اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

ڕۆژنامە فرۆشی شاری سەقز و ژیانی موحەمەد ئەمین حسەینی (فەرەجپوور) ناسراو بە مامەکوێخا

عابید حسه‌ینی

مامە کوێخا، بە پێی ناسنامەی ڕەسمی ساڵی ۱۲۹۸ لە گوندی میرەدێ لە دایک بووە. بەڵام ئەو ناسنامە بە پێی بارودۆخی ئەو سەردەمە دوو جار وەری گرتووە. جارێک بە ناو بنەماڵەی (فەرەجپوورەوە) کە ناوی کوێخا فەرەجی باوکی بووە و تەنانەت ناوی بنەماڵەی خێزانیشی هەر کردووە بە فەرەجپوور. تا ئێستەش ناوی بنەماڵەی خێزانی و کچی گەورەی دوای وەرگرتنی دووهەمین ناسنامە بە ناو بنەماڵەی (حسەینیەوە) ئەو دووانە هەر بە ناو فەرەجپوورەوە ماونەتەوە. لە دایک بوونی دەبێتە دەسپێکی شەڕی یەکەمی گەردوونی.
کوێخا فەرەج، باوکی مامە کوێخا، سەرپەرەشتیار و کوێخای حەمەخانی بانە بووە لە گەورک، بەشی گوندەکانی ناوچەی میرە دێ. حەمە حانی بانە دواتر بە دەستی عوسمانییەکان بە بیانووی لایەنگری لە ڕووسەکان لە سێدارە دراوە. حەمە خانی بانە، بە هۆی ترس لە خزم و کەس یان بۆ ئەوەی شتێک لە ژیانیدا پێش هات، چووەتە بەشی فەیزووڵابەگی کە خزمایەتی لە گەڵیاندا هەبووە، سێ گوندی( ئینیجە و تبت و ….. کڕیوە) دواتر کوێخا فەرەجی بە بنەماڵەوە لە میرەدێوە ناردووە بۆ سەرپەرەشتی ئەو گوندانە، خاڵۆ حەمەمین، واتە مامە کوێخا تا تەمەنی ۱۵ ساڵی و تا مردنی باوکی لە ئینجەی بۆکان ژیاوە، گۆری کوێخا فەرەج لە ئینجەی بۆکانە، مامە کوێخا دواتر لەگەڵ دایکی دەگەڕێتەوە بۆ لای خزم و کەسیان، لە ناوچەی گەوەگ و گوندەکانی قەڕەچەر و قەبەغڵووجە، لە گوندی قەرەچەر لای باوکی مامۆستا ئیمامی وانە دەخوێنێت،بە پێی گێڕانەوەی خوالێخۆشبوو مامۆستا موحەممەدی ئیمامی کە لە سەردەمی پیرییدا زۆر بۆ لای مامە کوێخا دەهات، خۆی لە خوێندنی قورئاندا بە قوتابی مامە کوێخا دەزانی، دواتر لە قەبەغڵووجە لە تەک (خا ڕابێعا) ژیانی هاوسەری پێک هێناوە، مامە کوێخا بەینێک لە پیرۆمەران ژیاوە، لەوێ کوڕە گەورەکەی بە ناو ئەحمەد لە دایک بووە.

لە گوندی پیرۆمەرانەوە لە سەردەمی بوونی جوولەکان لە سەقزدا، دێت دەبێتە کرێچی ماڵی باوکی مامۆستا موحەممەدی سدیقی ناسراو بە پەپوو، دواتر دەبێتە مجێوری مەزگەوتی دوومنارە.
مامە کوێخا، یان خاڵۆ حەمەمین، بە هۆی پێگەی باوکییەوە، مامۆستای سەرخانەی بۆ گیراوە و لە شەری یەکەمی گەردوونیدا دەستی کردووە بە خوێندن و کتێبەکانی گوڵستان و بوستانی خوێندووە و قورئانی خەتم کردووە. دواتر بە هۆی مەرگی باوکی و سەغیری و سێ خۆشکی گەورەی، دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە، کوێخا حەمەمین هۆگری، خوێندنەوەی بابەتی مێژووی و ئایینی بووە. لە مزگەوتی دوومنارە فێرگەی خوێندی قورئانی داناو.( بە هۆی دانانی ئەم فێرکاریانەوە بوەتە ناسیاوی بنەماڵەی خەڵیفەزادە، دەرسی بە مناڵەکانیان وتووە، خەڵیفەزادەش بۆ ماڵاوای لە گەڕەکی قەرچیاوا، خاکێکی پێداوە و دواتر کرا بە ماڵ و کە تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لەو ماڵەدا ژیا.)، دواتر بە هۆیی هۆگری بە ڕۆژنامە خوێندنەوە. کەسێک بە ناو کیانی کە نوێنەری ڕۆژنامەفرۆشی لە سەقز بووە، دەکرێت بە بەرپرسی کاروباری ڕۆژنامە، ئیتر لە مزگەوتی دوومنارە نامێنێ و دەچێتە ماڵی کیانی و بە بێژی زۆربەی خەڵکی سەقز (کایەنی).

 

مامە کوێخا، رۆژنامەی بۆ زۆربەی ئابوونەوەکانی سەقز بردووە و بە ساکەوە لە ناو بازاڕی سەقز فرۆشتوویەتی.
مامە کوێخا هەر بە بۆنەی ئابوونەوە، کە زۆربەیان سەر بە حیزبی توودە بوون، ئاوقان گێچەڵ دەبێت، لە ترسی ئەوەی دەسگیر نەکرێت، بەرەو باشووری کوردستان هەڵدێت و لە شاری کەرکووک خۆی حەشار دەدات، خێزانی خاڕابێعا کە ماڵی باوکی ئەویش بە هۆی ڕووداوێکەوە لە گەورکەوە هەڵدێن( وا باس دەکەن برا چکۆلەی خا ڕابێعا، عەبدوڵڵا باستانی، گۆرانیوێژی مەجلیسی، حەماغای جەوانمەردی بووە، بە هۆی دەنگخۆشی و شێوە دەنگی لە گۆرانیوێژی باشووری سێوێ، ئەمیشیان ناو ناوە( عەبە سێوی)، عەبە سێوێ دەبێتە ئەوینداری خات ئامینەی خۆشکی خان و پێی دەزانن و بە هۆی ترس لە تووڕەیی خانەوە، بە هەموو ئاژەڵەکانیانەوە، بە شەوەزەنگ لە قەبەغڵووجەوە بە کوێستان و شاخاندا ڕادەکەن بۆ ماڵی مامە ڕەشی مامیان لە گوندی کەچەڵمیانی ناوچەی سەرشیو، دواتر دەست و پێوەندی ئاغا دێن بۆ کوشتنی بەڵام ئەو نێردراوانە، بە هۆی ئەوەی تەنیا کوڕ بووە و باوکی پیر و ناسیاویان بووە، نەیان کوشتووە، بەڵام ساف لە ساف ماڵ و ئاژەڵیان تاڵان کردووە.) خا ڕابێعا بە دوو منداڵەوە، بە ناچاری شاری سەقز جێ دەهێڵن و دەچنە ماڵی عەبە سێوێی برای لە ئاوای کەچەڵماین و هیچ هەواڵێکی لە میردەکەی نابێ، خا ڕابێعا دەبێتە نانکەری ماڵی ئاغاکانی کەچەڵمیان، بە ناو شێخوڵئیسلامییکان، ئەحمەدی کوڕێ دەبێتە بەرغەل لەوەڕێنی ماڵی مامە ڕەشی دایکی و خاڵۆ عەبە سێویی، ئێوارانیش و دوای ئەوەی دوو ساڵ خویندنی سەرەتای لە قوتابخانەکانی سەقز خوێندنبووی، بە هۆیی ئەوەی لە گوندی کەچەڵمیانی ئەو سەر دەمە، قوتابخانە نەبووە، دەچێتە حوجرەی فەقێکانی کەچەڵمیان و لای مامۆستا مەحەمەدی شەریعەت پەنا، لەگەڵ هاوڕێی دێرینی حەمەی کاکی، ناسراو بە حەمەی سەیزادە، دەس دەکەن بە خوێندنی حوجرەیی. خاڵۆ حەمەمین، لە کەرکووکەوە، دەگەڕێتەوە و دوای سۆراخی منداڵەکانی، دەچێتەگوندی کەچەڵمیان و بە هۆی مناڵەکانی و دامەزراو بوونیان. تازە دەبێتە کەچەڵمیانی و بە هۆی خوێندەواری لە وێیش وانەی قورئان دەڵێتەوە و دەبێتە خۆشەویستی خەڵک و بۆ یەک دوو ساڵ دەیکەنە کوێخا دێبان، خەڵک پێی دەڵێن:”مامە کوێخا’.مامە کوێخا، دواتر لە سەقز بۆ ئەوەی منداڵەکانی بخۆێنن، بە هۆی دوو کوڕی چکۆلەی دێتەوە سەقز و لە ماڵێک بە ناوی نیوە شێخ لە کانی گەرمکاو، لەگەڵ خێزانی دەیبێتە دوو بنەکی. کوڕە گەورەکی ئەحمەد، لە کەچەڵمیان دەمێنێتەوە و بە هۆی خۆشەویستی لای خەڵکەوە بێ ئەوەی پەیوەندی بە هیچ شێخ و شوێنێکەوە هەبێ هەر بۆ ئەوەی دەنگی تایبەتی لە خوێندنی هەڵبەستە ئولییەکان و شێعر خوێندنەوە هەبووە، ناویان نا “باوە خەڵیفە”، کوڕێکی دیکەی بە ناو محەممەد حسەینی لە شاری سەقز کارناسی باڵای زمانی عەربی خوێند و بووە مامۆستا و ئێستە خانەنشینە، کوڕی بچکۆلەیشی حسین حسەینی لە زانکۆی تاران فیزیکی خوێند و ئێستە لە سلێمانی دوکتەرا و مامۆستای فیزیکە لە زانکۆی شاری سلێمانییە، ئەم کوڕەی مامە کوێخا لە ژێر نازناوی حسەین ڕابی، پتر لە شەست کتێبی لە بواری فیزیک و زانستدا، بە زمانی کوردی وەرگێراوە و لە سڵێمانی چاپی کردوون. سێ کچیشی لە دوا بە جێ ماوە بە ناوەکانی ئامینە فەرەجپوور، دانیشتووی کەچەڵمیان و دایکی سەعید کاکی کارناسی باڵاو وەرگێڕی بواری فەڵسفە بە زمانی کوردی، مریەم حسەینی خێزانی مامۆستا نێعمەت نێعمەت پوور و دایکی ئەندازیار، کەماڵ نێعمەتپوور،مامۆستای زانکۆ ئازادی سەقز، مەعسوومە حسەینی دانیشتووی سلێمانی.

 

منیش عابید حسەینی بە نازناوی (چاوشینی باوە خەڵێفە) نووسەری ئەم ژیاننامە، کوڕەزایی مامە کوێخا، کوڕی باوەخەڵیفە، هەمووی ئەم سەربووردانەی بنەماڵەی مامە کوێخام، لە تۆیی کتێبێکدا بە شێوەی کۆچیرۆک، بۆ جاری یەکەم بە هاوکاری مامەم، حسین ڕابی، لە ژێر ناوی کۆچیرۆکی کوێخا، لە ناوەندی چوارچرا، لە سلێمانی چاپ کردووە و لە ئێرانیشدا بۆ جاری دووهەم و بە یەک بەش کەمترەوە، لە چاپەمەنی ساراتی تاران، بە چاپ گەیاندووە.
مامە کوێخا، یان خاڵۆ محەممەد ئەمین حسەینی، لە ڕێکەوتی ۱۳۸۵.۶.۱ هەتاوی لە گەڕەکی شەریفاوی سەقز، کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندی کەچەڵمیان بە خاک سپێردراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *