خۆخۆری کورد: لە دابەشبوونی ژێئۆپۆلێتیکییەوە تا پارچەپارچەبوونی فامی نەتەوە دە ئاگایی کورد دا*
یادداشت: عەبدولقادر نیازی
دیاردەی “خۆخۆری کورد” کە وەک بوارێکی مەعریفی هاتۆتە نێو گوتاری سیاسیی کوردی، زیاتر لەوەی نیشانەی “تێکچوونی بنەماکانی ئەخلاقی سیاسی” بێ، سێمپتۆم و نیشانەدەردێکی پێکهاتەییە دە شێوازی دروستبوونی ئاگاییی نەتەوەیی دا. پرسیار ئەوەیە: ئەگەر دەگەشبینانەترین حاڵەت دا نەتەوە وەک یەکەیێکی یەکگرتوو و دەپێشدائامادە، تێبینی بۆ بکرێ، ئاگایی پارچەپارچە، یا “خۆخۆری” دەو شکڵە نەشیاوەدا، لە کوێی ئەو یەکانگیرییە نەتەوەییەدا جێگیر دەبێ؟ “کورد خۆخۆرە” یا “کورد و ئەڵماس هیچ شتێک نایانبڕێ جگە لە خۆیان”، هەڵوێستەی کام قۆناخی مەعریفی و ئەپێستمۆلۆژیک و ئانتۆلۆژیکی کوردن؟ وڵامی ئەو یادداشتە ئەوەیە: دابەش کرانی کورد دە پەیماننامەی سایکس پیکۆ و لۆزان دا، نە تەنیا دابەشکرانێکی جۆغڕافیایی و ژێئۆپۆلێتیکی بوو، بەڵکوو دابەشکردن و قات قات کردنی خودی ئاگایی کوردیش بوو وەک فۆرمێکی تێگەیشتنی نەتەوەیی. ئەگەرچی ئەو دابەشبوونە نە وەک ڕووداوێکی دەرەکی، بەڵکوو وەک پڕۆسەی دروستبوونی سووژەی سیاسی دەکرێ ببینرێ بەڵام، دەو چەشنە ئاگاییە دابەشکراوەدا، “نەتەوە”، نە واقعییەتێکی ئامادە، بەڵکوو وەک کێشەیەکی بەردەوام بۆ مشت و مڕی جۆرەکانی ئاگایی دەردەکەوێ، بەهۆی ئەوەیکە فامی نەتەوەیی بەسەر چەند جۆرە ئاگایی ناتەبادا دابەش کراوە. پێوەندی نێوان سووژە و ئاگایی، بەو شکڵەی کە دە سایکس پیکۆدا هاتە ئاراوە، بەردەوام ململانێی مەعریفەکان بووە. دابەشکردنی کورد بەسەر چوار وڵات دا، دە ئەسڵدا دابەشینی کورد بوو بەسەر چوار دیسکۆڕس و وێژمانی ناتەبادا کە بوو بەهۆی چەندقاتبوونی ئاگایی کورد.
لە ڕوانگەی لاکان، سووژە، بەرهەمی شکاف و ڕووشانە و نەتەوەش بەرهەمی سابجێکتیویتە، نەک واقعییەتێکی دەپێشدا ئامادە؛ بەو پێیە نەتەوە کە دەخۆگری ئەو تێکچڕژاوییەی سووژە و سووژەگەلی تێکچڕژاوە، وەک گشتییەت، خۆ بەدەستەوە نادا بەڵکوو وەک فانتازمێکی “هیچکات بە تەواوییەت نەگەیشتوو” ئامادەیە کە تێیدا، سووژەکان هەوڵ دەدەن ئەو کەلێن یا شکافە مەعریفییە بەگوێرەی فامی خۆیان لە نیشتمان و نەتەوە پڕ کەنەوە و خۆیان وەک بەدیل یا ئاڵتێرناتیوی تەواوییەتی نەتەوە پێناسە کەن. ئەوەش، هەم بەرهەمی دژبەرایەتی و ئانتاگۆنیزمی ناوەکییە هەم بەرهەمهێنەری. لێرەدا سووژەکان دەنێو چەمکێکی دەرهەست بەناو نەتەوەدا، بەڵام بە شوناسی مەعریفی تەواو جیاواز، ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. لە ڕوانگەی هێگڵ، ئەوەی وەک یەکێتی و یەکانگیری باسی دەکرێ، دەڕاستی دا نەتەنیا لە دەرەوەی جیاوازی نییە، بەڵکوو ئاگایی یەکگرتوویی، تەنیا بە نێوانگری ناڕێککەوتن و ناکۆکی دروست دەبێ. بەو مانایە کە تا جیاوازی و نایەکگرتوویی نەبێ، باسکردن لە یەکێتی و ئاگایی یەکگرتن پتر وەهمە تا واقعییەتێکی سیاسی. لە ڕوانگەی هێگڵەوە، ئاگایی لەو شوێنەوە دەست پێ دەکا کە عەقڵییەتی یەکێتی و یەکانگیری دەنێوان جیاوازییەکان دا بێتە دی. کێشە ئەوەیە کە کانسێپتی “یەکێتی” دە ریتۆریکی کوردی دا زۆرجار وەک سڕینەوەی جیاوازییەکان فام کراوە نەک وەک مێکانیزمی ڕێکخستنیان.
