مامۆستا ئیمامی؛ بیرمەندێک لە نێوان زانست، نیشتمان و ئەخلاق
✍ کامیل شەریف پوورـ ئاوایی سەرا
(بۆ ساڵیادی کۆچی حاجی مامۆستا ئیمامی)
ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی کۆچی زانای ئایینی کوردستانی حاجی مامۆستا ئیمامی بوو. کۆچێک وڵاتێکی خورۆشان و نیشتمانێکی تاسەبار کرد و هەناوی کۆمەڵگایەکی هەژاند. حاجی مامۆستا ئیمامی ئەو بیرمەندە کوردستانییە بوو کە توانی درێژەدەری ڕەوتی بەرەی ڕۆشنبیری کوردی بێت کە بە حاجی قادر و مامۆستای گەورەی کۆیە دەستی پێکرد و بە پیرەمێرد و بێکەس و قانع ئیدامەی پەیاکرد. ناسنامەی ئەم بەرەیە بریتی بوو لە نیشتمانپەروەری و زانستپەرەوری و ئەخلاقپەرەوری، کە مامۆستا ئیمامی هەرسێکی لە خۆیدا کۆ کردبوەوە. هەر لە تەمەنی لاوەتی لە گوندی دارەلەک کە لەوێ فەقێ بووە، لە ڕێگەی دوکتور شیرازییەوە بە کۆمەڵی ژێکاف ئاشنا دەبێت و دواتر کۆی ئاوات و خۆزگەکانی لە کۆماردا چڕ دەکاتەوە و خۆشەویستی نیشتمان و ڕێبەری کۆمار، قازی موحەممەد دەکاتە سەرمایەی ژیانی. ئەم هەستی نیشتمانپەروەرییە کردییە خەڵوەنشینی زیندانی قەسر و چوار ساڵ لەوێ وانەی ئازادی خوێند و تا کۆتایی تەمەنی دووپاتی کردەوە و لە بیرگەیدا وەکوو نەمامێکی هەمیشە سەوزی قەت خەزان نەدیو باڵای کرد و گەشایەوە. لە حوجرە گڵینەکانی کوردستان فێری زانستی ئایینی بوو، توانی تێگەیشتن و زانستێ تەواو لە ئایین و زانستە شەرعییەکان بەدەس بێنێت. تێگەیینێ کە لە گەڵ هەستی نیشتمانپەروەرییەکەیدا تەبا و ڕەبا بوو، کەمترین لێکدژی لە نێوانیاندا بەدی نەدەکرد. هەر لەو نێوانی ئەو دوو جەمسەری نیشتمانپەروەری و زانستپەروەرییەدا، گەیشت بە لوتکەی بەرزی ئەخلاق و بوو بە سەرچەشنی خووخدە و ڕەوشتی بەرزی ئینسانی و ئیمانی. ڕەوشتی بەرزی حاجی مامۆستا، ئێستایش ویردی سەر زاری خەڵکە و بە خۆزگە و حەسرەتەوە ئاکارە بەرزەکانی دەگێڕنەوە و تێکەڵی گلارەی فرمێسکی تاسەیانی دەکەن.
حاجی مامۆستا بە هۆی ئەم سێ هەست و خەسڵەتە بەرزانەوە، توانیبووی هاوسەنگییەک لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی خۆیدا بەدی بێنێت و لە گەڵ هەموو چین و توێژێک بحەوێتەوە و ئەوانیش لە گەڵیدا بحەوێنەوە. ڕێپێوانی بەخاکسپاردن و سەرەخۆشییەکەی و هەڵوێستی جۆراوجۆری چین و توێژەکانی خەڵک، خۆی نیشاندەری ئەو ڕاستییە بوو.
حاجی مامۆستا ئیمامی لە دێڕێکدا بریتی بوو لە مامۆستایەکی لە ئایین تێگەیشتووی، نیشتمان دۆستی ئەخلاقبەرز، مامۆستایەکی کوردستانی کوردستانئەندێش، کە پێکهێنەری کەسایەتی ئەو مامۆستا بەرزە و ناسنامەکەی بریتی بوو لە سێ کوچکەی زانستپەروەری و نیشتمانپەروەری و ئەخلاقپەروەری. بەڕێزیان تا ئەو کاتەی کۆچی دواییان کرد ئەم بەیتە شێعرەی خۆی ویردی سەر زمانی بوو:

پێیەک لە جوودی یەک لە زاکرۆس
دەروێشی خۆشە لە پێی گەل و هۆز
ئەمەیش شێعرێکی خۆم بۆ ساڵوەگەڕی کۆچی حاجی مامۆستا ئیمامی:
چەن ساڵ تێپەڕی لە مەرگت، داخی کۆچت هەر تازەیە
لە بیر ناچێ خەمی دووریت، ئازارێ بێ ئەندازەیە
بەبێ تۆیی لە ژووری دڵ، گێژی تەنیایی دەمکوژێ
شەقامیش هەر چاوەڕێتە و ماندووی گرێی ئەو ڕازەیە
بێ ئەندیشە و خۆڕاگری و هێوری و بزەی سەر لێوت
گەلی ماندوو بۆی نابڕێ سەختەڕێی ئەم هەورازەیە
سنووری دڵ تێناپەڕێ لە دەوری کێل و مەزارت
بەهارت شیرین دەویست و ئێستەیش گوێم لەو ئاوازەیە
گڵکۆت ڕووگەی ئازادییە و کێلت ئاڵای سەربەرزییە
تەعبیری خەونی شیرینی ئەو وڵاتە بێ نازەیە
مێژووی ژینت شایەتێکە نەیاریش نکۆڵی ناکا
سەری مێژوو سووڕ دەمێنێ ئا لەو ژیانە شازەیە
ڕەببی جێگەی تۆ بەهەشت بێ و ئێمەیش هاوقەتاری ڕێگەت
کلا نەبین و لانەدەین لەو مەسیر و ڕێبازەیە
