لێدوانێک لە کۆمەڵە شێعری تا سەفەری درەختی فەرهاد محەمەدجانی
✍️عەلی حسەینی
ئێستاکەش لە سەر ئەوەی شێعر چییە و چ پێناسەیەکی بۆ لەبەرچاو دەگیرێ مشت و مڕ و باسی زۆر دێتە ئاراوە. لە سەر دەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر دەق و فۆڕمی شێعر گۆڕانکاریی زۆری بە سەر دێت. کۆمەڵگەی ئەدەبیی فارس بە یەکەم دەرکەوتە لە شێعری تا ڕادەیەک ئازادی نیما یووشیج و کەسانی تر داچڵەکانێکی سەیری بەخۆوە بینی و کەسانێکی زۆر بە گاڵتە و جەفەنگ بەرەوڕووی ئەو چەشنە دەقە نوێیە بوونەوە. هەموو شت پێوەندیی بەوەوە هەیە کە نوێخوازی تا چ ڕادەیەک لە زەینی شاعیر و نووسەر و تەنانەت بەردەنگیشدا جێگەی بۆ تەرخان کرابێت یان بڵێین تا چ ئاستێک زەین و فکری گشتیی ئامادەی وەرگرتنی نوێکاری بێت. وێرانە خاکی ئیلیۆت لە سەردەمی خۆیدا زۆر ڕاچڵەکێنەر بوو؛ بە تێپەڕینی کات ئەو تازەکارییەی کە لە وێرانە خاکدا کرابوو لە ئاستێکی بەرچاودا هاتە کۆنە بوون بەڵام لەوانەیە بڵێین ئاڤانگاردێتیی ئیلیۆت بۆ هەمیشە پارێزراو مایەوە. ڕووخاندن و داڕمانی بنەمایەک یان بڵێین چوارچێوەیەک و چێکردنی بنەمایەکی تازەتر گاڵتە هەڵگر نییە؛ ئەویش لە شتێکی زۆر هەستیار و ناسکی وەک دەقی ئەدەبیدا! ئۆدیسە و ئیلیادی هۆمێر، کە پێشتریش لە شرۆڤەی تردا وتبووم، لە سەردەمی خۆیاندا ڕەنگە زۆر شێعر بووبێتن بەڵام بە تێپەڕینی کات شێعرییەتیان کەم دەبێتەوە و تەنیا وەک نەزمێکی خۆش و حیکایەتگەلێکی ڕیتمیک چاویان لێدەکرێ. دەشتوانرێ بوترێ ئەم شتە ڕێژەییە و شێعرییەت و ناشێعرییەت لە ڕوانگەی تاکەکانەوە پێناسە دەکرێن؛ تاکەکانیش لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئیمکاناتێکی فیکری و زەینی و … ئاستی کاریگەر بوونیان خوار و ژوور دەکات. ئەفلاتوونی فەیلەسووف لەو کەسانە بوو کە بەردەوام بەرهەڵستی دەقی شێعری دەوەستا و لەو باوەڕەدا بوو کە بەگشتی شێعر ئەوە نییە کە لە پانتایەکی ڕاشناڵیزمانەدا بێتە شرۆڤە و لێدوانەوە؛ ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە ئەرەستووی شاگرد و هاوڕێی گرینگایەتیی زۆری بە دەقی شێعری دەدا.
ئەرەستوو هەموو ئەو شتەی کە لەگەڵ دەقی ئاسایی جیاوازیی هەبوو وەک شێعر یان دەقی نیزیک لە شێعر پێناسەی دەکرد و بەرز دەینرخاند. لە ئێستادا کە جیهان وەکوو یەک گوندی لێهاتووە گۆڕانکارییەکان زۆر زووتر ڕوو دەدەن دەتوانین بڵێین دەقی ئەدەبی بە تایبەت شێعر بەردەوام لە گۆڕاندایە و تاکی خولقێنەری دەق پەلەپڕووسکێیەتی کە دوا نەکەوێت ئەگەرچی زۆر جار گۆڕانکارییەکان بەر لەوەی بگیرسێن،دەڵەمە ئاسا دەتوێنەوە و بزر دەبن. کە سەقامگرتووییەکی چڕ و پڕیش لە ئارادا نەبێ زۆر سەختە بڵێین چی شێعرە و چی شێعر نییە یان چ شتێ نیزیک لە شێعرە و چ شتێ نیزیک نییە یان ئەگەر سەیری ڕابردوویەکی نیزیک کەین بڵێین چی شێعر بوو و چی ناشێعر بوو. لە ڕوانگەی نووسەری ئەم دێڕانەوە ئەو شتەی کە لەگەڵ زمانی ئاسایی جیاواز بوو و ئاستی داچڵەکێنەربوونی لەسەرەوە بوو دەتوانێ دەقێکی نیزیک لە شێعر یان خودی شێعر بێت. عزم دیدار تو دارد جان بر لب آمدە بازگردد یا برآید چیست فرمان شما، ئەم دەقە دەتوانێ لە سەردەمی ڕابردوو و ئێستاشدا هەر شێعر بێت؛ لێرەدا شاعیر دەیهەوێ بە کەسێکی خۆشەویستی بڵێ حەزی لە پێکەوە بوونە و ئەوپەڕی بێ تاقەتبوونی خۆشی ڕادەگەیەنێ. ئەگەر بە زمانێکی ئاسایی ئەو شتەی ڕاگەیێندایە یەک چرکە کاریگەریی دەبوو یان تەنانەت نەیدەبوو. لە دەقی ئاساییدا دەربڕینی لەم چەشنە هەرگیز نییە یان زۆر بە کەمی بوونی هەیە. لوتفێ بە حاڵی من کە، وتم؛ ئەو وتی بە قار: تۆ شێخی با خودا و ئەمن شۆخی ناخودا، ئەمەش لە تێپەڕینی کاتدا شێعرییەتی خۆی لە دەس نەداوە ئەگەرچی هەموو شت پێوەندیی بە بیر و بۆچوون و تێگەیشتنی بەردەنگەوە هەیە.
لە کۆمەڵە شێعری “تا سەفەری درەخت” دا، فەرهاد محەممەدجانی بە خۆشییەوە زۆربەی کات بە شێعرەوە پێشوازی لە بەردەنگ دەکات و وا دەردەکەوێ شاعیر هەستیارانە وشە و دەستەواژە بەکار دێنێ؛ پێشدەچێ خوێندنەوەیەکی بەرچاوی لە ڕابردوو و ئێستای شێعر هەبووبێت. بە گشتی دەتوانین بڵێین ئاسەواری خوێندنەوە بە دەقەکەوە دیارە. ئەگەر لە ناوەرۆکی دەقەکە بڕوانین وادەردەکەوێ شاعیر لەو باوەڕەدا نییە تەنیا دەقێکی چاوباشقەڵەی ئەدەبی بخولقێنێ یان تەنیا ڕەمز و ڕازی دەق و ئاستی یاری بە دەستەواژە و وشە بەرێتە سەرەوە. شاعیر نایهەوێ بڵێت من ئەم دەقە دەخولقێنم ئیتر ناوەرۆکی بە چ ئاقارێکدا دەڕوا یان لە چ چەمکێ سەر هەڵدێنێ پێوەندیی بە منەوە نییە. جوان دیارە کە لە ئاستی ناوەرۆکدا خۆی بە نابەرپرس نازانێ. ئەگەرچی باوەڕی گشتی و باو ئەوەیە شێعر یان هەر دەقێکی تر کە چووە ناو لاپەڕەی کتێبەوە ئیتر خوێنەر یان بەردەنگ خاوەنیەتی و بە کەیفی خۆی ئەسپ دەوانیی پێوە دەکات و شتی جۆراوجۆری لێ هەڵدەکڕێنێت بەڵام ئەمە ئەو ڕاستییە ناگەیەنێ کە شاعیر هەموو هەوڵی خۆی نەدا بۆ خولقاندنی دەقێکی باش و تۆکمە.
لە سەرەتای خولقاندنی هەر شێعرێکدا شاعیر تەنانەت لە زەینیشیدا بەرپرسانە هەڵس و کەوت لەگەڵ شێعر دەکات واتە نایهەوێ مەنفی ڕێسی بکات؛ دیارە ناشیهەوێ ملی وشەکان لە یەک بسوێ و قەتارەیەک لە پەیڤی زەبەلاح بەرەو بواری پەڕینەوە بەڕێبکات و قوتار. شاعیر بۆ ئەو شتەش کە هێشتا نەخولقێندراوە خۆی بە بەرپرس دەزانێ چ بگات بەوەی کە بیخاتە سەر ڕوخساری سپیی لاپەڕە.
ئینجا لە باتیی هەر دڵۆپە ئاوێک ڕەقەمێ دەنووسم
پڕ بە تەمەنی هەموو ناسیاوەکانم
وەکا هەموومان لە تەمەندا نوقمین
قۆڵبەست دەکرێین بە جەوری جوگرافیا
ژیانی هەموو شار و خەڵکانی دەبژێرم
کۆتایی بە چیرۆکی منداڵی ئەم شارە دێنم و
پێش پیر بوونیان بەلەمێکیان بە دیاری دەدەمێ (ل ۲۸)
ڕەنگە پێش نووسینی ئەم چەن دێڕە شاعیر ئامانجی ڕزگاریی خۆی و هاوقەتارانی لە جەور و جەبری پڕووکێنەری جوگرافیادا لە دەورەیەکی درێژخایەندا لە زەیندا هەڵگرتبێ هەر بۆیە وشە بە وشە بانگەشە بۆ ڕزگاری دەکات. دیارە ئاشتی و خۆشی و پێکەوە ژیانی بۆ خۆی و هەموو مرۆڤەکانی دەور و بەری دەوێت بۆیە بەم ڕوونییە بانگی ئازادی هەڵدەدات؛ وەک دەزانین تەنیا لە ئەتمۆسفۆرێکی ئازادا مرۆڤ دەتوانێ مرۆڤانە بژی هەر بۆیە شاعیریش خوازیاری وەها دۆخێکە.
با ئیدی لە پەنجەی هیچ مرۆڤێ ئەشکەنجە نەڕژێ
هیچ کناچەیەک بە فرمێسک چاو نەڕێژێ
مانیفستێک دابین بکەین بۆ وەرز
با قژەکان بخەمڵێنێ
وەرە شوێن پێی هەتاو بگرین
تا توێی سلوولەکان
تا خەیاڵ لە وشەدا چرۆ بکا
دیسان لێرەشدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کوێرەوەری و نەبوونی ئازادی بۆ مرۆڤەکان دەدوێ و بانگەشە بۆ ژیانێکی باش و بنەبڕبوونی زەبر و زەنگ و داپڵۆسین دەکات.
لە لاپەڕەی ۴۳ دا بە یا شێخ سەعیدی تینوو کە مەبەستی شێخ سەعیدی پیرانە کە بڕیار بوو بە پێی گرێبەستی سیڤەر بکرێ بە پادشای دەوڵەتی کورد و نەکرا و دەوڵەتیش پێک نەهات، دەست پێدەکات. هەر وەها بە ڕستەگەلی وەک: چاو هاتووە بۆ هێشوویێ حەسانەوە لە باخی نیگا، مەبەستی لە هەموو ئەمانە چارەنووسی نادیار و لێڵی کوردە کە لە ناو هەموو گەلانی دنیادا بێ دەوڵەت ماوەتەوە.
ئەگەر لە فۆرم و بیچمی دەقەکە ئاوڕ بدەینەوە دەتوانین بڵێین لە زۆر شوێندا لە جوانکاری و یاری بە وشەشدا، لە ئاستێکی باشدا شاعیر خۆی دەرخستووە و لە وێنەگەلی جوان و ئەدیبانە کەڵک وەردەگرێ.
تا ئەو دیوی خۆ دێم
وەکوو هەنارێکی لاساری سەر درەخت
بە تەمای دەستێکی دەزگیرانم
لەم کۆپلەی خوارەوەشدا شاعیر وێنە لە سەر وێنە ڕیزی دەکات و دەگەیەنێ کە لە خولقاندنی دەقی نوێ و وەدیهێنانی فۆرمی ئەدیبانەدا دەستی دەڕوات و کەم ناهێنێ.
ئەگەر ڕەشەبا چرۆ نەکا
نە هەنار تاقەتی لە ماچە و
نە مەمک گوڵ دەدا
ڕاوستە دنیا
ئەگەر بمانهەوێ خاڵێکی نەرێنی لە گشتێتیی زمانی دەقەکەدا دەربخەین ڕەنگە بتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە لە شوێنگەلێکدا ئاسەواری دەربڕینی فارسانە بەم دەقەوە دیارە کە بەداخەوە ئەو پەتایە لە کوردیی ڕۆژهەڵاتا بنەبڕ بوونی تا ئاستێکی زۆر دژوار و ئەستەمە چون لێرەکانە تاکەکان زمانی کووردییان لە دەوری ئاکادیمیکدا نەدیوە. زۆر جار ڕەنگە بە چڕ خوێندنەوەی دەقە کوردییە باشەکان وەک دەقی : شوکور مستەفا، شێڕکۆ بێکەس، فەتاح ئەمیری، عەتا نەهایی و … بتوانرێ ئەو کێشەیە تا ئاستێکی بەرچاو چارەسەر بکرێت.
سەرچاوەکان:
۱.طلا در مس، رضا براهنی
۲. شعر و شناخت، ضیا موحد
۳. ادبیات چیست؟ ژان پول سارتر
۴. کتێبە شێعری تا سەفەری درەخت، فەرهاد محەمەدجانی