مەینەتی کوردبوون
ـ حەسەن ئەمینی سەقز
لە مانگی خەرمانانی هەزاروچوارسەد و پەنجی هەتاوی، پاڵەو رەنجبەر و فەلاکانی ناوچەی سەقز هێشتا یازدە رۆژبوو لە شەن و کەو ببوونەوە و جەز و مالوسکە و خەرمانیان ئەهێنایە ناو کە خزم و کەسان تەرمی بێ گیانی کاک عەبدوڵا کەیخوسرەوییان لەسەردەستی مردووشۆران و قەبرفرۆشان سپاردە قەبرێک لە قەبرستانی نیشتمان.
بەداخەوە لەملاولا بە ژمارەی ئەوکەسانەی چوون لەگەڵیدا تا سەرقەبران ناجوامێرانە کردیانە پێوانە بۆ کەسایەتی و پێگەی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی نووسەر.
راستە کاک عەبدوڵا وەکوو هەمووان بەهرهناوە، ئەویش بارگەوبنەی لەم هەوارە پێچاوە، بەڵام خەرمانێکی پڕپیت و بەرەکەتی لە نووسراوە و نامیلکە و کتێب لێ بەجێماوە کە دیار و بەرچاوترینیان کتێبی “مەینەتی کوردبوونە ” ئەم سەردێڕ و ناونیشانە لەرواڵەتا کتێبێک کردویهتە کۆڵ و ماڵ بەماڵ ئەیگێڕێ بەڵام لە ناوەرۆکدا”مەینەتی کوردبوون” تەنیا ناوی کتێبێک و پەرتووک و رەشنووس و دەستنووسێک نییە تەنیا سەردێڕ و ناونیشان و ناوێک نییە، بەڵکوو ورووژاندنی پرسیارێکە کە پرسیارگەلێکی دیکەیش لەخۆیدا ئەجوێنێ خوێنەر هەربەتەنیاش لەسەر رستەی مەینەتی کوردبوون، دەیان پرسیاری دیکه لەخۆی و دەوروبەری ئەکات؛ بۆچی کوردبوون مەینهتە؟! بۆ کوردبوون دەبێ چیها مەینەت بێتە رێت؟ گەربتەوێت نەهێتە سەر رێت دەبێ چی بکەیت؟ دەبێ چکار گەلێک بکەیت کە باب وباپیرانی تۆ نەیانکردبێ؟ ئەوەیە دەتوانین بلێین :
گرنگ نییە چەند کەس دێن بەدەم کۆستی کەوتووتەوە و دەستی شکاوم و باوەکەڕۆ و خۆم رۆت بە سۆزەوە بۆ بڵێنەوە !
گرنگ نییە کام دارودەستە، کام دەستەودایەرە، کام قەوم و قیلە، کام کۆڕوکۆمەڵ، لەدەوری تەرمەکەت شەو و رۆژان کوتەڵت لێ سازبکەن و چەمەرچۆپیت بۆ بگێڕن !
گرنگ نییە کام سۆفی گۆشەی خانەقا کفن پێچت دەکا و کام دەروێشی تەکیەوبارەگا جاودوورت بکا، گرنگ نییە کام هاوماڵ و خزم وجیران و دۆست و برا شان وەبەر دارەتەرمت ئەدا و دەستاودەست لەگۆڕت ئەنێن!
گرنگ نیە چەنددەستەخوشکان ئەبنەکۆڕگێڕی کۆڕی ماتەمینت و خۆڕنین و و شیون و شەپۆڕت بۆ ڕێئەخەن و شڕوشیتاڵ و شمەکی بەجێ ماوت ئەلاوێننەوە.
(چیبکەم لەوێنەت بەمقواوە
باڵای خۆتم ئەوێ بەرووی دنیاوە)
گرنگ نیە کێل و گڵکۆت بەچی بنەخشێِنن و چەندە تاج و ئەستێرەی لێ هەڵواسن .دوورنەرۆین و بەمێژوودا نایەوێ بچینەوە تەنیا چاوێک بەدەوروبەردا بگێڕین دەبینین گەلێ سوارچاک و مێرخاسان لە کارواناندا گلان و چوون بێ سەروشوێن بێ شین و رۆ بە بێ کفن و گۆڕوپەرۆ چوون، کەچی هەرداربەڕوون و بەرەگاژۆ لەناو خەڵک و خاکی خۆ.
لەناوتاق و رەفعەی زۆرێک لەماڵان لە لاشانی گەلێ وێنەی قاپ گیراو و گوڵچنراو نووسراوە:
(ئازیز کۆچی کرد خوێنی رژاوە
لەگۆڕی بێ شوێن ئەڵێن نێژراوە
وێنەی رەنگینی لەلام جێماوە)
گرنگ ئەوەیە لەم تەمەنە زۆرە یان کەمخۆشە، پەنجەکانت چەندە توانییهتی کاکۆڵی ئاڵۆزی کەژ و نزاری نیشتمانی داهێنابێت ؟
لاقەکانت چەندهەنگاوی رێی سەربەستی و سەرفرازی خەڵک وخاکی هەڵگرتبێت و چەندە خشتەی خزمەتت بە تەوێڵی هەژارانی گەڕەک و گوند و شار و باژێڕتەوە بەجێ مابێ؟