ئەوینی ئاسمانی
✍ سەلاحەددین ئاشتی
دەیگوت:
بە ڕەحمەتی خودای شاد بێ نەنکم، شەنگەژنێکی هەتا بڵێی جوانچاک و ڕەزاسووک و گەرموگوڕ و ڕەند و مەند و بەدەمار بوو. ئەمن نەنکم بە قەد هەموو دنیایە خۆش دەویست و ئەویش منی. چەند هێوەر و دش و کوڕ و بووک و نەوەی خوار و ژووری لە ماڵی قەوغا و بە بێنەبێنی دەهاتن و دەچوون.
نەمبیست تووڕە بێ. هەمیشە دم بە پێکەنین بوو. دەیکوت بیستوومە خودا گیان حیسانی قەڵس و تووڕە و مرچومۆن و ڕەزاتاڵی ناخۆش دەوێ…!
ئێمە دووبنەکی بووین، زۆربەمان لە شاری دەمانخوێند، پوورێکی مێردنەکردوومان بنەوانمان بوو. ئەویش هەتا دەست هەڵێنی کەڵەگەت و ڕەزاشیرن بوو، بەڵام کەیفی لە پیاوان نەدەهات… کەس نەیدەوێرا بنێرێتە سەری!
پووری چاک بوو، وەک گوڵ نیگای دەداشتین و پێمانەوە هیلاک بوو، بەڵام ئەویش وەک دایکی هەر پێدەکەنی.
پاییزان خەڵکی دێی چاوی لە بەرەکەتی ئاسمانە تا بێ و ببارێ و پەڵەی بدا و تۆو خۆی بگرێ و بگوورێ و ڕیشەی داکوتێ.
ئەگەر باران دەباری ئەوە هەموو لایەک شادمان بوون و کە نەشدەباری خەڵک دادەمان و نیگەرانی بە ڕوخساریانەوە دیار بوو… نەدەبوو نەبارێ! بێ بارانی مەترسی بوو لەسەر بژیوی ژیان. ئەو دەمی وا نەبوو هەر کەس هەستێ سێچوار چاڵاوان هەڵکەنێ و تەڕایی لە حەرزی ببڕێ و شادەمار و موودەماری هەڵقرچێنێ!
نازانم چۆن بوو؟ لە چیڕا ئەو فکرەی دە دەروونی خزابوو دایەگەورەم. هەر ساڵێکی باران وەدرەنگێ دەکەوت و ئێمەش لە شاری دەچووینە مەدرەسەی، بە دوویدا دەناردم یەکدوو ڕۆژان بچمەوە دێی. کە دەچوومەوە چاوەڕێ بوو، هەر لە دوورەوە بە پیرمەوە دەهات و لە ئامێزی دەگرتم و نەرمنەرم ماچی دەکردم. دەوێرم بڵێم نەنکم لە دایکم خۆشتر دەویست. ڕەگی محەببەتێکی هاوبەش وا پێکەوەی گرێ دابووین، کە شیلەی هەنگوینی پێدا دەڕۆیی. بۆنی سەروپرچی بە ئەندازەی هەموو عەترە بۆنخۆشەکانی دنیایە خۆش بوو، ئەگەر بۆم دادەهاتەوە و بە خۆیەوە دەکوشیم. دەمکوت، دەڵێم، هەتا ئێستا بۆنی وا نە ساز بووە و نە تازە سازیش دەبێ، ئەویش بۆ من.
نەنکم ئەوینداری زەوی بوو. ڕۆژێ هەزار جاری خۆی بە قوربانی جووت و گا دەکرد. دەیکوت: زەوی ژیانێکی ئاوەدان و چراخانە و پێویستی بە ڕەحمەتی بارانە.
دەچوومەوە دێی، بە پیرمەوە دەهات، وەک مریدێک بە پیر شێخێکی گەورەوە بچێ…
– هەک بەخێرێیەوە خدری زیندە! هەی پەل و پێ پیرۆزی نەفەس مبارەک… باوخۆش بووم، کە وای دەکوت غوربەتیم هەڵدەستا، بەڵام دەمزانی چی دەوێ. لەڕێوە دەچوومە سەر کانێ و دەسنوێژێکی بە ئیشتیام هەڵدەگرت. لە دەسنوێژەکەمدا زۆر ڕۆدەچووم بە هەناوی خۆمدا و دەمکوت ڕەنگە مەلاییەتەکانیش هەر وەک من دەروونیان بێ خڵتەوخاڵ بێ. ئەو دەمی وام دەکوت، دواتر زانیم من هەنگاوێک لە پێشترم…
دەهاتمەوە، لەسەر بەردەنوێژەکانی حەسارێ نوێژێکی خواییم دادەبەست و دەفڕیم. نازانم بۆ کوێ، بەڵام دەزانم لەوێ نەدەمام. هەر نەدەمام! دوای نوێژێ، سەرم دەبەر خۆم دەنا و لە هەوایەکی بێ بارانیدا گڕووی بارانەم دەگرت، لە ئاسمان و لە خاوەنی ئاسمان… من نوێژەبارانەم نەدەکرد، کەچی بۆ نا؟ ئەوە نوێژەبارانەیەک بوو جیهانێکی دەگەڵ بوو. جیهانی دەروونی خۆم و دەروونی دایەگەورەم. زۆر جاران کە وەخۆ دەهاتمەوە ئەو ڕەندەژنە چارشێوشانەکەی خۆی بەسەر هەڵکێشابووم با سەرمام نەبێ… ئاخر پاییز بوو… جاری وابوو قەوسی پاییزێ بوو…
نازانم چ بوو؟ ئێستاش تێینەگەیشتم. کەم وا هەبوو بارانە لەسەر بەردەنوێژەکان نەمخووسێنێ… نازانم چ ئیشقێک دە نێوان من و ئاسمان و خاوەنیدا هەبوو، بەڵام دەزانم شتێک هەبوو، کە ناتوانم بۆ کەسێ بیگێڕمەوە…