کەرەفتوو، مافی پێشێل کراوی سەقز

ئەشکەوتی کەرەفتوو، یەکێک لە بەرھەمە مەزنەکانی تەلارسازیی بەردیە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سێھەمی زایینی. ئەم ئەشکەوتە مێژوویە لە مەودای 67 کیلۆمتری شاری سەقز ھەڵکەوتووە. نزیکترین گوند بەم ئەشکەوتە دێی میرسەییە.
کەرەفتوو سەر بە ناوچەی سەقز بوو بەڵام دواتر کە دیواندەرە بوو بە شارستان ، بەهۆکارەگەلێکی ناڕێ و نابەجێ ئەم ئەشکەوتە ( پێموا ساڵی ۱۳۸۲) درا بە شارستانی دیواندەرە لە کاتێکدا هیچ پێوەندییەکی بەو شارەوە نییە.
کەرەفتوو ئەشکەوتێکی بەردی و سرۆشتیە و ئاسەوارە مێژوویەکانی ناو ئەشکەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی سێھەمی زەویناسی.
لە ڕابردوودا بە ھۆی نیشتەجێ بوونی ھۆزی جۆر بە جۆر ئاڵوگۆڕ و دەستکاری لە ئەشکەوتەکە بەدی ھاتووە و ڕێگا و داڵانی تێدا درووست کراون.
لە بەشی پێشەوەی ئەشکەوتەکە چوار قات تەلارسازی و ڕەوەزە بەردی دەستکرد چێکراوە کە لە ھەر قاتێکدا جگە لە درووستکردنی دیو و ژووری بە سەر یەکەوە، پەنجەرە و ڕۆچنەگەلێک بۆ گۆڕانی ھەوا و پەیوەندی ژوورەکان پێکەوە بەرچاو دەکەوێت.
پلیکان و قادرمەی لە بەرد تاشراوی ناو ئەشکەوتەکە و تەنانەت پشتیوان و کلۆمی دەرگا و پەنجەرە پێداخستن بواری پاراستن و ئەمنیەت و ھێمنیش لە بەر چاو گیراوە و ڕەچاو کردنی ئەو تێبینیانە پیشاندەری پێشکەوتوویی تایبەتی تەلارسازی (مێعماری) ئەو سەردەمە نیشان ئەدات.
سەرەڕای ئەمانە تاکوو ئێستا هیچ بەرپرسێک (مەگەر له حەددی قسە و دروشم) بۆ گەڕاندنەوەی ئەم ئەشکەوتە بۆ شارستانی سەقز هەڵویستێکیان نەبووە. هیوادارم بەرپرسانی سەقز بە جید لەسەر گەڕاندنەوەی ئەم ئەشکەوتە بەدواداچوونی بۆ بکەن.
بەڵام بۆچی کەرەفتوو ئەبێ بدرێتەوە بە سەقز؟
یەکەم: پێوەندییەکەی پتەوی هەیە لەگەڵ قەڵای مێژوویی زێوییە و شاری سەقز. بە درێژایی مێژوو لە لایەن مێژوونووسان و ئەدیبان وەک ئاسەوارێکی سەقزی ناسێندراوە.
دوویەم: چەم و ڕووبارەکانی ئەم ناوچەیە لە حەوزەی ئابڕیزی دەریاچەی ورمێدایە واتە ئاوەکەی دەچێتە سەر سەدی لەگزی. (تەنها شارستانی پارێزگای کوردستان کە ئاوی چۆمەکانی دەچێتە گۆلی ورمێ، شارستانی سەقزە)
سێیەم: خەڵکی دێهاتەکانی دەورووبەری ئەشکەوتی کەرەفتوو ڕوو لە سەقز ئەکەن (واتە وابەستەی سەقزن).
ئامادە کردن: محەممەد ڕەشیدی