مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانییەوە
د. محەمەد یەعقووبی

بەشی حەوتەم
لە دوای باس لە شێوازەکانی نووسیین، بەم شێوازە باسی ئامانجەکانی نووسیین دەکات و دەڵێت: نووسیین یان بۆ گەیاندنی بیروباوەڕەکانی نووسەرە، یان بۆ گەیاندنی هەست و سۆزەکانیەتی یان بۆ وەرگرتنی چێژە لە دەقەکە. شێوازی نووسیین دەبێت چەن تایبەتمەندییەکی هەبێت: ۱. ئاشکرا بێت، ۲. بە هێز بێت، ۳. جوانی تێدا بێت. لە بەشی ئاشکراکە دەڵێت: نووسیین دەبێت ڕوون و ئاشکرا بێت، وەک مەتەڵ و گرێ لێدان نەبێت بە کەس ساغ نەکرێتەوە. دەبێت ڕێگای گومانی تێ نەچێت، ماناکە بە سپی کراوی بداتە دەست، بۆ ئەمەیش نووسەر پێویستی بە سامانێکی گەورەی زمانە، تا بتوانێت وشەی پڕ بە پێستی خۆی هەڵبژێرێت. هەروەها پێویستە شارەزای زمانەوانی و ڕستەداڕشتن بێت، تا ئەو ڕستانەی دەینووسێت، شل و شۆل نەبن. جگە لەوە پێویستە ڕستەکان لە سەر بناغەیەکی پتەوی ژیر بێژی داڕێژرابن. شان بە شانی ئاشکرایی دەبێت شێوازەکە بە هێزیش بێت بۆ ئەوەی کارتێکردنی لە هەست و نەستی خوێنەر بێت. بە هێزیش بەم جۆرە دەبێت کە نووسەر بابەت و ڕستە و وێنەی ئەدەبی وا هەڵبژێرێ کە یاد و بیرەوەری لە دڵی خوێنەردا زیندوو بکاتەوەو برینی بکولێنێتەوە. لەم شیکارییەی مامۆستا گەردیدا، وە بیری پێوەرێک کەوتمەوە کە تی ئیس ئیلیۆت بۆ پێوانەکانی پێناسەکەی ماتیۆ ئارنۆڵد لە فەرهەنگ داینابوو. لە پێناسەی فەرهەنگدا ماتیۆئارنۆڵد دەڵێت: فەرهەنگ باشترینی ئەو شتانەیە وا بیری لێ کراوەتەوەو دەربڕدراون. بۆ دیاری کردنی باشترینێ ئەو شتانەی وا بیریان لێ کراوەتەوەو دەربڕدراون ئیلیۆت سێ پێوەری بۆ دانا: یەکەم هاوپێوەندی عەینییە کە بریتییە لەوەی نووسەر بتوانێت دەقێک بەرهەم بێنێت کە دەقەکە بتوانێت هاوسۆزی و هاودڵی خوێنەر بۆ خۆی ڕابکێشێت و بە چەشنێک بێت ئەزموونەکە، ئەزموونێکی وەها بێت کە خوێنەر وابزانێت بۆ خۆی ڕوویداوە و خۆی ئەزموونی کردووە. مامۆستا گەردی بۆ بە هێزی دەق دەڵێت، دەبێت دەق بە شێوازێک بێت کە یاد و بیرەوەری خوێنەر زیندوو بکاتەوەو برینی بکولێنێتەوە.
لێرە هاوبیرێیک لە نێوان پێوەرەکانی ئیلیۆت و مامۆستا عەزیزدا هەیە. مامۆستا عەزیز دەڵێت: دەق دەبێت خەیاڵێکی وای پێ بدات، ببێت بە پاڵپشتی پتەوکردنی ماناکەو وروژاندنی سۆزی لە بیر کراو. بۆ هاتنە کایەی جوانیش دەڵێت: جگە لە هونەرسازە قەشەنگەکانی جوانیکاری، پێویستە نووسەر خۆی لە وشەی ناڕێک و ناقۆڵاو درێژ لابداو جوانیەکە دەبێت بەدیهاتووی تەبایی نێوان دەنگی وشەکان و مانای ڕستەکان بێت، دەنگی دەرەوەو ناوەوەی وشە دەورێکی زۆری هەیە لەو جوانییەی وا شێوازەکە پێشانی دەدات. دوای باس کردنێکی تێروتەسەل لە شێوازی نووسیین، دێتە سەر باسی خەبەر و چەشنەکانی خەبەر. لە پێناسەی خەبەردا دەڵێت: خەبەر ئەو قسە یا پەیامە یا باسەیە کە وا ڕاست و درۆ بە خۆیەوە هەڵدەگرێت. واتە خەبەر دەکرێت ڕاست یان درۆ بێت. هەر خەبەرێک دوو ڕووی هەیە یان دەکرێت لە دوو لاوە چاوی لێ بکرێت: یەک لە بارەی ماناو ناوەڕۆکی خەبەرەکە، واتە ئەو خەبەرەی لە ناو وشەکان و ڕستەکاندایە. ۲. لەبارەی واقیعی ڕاستەقینەی خەبەرەکە، واتە بێ چاودانە خەبەری ناو ڕستەکان، ئایا لە واقیعی مەوزووعیدا شتەکە ڕاستە یان نا؟ لە ئەنجامی بەرامبەرکردنی ئەم دوو ڕووی خەبەرەدا ناوەڕۆکی خەبەر و ڕاستەقینەی واقیعی باسەکە بۆمان دەردەکەوێت داخۆ خەبەرەکە ڕاستە یان درۆیە. ئەگەر مانای ناو ڕستەکە لە گەڵ واقیعی دەرەوە یەکی گرتەوە، خەبەرەکە ڕاستە، ئەگەر ناوەڕۆک و مانای ڕستەکە لە گەڵ واقیعی دەرەوەدا یەکی نەگرتەوە خەبەرەکە درۆیە. بۆ نموونە دەلێن: ئازاد ڕۆیشت بۆ بادینان. ئەگەر لە دونیای واقیعدا ئازاد بۆ بادینان ڕۆیشتبێت، خەبەرەکە ڕاستە و ئەگەر وانەبێت، خەبەرەکە درۆیە. یانی خەبەری نێو ڕستەکە لە گەڵ واقیعی دەرەوەدا یەک بگرنەوە یان یەک نەگرنەوە. هەندێ زانای ڕەوانبێژی کە لە بەشی موعتەزیلەکانن پێیان وایە کە خەبەر هەر تەنیا ڕاست و درۆ نییە، بەڵکوو شتێتریش دەگرێتەوە، ئەویش ئەوەیە باوەڕی خودی قسەکەرەکەیش بە قسەی خۆی ڕەچاو بکەین. بۆیە زانایانی ڕەوانبێژی لەو بڕوایەدان بێجگە لە خەبەری ڕاست و درۆ هەندێک خەبەریتر هەن کە نە ڕاستن و نە درۆن ئەویش ئەم جۆرانە دەگرێتەوە: ۱. ئەو خەبەرەی کە لە گەڵ واقیعی دەرەوەدا بگونجێ، بەڵام قسەکەر پێی وابێ کە لە گەڵ واقیعدا یەک ناگرێتەوە. ۲. ئەو خەبەرەی کە لە گەڵ واقیع بگونجێ بەڵام قسەکەر هەر لە بنەڕەتەوە بڕوای پێ نەبێت. ۳.ئەو خەبەرەی کە لە گەڵ واقیعدا نەگونجێت، بەڵام قسەکەر پێی وابێت کە لە گەڵیدا دەگونجێت. ۴. ئەو خەبەرەی کە لە واقیع نەگونجێت، بەڵام قسەکەر هەر لە بنەڕەتەوە بڕوای پێی نەبێت. کەسانی تریش لە سەر ئەو بڕوایەن ئەگەر خەبەرێک لە گەڵ واقیعدا نەگونجێت، بەڵام قسەکەر بڕوای دەرونی پێی بێت، نابێتە خەبەری درۆ، چونکوو قسەکەر نەیویستووە درۆ بکات.
شتەکەی بە ڕاست تێ گەیشتووەو بڕوای پێی بووە. ڕاستیش نییە چونکوو لە گەڵ واقیعدا یەک ناگرێتەوە. بەم جۆرە خەبەرە دەڵێن خەبەری چەوت. ئەگەریش کەسێک خەبەرێک بێنێت و لە گەڵ واقیعی دەرەوەدا یەک بگرنەوە، بەڵام خۆی بڕوای پێی نەبێت، ئەمە پێی ناگوتری خەبەری ڕاست، چونکوو قسەکەر بڕوای پێی نییە، درۆیش نییە، چونکوو لە گەڵ واقیعدا دەگونجێت، بەم جۆرە خەبەرە دەڵێن خەبەری تەفرە، وەک ئەوەی قسەکەر تەفرەی خواردبێت. مەبەستیش لە خەبەر یان بۆ ئەوەیە ناوەڕۆکی خەبەر بە گوێگر ڕابگەیەنێت، کە پێی دەگوتری خەبەری ڕاست یان الخبر الحقیقی. ئەم مەبەستە لە مەبەستەکانی دیکە گرینگی زۆرترە. هەموو خەبەرەکانی دیکە دەکەونە ڕادەی دووەم و پێیان دەگوترێت خەبەری خوازەیی یان الخبر المجازی. بێجگە لەم دوو مەبەستە کە ڕاگەیاندنی خەبەر و هۆشیارکردنەوەی گوێگرە، یەکەمیان خەبەری دروست و دووەمیان خەبەری خوازەییە، دەشێت خەبەر بێجگە لەم دوو مەبەستە، مەبەستی خوازەییتر بگەیەنێت کە لە ڕەوتی ڕستەکەدا بۆمان دەر دەکەوێت. هەندێ لەو مەبەستانە: ۱. سووک بوونەوەی باری شان و خەمی دڵ. هەرکات قسەکەر شتێکی ئازیز و بە نرخی لە کیس چووبێت و خەمێکی قورس لە دڵی نیشتبێت، باسی دەکات تا خەم و کەسەری دڵی خۆی بڕێژێت و کەمێک باری دەروونی سووک بێت. بۆ نموونە حاجی دەڵێت:
حاکم و میرەکانی کوردستان
هەر لە بۆتانەوە تا پایان
یەک بە یەک حافیزی شەریعەت بوون
سەیید و شێخی قەوم و میللەت بوون
لێرە خەبەرەکەی حاجی جگە لەوەی بۆ خەبەردار کردن و ئاگاکردنەوەی خەڵکە لە بابەتەکە، زۆرتر بۆ ئەوەیە خەمی خۆی وەدەرخات و کەف و کوڵی دڵی خۆی لە نەمانی ئەو حاکم و میرانەی کوردستان پێشان بدات. تا ئەوان مابوون کورد سەریان بەرز و ڕۆژی ئازادییان لە تاقی ئاسماندا بوو، کە ئەوان چوون کوردیش گڵۆڵەی کەوتە لێژی و هەتاوی ئازادی لێ ئاوا بوو. ۲. پێشاندانی بێ هێزی: وەک ئەوەی مەبەست لە خەبەرەکە ئەوە بێت قسەکەر بێهێزی و لاوازی خۆی پێشان بدات و شکات لە حاڵی پەشێوی خۆی بکات. مەولەوی دەفەرموێت:
پۆس کۆس گۆش نم کێشا کەم کەم
ئەم سەر ئەو سەرەن دووربیینەکەی چەم
مەولەوی باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە پێستی تەپڵیی گوێی شێی کێشاوەو خاو بووەتەوەو دەنگی لێوە نایە، واتە دیتر شتێک نابیسێت و دووربیینەکەی چاویشی وەرگەڕاوەو بۆ دیتنی شتی نزیک دەبێت دووریکاتەوە تا بیبینێت و تووشی پیری چاوانی بووەو چاوانی کز و بێهێز بوون. مەولەوی ئەو خەبەرەمان پێدەدات تا پیربوون و شپرزە بوونی حاڵی خۆیمان پێشان بدات. ۳. پاڕانەوە: جاروبار مەبەست ئەوە نییە بەس خەبەرێکت پێبدەن بەڵکوو مەبەست لاڵانەوەو پاڕانەوەیەو تا بیسەر، داخوازییەکەی بۆ جێبەجێ بکات.
بێنەوام هیچم نییە هاتووم و مەحروومم مەکە
قەت لە دەرگای خۆی گەدا ناکاتەدەر ساحێب کەرەم
لەو چەن مەبەستەی خەبەر کە هێنامن ویستم بە بەردەنگ شێوازی باسەکانی مامۆستا گەردی پێشان بدەم و دیتر بەس ناوی مەبەستەکان دێنم و شرۆڤە و نموونەکانیان دادەنێم تا خوێنەر خۆی کاتێک شیعرێک یان بابەتێکی ئەدەبی دەخوێنێت بە بیر هێنانەوەیان بزانێت لە دڵی ئەو نووسراوەدا کام مەبەست خەوتووە. جگە لەمانە مەبەست لە هێنانی خەبەر، هەڕەشە کردن، هاندان، بیرهێنانەوە، نزاودوعا، پێشان دانی جیاوازی، نکووڵی لێکردن و شانازی کردن بە شتێک دێنێتەوە. دوایی دێتە سەر چۆنیەتی ڕاگەیاندنی خەبەر. دەڵێت خەبەر چۆنیەتی بەرەوڕووبوونەوەی بەردەنگی تێدا ڕەچاو بکرێت، وەک بەرەوڕووبوونەوەی پزیشک لە گەڵ نەخۆشەکەیدا. دەبێت ئەوشتەی بۆ بەردەنگ چاکە و حاڵی باش دەکات بگووترێت. خەبەر دەبێت بە قەد پێویستییەکان بێت. چەشنەکانی خەبەر لە شێوازە ئەدەبییەکاندا، لە سەر بینای بارودۆخی حاڵەتی بەردەنگ جیاواز دەبێت. ئەگەر بەردەنگ لە خەبەرەکە، بێخەبەر بێت و شتێک لە سەری نەزانێت و دوودڵ نەبێت و نکووڵی لێ نەکات، خەبەرەکە بە بێ ئامێری جەخت کردن دێنیت. ئەم شێوازە لە خەبەر، خەبەری سەرەتایی و دەستپێکەری پێ دەڵێن. وەک بلێی من ڕۆڵەی کوردم پەروەردەی جەرگەی شۆڕشی چینی چەوساوەم.
شێوازێکی دیکەی گەیاندنی خەبەر بە بەردەنگێک کە نکووڵی لە خەبەرەکە دەکات و پێچەوانەی خەبەرەکە بیربکاتەوە، پێی دەڵێن خەبەری نکووڵی لێکراو، کە لەم کاتەدا بە یەک یان چەن وشەی جەختکەر، خەبەرەکە دێنن. وەک بوو ئەوەی بە کەسانێک لەسەر ئەو بڕوایەن گەنجەکان نیشتیمان بە جێ دێڵن و ناگەڕێنەوە، بڵێیت:
دێم و دێم و دێمەوەو هەر دێمەوەو من دێمەوە
کوردستانم بەهەشتێکە وەک مۆم بۆی دەتوێمەوە.
لەم شیعرەدا بە چەن پاتە کردنەوەی دێمەوەو دیسان بە هێنانی وشەی (هەر) جەخت لە سەر هاتنەوەکە دەکەیت و ڕێگای نکووڵییەکە بەربەست دەکەیت. بەڵام شێوازێکی دیکەی چۆنیەتی گوتنی خەبەر بۆ بەردەنگێک وا لە هەمبەر خەبەرەکە بەس دوو دڵە و ئەیەوێت خەبەرەکە بناسێت و حەقیقەت و ڕاستتییەکەی بۆ دەرکەوێت، باشتر وایە لە یەک ئامێرە وشەی جەخت کەرەوە کەڵک وەر بگریت و بەم چەشنە خەبەرە، خەبەری داخوازانە دەڵێن.