کۆنفڕانسی سەد ساڵەی «زاری کرمانجی و و ڕۆڵی حوسێن حوزنی» لە سۆران
کۆنفڕانسی زانستی «سەد ساڵەی گۆڤاری زاری کرمانجی و ڕۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا» لە ڕۆژانی ۲۵ و ۲۶ی ئەیلوولی ۲۰۲۶، بە بۆنەی سەد ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری «زاری کرمانجی»، لەلایەن فاکەڵتیی ئەدەبیاتی زانکۆی سۆران لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەم کۆنفڕانسە تایبەتە بە خوێندنەوەی مێژوو و کاریگەریی گۆڤاری «زاری کرمانجی» و ڕۆڵی حوسێن حوزنی موکریانی لە بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا و هەروەها لێکۆڵینەوە لە میراثی ئەم گۆڤارە لە مێژووی گۆڤارنووسی و ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
لە چوارچێوەی ئەم کۆنفڕانسەدا، دوو توێژینەوەی زانستی لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەسەند کراون کە بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسەکە پێشکەش دەکرێن.
د. نبیراهیم محەمەد حوسێنی: «زاری کرمانجی، نموونەیەک لە ڕۆژنامەوانی شۆناسخوازانە؛ توێژینەوەیەکی بەراوردکارانە ….».
م. ڕەزا شەجیعی: «ڕۆنانی وشە و زاراوە لە گۆڤاری زاری کرمانجیدا».

لە هەمان کاتدا، پەیکەری حوسێن حوزنی موکریانی بە پێشنیاری زانکۆی سۆران، لەلایەن خەلیل ڕەحیمپوور، هونەرمەند و پەیکەرتاشی سەقزی، دروست کراوە و بڕیارە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە لە زانکۆی سۆران دابنرێت. کاری هاوشێوەی ئەم هونەرمەندە پێشتر لە پارکی ڕۆژنامەنووسانی سەقز دانراوە.
۲۹ی خەرمانان هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەری کۆچیدوایی حوسێن حوزنی موکریانی (۱۸۸۳–۱۹۴۷)، مێژوونووس و ڕۆژنامەنووسی کورد و خاوەنی چەندین بەرهەمی مێژوویی.
حوزنی موکریانی لە گوندی ئینچکەی بوغدەکەندیی سەقز لەدایک بووە؛ گوندێک کە ئێستا چۆڵ و لەناوچووە. دواتر لە گوندی بوغدەکەندی ژیاوە و ماوەیەکیش لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بووە.
