اجتماعی, اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

کانی ئاشقان….

- ف.حیجازی(لالە)

لە داوێنی گردی “تەپەی ماڵان”روو بە ڕوخساری شار و “چەمی وڵیخان”،کانی ئاشقان،هێشتا گەورەکچێ زیندووە، دڵاوا و بەخشەندەیە بۆ ڕێبواران و خەڵکی شار…لەدڵی بەرزاییەوە هەڵدەقوڵێ و دوای تێراوی ڕێبوارانی تینوو و دێراوی بنار و پارک، ڕێدەکەوێ و دێتەخوارێ،دەست لە ملانی چەمی داپۆشراوی وڵیخان دەبێ.

ڕۆژگارێ،کانی ئاشقان ژوانگەی دڵداران بوو و سەیرانگای خۆشیی خەڵکی شار…دەوری پەرژینی گوڵ و دار و دەون بوو…بەناز دەیڕوانیە شار و دڵخۆش بوو لە جموجۆڵی ئێوارانی کچان و ژنان و ڕێبوارانی تینوو…شوێنی حەسانەوەی شاخەوانانی ماندوو بوو کە بە ئاوی زۆڵاڵی تینوویەتیانی ئەشکا… بەوردی گوێی ڕادەگرت بۆ قسە وچیرۆکیان و قاقای گەنجەکان ودڵخۆشەکان،دڵخۆشی ئەکرد…
ئێستا، دوای هەموو ئەوساڵانە،هێور ،سەری داخستووە و بیردەکاتەوە لە هەموو ئەو گۆڕانەی بەسەر شار و خەڵکانی هاتووە.هێشتا دڵی لای شارە و خۆشی ئەوێت،بەڵام خەمێ ئاوێتەی بووە کە نازانێ چۆن باسی بکات …نەبوونی ئەوانەی بوون و ئێستا نین،خەمینی دەکات و بیری لێدەکاتەوە…

کانی ئاشقان گەنجێ سەربەمۆرە لە هەزاران چیرۆکی نەنووسراوی تاڵ و شیرین ، لە ڕۆژانی ڕابردوو کەڕێبواری ماندوو، لای ئەدا بۆ باوەشی نەرم ونیانی کانی و خواردنەوەی قومە ئاوێ و وچانێ….
هەم ئێستایش ،کانی ئاشقان بە دلۆڤانی و نیگای مێهرەبانی سەرنجی ڕێبواران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و لە ئاوی دڵی پاکی پێیان دەبەخشێ…
گەرچی پەل وپۆی پەرژینی ،گوڵ و شیلانیان هەڵپاچیوە، باڵایان داپۆشیوە و شۆخ وشەنگی جارانی بەرچاو نییە،بەڵام ڕوخساری مێهرەبانی هێشتا دیارە و دڵی بەخشەندەی ،ئاوەڵایە…،لە داوێنی تەپەی ماڵان،دەڕژێتە خوار، بەرەو ڕووبار…بە خەونی گەیشتن بە زەریا،ئەڕوا،ئەڕوا….

“کانی ئاشقان” ژوانگەی قەدیمی دڵداران،ئێستا ژوانگەی ئێوارانی سێ شەممانەی من و پەپوولەکانی نێشتمانە…مناڵە چاوگەش و ژیکەڵانە کانی ئەم گەڕەکەی شار کە تامەزرۆی فێربوون وگەورەبوونن…
سێشەممانە، بە عەشقی ئەم پەپوولانە،لە کەپری خۆشەویستی “کتێبخانەی کانی ئاشقان” ،لە داوێنی دڵڕفێنی تەپەی ماڵان،ڕوو بە دیمەنی جوان و ڕازاوەی شارەکەم سەقز ، گوڵی زانیاری دەچنینەوە ، وانەی مێهرەبانی دەخوێنین وخۆشەویستی نیشتمان دەهۆنینەوە…

ت۱- کانی ئاشقان،یەکێ لە ۲۵کانی پڕ پیت وبەرەکەتی نێو شاری سەقز بوو،کە هێشتا زیندووە…وتارێکم سەبارەت بەم کانیانە نووسیوە وبڵاو بووەتەوە.
۲- وێنەی من و مناڵە کان ،ئەم هاوینە،لە کتێبخانەی پارکی گەڕەکی کانی ئاشقانی شاری سەقز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *