اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە

د. محەمەد یەعقووبی

بەشی پێنجەم
لە کۆتایی بەشی چوارەمدا، بڕیارمدا بەشی پێنجەمی زنجیرە باسەکە لە سەر نیگای مامۆستا عەزیز بۆ خوازە و خواستن و بەشەکانیان تەرخان بکەم. مامۆستا عەزیز لەم کتێبەیدا خوازە بۆ مەجاز بەکار دێنێت و خواستن بۆ ئیستیعارە. لە پێناسەی خوازەدا دەڵێت:خوازە بریتییە لە دەڕبڕینی وشەیەک لە جێگای وشە و ڕستەیەکی دیکە، بە هۆی پێوەندییەک لە نیوانیاندا هەیە، لە گەڵ هەبوونی نیشانەیەکی زمانی(لغوی) یان ژیری (عەقڵی) کە بەرهەڵستی مانا یەکەمەکەی بێت، ئەم نیشانەیش پێی دەگووتری نیشانەی خوازە(قرینە المجاز). وەک وەفایی دەڵێت:
گوڵەکەم دەڵێن ئەوا دێ، هەموو وەختێ چاوەچاوم
ئەی خودا تۆ بڵێی وەها بێتەوە ڕوونایی چاوم
لێرە گووڵ خوازەیە و دوو مانای هەیە، یەکەم گووڵی بەهارەو دووهەم دڵخوازی خۆیەتی، دیارە نیشانەی بەرگر لە مانای یەکەم ڕستەی دەڵێن ئەوا دێیە کە دەزانرێت گووڵ جووڵە بەرەو پێش ناکات.
دوایی بەم باسە کورتە دەیەوێت بنچینەیەک بۆ خواستن یان ئیستیعارە دابڕژێنێت. یەک ئیرادی زانستی کە لە بەروودوا خستنی ئەم بابەتەی مامۆستا عەزیز بە دیم کردووە، وەپاش خستنی پێوەندییەکانی مەجاز واتە خوازە لە زمانی مامۆستا عەزیزەوە لە خواستن یان ئیستیعارەیە. هەموو کتێبە زانستییەکان وا بابەتی ڕوونبێژییان شرۆڤە کردووە بۆ جێ خستنی دروستی بابەتەکە مەجاز وەپێش ئیستیعارە دەخەن و لە بواری پێناسەکەیشیانەوە دروست وایە، لەبەر ئەوەی لە لێکچواندن پێوەندی نێوان شوبهێندراوو و پێ شوبهێندراو، لێکچوونە، بەڵام پێوەندی نێوان دوو لایەنی مەجاز جگە لەیەکچوونە و پێویستە لەو نێوە مەجاز دابنرێت تا خوێنەر بزانێت پێوەندییەکانی جگە لە پێوەندی لێکچوون چییە. لە پێناسەی خواستن یان ئیستیعارەدا دەڵێت: بریتییە لە بەکارهێنانی وشەیەک بۆ دەربڕینی مانایەک جگە لە مانای ڕاستەقیینەی خودی وشەکە بە مەرجێک پێوەندی نێوان دوو ماناکە یانی مانای سەرەکی و مانای خوازەیی، لێکچوون بێت، لە گەڵ هەبوونی نیشانەیەکدا پێمان بسەلمێنێت کە مەبەستی ئێمە مانا خوازراوەکەیە نەک مانا یەکەمەکە. دوایی یەک ڕستەودەربڕینی کورتی ئەرەستوو لە سەر خوازەوخواستن دێنێت و دانەدانەی ڕەگەزوتوخمەکانی خوازە لە چاوی ئەرەستووەوە لێکدەداتەوەو جیاوازی تێبینییەکەی خۆی لە گەڵ ئەرەستوو باس دەکات. جیاوازی باسی خواستن یان ئیستیعارەو لێکچواندن لە ڕوونبێژیدا گرینگە و لەبیری ناچێت و لەم چەن بابەتەدا کورتی دەکاتەوە: ۱. لێکچواندن دوو بنەڕەتی هەیە: لێچوو، لەوچوو. کەچی لە خواستن یان تەنیا لەوچوو دەوترێت یان لێچوو دەوترێت و پەیوەستێکی لەوچووی پێ ئەدرێ. بە زمانێکی سادەو بە نموونەیەک ڕوونی دەکاتەوە: ئەگەر بووترێت: ڕووی وەک مانگە، لێکچواندنە، بەڵام ئەگەر بووترێت مانگێکمان لە ئاسۆی ئەو گوندە لێ وەدەرکەوت، خواستنە.۲. لە لێکچواندن ئەوە هەر ئەمێنێ کە خوێنەر هەست بکا لەوچوو تەواوتر و گەشاوەترە لە لێچوو، بەڵام لە خواستن هەردووتێکەڵ دەکرێن و دەبن بە یەک و تێکەڵ کردنەکەیش دوو شتەکە پتر لێک نزیک دەکاتەوە. ۳. لە لێکچواندندا، لێکچوونەکە دەبێت بووترێت بەڵام لە خواستندا لێکچوونەکە نابێت دیاربێت کە وە دیارکەوت لە خواستن ڕادەماڵێت و دەبێت بە لێکچواندن.

