اجتماعی, اخبار, سیاسی, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری

کیژەکەی کافرۆش (مۆنالیزای کورد)

شاهۆ لامێع زادە

ناوی  ڕاستەقینەی خەجیج جومعە مەولوود شکاک دەبێ و لە دایک بووی ساڵی ۱۹۲۲ زایینیە،دایکی بە ڕەچەڵەک ڕووس بووە و باوکیشی شەرڤان و هاوڕێی سمایل ئاغایی سمکۆی شکاک بووە.

دوای شکستهێنانی سەرهەڵدانەکەی سمکۆی شکاک، مەولوود شکاک لەگەڵ کوڕ و کچەکەی و دوو کچی سمکۆی شکاک گوندی گەنگەچین لە کوردستانی ئێران جێدێڵن(لەو کاتە بە بۆنەی نەخۆشبوونی خەزوری بۆی ناگونجێ خیزانی لەگەڵ خۆی بەرێ و بەتەمایە دواتر بێتەوە شوێنێ بەڵام مەخابن دواتر دەکەوێتە ژێر دەستڕێژی سەربازەکانی سنوور  و دەکوژرێت) و دوای چەند شەو و ڕۆژ  ڕێپێوان دەگەنە باژێری هەولێر و لە پەڕاوێزی ئەو شارە نزیک ماڵی جولەکەکان ماڵێک بەکرێ دەگرن و سەقامگیر دەبن.

 

بەهۆی ئەوەیکە جومعەمەولوود کارێکی ئەوتۆی نەدەزانی لە قەیسەری هەولێر دوکانی  کافرۆشی دادەنێت و رۆژانە دەیان کاروان بۆ دابین کردنی کای حوشتر و هێسترەکانیان سەردانی دەکەن.

خەجیج هەموو ڕۆژێک بۆ فراوین نان و چای نیمەڕو دەبا بۆ باوکی و بە بۆنەی جوانیی بێهاوتایەوە بە لاو و پیرەوە چاوی تێ دەبڕن و بەسۆنگەی ئەوەی ناوی نازانن بە کچەکەی کافرۆش ناوی دەهێنن.

ئەفسەرێکی باڵای سوپای شانشینی بەریتانیای گەورە عاشق و شەیدای دەبێ و دوای چەندجار خوازبێنیکردن و وەرگرتنی پەرسڤی نەرێنی لە لایەن باوکییەوە، پیلانی ڕفاندنی دەڕێژێ و لەکاتی گەڕانەوەی لە دوکانی باوکی بەرەو ماڵ بە یارمەتیی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و چەکدارەکانی دەیڕفێنێ و دەیبا بۆ بەریتانیا.

دوای چەندمانگ هاتووچۆی باوکی بۆ بنکەی پۆلیس و تۆمارکردنی سکاڵا هیچ دەستکەوتێکی نابێ و لە تاو خەم و کەسەری غەریبیی و شوێنبزربوونی کچەکەی ئەوندە دەگری تا هەر دوو چاوی کوێر دەبێت و دوای چەند ساڵ کۆچی دوایی دەکات.

بە پێی زانیارییەکان کیژی کافرۆش لە کاتی ڕفاندنی تەمەنی ۱۲ ساڵان بووە و دواتر نیگارکێشێکی هەولێری (دەڵێن لەکاتی تێپەڕبوونی بە نێو بازاڕدا  لە دوکانەکەی یەکتر دەبینن و عاشقی هەودوو دەبن و پەیمانی دڵداری و خۆشەویستیی دەبەستن و دوای بزربوونی کچەی کافرۆش بێوچان ئەوەندە نیگارەی جۆراوجۆری ئەو دەکێشێ تا ماسوولکەکانی بێهێز و گەپۆڵ دەبێ) نیگارەکەی دەکێشێتەوە و  ئاوازەی لە گشت کوردستان بڵاو دەبێتەوە و تاجران و کڕیارانێکی زۆر وێنەکەی دەکڕن و لە ماڵ و دوکانەکان هەڵیدەواسن.

لە بابەت چەشنی مردنی کچی کافرۆش دوو لێ گێڕانەوەی جیاواز هەیە، لە هێندێک سەرچاوە هاتووە کە دەرمانداو کراوە و تاقمێکیش دەڵێن بۆ ئەوەی بنەماڵەکەی شەرمەزار نەبێ خۆی کوشتووە.

سەرچاوە: ڕۆمانی کچی کافرۆش‌ – نەبەز گۆران

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *