اخبار, كوردانه, ویژه خبری

ئاسک و کۆڕی کەران

وەرگێڕ: عەبدولخالق ڕەحمانی

 

ئاسکێکی بەژن شۆڕی نازەنین
ناف موشکی تۆرەمەی دەشتانی چین
کەوتە داوی ڕاوچی بەو هەردەوە
ڕوو بە دێ بردی قەزا لەو بەردەوە
مل بە ڕەشمە و داوە کۆن و ڕستەوە
شەو لەنێو کۆڕی کەرانی بەستەوە
کای کردە بەر هەموویان و خەو ٘ت
جوانەئاسک تا بەیانی نەسرەو ٘ت
هەر لەبەر بۆنی گمێز و تۆزی کەر
وەختەبوو گیانی عەزیزی چێتە دەر
پاڵەپەستە و هەڵپە بۆ هاڕینی کا
جار و بار هەنکەی زەڕین و هەڵم و با
تەرس و تۆز و بۆگەنی گەمڕە و پەیین
ئاوی چاوی هەڵوەرین ئاهویی چین
ئاخ ئێرە کوێیە من تێی کەوتوو وم؟
من خەیاڵاتی بوو وم یاخەوتوو وم؟
چۆن نەجاتم بێ لە دەست ئەم گێچەڵە؟
کەی لەگەڵ کەر بوومە هەرگیز مامەڵە؟

دڵپەرێشان و خەفەتبار و غەریب
کەوتە بەر تەوس و توانجی نانەجیب
یەک گوتی سەیری ئیفادەکردنی
یەک بە ڕەوت و بیر و هەستی پێکەنی
یەک گوتی فەرموو لەگەڵمان کا بخۆ
بەس لەسەر شێوازی ڕابردوو بڕۆ
یەک گوتی چەند خۆگر و دواکەوتەیە
خواردنی باشی وەکوو کا قەت هەیە؟
دڕک و داڵ و کۆتەڵ و قرتیل و کا
ئیستەپڵ بەو خۆشییەی کوا دەست ئەدا؟

چاوڕەش ئاسک وتی ئەی بێخەبەر
کاوکۆتەڵخۆرە ئەسڵ و زاتی کەر!
تەبعی من ناچێتە سەر کەکرە و کەما
هەر جەنابت بۆ کەما هۆشت نەما
گەر قەزا ئەمڕۆ منی خستە عەزاب
بیری بەرزم چۆن دەگۆڕم ئەی جەناب؟
عاشقی کێو و تەلان و بەندەنم
هۆگری دەشتی گوڵان و چیمەنم
کانیاوم پڕگوڵ و پنگە و گیا
سێبەرم باخ و درەختانی چیا
کەی وەکوو ئێوەم لەبن بار و تەناف
هەستی ناکەن بۆنی خۆش و موشکی ناف
کەر گمێزی یەکترینێ بۆن دەکەن
کەی لە بۆنی موشک و عەنبەر تێدەگەن؟

چەند ڕۆژێ وا بەسەختی تێپەڕی
ڕاوچی ڕۆژێ سەری ئاهووی بڕی
خوێنی ئاڵ و گەش ڕژایە سەر زەوی
مەرگی سەربەرزی نە ژینی سەرنەوی
موشکی ئاهوو دەست بە دەست دەڕوا لەشار
کەر دەتۆپن بێ نیشان ڕۆژی هەزار!

 

ـ وەرگیراو لە مەسنەوی مەولەوی جەلالەدین  محەمەدی بەلخی

ساڵی۱۳۷۵  لە ئاوای کوردستان چاپ کراوە

 

————————————

*خەرمیز، ئەو حاڵەتی

چاولێکەرییەیە کە گوێدرێژی پێشەنگ دەگاتە شوێنێ، بەتایبەت ئەگەر سەرجۆگە و ئاوبێت، میزدەکات. هەموو کەرانی شوێن کەوتووی ئەو ، ڕێک دەگەنە ئەو شوێنە ئەوانیش بۆن بەعەرزەوە دەکەن  و هەموویان وەک ئەو میزدەکەن!!

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *