ئەحمەدی قازی؛ سەیدای وەرگێڕان و شەیدای داهێنان
[بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەدی قازی]
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و نووسەر و لێکۆڵەر
وەک زۆرجار وتوومە و نووسیومە: مامۆستا ئەحمەدی قازی خاوەنی کەسایەتییەکی فرەڕەهەند و فرەدەنگ و چەندلایەنەیە؛ مامۆستا ئەحمەدی قازی هاوکات ڕووناکبیر و نووسەر و لێکۆڵەر و زمانناس و زمانزان و ڕۆژنامەوان و فەرهەنگنووس و تەنزنووس و وتاروێژ و وێژاوەر و چالاکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بوو؛ بەبێ زێدەڕۆیی و پێداهەڵگوتن، لە تێکڕای ئەم بوار و ڕەهەندانەشدا زۆر سەرکەوتوو و پێشکەوتوو و پێگەیشتوو بوو؛ لە سەرووی هەمووانیشەوە وەرگێڕێکی هەڵکەوتە و بلیمەت و زمانپاراو و داهێنەر بوو.
مامۆستا ئەحمەدی قازی، لەم وەرگێڕە بلیمەتانە بوو کە بەڕاستی زمان لە دەستیدا وەک مێو وابوو و بە هەر چەشنێک بێهەویستبایە کەلکی لێ وەردەگرت و بەرهەمی داهێنەرانەی پێ دەخولقاند؛ وەرگێڕێک کە وەرگێڕان، بۆ ئەو هاوکات بەرپرسیاریەتییەکی ڕووناکبیرانە-داهێنەرانە بوو؛ کەوابوو لە ئاکامدا ئەو بەرهەمەی دەیخولقاند، بەرهەمێکی ڕەسەن بوو.
شارەزایی و لێهاتوویی و دەسەڵاتی کەموێنەی بە سەر زمانی کوردی، وەک زمانزان و زمانناسێکی توانا و زانا و پسپۆڕ و بەئەزموون و خاوەنمرخ، لە ئاستێکی ئەوتۆ دابوو کە زمانوتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵەکانی، لە کاتی وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبیی داهێنەرانە لە زمانی سەرچاوەوە، هەر بە زمانواتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵی هاوتای خۆی لە زمانی مەبەستدا وەردەگێڕا و هاوتای قامووسی و میکانیکی و داتاشراوی بۆ دانەدەنان؛ واتە دەگەڕا نزیکترین زمانواتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵی لە زمانی مەبەست دەدیتەوە کە هاوتای واتایی ئەوان بن لە زمانی سەرچاوەدا، نەک هاوتای وشەیی و قامووسی. لە تێکڕای ئاسەواری زۆر و زەوەندی بواری وەرگێڕانی ئەم وەرگێڕە زمانپاراو و زمانزان و زمانناسەدا، ئەم تایبەتمەندییە ناوازەیە بەڕوونی وەبەرچاو دەکەوێ؛ بۆ وێنە مامۆستا ئەحمەدی قازی لە وەرگێڕانی دۆنکیشۆت بۆ سەر زمانی کوردی_ ڕێک بەوێنەی وەرگێڕانی دۆنکێشۆت بە زمانی فارسی لە لایەن مامۆستا محەممەدی قازی _ ئەوپەڕی دەسەڵاتی زمانەوانی و زمانزانیی خۆی لەم پێوەندییەدا و لەمەڕ وەرگێڕانی واتایی زمانواتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵەکان لە خۆی نیشاندا، تا ئەو جێگەیەی کە وەرگێڕانەکەی بووەتە یەکێک لەو دەگمەن وەرگێڕانه ئەدەبییە هەر سەرکەوتوو و پاراو و ڕەسەن و داهێنەرانەی سەرانسەری مێژووی وەرگێڕانی ئەدەبیی کوردی و جێی خۆیەتی خوێندکارەکان و وەرگێڕە تازەکار و کەمئەزموونەکان وانەی لێ فێر بن؛ هەروەها لێکۆڵەرانی بواری وێژە و ئەدەب بە وردی لێی خورد بنەوە و ڕاز و ڕەمزی سەرکەوتنی کەموێنەی ئەم وەرگێڕانە هەرماوە شیکەونەوە و شڕۆڤەی کەن. هەروەتر خوێندکارانی بواری وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەکانی وەرگێڕان، جێی خۆیەتی نامەی ماستەرەکەیان لە بابەت ئەم وەرگێڕانە داهێنەرانە و ڕاهێنەرانەیە بنووسن. هەروا ئەم بەرهەمە بەپێز و بەهێزە، شیاوی ئەوەیە کە فەرهەنگنووسانی کورد، بۆ هەڵێنجانی وشه و دەستەواژە و زاراوە و ئیدیۆم و…، وەک سەرچاوەیەکی جێمتمانەی زمانەوانی و وەک جەستەی زمانی(=Linguistic corpus)ـی ڕەسەن و باوەڕپێکراو، پشتی پێببەستن و لە مانالێدانەوەی سەروشەکان کەلکی تایبەتی لێ وەرگرن. جیا لە تەواوی ئەوانە، دەکرێ لە وانەکانی کارناسیی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانستگاکان(بۆ وێنە لە زانستگای کوردستان و لە زانستگاکانی باشوور) وەک دەقی هەڵبژاردە و داهێنەرانەی ئەدەبیی سەردەم، لە پڕۆگرامی دەرسیدا بگونجێندرێ. کارێکی دیکەی زۆر پێویست، نووسینی لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکارانەیە، بۆ بەراورد و هەڵسەنگاندنی دەقی دوو وەرگێڕدراوی دۆنکیشۆت بە فارسی و کوردی، لە لایەن دوو وەرگێڕی هەڵکەوتە و بلیمەت و زمانپاراو و زمانزان و داهێنەری کورد: مامۆستا محەممەد قازی و مامۆستا ئەحمەد قازی.
ئەم وەرگێڕدراوە هێندە گرنگ و جیاواز و بەهێزە، کە بیری مرۆڤی تامەزرۆی شارەزا و ئۆگری ئەم بوارە ختووکە دەدا بۆ دۆزینەوەی دەفرییەتەکانی جیا جیا و نوێ و نوێتری ئەم بەرهەمە، هەر بۆیە من پێموایه کە ئەم وەرگێڕدراوە ئەم لێهاتووییە و ئەم دەفرییەتەی هەیە کە لە زۆر بواری دیکەش کەلکی شیاو و گونجاوی لێ وەرگیرێ؛ بۆ وێنە لە وەرگێڕان و دووبڵەی نوسخەی ئینگلیسی/فەڕانسە/ئیسپانیایی فیلمی دۆنکیشۆت بۆ سەر زمانی کوردی، دەکرێ وەک دەقی سەرەکی کەلکی لێ وەرگیرێ؛ چون زمانی ئەم وەرگێڕانە کە زمانێکی داهێنەرانەی ڕەسەنی دراماتیک و نەڕێتو و گێڕانەوەییە، بۆ بابەتی دووبلەی سینەمایی زۆر گونجاوە و پڕ بە پێستی خۆیەتی.
مامۆستا ئەحمەدی قازی وەک وەرگێڕێکی ڕووناکبیر و دەروەست و خاوەنهەڵوێست، خۆی لە بەرانبەر زمان و نیشتمان و گەل و نەتەوەکەی بە بەرپرسیار دەزانی و بەرهەمەکانی ئاوێنەیەکن کە تاهەتایە ئەم ڕاستییە دەدرکێنن.