بەو پێیە ئانتاگۆنیزمی کوردی دەکرێ وەک کێشەی دابەشبوونی نایەکگرتووی هەستیاریی نەتەوەیی بخوێندرێتەوە نە وەک بەستەرێک بۆ ئاگۆنیزم و یەکانگیریی. دەوەها پێکهاتەیەک دا، “ئەویتر”ی ناوخۆیی واتە ئەوانەی جیاواز دەدوێن، زۆرجار وەک هەڕەشە و مەترسی لەسەر بەرژەوەندی نەتەوە فام دەکرێن تا یەکانەی نا/دژ و پلۆرال و جیاواز. بەو پێیە دیاردەی “خۆخۆری” پەیوەست نییە بە نەبوونی ئەخلاقی سیاسی، بەڵکوو پەیوەستە بە شێوەی دروستبوونی سووژەگەلی نەتەوەیی دە دۆخێکی ئاوارتە و پارچەپارچەکراودا کە لەبری ئەوەی دە ساحەی نمادیندا یەک بگرن، دە چەند مەیدانی جیاواز و نایەکگرتوودا خۆیان ئاراستە دەکەن، کە لەسەر تەواوییەتی نەتەوە کۆکن بەڵام لەسەر پێناسە و بەرژەوەندییەکانی ناکۆک. بەو پێیە، “خۆخۆری” وەک نیشانەیەک لە ناکام بوونی پڕۆژەی دروستکردنی ئاگاییی هاوبەش دێتە ئاراوە، کە نە بە واتای نەبوونی ئاگایی، بەڵکوو بە واتای زۆربوون و چینایەتی کردنی ئاگاییە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ. ئەوەی وەک خۆخۆری دەبینرێ، دەناخی خۆی دا، فیگۆڕی نمادینی نێوان چەندین “من”ی نەتەوەییە کە هەر یەکەی خۆی وەک تەواوییەتی نەتەوە دەبینێ. لەو ڕوانگەیەوە، خۆخۆری، نە کێشەیەکی ئەخلاقی، کە مەعریفیــ/بوون ناسانەیە. چونکە کاپیتۆنی “نەتەوە” لەکاتێک دا وەک چەمک دەکێشرێتە ناو تێگەیشتنێکی گشتی، کە پێشتر دە ئاگایی و سابجێکتیویتەی سووژەکان دا پارچەپارچە کراوە. نایەکگرتوویی و ناکۆکی کورد بەرلەوەی وەک جیاوازیی سیاسی بێتە ئاراوە، بەرهەمی پارچەپارچەبوونی ئاگایی و هەروەها واقعییەتی خودی نەتەوەیە دە ئاپاڕاتووسی مەعریفیـ/سیاسی کورد دا، کە جگە لە سووژەی لێکدابڕاو، دەرهاویشتەی تری نییە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوەکان:
لاکان و امر سیاسی/یانیس استاور اکاکاکیس
هگل در مغز سیمی/ اسلاوی ژیژک
هژمونی و استراتژی سوسیالیستی/ ارنستو لاکلائو و شانتال موف
اگون شناسی: سیاسی اندیشیدن بە جهان/ شانتال موف
خاستگاە اگاهی در فروپاشی ذهن دو جایگاهی/جولین جینز
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* ئەو یادداشتە، دەئاکامی باس کردن لەسەر پڕۆژە و پێشنیارێکی بەڕێز دوکتۆر “موحەممەد حەقمرادی” لەسەر “خۆخۆری کورد”، نووسراوە.