اجتماعی, اخبار, ایران, فرهنگی, كوردانه, ویژه خبری, یادداشت

ژیاننامەی مامۆستا مەلا کەریم فیدایی

شەوی چوارشەممە، پێنجی خاکەلێوەی ساڵی 1372ی هەتاوی، ڕێکه‌وتی 25ی مارسی 1993، لە کوێرە دێیەکی موکریان، بە ناوی “کاوڵانی سەروو “، پیرەپیاوێکی شەست و چوار ساڵە دڵی لە کوتان کەوت و مرد. ئەو پیرەپیاوە کە پتر لە ساڵێک بوو لەگەڵ نەخۆشیی “شێرپەنجە” دەستەویەخە ببوو و پەلەقاژەی ڕاوەستان و مانەوەی دەکرد، مامۆستا مەلا کەریمی فیدایی بوو.

سەعات دوازدەی نیوەشەوی ئەو شەوە تاریک و شوومە، کێ دەیزانی ئەم لەشە سارد و ئارامە، هی یەکێک لە دوایین شۆڕەسوارانی ئەدەبی کلاسیکی کوردییە.

ساڵی ۱۳۰۷ی هەتاوی[۱۹۲۸]، لە ئاوایی ”سیسێر”ی ناوچەی گەورکی سەردەشت، لە بنەماڵەیەکی هەژاردا لاوێکی وەرزێڕ بە ناوی ”سمایل” و هاوسەری خۆشەویستی بە ناوی ”ئامان”، دڵیان بە لەدایکبوونی کۆرپەیەک شاد و ماڵیان ئاوەدان بۆوە. ناویان نا ”کەریم”، چونکە ئەو منداڵەیان بە بەخشش و دیارییەک دەزانی لە لایەن یەزدانەوە. سمایلی نەخوێندەوار بە ئاوات بوو کەریم-ی بچکۆلە، پێ‌هەڵگرێ و خوێندەوار بێ و بۆ ڕێگەی تاریکی ژینی پاشەڕۆژ چرای ”زانست”ی بە دەستەوە بێ. کەریم لە تەمەنی حەوت ساڵی پێی نایە خوێندن؛ پێی نایە ڕێگایەک کە هەژدە ساڵ درێژەی هەبوو. لە ماوەی ئەو هەژدە ساڵەدا، بە دابی فەقێیەتی لە کوردستاندا، زۆری ئەم دێ و ئەو دێ کرد. زۆر ماندوو بوو. برسێتی و هەژاری و کوێرەوەرییەکی زۆری چێشت. تاکوو لە ئاکامدا لە ساڵی ۱۳۳۲ی هەتاوی/ ۱۹۵۳ لە خزمەت ”مەلا ئەحمەدی حەیدەری” لە ئاوایی ”نمەشیر”ی بانە دەرسەکانی ئەو سەردەمی بە دوایی گەیاند و ئیجازەی وەرگرت. پێنج ساڵ لە گوندی ”نستان” دانیشت و خەریکی دەرس گوتنەوە بوو. ساڵی ۱۳۳۷/۱۹۵۸ هاتە کاوڵانی سەرێ، ئاوایی‌یەکی خنجیلە و ئارامی قەدپاڵی کێو. ئیتر نە بە زیندوویی و نە بە مردوویی ئەم شوێنەی بەجێ‌ نەهێشت.
سی‌وچوار ساڵ لەوێ دانیشت و لە هەموو غەم و شادییەکی خەڵکدا هاوبەش بوو.
مەلا کەریم مرد؛ وەکوو هەزاران مرۆڤی تر. بەڵام ئەوەی پاشی مردن ناوی مەلاکەریمی زیندوو ڕاگرت و نەیهێشت لە بیر، نەک خەڵکی تەنیا گوندێک، بەڵکوو لەبیری گەلێک بچێتەوە، دڵسۆزی و خزمەتی ئەو بوو بە نەتەوەکەی.
ئەو، ئێش و ئازاری گەلەکەی هەست ‌پێ‌کردبوو و بڕیاری دابوو ژینی خۆی تەرخان بکا بۆ سووک کردنی ئەو ئازارانە. دەستی دایە قەڵەم و لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، یانی ئەو دەمەی کە مێرمنداڵێک پتر نەبوو، بەو زمانەی کە دایکی لە پەنا
بێشکەکەی لای‌لایەی بۆ کردبوو، دەستی کرد بە هۆندنەوەی بەرمووری شێعر، و لەو بڕیارەی پاشگەز نەبۆوە، هیچ، بەڵکوو زیندان و ئەشکەنجەشی بۆ کێشا. ئاکامی ئەو هەوڵە پیرۆزەی بووبە هەزاران دێڕ شێعر، بە ناوی ”دەسدێن”.
دەسدێن دیوانی شێعری کوردییە و قسەی دڵی شاعیرە. غەزەلەکانی ئەو دیوانە حەکایەت لە هەستێکی خاوێن و ڕوون دەکەن و بەرهەمی ڕۆژەکانی تەمەنی هەستیارێکە، کە گا لە شاگەشکەی خۆشیدا بووە و گا ڕوندکی حەسرەت و دووری لە سەر ڕوومەت. گا لە بۆنەیەک دواوە و گا بە جوانی و ڕازاوەیی سروشتی زێدەکەی هەڵداوە.

ته‌رجیعبه‌ندی کوردی
مامۆستا مه‌لا که‌ریم ئه‌م ته‌رجیعبه‌نده‌ی‌ له‌ ژێر کاریگه‌ریی ته‌رجیعبه‌نده‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی سه‌عدی شیرازی هۆنیوه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌سپێکی ئه‌مه‌یه‌: ای سرو بلند قامت دوست / وە وە که‌ شمایلت چه‌ نیکوست.

ئه‌ی کیژی وه‌ته‌ن ڕه‌فیق و یارم
ئه‌ی مه‌ڵحه‌می جه‌رگی زامدارم
بۆ من که‌ به‌ ده‌ردی عیشقه‌ مردم
شینێ بکه‌ عاشقی هه‌ژارم
ئه‌وڕۆ که‌ به‌ دڵپڕی ده‌سووتێم
سبحه‌ینێ له‌ گۆڕدا دیارم
بیری منو با له‌ سه‌ر دڵی بێ
بۆ ئێوه‌ په‌شێو و لێو به‌بارم
دڵ شیشه‌ که‌بابه‌ وا ده‌برژێ
دووکه‌ڵ ئه‌وه‌ دێته‌ ده‌ر له‌ زارم
ئه‌وڕۆکه‌ له‌ به‌ر غه‌می ئه‌وینت
گریانه‌ هه‌موو ده‌مانه‌ کارم
ئه‌سرینی خوێنه‌ من ده‌ڕێژم
پاییزی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌ به‌هارم
کیسێکه‌ له‌ ده‌رده‌ پڕ کراوه‌
بڕوانه‌ له‌ سینگی پڕ چغارم
مه‌جنوونی وڵاتی کوردم ئه‌ی شۆخ
بۆ کێو و چیای داغدارم
گیراوی که‌مه‌ندی زولفی خاوی
کیژانی جوانی دێ و شارم
دڵ قومرییه‌ وا له‌ ژووری سه‌روی
باڵای کچانی غونچه‌ زارم
من بولبولی خاکی نیشتمانم
عاشق به‌ ده‌ره‌ و که‌ژ و هه‌وارم
به‌و ناڵه‌ و شیوه‌ن و به‌ گریان
باوه‌ڕ که‌ نه‌که‌ی به‌ حاڵی زارم
ده‌مبینێوه‌ گه‌ر ده‌ڵێم له‌ حه‌شرا
من کوردم و کوردی نێو نزارم
چون ده‌ست به‌ په‌رچه‌مانی ناگا
وا چاکه‌ که‌ بۆ غه‌م و په‌ژارم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *