ئاماده‌کردنی: ڕه‌زا سه‌رسێفی
به‌یت له کورده‌واریدا که‌له‌پووری نه‌ته‌وایه‌تییه، که دانه‌ری ئه‌و به‌یتانه نه‌ناسراون و له رۆژگاری کۆنه‌وه ده‌ماوده‌م به گوێی ئێمه گه‌یشتوون.
ئه‌م به‌یتانه له به‌زم و ڕه‌زم، یان له شیوه‌ن و زاری، به زمانی به‌یت وێژ خوێندراوه و تا ئێستا به ئێمه وه‌ک گه‌نجینه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌یوه و هه‌ڵیان گرتووه. به‌یت هه‌ر وه‌ها سه‌باره‌ت به ڕووداوێکی گرنگ، ئه‌وین، دڵداری و یان باسی ئایینی هۆنراوه‌ته‌وه و پاراستوویانه. له ناو به‌یت وێژاندا، عه‌لی به‌رده‌شانی که به شێوه‌ی کرمانجی به‌یتی داناوه، زۆر ناسراوه.
یه‌کێکی دیکه له به‌یت وێژانی ناسراو، مه‌لا حه‌مله کوێره. ئه‌م به‌یت وێژه له ساڵی ۱۳۵۷ی کۆچیدا مردووه. ناوبراو خه‌ڵکی جوانڕۆ بووه، و زۆربه‌ی ژیانی له شه‌ڕدا ڕابواردوه. مهلاحهمله پیاوێکی نه‌خوێنده‌وار و کوێر بووه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌یت وێژێکی وریا و تێگه‌یشتوو بووه، و گه‌لێ له سووره‌کانی قورئانی پیرۆزی له به‌ر بووه، خه‌ڵک له‌کاتی قسه‌کردندا نازناوی “مه‌لا” یان بۆ به کار هێناوه و پێیان ئه‌وت “مهلاحهمله”.
به‌یته‌کان ئه‌کرێته چوار به‌شه‌وه:
یه‌که‌م: بریتی یه له به‌یتی دڵداری، که به‌سه‌رهاتی ڕووداوی دڵداران، ئه‌گێڕێته‌وه. وه‌کو: به‌یتی مهم و زین، خه‌ج و سیامه‌ند، خورشید و خاوه‌ر، لاس و خه‌زاڵ، میر و وه‌فا، فه‌رهاد و شیرین، گوڵناز و که‌لاش، له‌یلا و مه‌جنوون، وه‌نه‌وش و به‌ڕه‌زا، یوسف و زولێخا.
دووهه‌م: به‌یتی خواناسی، که سه‌باره‌ت به خواناسی و رۆژی په‌سلان و کرده‌وه‌ی چاک و ڕووداوی پیاوچاکان باس کراوه. وه‌کو: به‌یتی ئیمام حه‌مزه، حهمهحهنیفه، زه‌مبیل فرۆش، شێخ عوبه‌یدوڵڵای شه‌مزینان، شێخ عه‌بدولقادر، مزگه‌وت و میرزا، ئه‌سپی ڕه‌ش.
سێهه‌م: به‌یتی شه‌ڕ و شۆڕ، که باسی ڕووداوه‌کانی مێژوویی و شه‌ڕه‌کان ئه‌کات. وه‌کو به‌یتی قه‌ڵای دمدم، له‌شکری، به‌درخان پاشا، دوانزده سواره‌ی مه‌ریوان، سواره‌ی جوانڕۆ، شای زه‌ند، شۆڕه لاوی زه‌ند، گه‌نج خه‌لیل پاشا، نادرشا، نادرنامه، میری ڕه‌وه‌ندی.
چواره‌م: به‌یتی داوه‌ت، که ئه‌م به‌یتانه له کاتی زه‌ماوه‌ن و گۆبه‌ند و داوه‌تدا، ئه‌خوێنرێته‌وه. واته: له‌کاتی ههڵپهریندا ئه‌خوێنرێته‌وه. وه‌کوو به‌یتی: شه‌م و شه‌م زین، ئاسکۆڵه، ئایشه‌گوڵ، ئاگری، باوانم، بولبوڵ، پیرۆزه، جوڵندی، سیاچه‌مانه، شه‌مێ شه‌نگه، فریشته، که‌ویار، گوڵه‌زه‌رد، میرانه، وه‌نه‌وشه، یاس گوڵ و یاری.
هه‌ندێ له‌م به‌یتانه وه‌کو به‌یتی سه‌عید و میرسهیفهدین به‌گ، زۆر درێژه و ناوه‌رۆکی زۆربه‌ی به‌یته‌کان ڕووداوه‌کانی مێژوویی و کاره‌ساتی ناوخۆی کوردستان و به‌سه‌رهاتی پیاوه گه‌وره‌کان و ڕووداوی دڵداران ده‌گێڕته‌وه.
ناوی دانه‌رانی هه‌ندێ له به‌یته‌کان :
عه‌لی به‌رده‌شانی، ئه‌حمه‌دی کوێر، له‌شکری، خهمهئاسمانی، قاسم هه‌وشاری، ههلکهتی و خزنال، حه‌مه به‌نگینه، مامهشێره، حه‌سه‌ن سووتاو، بهشیربهگ، فه‌تتاح به‌گ، حوسین کهینله، میرزا بایه‌زید، سۆفی شه‌ریف، عه‌لی به‌گ، حه‌مه سوور، جیهانگیربهگ، حاجی ئه‌حمه‌د ڕه‌ش، حه‌مه‌دی ئاغا و ڕه‌حمان به‌کری موکری.
هه‌ندێکیش له‌و به‌یتانه کۆ کراوه و له لایه‌ن مامۆستا محه‌ممه‌د تۆفیق وردی، مامۆستا حاجی جوندی، مامۆستا قه‌ناتی کوردۆ، مامۆستا عوبه‌یدوڵڵای ئه‌یوبیان، مامۆستا قادری فه‌تتاحی قازی، کاک عه‌بدولحه‌میدی حوسێنی کۆ کراوه و له چاپ دراون.
به‌یت، به نرخ ترین هونه‌ری کورده که پڕه له ڕه‌مز و سومبول، له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرداران و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان، راسته‌وخۆ، مانای ئه‌و هونه‌ره پێ نه‌زانن، هونه‌رمه‌ندی کورد ده‌ردی خۆی زۆرتر له چوار چێوه‌ی ڕه‌مز گوتووه.
به‌یت بێژ له گێڕانه‌وه‌ی خۆیدا وا باسی قاره‌مانی چیرۆکه‌که‌ی ده‌کا، که گوێگره‌کان به ته‌واوی له‌گه‌ڵ قاره‌مانه‌که‌دا ئاشنا ده‌بن، چونکه ئه‌وه‌ی به‌یت بێژ ده‌یڵێ، له قووڵایی ناخ و سه‌رچاوه‌ی ده‌رونیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، که به ده‌نگ دانه‌وه‌ی هه‌ستی ته‌واوی جه‌ماوه‌ر له ماوه‌ی مێژوو دایه.
هه‌ر چه‌ن ڕواڵه‌تی زۆرتری به‌یته‌کان ئه‌وین و دڵدارییه، به‌ڵام له ڕاوه‌ستاوی و سه‌ربه‌ستی قاره‌مانه‌کان به‌رانبه‌ر به زوڵم و زۆر ده‌دوێ. له زۆرتری به‌یته‌کاندا، له نێوان دوو ئه‌وینداردا، هه‌میشه شتێک وه‌ک دڕک په‌یدا ده‌بێ که ده‌بێته له‌مپه‌رێک، له بۆ پێک نه‌گه‌یشتنی ئه‌وینداران. یاکوو پیاوێکی خوێڕی قاره‌مانی داستانه‌که ده‌کوژێ و ته‌واوی هه‌وڵ و تێکۆشان و مه‌ردایه‌تی قاره‌مان، به فێڕۆ ده‌چێ و گریان و قوڕ پێوان جێی ده‌گرێته‌وه.
له زۆربه‌ی به‌یته‌کاندا قاره‌مان ده‌گاته ئه‌وپه‌ری توانا، ئازایه‌تی، پیاوه‌تی، له خۆبوردوویی، فیداکاری و..، به‌گشتی که‌سایه‌تی تایبه‌تی ده‌ده‌ن به قاره‌مان. ئه‌گه‌ر به وردی له نێوه‌رۆکی به‌یته‌کان بڕوانین، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که ته‌واوی ئه‌م ئازایه‌تی و زاڵ بوون به سه‌ر زۆرداراندا، بۆ قه‌ڕه‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سایه‌تی میللی یه. یان له به‌یتدا ته‌واوی که‌م و کووڕی و هیوا و ئاواتی میللی، له که‌سایه‌تی قاره‌ماندا خۆی ده‌نوێنێ.
زۆرجار به‌یت ڕه‌نگی ئه‌فسانه به خۆیه‌وه ده‌گرێ، یان به واته‌یه‌کی تر ئه‌و ده‌مه‌ی قاره‌مانی به‌یت، تێک ده‌شکێ و ناتوانێ به‌و چه‌شنه‌ی که ده‌یه‌وێ به ئامانجی خۆی بگا، له خه‌یاڵدا که‌م و کووڕییهکهی خۆی قه‌ڕه‌بوو ده‌کاته‌وه و به ئه‌فسانه و خه‌یاڵ په‌نا ده‌با، بۆ پاراستنی حورمه‌ت و دیفاع له که‌سایه‌تی خۆی، به چه‌شنێکی خه‌یاڵی و به هێزێکی جادوویی، ته‌واوی فڕ و فێڵه‌کانی دوژمن به‌ر په‌رچ ده‌داته‌وه.
له زۆرتری به‌یته‌کان حاکم یان پاشا، لیباسی پڕشکۆی خۆی وه‌لا ده‌نێ و جلی فه‌قیر و هه‌ژاران ده‌کاته‌وه به‌ر و خۆی له ڕیزی ئه‌واندا ده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی بسه‌لمێنێ که که‌سایه‌تی قاره‌مان له جل و به‌رگی به‌نرخ و ڕازاوه‌دا دیاری ناکا، به‌ڵکوو که‌سایه‌تی یه‌کی به‌رز و نه‌گۆڕاوه و ئه‌مه که‌سایه‌تی یه‌کی ڕاستی یه، نه‌ک خه‌یاڵی.
شێوه‌ی دارشتنی به‌یتی کوردی سێ جۆرن:
۱ـ هۆنراوه و شێعر وه‌ک: به‌یتی دمدم، که به شێوه‌ی کلاسیکه. به‌یتی گوڵێ، که له سه‌ر شێوه‌ی شێعری نوێیه.
۲ـ په‌خشان: وه‌ک به‌یتی “مهڕزینگان”.
۳ـ تێکه‌ڵاوێک له شێعر و په‌خشان وه‌ک: به‌یتی حوسه‌ین چاپان.
له باره‌ی نێوه‌رۆکیشه‌وه به‌یته‌کان جۆراوجۆرن:
به‌یتی مێژوویی وه‌ک: به‌یتی دمدم.
به‌یتی ڕامیاری وه‌ک: به‌یتی ناجی عومه‌ر.
به‌یتی فه‌لسه‌فی وه‌ک: به‌یتی زه‌نبیل فرۆش.
به‌یتی وه‌سفی وه‌ک: به‌یتی گوڵێ.
به‌یتی ئاشقانه وه‌ک: به‌یتی خه‌ج و سیامه‌ند.
به‌یتی ئازایه‌تی و حه‌ماسی: به‌یتی سه‌یده‌وان.
به‌یتی پێکه‌نینی وه‌ک: به‌یتی که‌رێ و به‌یتی مشک و ئاشه‌وان.
-سه‌رچاوه: کتێبی دیاری ئاماده‌کردن و کۆکردنه‌وه‌ی: ئه‌ندازیار ڕه‌زا سه‌رسێفی چاپی ساڵی ١٣٩٠ی هه‌تاوی بڵاوکراوی گوتاری سه‌قز
- سقز رووداو
- کد خبر 13186
- بدون نظر
- پرینت