر سیاسەت و کولتوور و بیریی گشتی کاریگەر بن کە توانای دروستکردنی تۆڕی پێوەندیی بەربڵاو و بەرهەمهێنانی رەوایەتی تایبەتیی خۆیان هەیە. واتە لەم سەردەمەدا رەوایەت (Narrative) بووە بە دالی سەنتەریی گۆڕانکارییەکان و دەسەڵاتی سیاسیش لەم رەهەندەوە پێناسە دەکرێت. بۆ نموونە، کوردەکان سەرەڕای ئەوەی مێژوویەکی درێژ و فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و ئەزموونێکیی سیاسیی قووڵیان هەیە، بەهۆی نەبوونی میدیای بەهێزەوە، رەوایەتەکانیان لە ئاستی جیهانیدا نەبیستراوە، بەڵام ئێستە ئەم ئاستەنگە لەقۆناغی داڕمانی تەواودایە.
ئەو درزە گەورەی کە بۆ دەیان ساڵ بەهۆی دەستنەگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانست لەنێوان سەنتەرە زانستییەکانی رۆژئاوا و وڵاتە پەراوێزییەکاندا دروست ببوو، ئەمڕۆ بەهۆی دوو گۆڕانگاری بنەڕەتییەوە کەمتر بووەتەوە کە یەکەمیان دەستگەیشتنی ئازاد بە سەرچاوەی فێرکاری ئانلاینە و دووهەمیان سەرهەڵدانی ژیری دەستکرد وەک ئامرازی کەسیکردنەوەی زانستە، کە سێ ئەنجامی گرێنگیان لێدەکەوێتەوە: ۱. بەهێز بوونی بەرهەمهێنانی زانستی لۆکاڵی، ۲. تاپۆ کردن و رێکخستنەوەی مێژوو و فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکان لەلایەن خۆیانەوە، ۳. سەرهەڵدانی نوخبەی زانستی لە کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکاندا. ئەمە جۆرێک بەواقیعبوونی خەونی ئەو بیرمەند و ئەندێشە مرۆڤتەوەرانەیە کە لەسەر پێویستیی “فێرکاریی رزگاریدەر” داکۆکییان دەکرد.
بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا ئەوە هێزی نەرمە کە دەوری سەرەکی دەبینێ و دەوڵەتەکان و نەتەوەکان بە کەرەسەی فەرهەنگی و میدیایی و دیجیتاڵییەوە پێگەی خۆیان دیاری دەکەن.
کاستێڵز جەخت دەکاتەوە کە یاریزانەکانی تۆڕەکان بەتایبەت بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوە بێدەوڵەتەکان دەورێکی گرینگ و بەرچاویان لە داهاتوودا دەبێ. هەروەها دەسەڵاتی کۆمەڵە نادەوڵەتییەکان زیاتر دەبێ و کەمینە ئێتنیکی و فەرهەنگییەکان هاوکات لەگەڵ پاراستنی شوناسی خۆیان، دەورێکی بەرچاوتر لە بەستێنی فەرهەنگی و سیاسی جیهاندا دەبینن.
کوردەکان سەرەڕای پرشوبڵاوی لە جوگرافیای چوار وڵاتدا و حەشیمەتێکی سەروو ۴۰ ملوێن کەسی، ئەزموونێکی هاوبەش بەڵام چەند توێیان هەیە. لە سەدەی بیستەمدا رەوایەتەکانی کورد بەگشتی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە سانسۆر دەکرا یان پەراوێز دەخرا، بەڵام ئێستە کەرەسە دیجیتاڵییەکان جۆرێک هەلی زێڕێنی مێژووییان بۆ دەرباز بوون لەم گرفتانە خولقاندووە.
ئەم گۆڕانکارییانە دەرفەتێکی نایاب ئەدەن بە کورد تا بۆ یەکەم جار، ناوەندەکانی خوێندنەوە و توێژینەوە و زانستیی هەڵقوڵاو لە دڵی کۆمەڵگای خۆیەوە دابمەزرێنێ کە پەیوەست نەبن بە دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە. کوردەکان دەتوانن جیا لە زمانی کوردی، رەوایەتی خۆیان لەسەر مێژوو، سیاسەت، کولتوور و… بە زمانەکانی تریش بەرهەمبهێنن و لە ئاستی جیهانیدا بڵاوی بکەنەوە، چون ئێستە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیرەکی دەستکرد ئەگەری وەرگێڕانی هاوکات و وەشاندنی جیهانیان دابین کردووە.
کولتووری کوردی لێوانلێوە لە توخمە شوناسسازە تایبەتەکانی وەک ئەدەب، مۆسیقا، هەڵپەڕین، جلوبەرگ، دابونەریت، ئوستوورە و… کە دەتوانن لەم سپێهرە نوێیەدا ئەو دەورە بگێڕن کە کۆریاییەکان بە K-pop و ژاپۆنییەکان بە Anime گێڕاویانە و رەوایەتی خۆیان بە گوێی هەموو جیهان گەیاندووە.
هەر بۆیە پێویستە بە بەرهەمهێنانی دیجیتاڵیی ناوەرۆک و فیلم و فیلمی دێکۆمێنتاری و هونەرە شانۆییەکان، وێنەی فەرهەنگیی خۆیان جیهانی بکەن. زانستە تۆڕییەکان ئەو ئەگەرە دەڕەخسێنن کە ناوەندی توێژینەوەی دیجیتاڵ، ئارشیوی مێژوویی و پرۆژەی هاوبەشی زمانناسی و مێژوونووسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان رێکبخەن. ئەم کارە جیا لەوەی رەوایەتە ساختە مێژووییەکان دەگۆڕێ بۆ رەوایەتی راستەقینە، هاوکات بەستێنی بەرهەمهێنانی سەرچاوەیی زانستیی کوردی (مرجعیت علمی کوردی)ش دەڕەخسێنێ.
کوردەکانی دیاسپۆرا بەتایبەت لە ئەمریکا و ئورووپا هاوکات لەگەڵ ئەوەی لۆبی سیاسین، دەتوانن سامان و ئەزموونی خۆیان هەناردەی ناوخۆ بکەن و بۆ بەجیهانی کردنی دەنگی کورد یارمەتیدەر بن، چون بێگومان ئەم تۆڕە مرۆییە بەربڵاوە دیاسپۆراییە، سامانێکی ئیستراتیژیی گەورەیە.
کاتی ئەوەیە ئەم راستییە قبووڵ بکەین کە ئەگەرچی سیاسەتکردن بەپێی شوناسی نەتەوەیی، ئامرازێک بووە بۆ مانەوە و پاراستنی زمان و کولتوور، بەڵام پێداگری بەردەوام لەسەر ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن، ئاسۆکانی داهاتوو بەرتەسک دەکاتەوە، سروشتی وزەی سەرەکیی کۆمەڵگا دەگۆڕێت بۆ پەرچەکرداری رووت بەرانبەر بە قەیرانەکان و ئیزن نادات گوتاری نوێ لە بەستێنی ئابووری و تەکنۆلۆژی و گەشەی کۆمەڵایەتیدا سەرهەڵبدات. واتە لە دونیای ئەمڕۆدا سیاسەت بە شێوە رۆژمەڕە و نەریتییەکەی ناتوانێت ئامرازێکی تەواو بێت بۆ گەیشتن بە خەونە مێژووییەکان، چون هەر نەتەوە یان کۆمەڵگایەک بە وشیارییەوە نەچێ بەپیری شەپۆلە تەکنۆلۆژییەکانی دونیای ئێستەوە، بۆ هەمیشە دوادەکەوێ و بەتەنیا شوناس و سیاسەتکردنی شوناستەوەر رزگاری ناکات. تەنانەت ئێستەش بۆ پەڕینەوە لە “سیاسەتی شوناستەوەری رووت” بەرەوە “سیاسەتی تواناساز” درەنگ بووە. ئەوە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن کە هێزی نەرم بەرهەمدەهێنن، زیرەکی دەستکرد و تەکنۆلۆژییە نوێکانن کە درزە مێژووییەکانی لاوازیی رێکخراوەیی پڕ دەکەنەوە و ئابووری دیجیتاڵە کە سنوورە سونەتییەکان دەبەزێنێ. بەواتایەکی تر، دروستکردنی رەوایەتێکی جیهانی، جیا لەوەی تەنیا لە کاناڵی سیاسەتەوە دەستەبەر نابێ، بەڵکوو دەرفەتی دووبارە بۆ ئەوەیدییەکان دەڕەخسێنێ تا جارێکی تر و بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان رەوایەتمان بکەنەوە. ئەم پەڕینەوە بەواتای پشتکردن لە شوناس و خەونە مێژووییەکانمان نییە، بەڵکوو پەڕینەوەیە لە سیاسەتی پەرچەکرداریی رووتەوە، بەرەو دروستکردنی هێزی ئابووری و بەرهەمهێنانی زانست و تەکنۆلۆژی و ئامادەبوون لە فەزای دیجیتاڵ و پلاتفۆرمەکان و پێوەندیی جیهانیدا.
بەدڵنیاییەوە ئەگەر بتوانین لە دیاردە نوێکانی دونیای ئەمڕۆ کەڵک وەربگرین، لە داهاتووی نزیکدا ئیتر تەنیا بابەتی سیاسەت نابین بەڵکوو دەبین بە یەکێک لە بکەرە سەرەکییەکانی، بەڵام ئەگەر نەتوانین ئەم سیاسەتە شوناستەوەرەی ئێستەمان لە تەکنۆلۆژی سەردەم و ئابوورییەکی بەهێز موتوربە بکەین، جارێکی تر دەبینەوە بە یەکێک لە گەورەترین دۆڕاوەکانی مێژوو.