 

دوای ئەمانە دێتە سار باسی بنەڕەتەکانی خواستن: ۱. بۆخواستراو یان المستعار لە، ۲. لێ خواستراو یان المستعار منە، جا ئەم دوانەیش بەس یەکێکیان ناو دەبرێت ۳. خواستراو یان المستعار کە بەرامبەربە لێکچوونە لە لێکچوواندندا. ئەمەیان نابێت بە هیچ چەشنێک ناوی ببرێت، بەڵام ناونەبردنەکەی لە بنەڕەتایەتی ناخات. ۴. نیشانەی خواستن یان قرینە الاستعارە، ئەمە وشە یان دەربڕینێکە کە بەرهەڵستی ئەوە دەکات مانای ڕاستینی وشەکەمان مەبەست نەبێت. چەن نموونە شیعریشی بۆ کردەکی کردنی دێنێتەوە. باس لە هەنگاوەکانی خواستن بە هێنانی لێکچواندنی نهێنی، پێوەندی هەردووک لا، لەبیری خۆبردنی لێکچواندنە نهێنییەکە و تێکەڵ کردنی هەردووک لا، هەنگاوەکان شیکاری دەکات . لە گەڵ وتنی ئەمانە، دابەشکردنی خواستن دەست پێدەکات و بەم جۆرە دابەشی دەکات: خواستنی ئاشکرا و و خواستنی درکاو یان الاستعارە التصریحیه و الاستعاره المکنیه. خواستنی سەرەکی و خواستنی پاشکۆیی یان الاصلیه و التبعیه. خواستنی راستەقیینەو خواستنی ڕامانی یان التحقیقیە و التخیلیە, خواستنی نەژادی و خواستنی پاشکۆیە یان جاند و المشتق. گلە بە گلەی ئەم خواستنانە پێناسە دەکات و بۆ هەرکام نموونە شیعری کوردی جوان دێنێت. بۆ وێنە من پێناسەی خواستنی نەژادی و نموونەکەی مامۆستا گەردیتان بۆ دێنم: خواستنی نەژادی ئەو خواستنەیە کە لێ خواستراو یان المستعار منە تیایدا، ناو یان شتێک بێت بەو مەرجەی وشەکە داتاشراو یان موشتەق نەبێت، بەڵکوو جامد بێت. ئەختەر ئەڵێت:

سەر و ماڵم لە تۆ گەر چاو بێ چاوم
بڵێ ئەوساکە ئەختەر بێ وەفایە
لێرە شاعیر چاوی خواستووە بۆ دولبەر، چاو کە لێ خواستراوە وشەیەکی نەژادییە
واتە لە هیچ شتێک دانەتاشراوە، بۆیە دەبێت بە خواستنی نەژادی، لە هەمان کاتیشدا چونکوو بە ئاشکرا ناوی هاتووە، پێی دەڵێین خواستنی ئاشکرا یان التصریحیه، دیسان بەرهەست دەکەوێت کە واتە خواستنی ڕاستەقینەیشە. لە پێناسەی خواستنی پاشکۆییدا دەڵێت خواستنێکە، لێ خواستراو وشەکەی داتاشراو بێت، بۆیەش پێی دەگوترێت خواستنی پاشکۆیی، چونکوو بە دوای خواستنێکی ترەوە دەڕوات، ئەویش خواستنی نەژادییە. حاجی دەڵێت:
خەم مەخۆ قوربان بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ
مودەییەکە بەو ئومیدە حاجی خۆی دابەستووە
خواستن وشەی دابەستووە کە وشەیەکی داتاشراوەو لە دابەستن وەرگێراوەو دەکرێت وشەیەکی دیکەی وەک دابەستراو لێی ساز بکرێت. لە دابەشکردنێکی دیکەدا دەڵێت: خواستن بە گوێرەی هەردوولاو گونجانیان لە گەڵ شتیتر دەبێت بە سێ بەشەوە:
خواستنی پاڵێوراو یان المرشحە، خواستنی پەتی یان المجردە، خواستنی بەرەڵا یان المطلقه، بۆ هەرکام لەمانەیش دوای پێناسەیەکی تەواو، نموونەی شیعری جوان دێتێتەوەو جا دێتە سەر باسی مەجاز یان خوازە. لێرەدایە کە دێتە سەر باسی پێوەندی دوو شت کە پێوەندییەکەیان جگە لە پێوەندی وێکچواندنە و ئینجا دێت ئەم پێوەندییانە بۆ مەجاز باس دەکات بۆ ئەو وشانەی کە لە مانایەکدا بە کار دێن جگە لە مانای حەقیقی ئەویش بەم پێوەندییانە: ۱. پێوەندی چاووگی یان المصدریه، پێوەندی هەمەکی یان هاماوی یان الکلیە، پیوەندی پاژەیی یان الجزئیە، پێوەندی شوێنی یان المحلیە، پێوەندی هۆیەتی یان السببیە، پێوەندی بەرهۆیی یان المسببیە، پێوەندی پەیوەستی و پەیوستراوی یان اللازمیە و الملزومیە، پێوەندی خاوەنیەتی یان االمالکیە، پێوەندی هەبوونی یان المملوکیە و بۆ هەر کام لە چەشنە پێوەندییانە شیعرێکی کوردی بە وێنە دێنێتەوەو دوایی دێتە سەر خوازە یان مەجازی ژیری یان العقلی. لە پێناسەی خوازەی ژیریدا دەڵێت بریتییە لەوەی شتێک بدەیتە پاڵ شتێکی تر،کە لە ڕاستیدا حەق نەبێت بدرێتە پاڵی ئەو. دانەپاڵی لە هەمبەر الاسناد هێناوەو دانەپاڵەکان بەم شێوەیە دابەشدەکات: دانەپاڵ هو یان الاسناد الی السبب، دانەپاڵ شوێن یان الاسناد الی المکان، دانەپاڵ کات یان الاسناد الی الزمان، بۆ هەرکام لەمانەیش دیسان نموونەی شیعری دێنێتەوە بۆ وێنە لە دانەپاڵ شوێن ئەو شیعرە جوانە دێنێت:
تەبیعەت زەردو ژاکاوە لە حاڵی گیان کەنشتدایە
نیشانەی ماتەمی پاییز لە فرمێسکی درشتدایە

سرووشت هەر سرووشتەو ناگۆڕێ، ئەو شتەی گۆڕانی بەسەردا دێت گوڵ و گیا و گڵای دارەکانە کە زەرد و سیس و ژاکاو دەبن. کە لەم بابەتانە ورد دەبیتەوە، ئەو شتەی لە ناخی دڵتدا هەستی پێ دەکەیت ئەوەیە خودایا ئەوە چە هۆیەک بووە کەسێکی لە کۆڵانێکی بەحرکەدا هانداوە ئەو هەمووە ڕەنج و ئێشە و بەرخۆ بدات و ئەو باسە ورد و دژوارو سەختانە لەسەر خۆی و زەینی بارکات و بۆ هەموو ئەم باسانە کە هەموویان ئەکوردێنێ، بگەڕێت و لە هەنبانەی شیعری کوردیدا بۆ گشتی باسەکان، نموونەی شیعری کوردی بێنێتەوەو ئەو کاتانەی خەڵک بە شوێن کاتێکدا دەگەڕان تا ساتێک بێ خەم لە سێبەری باخێک یان بێستانێک پشوو بدەن و هەوایەکی خۆش بۆن بکەن، ئەم پیاوە خۆبەخشە بە کورد و ئەدەب و زمانی کوردی، چۆن لە تەنیاییدا جاوی لەسەر تێنووس و پەرتووک و کتێبان خستبوو تەنیا خەمی ئەوە بوو تا کوو بۆ مەزرای ئەدەب و مەعریفەی نەتەوەکەی، تۆویکی دوانەهاتوو لە زانست بچینێت و نەهێڵێت منداڵانی کورد لە داهاتوودا خەمی ئەوەیان بێت، بۆچی کەسێک لە هاوزمانەکانی ئێمە، کارێکی زانستی فێرکارانەی جوانیناسە ئەدەبییەکان و ڕوونبێژی و واتاناسی و جوانیناسی لە سەر زمان و ئەدەبی کوردی نەکردووەو هەر کات بیانەوێت لەو بابەتە جوانانە لە زمانی کوردی نموونە ببینن بێن و سەر لە کتێبەکانی کاک عەزیز بدەن و دوڕو مرواریدی خۆیانی لێ هەڵچنن. بۆیە ئێمەیش کۆڵ نادەین و هەوڵ دەدەین ئاوێنەیەک وە پێش چاوی خوێنەرانمان بخەین و  پەڕە پەڕەی کتێبەکانی مامۆستا عەزیز لادەدەین تاکوو میراتگرێکی بەوەفا و شەرەف بە ئەمەگ بۆ ئەوان بین و لە بەشی شەشەمی ئەم باسەدا لە سەر درکە باس دەکەین و دێینە سەر کتێبی واتاناسی و چۆنیەتی بەرەوڕووبوونەوەی مامۆستاگەردی لە گەڵیان باس دەکەین. تا باسێکی دیکە لە مامۆستاگەردی ماڵی دڵ و بیرتان ئاوەدان بە وشەکانی مامۆستا گەردی.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *