اجتماعی, اخبار, ایران, سیاسی, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

پلانێ پێوەر بۆ خەڵاتی ئەدەبی کوردی

)بە بۆن دانانی خەڵاتگەلی ئەدەبیی قەڵەمی هەژار و کاڵ) - عەلی سوهرابی

ساڵی۱۹۰۱لە وڵاتی سوید،بە شێوەی فەرمی یەکەم خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی بە سوولی پرۆدۆم شاعیرو نووسەری فەڕانسەوی بەخشرا کە پێشتر باو نەبوو.بەڵام لە درێژەی مێژوودا لایەنگرانی ئەدەبی و هەروەها دەوڵەتەکان لە نووسەران و شاعیرانی هەڵکەوتوو پاڵپشتی ماڵیان کردووە.ئەم یارمەتیانە زیاتر فەخری بووە نە وەک خەڵاتی فەرمی . ئەو ئاوەی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبێل ڕشتی دەیان خەڵاتی جێ متمانەی دیکەی لەجیهاندا بەشوێندا هات.وەک: بوکر، پولیتزێر، هۆگۆ، سێروانتێس و…

لە وڵاتی ئێرانیش بۆ پەرەپێدانی زمانی فارسی، چەندین جۆر خەڵاتی ئەدەبی لە بواری چیرۆک و شیعرو ڕۆمان دابینکراوە کە زیاتریان بەناوی کەسایەتییەناودارەکانی وێژەی فارسییەوەیە وەک :خەڵاتگەلی جەلال ئالی ئەحمەد، ئەحمەد شاملوو، هووشەنگ گوڵشیری، پەروین ئێعتسامی، نیمایووشیج.هەروەها خەڵاتی گەورەی کۆماری ئیسلامی ئێران و مێهرگانی ئەدەب و…

لە بواری ئەدەبی کوردیش چەندین خەڵاتی ئەدەبیمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە بۆ گەشەو نەشەی خامەی شاعیران و نووسەرانی کورد تەرخان کراوە کە هەندێکیان دەوڵەتی و بەشێکیشیان سەربەخۆن . وەک:کتێبی ساڵی کوردستان، داڵاهوو، قەڵەمی هەژار، کاڵ و…

ئەم ڕەوتە تایبەتە -دانان و بەخشینی خەڵاتی ئەدەبی- لە کوردەواریدا جۆرێ پەرتەوازەیی و ئاڵۆزیی خاوەن خەڵاتەکەی تێدا دەبیندرێت کە هەندێ جار، نەبوونی پلان و گەڵاڵەی ستاندارد دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێشی ئەدەبی خەڵاتەکە و لە کیس چوونی پاڵپشتیی بەردەنگ و ناهومێدی کۆمەڵگای ئەدەبی.جا بۆیە لەم وتارەدا بڕێ خاڵی ئەرێنی و پێشنیاری تایبەت بۆ بە ستانداردکردن و یەکپارچەکردنی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە هاتووەتە ئاراوە کە هیوادارم ڕەچاوکردنیان وەک باقی نەتەوەکانی جیهان، ببێتە هۆی سەقامگیری و گەشەسەندنی خەڵاتگەلی ئەدەبی کوردی .

بەڕێوبردنی ڕێوڕەسمی خەڵاتە ئەدەبییەکان، پێویستی بە دانانی پلانی دروست و گەڵاڵەداڕشتنی کارامەیە،تا بە ئامانجە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانمان بگەین.بەڕێزەوە  لە درێژەی بابەتەکە،هەندێک پێشنیار پێشکەشی بەڕێوەبەران دەکرێت:

۱. پێناسەی ئامانجگەلی دیاریکراو

ئامانجەکانی خەڵاتەکە ڕوون بکەنەوە: ئایا جەخت لەسەر دۆزینەوەی نووسەرانی لێهاتووی نوێیە یان ڕێزلێنان لە نووسەرانی بەناوبانگە؟
جۆری ئەدەبیاتێ کە پێویستە پاڵپشتی بکرێن (رۆمان، شێعر، چیرۆکەڵە، و…) دیاری بکرێت.

‌۲. پێکهێنانی دەستەی داوەرانی لێزان و ڕەنگامە

داوەرانی بەئەزموون و بەتوانا و پسپۆڕ هەڵبژێرن.چون ئەگەر ڕەوتی هەڵبژاردنی داوەران و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن ڕوون بن باوەڕی گشتی زیاد دەبێت.

۳. دیاریکردنی مەرجەکانی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕوون و بەرچاو

مەرجەکان  پێش لە دەسپێکی کارەکە ،ڕوون بکەنەوە و بە ئاگاداریی گشتی بگەیەنن.
جەخت لە سەر داهێنان، نوێکاری و کاریگەری فەرهەنگی، جێگەو پێگەی خەڵاتەکە بەرزتر دەکاتەوە .

۴. لە خۆگری و جۆراوجۆری

دەبێ خاترجەم بین کە نووسەران، لە گرووه گەلی جۆراوجۆری کەلتووری، زمانی و کۆمەڵایەتین کە لە ڕەوتی بەشداری و داوەری ڕەچاو کراون.
لە سنووردار و کورت کردنەوەی خەڵاتەکان بۆ جەریانگەلێ تایبەتی ئەدەبی یان زمانی خۆبپارێزن.

۵. ڕوون بوونی ڕەوتی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی  دەرئەنجامەکان

ڕەوتی هەڵبژاردنی براوەکان ڕوون و دادپەروەرانە بێت. ڕاگەیاندنی هۆکاری هەڵبژاردنی هەریەک لە براوەکان، متمانەو بایەخی خەڵاتەکە بەهێزتر دەکات.

۶. پاڵپشتیی ماڵی و پڕۆپاگەندەی بەردەوام دابین بکەن

سەرچاوەگەلی بەردەوامی ماڵی بۆ خەڵاتەکە تەرخان بکەن تا ڕەوتی بەڕێوەبردنی کارەکە نەوەستێ.
لەگەڵ پەخشانگاو ڕەسانە و بنکە فەرهەنگییەکان هاوکاریتان بێت تا خەڵات و براوەکان لە ئاستێکی بەربڵاودا ببیندرێن.

۷. بەخشینی خەڵاتگەلی بەرچاو و بەنرخ

خەڵاتی مادی،دەرفەتی لەچاپ دان یان پاڵپشتی لە بەرهەمەکانی داهاتوو،بایەخێکی زیاتر بە خەڵاتەکە دەبەخشێ.
دابینکردنی لەوحی سپاس یان تەندیسێ تایبەت وەک برەند و نشانەی خەڵاتەکە، کاریگەری زۆری دەبێ.

۸. ڕێوڕەسمگەلی هاوتا بەڕێوەبەرن

بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە ئەدەبییەکان،.دیمانەو وتووێژی نووسەران، و کارگاگەلی فێرکاری لە تەنیشتی مەڕاسمی ئەسڵیدا دەتوانێ پێگەی خەڵاتەکە لە کۆمەڵگایی ئەدەبیدا سەقامگیر بکات.

۹. داڕشتنی پلەتفۆرمێک بۆ بەرچاوکەوتنی بەرهەمەکان

نامزەدەکان و براوەکان لە ڕێگای پیشانگەکان، ماڵپەڕەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بناسێنن.
ئەگەری وەرگێڕانی کارە هەڵبژیردراوەکان بە زمانەکانی دیکه ،پەرە بە کاریگەری جیهانی خەڵاتەکە دەدات.

۱۰. هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ساڵانە

پێویستە هەموو ساڵێک کار و ڕەوتی  بەشەکانی بەڕێوەبردن، تاوتوێ بکرێ و بۆ باشتربوونی خولەکانی داهاتوو ،گەڵاڵە دابڕژێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *