کوێستانی چلچەمە/ ئەمجەد ئیمام (شەتاو)
لە پەنجەرەی تاسەوە تەماشات ئەکەم
دەبیتە “قوڵی زوڵێخا” و
بەرزترین شاخی شارەکەمی،
لە گەرووی تینوومەوە یادت ئەکەم
دەبیتە “چل چەمە” و سەرم لێ دەشێوێ
لە کوێ تۆزێک ئاو بخۆمەوە
تینۆتی هەزارساڵەم دەرچێ
بە هێزی گۆچانی خەمیومەوە بۆت دێم
دەبیتە پاشماوەی بێدادیەکەی مێژووی دووریت،
دەبیتە “سوڵتان” و “شانشین” و “کانی میران”
دەگمەنە من پێت بگەم…
هەموو بوونم دەبێتە چاو بۆ بینینیت
ئەبیتە “چاوڕەش”ێ
هەزاران کەس دەورت دەدەن
جێگای منێ نابێتەوە
دەبم بە گوێ بۆ بیستنت
دەبیتە “کەل با”، جگە لە هاژە، چی تر نابیسم و
لە خوازی دڵۆپێکەوە بانگت ئەکەم
دەبیتە شەتاوەکانی “سەر سێڵاو” و چیم ناهێڵی،
لە سینەی پڕ لە ناسۆرمەوە بۆنت ئەکەم
دەبیتە “هەزار مێرگ” و
وەختە بۆنی “وەنەوشە و بەڕەزا”ت
لەسەر خۆم بەرن و
منیش ببم بە بەیتێکی فەوتاو…
دێم و دێم و دەبم بە نوێژ
دەمەوێ یەکەم کەس بم،
ستایشی خوداوەندت بکەم
دەبیتە “مزگەوت و میرزا” و
نایەڵی پێشت کەوم
کاتێکیش لە پەنجەرەی ئەنگوستە چاوی شەوەوە دێم
دێم تا خۆم لە جوانییەکانت داشارم و
دڵم ئۆقرە بگرێ
دەبیتە “هەسێرە ڕەش” و
لە لای ” قەبرە دۆمە” دەچمە خەوت و
“باشورتی” و ” مارە سوورە” دێنە خەوم و دەمترسێنن نزیکت نەکەوم
لە “دەرە تەنگی”یەوە” ڕا ئەکەم و چەپکێ “سۆڵانە سەختە” ئەکەنم
کە خەبەرم دەبێتەوە
“مەلا خدر” وادەزانێ مردووم
و خەریکە تەڵقینم دادەدات
منیش دیسان هەڵدستم و ڕێدەکەومەوە
سەیرە سەیر
بۆ هەر کوێ دەچم
دەبیتە “بەردە قیبلە”م
☘️☘️☘️☘️☘️☘️
ئەمجەد ئیمام (شەتاو)
کوێستانی چلچەمە، ۷ / ۳ / ۱۴۰۵ هەتاوی
تێبینی:
۱ـ قولی زوڵێخا، چلچەمە، سوڵتان، شانشین، کانی میران، چاوڕەش( کانی)، کەل با، سەرسێڵاو، هەزار مێرگ، مزگەوت و میرزا، (ئەسێرە) هەسێڵە رەش، بەردە قیبلە، مارە سوورە، مەلا خدر، سۆڵانە سەختە، دەرە تەنگی، قەبرە دۆمە، باشوورتی و … ئەمانە ناوی چەند شوێنە ناوی کوێستانی چل چەمەن وەکوو کێو و کانی و یاڵ و مێرغوزار و …
۲ـ وەنەوشە و بەرەزا: ناوی دوو گیای کوێستانین و ناوی بەیتێکی عاشقانەی کوردیشە.