اخبار, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا عەبدوڵڵا کەیخوسرەی نووسەری مەزنی کتێبی «مصیبت کرد بودن»

– د. محەمەد یەعقووبی

لە دەیەی هەشتای هەتاوی ئەو کاتانەی هاوکاری ڕۆژنامەی ئاشتیم دەکرد، بۆ یەکەمجار لە گەڵ نووسیینەکانی ئاشنا بووم. کتێبی کارەساتی کورد بوون کە بە زمانی فارسی نووسییبووی لە ساڵی۱۳۸۱ بڵاو کرایەوە. نووسیینێکی سەخت و زانستی بوو. هەشتاکان کە هاوکاری ڕۆژنامەی ئاشتیم دەکرد، دوای چاپ بوونی کتێبەکەی، محەمەدمەوەفەقی ڕەخنەیەکی چەن لاپەڕەیی دوورو درێژی لە دوو ژمارەدا لە سەر کتێبەکەی نووسی. مامۆستا عەبدوڵڵا لە دوو ژمارەدا وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە. ئیتر لەوکاتەوە دەرکەوت مامۆستا عەبدوڵڵا نووسەرێکی کارامە و زانا وزۆر بە ئەزموونە و خواروبانی زانستەکانێ بەباشی شێڵاوەو ئیتر دوای ئەوە وەبەر هەتاو کەوتنیان زۆرتر بوو. هەر لەو ساتانە بوو کە لە گۆڤاری کارنامە ڕەخنەیەکی زانستی ئاراستەی کتێبی(جسدهای شیشه ای) مەسعوود کیمیایی کرد و لەوێ دەرکەوت کە قووڵی زانستی کاک عەبدوڵڵا چەندە. بۆ تێگەیشتن لە کتێبەکەی کارەساتی کورد بوون پێویست بوو بەزانستەکانی فەلسەفە، دەروونناسی وتا ڕادەیەکیش مێژوو ئاگاییت هەبێت.هەر لە یەکەم لاپەڕەکانی کتێبەکەوە پرسی شوناس و ناسنامەی خۆی ونەتەوەکەی کتێبەکەی تەندووەتەوە. لە ڕاستییدا گشتیبەتی کتێبەکە جەشنێک زیندووکردنەوەو هاوکات پرسیار لەچییەتی و چۆنیەتی مێژوو و ئێستای خەڵکی کوردە. بەباشی جیهانی بوونی ناسییبوو و بۆی گرێنگ بوو نەتەوەکەی لەسەردەمی جیهانی بووندا چییان بە سەر دێت.بۆیە تا دواوتەکانی کتێبەکە بەردەوام گەرانەوە بۆ تایبەتمەندییەکانی گەلی کورد دیارە. لە گەڵ ئەوەیدا ئاماژە بە ناوی بیرمەندە گەورەکانی جیهان دەکات، بۆ خۆی لەوان بە کەمتر نازانێت. لە گەڕان بە شوێنی دەروونکاوی خۆیدا، جۆرێک دەروونکاوی نەتەوەکەیشی دەکات.بە هێنانی ناوی کەسایەتییەکانی چیرۆکە کوردییەکان پێمان دەڵێت کەهاوکات ئاگایی لەسەر چیرۆکە کوردییەکان هەیە تا ڕادەیەکیش بۆ خۆی ئەزموونی ژینکراوی لەگەڵ هێندێکیاندا هەبووە.بەسەرهاتەکانی ژیانی بەشێکی جیدی هاوبەشی لە گەڵ مێژووە پڕ لەکارەساتەکانی نەتەوەکەمان هەیە. نووسیینەکانی مامۆستا جگە لەوەی تەنزێکی تاڵی تێدا بە دی دەکەیت، تەشەر و توانجی زۆریشی بە نیسبەت زۆردارەکانەوە تێدایە. بۆ  باس کردن لەسەر زمان بە تیوری هایدگەرەوە دەست پێدەکات بەڵام بە نیگایەک لە گۆشەنیگای نووسەرە بەناوبانگەکانی عالەم وەک بۆرخیس و کافکا. بەگەڕانەوە بۆ لە دایک بوونی خۆی، لە دایک بوونی کتێبەکەی باسدەکات. دیارە ئەو مێژووە بۆ لە دایکبوونی ئەو،بەشێک لە مێژوویەکە وا کارەساتەکانی نەتەوەکەمان تێیدا ڕوویداوە وەک لە سێدارەدانەکان و…‌ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەلبۆمی بنەماڵەیی خۆی، دەبێتە هۆکارێک بۆ هۆنینەوەی یاسای خوازەی پێچە سواوەکانی مێژووی گەلی کورد کە لە هەشت پێچدا وەبەر شرۆڤەیان دەخات. ئەو کاتەی باس لەسەر خاک و سەرزەمین دەکات، دەڵێت: ئەو کاتەی دەگەینە وڵاتێکی وا بێ ناسنامەی ڕوون و لە ناسنامەی وڵاتانی دیکەدا، لە لاپەڕەی چەندەمی ئەواندا، بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی تاپۆکراوە، دیارە ئەو وڵاتە لە چاوەڕوانی و هەڵواساندایە و هەرچی باسێکیشی لەسەر بکەیت، ناڕاست و ناواقیع دەبێت. ژیانێکی ناواقیعی و کلتوورێکی ناواقیعی نەتەوەیەکی ئاوەها، هەبوونێکی ناهزری دەبێت بۆیە پێنووسەکەی منیش لە هزر هەڵدێت و تەنانەت وتارە تویژینەوەییەکانیش بە زۆرە ملی وەک چیرۆکیان لێ دێت. بۆیە من لە دۆخێکی ئاوەهای کافکاییدا، هیچ ئیشێک لە ئیشی هزرمەندی ناهزرانەتر نابینم. بۆ ئەم مەبەستەیش، کیژی کافرۆش وەک بەڵگە دێنێتەوەو دەڵێت وێنەی کیژی کافرۆش ئووستورەیەکە کە کەسمان نازانین کێیە و چۆن وای لێهاتووەو بووە بە ئوستوورەو دەڵێت کیژی کافرۆش ناسنامەی وونبووی گەلی ئێمەیە. ئەو دەگەڕێتەوە بۆ چاخی کوورشی بچکەلە بە زاری خۆیان و باس لە هاتنی لەشکری دەهەزارکەسی یۆنانییەکان بۆ خاکی کوردان دەکات. لە مێژووی گزینیفۆنەوە هەبوونی نەتەوەکە، ناڕاستەوخۆ لە مێژووی پێش زایین دەسەلمێنێت و باس لە جەنگاوەریی نەتەوەکەی لەو سەردەمە دەکات و ئەم باسە بە تێر وتەسەلی شرۆڤە دەکات. ئەوان هاوکات لە ڕەخنەی خۆماڵی خۆناوێرن و مێژوو بە شتێکی بە ناحەق پیرۆزکراو دەبینێت ودەڵێت لە باشترین حاڵەتدا مێژوو هیی زبڵدانە و لە زبڵدانیشدا بگرە شتی پڕبایەخ یان بێ بایەخیش بدۆزرێتەوە. دیسان دەڵێت ئەم زبڵ و خاشاکە، زەڕە وئەم زەڕە، زەڕو زیوێکی ناخاوێنەو. زەڕە لە بواری ئیمکانییەتی بەرهەمهێنانەوەو ناخاوێنیشە لە بواری ماکییەت و زاتییەتی زبڵسازکردنی زەمەنەوە. دەڵێت ئەمە دەبێت بەکیمیاگەری بەو مەرجەی تەکنۆلۆجیای دووبارەبەرهەمهێنەرمان هەبێت.

ئەڵێت من ئێمە ئەمانەوێت بە هۆکاری زمان، ڕۆح وەجەستەی مردووی خاک بکەین وخاک بانگهێشت بکەین شایەتیمان بۆ بدات و ئازار وخەمەکانی چاخە ڕابردووەکانمان بۆ بگێڕنەوە.دوای ئەمە دێتە سەر خوازەی هەشت پێچە سواوەکەوبە
پێچی ئەمیربەدرخان لە ساڵی ۱۸۲۱
زایینی دەست پێدەکات و هەموو پێچەکان وا کورد تێیاندا هەوڵدەدات پێچی مێژووی ژیانی خۆی سفت کاتەوە باس دەکات تا دەگاتە ئۆجاڵان و هەر کام لەم پێچانەیش تا ڕادەیەکی باش لێکۆڵینەوە دەکات.دوای ئەم بابەتانە دێتە سەر بابەتی گشتیتری ئێران و دۆخە گشتیبەکەی شرۆڤەیەکی فەلسەفیانە دەکات. دوایی باسی پێکهاتەی ئابووری ئێران دەکات. دوایی دێتە باسی ئەلیناسیۆن و لە دۆخی جیهانی لێکیدەداتەوە.  بەشی ئاخری کتێبەکە لە سەر جوگرافیای کوردستانەو پێناسەیەک لە شارە کوردییەکاندەکات. ئەم بەشەی کتێبەکە ڕەخنەیەکی تەواو فەلسەفی لە ناوخۆو دەرەوی کوردستانە و بەڕاستی بایەخی خوێندنەوەی چەن جارەی هەیە. لە دوایی باسەکەمدا دەمەوێت بڵێم مامۆستا عەبدوڵڵا خوێنەرێکی جیدی، نووسەرێکی فەلسەفەزان و بیرمەندێکی بیرتێژ بوو. زمانێکی ڕەخنەیی ئاوێتە بە زمانی فەلسەفی و دەروونناسی بوو. جێگای بەهەشتی بەرین و ڕێگای زانستییان پڕ ڕێڕەو بێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *