نیرماڵ پوورجا بلیمەتەکەی نیپاڵ کێ بوو؟
چیا پشت و پەنا و هاوڕێی نەگۆڕم
ڕەفێقی ڕۆژی تا لێواری گۆڕم
✍️کامیل محەممەد جانی
بە نوێنەرایەتی کەژەوانانی چیای سەوزی سەقز و هەڵۆی سەربەرزی سەقز
نیرماڵ پوورجا لە ساڵی ۱۹۸۴ی زایینی لە وڵاتی نیپاڵ لە دایک بوو .بە هۆی کارامەی و لێهاتوویەوە لە تەمەنی ۱۸ساڵانا چووە نێو گاردی تایبەتی ئەرتەشی پاشایەتی وڵاتی بەریتانیاوە و زۆر زوو بوو بە یەکێک لە ئەندامە هەرە فرزەکانی هەنگی پاشایەتی گۆڕخای ئەو وڵاتە.
دوای ماوەیێک بە هۆی ئەوەوە کە لە کەژ و کێو و شاخ و داخ و هەڵەمووتی وڵاتێکا بە دونیا هاتبوو کە ناخی دایمە لە گەڵ کێو و ڕژد و ڕەوزا بوو، خۆی پێنەگێرا و ئیستعفای خۆی پێشکەش ئەرتەشی بەریتانیا کرد، تاوەکوو تیمێک پێک بێنێت بۆ سەرکەوتن بە سەر چواردە کێوی بەرزتر لە هەشت هەزار میتری دونیادا کە پێشتر ماوەیێکی نزیک بە هەشت ساڵی خایاندبوو.
دوای ئەوە کە بە دەردیسەر و ڕەنج و مەرارەتێکی زۆرەوە توانی تەنیا و تەنیا بە پاڵپشتی خێزانی( سووچی پوورجا) ئەو تیمە پێک بێنێت، لە ماوەی ۶ مانگ و ۶ ڕۆژا لە ساڵی ۲۰۱۹ی زایینیا بە سەر چواردە لووتکەی بەرزی دونیادا زاڵ بوو.هاوکات گیانی دەیان کەسیشی لەو کێوانا لە مەرگ ڕزگار کرد.
کێوەکان بریتی بوون لە:
1_ئێوێرست
2_ئانا پوورنا
3_دێهالاگیری
4_کانگچنجونگا
5_لێهوتسە
6_ماکالۆ
7_کەی ۲
8_نانگا پاربات
9_گروود پیک
10_گاشر بروومی ۱
11_گاشر بروومی ۲
12_ماناسلوو
13_چوایۆ
14_شیشا پانگما
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە لە دووهەمین دەوری سەرکەوتنیا بە سەر هەر ئەو چواردە کێوەدا، وەکوو لیدری تیمێکی چاردە کەسی، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی حەوتی گەلاوێژی ۲۷۲۶ی کوردی لە گەڵ دە هاوڕێکەی تری لە وڵاتانی ترەوە لە کێوی قەرەقروومی وڵاتی پاکستانا تووشی هەرەس هاتن و مەخابن تا ئەمڕۆ شەممە ۹ی گەلاوێژ، بە پشتیوانی تیمەکانی مانگی سوور و هێزە ئەمنیەکانی چەندین وڵات تەرمی چواریان دۆزراوەتەو و ئەوانی تریش پێدەچێ کە هەموو گیانیان بەخت کردبێت و نیرماڵیش یەک لەوانەیە کە بێ سەر و شوێنە تا ئێستا.
نیرماڵ پوورجا، بە کورتی و بە کوردی ئەگەر چی کەم ژیا بەڵام کەڵ ژیا.
شەک و گۆمانی تیا نیە کە ڕۆژێک مەرگ لە درگای ماڵی هەموومان ئەدات .بە ڕای من پرسیاری هەرە گرینگ هەر ئەوە نیە بڵێن فڵانکەس چەن ژیا ؟
بەڵکوو گرینگتر ئەوەیە، کە بلێن چۆن ژیا؟
بە فەرموودەی مامۆستا هەژاری نەمر :
ڕابوێرە بەسەربەرزی بە نان و ئاوێک
سەر دامەنەوێنە بۆ هەموو ناپیاوێک
لەم ژینە کە هەر دەمێکە دێت و دەڕوا
مەردایەتی مەفرۆشە لە پێناو تاوێک
بۆ ئەوانەی کەسەر دانانەوێنن بۆ هەموو ناپیاوێک ،لەدەس دانی دەرفەت لە ئاخر کاتەکانی ژیانا لە هەموو شتێک گرینگترە چونکوو نرخی کاتەکان باش ئەزانن.
ئەوان فێر بوونە هەڵۆ ئاسا بژین ،بە هەڵۆی لە ژین بێبەش بن ،نەک هەزار ساڵە قەلی ڕوو ڕەش بن.
نیرماڵ ،بلیمەتەکەی نیپاڵم زۆر خۆش ئەویست،کتێبە مەزنەکەی بیروەریەکانی بخوێێنەوە (ورای ممکن) و لە ئەزموونە بە نرخەکانی کەڵک وەرگرن بۆ زاڵ بوون بەسەر لووتکە بڵیندەکانی کوردوستانە ئازیزەکەمانا، بە مەبەستی یەک گرتووی و یەکبوون و یەکدڵی و خۆشەویستی نیشتمان.
نیرماڵ خۆی تا ئاخر کاتەکانی ژیانی بە عەشقی لووتکەوە ژیا و هەموو مرۆڤێکی بە دڵ خۆش ئەویست.سەردانی پەیجەکەی بکەن کە زیاتر لە دوو ملوێن فاڵۆێری هەیە و هەر ئەو تەواوە بۆ سەلماندنی کەسایەتی ئەو گەورە پیاوە.
نیرماڵ کوڕێکیشی لێ بە جێ ماوە بە ناوی هیمانی پوورجا.
ڕۆحت شاد و یادت هەرمان بلیمەتەکەی وڵاتی نیپاڵ.
سڵاوی ئێمەش پێشکەش بە ئەوراز و موقبیلی دڵان.
#پۆڵا_نانەوازادە
سەرچاوەکان:
1_کتێبی بیرەوەریەکانی نیرماڵ پوورجا(ورای ممکن)
2_ویکی پیدیا
