اخبار, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

کورتەی ژیاننامەی دوکتور موحەممەد خالیدی

(بە بۆنەی نزیک بوونی چاپی کتێبی شەرحی مەسنەوی مەلا حامید بێسارانی)

نووسین: ئەمجەد ئیمام

خوالێخۆشبوو دوکتور موحەممەد خالیدی لە دایکبووی ساڵی ۱۳۳۷ هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی زانستی و عیرفانیی شاری سەقزی کوردستانە.
باوکی ناوی مامۆستا شێخ زاهید خالیدی و دایکی ناوی شەوکەت خانم بووە. باوک و باپیریان واتە، مامۆستا مەلا محەمەد زمزیرانی، هەردووکیان کەسایەتی ئایینی دیار و لە زانایانی سەقز و لە پەیڕەوانی ڕێبازی عیرفانی نەقشبەندی بیارە بوون.
خوالێخۆشبوو دوکتور موحەممەد خالیدی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە زێدی خۆی سەقز تەواو کردووە و پاشان لە زانکۆی تەورێز دەستی بە خوێندنی یاسا کردووە. به ڵام به هۆی ئەوەی خوێندن و کارکردنی لەم بوارەدا به ململانێ له گەڵ ڕۆح و هزری خۆی دەبینی، ڕشتەی خوێندنی گۆڕی و ڕووی له ئەدەبیات کرد و بڕوانامەی به کالۆریۆسی(لیسانس) له ئەدەبیاتی فارسی و له زانکۆی تەورێز تەواو کرد و چەند ساڵێکیش وەک مامۆستای ئەدەبیات له خوێندنگاکانی شاری سەقز کاری کرد. پاشان لە هەمان زانکۆی تەورێز لە ماستێری(کارناسی باڵا) لە ئەدەبیاتی فارسیدا درێژە بە خوێندن دەدات و هاوکاتیش بانگهێشتی وانەوتنەوە و هاوکاری لە زانکۆی ئازاد مەهاباد کراوە.

بڕوانامەی ماستەرەکەی بە پێشکەشکردنی تێزەکەی لەسەر ڕاستکردنەوەی بەرگی یەکەمی شرۆڤەی مەسنەوی مەولەوی مەلا حامید بێسارانی  تەواو کرد و پاشان بۆ خوێندنی دکتۆرا لە زمان و ئەدەبی فارسیدا چووە تاران و بە پلەی باڵاوە لە زانکۆی تاران دەرچووە. شایانی باسە کە تێزی دکتۆراکەیشی، ڕاستکردنەوەی بەرگەکانی دیکەی شرۆڤەی بیسارانییە لەسەر مەسنەوی مەولەوی کە سەرپەرشتیارەکەی دوکتور مێهدی موحەقێق بووە.
خوالێخۆشبوو دکتۆر موحەممەد خالیدی دوای تەواوکردنی بڕوانامەی دکتۆرا، لە زانکۆی زەنجان وەک ئوستادی بەشی زمان و ئەدەبی فارسی دامەزرا و وانەبێژ بوو، و بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک بەڕێوەبەری بەشی ئەدەبی فارسی لە زانکۆی زەنجان هەڵبژێردرا و بووە سەرچاوەی زۆرێک لە خزمەتگوزارییە زانستی و پەروەردەییەکان.
دوای دەرچوون لە تاقیکردنەوەی زانکۆی تاران، گواسترایەوە بۆ ئەوێ و پاش ماوەیەکی کورت بەداخەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و لە تەمەنی چل ساڵی لە مانگی بەفرانباری ساڵی ۱۳۷۷ دا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە گۆڕستانی شانازی سەقز و لە نێو خەم و پەژارەی تەواوی خەڵکی سەقز و کوردستان بە خاک سپێردرا. پاش ماوەیەک بە هەوڵی هاوکارانی پێشووی لە پەروەردە و ڕاهێنانی شاری سەقز یادێکی شایستە بۆ ناوبراو بەڕێوەچوو و شەقامێکی ئەم شارەش بە ناوی ئەو بەرێزەوە ناو نراوە.

پێویستە بگوترێ، هاوسەرە بەڕێزەکەی، خاتوو “ماری کەریمپوور”، سکرتێری خانەنشینکراوی بەشی پەروەردەی وەرزشی و یەکێک بوو لە مامۆستا خوێندەوار و بەڕێزەکانی کوردستان و بەرهەمی هاوسەرگیرییەکەی ئەوانیش دوو منداڵی خوێندەوار و زانا بوو بە ناوەکانی “نیما” و “نەوید”، کە بەرێز نەوید خالیدی خاوەنی دکتۆرای باڵای ئەندازیاری بیناسازی(فەوقە دوکترای عومران) لە وڵاتی کازاخستانە و بەرێز نیما خالیدی دکتۆرای پەرتەو پزیشکی(پرتو پزشکی)یە لە وڵاتی کەنەدا.

فەزیلەت و مەعریفە و هەڵسووکەوتی باش و خۆنەویست و ڕەوشتی بەرزی ئەخلاقی دوکتور محەمەد خالیدی قسەی بازنەکانی زانستی و ئەکادیمی بوون و هەرچەند مردنی ناوەختی ئەوان، خەسارێکی گەورە بوو بۆ فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردستان و سەقز، بەڵام تەمەنە کورتەکەی پڕ بوو لە خزمەتی زانستی و فەرهەنگی بەرهەمدار، لەوانەش ڕاستکردنەوەی شرۆڤەی مەلا حامید بێسارانی لەسەر مەسنەوی مەولەوی بوو، کە نەک هەر ڕزگاری کردنی ئەو بەرهەمە بە نرخە بوو لە نامۆیی و لەناوچوون، بەڵکوو بە کۆمەڵگەی ئەکادیمی، زانستی و ئەدەبی ئێرانیش ناساند. هەروەها کۆچکردوو، بەگوێرەی پێوەندی بنەماڵەکەی بۆ شێخەکانی نەقشبەندی، پێش مردنی، لە وەسیەتنامەیەکدا، کتێبە کۆنەکانی کتێبخانەی باوکی کۆچکردووی، کە کتێبی عیرفانیی، تەفسیری، فیقهی، ئیلاهیات و کتێبی دیکەی لەخۆگرتبوو، بەخشییە کتێبخانەی خانەقای شێخ نەجمەددین نەقشبەندی لە سەقز. یەکێک لە کتێبەکانی ئەم کۆمەڵە بەنرخە دەستنووسی شرۆڤەی بیسارانی بوو لەسەر مەسنەوی کە لە ڕاستکردنەوەی خۆیدا و هەروەها لە دووبارە ڕاستکردنەوەی منیشدا بەکارهاتووە.

ناویان هەرمان بێت و ڕۆحیان بە ڕەحمەتی هەمیشەیی خودای گەورە شاد بێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *