اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

گەلاوێژ، لە زەوییەوە  تا ئاسمان

️ ئەمجەد ئیمام (شەتاو)  

گەلاوێژ ناوی پێنجەمین مانگی ساڵی کوردییە لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی کوردستان، مامۆستای حەقیقی دەڵێت:
نێوی مانگەکان بە کوردی خۆمان
بەهار و هاوین پاییز و زستان
ئەووەڵی بەهار خاکەلێوەیە
دووهەم بانەمەڕ سێهەم جۆزەردان
هاوین پووشپەڕە دوای ئەو گەلاوێژ
بە ئاخر مانگی دەڵێن خەرمانان
پاییز ڕەزبەرە ئەوجار خەزەڵوەر
سێهەمین سیخوار هەموو بەیانان
زستان بەفرانبار لە گەڵ ڕێبەندان
ئەوجار ڕەشەمە ئاخری هەموان

لەسەر مانا و ڕیشەناسی وشەی «گەلاوێژ»، گەلێ شت وتراوە،بۆ نموونە:
⬅️ گەلاوێژ، ناوی ئەستێرەیەکە کە لەم مانگەدا لە ئاسمان دەردەکەوێت و ناوی ئەو ئەستێرە، بڕاوە بەسەر ناوی مانگەکەدا
⬅️ یان وشەی گەلاوێژ، لە«گەڕ ئاوێژ»وە هاتووە، چونکوو لەم مانگەدا، کەش و هەوا دەچێتە ئەوپەڕی گەرم بوون و گەڕی خۆی.
ئەم بۆچوونانە هەرچەندە ئەگەریان هەیە، بەڵام پتەو نین و دوورن لە پێوەرەکانی ڕیشەناسی بۆ وێنە ئەو ئەستێرەی کە لەم مانگەدا دەردەکەوێت، لە راستیدا لە زۆرینەی مانگەکانی ساڵدا لە ئاسمان هەیە و تەنیا لە ناوەڕاستی بەهار تا ناوەراستی هاوین گوم دەبێت و دواتر دەردەکەوێتەوە و ئەوەی کە دەڵێن«گەلاوێژ کەوتووە» لەو روەوەیە کە ئەو ئەستێرە لەو مانگەدا هەڵدانی تازەی دەبێت و وێدەچێ بە پێچەوانەوە،ئەوە ناوی مانگەکەیە بڕاوە بەسەر ئەو ئەستێرەی کە تێیدا دەردەکەوێت، نەک ئەوەی ناوی ئەستێرەکە بەسەر مانگەکەدا بڕابێ.بۆ ئەم ڕایە بەڵگەم دوو شتە:
یەکەم:ئەگەر تەماشای ناوی مانگەکانی کوردی بکەین، ڕەوتی داڕشتنی ناوەکان، دوو جۆرن:
جۆری یەکەم، لەسەر ڕووداوە سروشتییەکانە کە بە ڕیز لە دووهەم مانگی پاییزەوە دەستپێدەکات و تا دووهەم مانگی بەھارە واتە ئەم حەوت مانگەن:
۸- گەڵاڕێزان ۹-سەرماوەز ۱۰- بەفرانبار ۱۱ – رێبەندان ۱۲-ڕەشەمە ۱-خاکەلێوە ۲-گوڵان.
کە ئەم ناوانە ڕێک لە سروشتەوە گیراون و هەرکامیان باسی ڕووداوێکی سروشتی دیاری ئەو مانگە دەکەن.
جۆری دووهەم،ئەو مانگانەن کە پێوەندییان بە کاری کشت و کاڵەوە هەیە، واتە ئەگەر تەماشای ڕیزی مانگەکان بکەین, لە سێهەم مانگی بەهارەوە دەستپێدەکات و تا یەکەمین مانگی پاییزن واتە ئەو مانگانەی کە کاتی کشت و کاڵن:
۳-جۆزەردان ۴-پووشپەڕ ۵-(گەلاوێژ) ۶-خەرمانان ۷-ڕەزبەر

لێرەدا ئەگەر بڕوانین بۆ ناوی ئەو چوار مانگە جگە لە گەلاوێژ، دەبینین پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی زۆربەی خەڵکی کوردەواری لە ڕابردوودا هەیە، واتە کار و باری کشت و کاڵ.لە جۆزەرداندا دانەوێڵەی جۆ زەرد دەبێ، لە پووشپەردا، پووش و لاسقی گەنم و پەرشە و هەرزن و زۆرتری گیاکان وشک دەبنەوە و دەڵێن، گیا پەڕیوە، واتە ئەونە وشک بۆتەوە کە گەییوە و ئەگەر بە داس و دەس، لێی بکەوی پووشیان دەپەڕێ و خەرمانان ئەو کاتەیە کە دەخڵ و دان هەڵدەگرێت بۆ خەرمان و هەمار کردن و ڕەزبەریش ئەو کاتەیە کە میوە و بەری ترێ دەگات و بۆیە دەڵێن ڕەزبەر. جا ئەگەر بە وردییەوە بڕوانین لە نێوان مانگی چوارەم و شەشەمدا، واتە پووشپەڕ و خەرمانان، مانگی پێنجەمە کە بە پێی لۆژیکی ناونان و. سەیری پیشەی کشت و کاڵ، دەبێ ناوی ئەو مانگەش، هەر لە کشت و کاڵەوە گیرابێت، واتە دەبێ وشەی «گەلاوێژ»یش، پێوەندی ڕاستەوخۆی بە کشت و کاڵەوە بێت.
بەڵگەی دووهەم، ئەوەیە کە لە دەستەوشەکانی کشت و کاڵیدا، وشەیەک هەیە کە لە ساڵانی زۆر زوودا بەشێک لە پیشەی کشت و کاڵ بووە. ئەو وشەیە «گەلاوێژە» یان «گەلاوێژی»یە. بۆ ناسینی مانای ئەم وشە پێویستە ئەوە بزانین کە لە زەمانی زوودا، کاری کشت و کاڵ لە بەشی داشتا، زۆرتر دێمی و لەبەشی هەڵگرتندا، زۆر دژوار و درێژخایەن بووە کە سێ مانگی هاوین پێوەی سەرقاڵ بوون. لە مانگی پووشپەردا درەویان کردووە، لە مانگی گەلاوێژدا کۆیان کردۆتەوە و لە مانگی خەرماناندا، هەڵیان گرتووە و خەرمان و هەماریان خستووە. ئەوەش بزانین کە زۆرتر و زیاتری کاری کشت و کاڵ و ژیواری خەڵکی، هەر گەنم بووە، جا لە کاتی کۆ کردنەوەی گەنمەکەدا، جۆرێک باخەی گەنمە دووریاوەکانیان لەسەر زەوی دادەنا و کۆیان دەکردەوە کە گوڵی باخە گەنمەکان، ڕووبە یەکتر یان لەسەر یەکتر بن واتە گوڵەکانیان وێکدەهاویشت و بەم کارەیان وتووە:«گەلاوێژە» یان «گەڵاوێژی».دیارە لەم وشەدا وشەی «گەل»، دەبێ گۆڕاوی «گوڵ»‌ بووبێت و له درێژەی زەماندا بۆ ئاسانکاری گۆڕاوە.
لە فارسیشدا وشەی «گلاویز شدن» بە مانای تێکەڵ بوونی سەر و دەستی دوو کەسە و وشەی «گەلاوێژی» ئاشکرای دەکات کە ناوی مانگی «گەلاوێژ»یش هەر لە دیاردەی کشت و کاڵەوە گیراوە و ناکرێ لە ناو پێنج مانگدا کە بە ڕیزی یەکترن، و پێوەندییان بە کشت و کاڵەوە بێت، مانگێک جیا بکرێتەوە و پاڵ بدرێتە ئاسمان و ناوی ئەستێرەیەک، بۆیە دروستەکەی ئەویە بوترێ کە ناوی مانگی گەلاوێژ کە دیاردەیەکی کشت و کاڵییە، نراوەتە سەر ئەو ئەستێرەیەک کە لەکۆتاییەکانی ئەم مانگەدا لە ئاسمان دەردەکەوێت.

دیدگاهی در مورد “گەلاوێژ، لە زەوییەوە  تا ئاسمان

  1. خەنجەر گفت:

    مامۆستای دڵان دەست خۆش
    ئەو ئەستێرەگەشە کەگەرمای گەلاوێژی بەشوێنەوەیە گڕهاوێژە ، ئەویش هەر پێوەندی بە ژیان و کاروباری کشتوکاڵەوە هەیە.
    گڕهاوێژە بە شەوقی شەوانیدا و بە گەرما و گڕی ڕۆژانی ئەو مانگەدا

    1. خەنجەر گفت:

      پێوەندی بە وشەی گلاویزەوە نییە، گڵ بە مانای گڕ و لرفەی ئاگرە ، گڵ هاوێژ بووە بە گڵاوێژ و گەلاوێژ

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *