یادی تیرۆرکردنی مێژوونووسی کورد، مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی

-م.ڕەنجدەر ابوبکر// محەمەد جەمیل کوڕی مەلا ئەحمەدی ڕۆژبەیانی فەرقانی-ە لە ڕۆژی ١٩١٣/٧/٣ لە گوندی فەرقان سەر بە ناوچەی قەرەحەسەن لە پارێزگای کەرکوک لە دایک بووە.
هەر لە منداڵییەوە لای باوکی و مامۆستا ئاینییەکانی ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک خوێندنی ئاینی خوێندووە و ماوەیەکیش لەگەڵ باوکی هاتۆتە شاری سلێمانی لە دوای هاتنەوەی شێخ مەحمود لە هندستان و تا ماوەی حوکمداریی کۆتایی شێخ مەحمود ۱۹۲۲ – ۱۹۲۴ لە سلێمانی ماونەتەوە و لەم ماوەیەشدا بە چاوی خۆی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە و یەکەم ڕۆژنامەی سەردەمی حوکمدارییەکەی شێخ مەحمودی بە زمانی کوردی بینیووە.
دوای گەڕان بە گەلێک ناوچەی کوردستان دا وەکو شارەکانی کەرکوک و پردێ و هەولێر و کفری و چەندین ناوچەی تری کوردستان بە مەبەستی خوێندن، لە کۆتایدا و لە شاری کەرکوک لە ساڵی ۱۹۴۲ لە لایەن مامۆستا مەلا ڕەزای واعیز ئیجازەی مەلایەتی پێدراوە.
مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی یەکەم وتاری لە ساڵی ۱۹۳۷ لە بارەی کوژرانی بەکر سدقی نووسی و لەسەر ئەم نووسینەیشی دوو ساڵ لە حەویجە زیندانی کرا، سەرەڕای چەندین جار دوورخستنەوە بۆ حەویجە و نوگرەسەلمان و ناسریە و عیمارە و زیندانی کردنی بۆ چەندین جاری تر لەسەر نووسینەکانی لە بارەی مافی ڕەوای گەلی کورد و مێژووی نەتەوەکەیەوە.
مامۆستا مەلا جەمیل لە ساڵی ۱۹۶۳ پەیوەندی کردووە بە شۆڕشی کوردستانەوە و ماوەیەک لە چەمی ڕێزان ماوەتەوە. دواتر بووەتە قازی لە سەنگاو پاشان ئەندامی دادگای تەمیز.
مامۆستا جەمیل لە ساڵی ۱۹۶۴ ڕووی کردۆتە شارەکانی #سەردەشت، #سەقز، #هەمەدان و #بێتوش و پاشان چووەتە شاری #تاران و کراوەتە سەرپەرشتی بەشی کوردی و عەرەبی ڕادیو و مامۆستاش بووە لە زانکۆی الاهیات، تا ڕووخاندنی ڕژێمی شای ئێران لە ساڵی ۱۹۷۹ لەوێ ماوەتەوە.
مەلا جەمیل لە ئەیلولی ساڵی ۱۹۷۹ گەڕاوەتەوە بەغدا و بە ئەندامێتی کۆڕی زانیاری – دەستەی کورد خەریک بووە تا لە شەوی ۲۰۰۱/۳/۲۷ لە ماڵەکەی خۆیدا و لە شاری بەغدا لە لایەن دەزگاکانی ڕژێمی بەعسی عەرەبی عێراقەوە تیرۆرکرا و لە ڕۆژی ۳/۲۸ تەرمەکەی هێنرایەوە شاری کەرکوک و لە گۆڕستانی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.
هەندێک لە بەرهەماکابی:
– وەرگێڕانی شەرەفنامە بۆ سەر زمانی عەرەبی.
– وەرگێڕانی یاداشتی ڕەفیق حلمی بۆ سەر زمانی عەرەبی.
– فەرمانڕەوایانی موکریان.
– مندلی فی التاریخ.
– وڵاتەکەت بناسە.
– چووار دەوڵەتی کورد.
– کورد و رەگەزی ئاری.
– سەدان وتار لەسەر زمان و مێژووی نەتەوەی کورد بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی خۆی.
شایانی باسە مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی زۆربەی ژیانی بە ڕەبەنی ژیاوە تا لە ساڵی ۱۹۸۰ ژنی هێناوە و هیچ منداڵێکی لیی نەبووە./ کوردیپدێا