بۆچی من بە کوردی دەنووسم و گرنگە تۆیش بە کوردی بخوێنیتەوە؟

نووسه‌ر: ڕەزا عەلی‌پوور
۱- با لە بیرمان بێت ئەم زمانە وە‌ک هەر زمانێکی دیکە، بە سەدان ساڵ، به پێی ویست و نیاز، ڕەنج و حه‌زی خه‌ڵکانێکی ئەم جوگرافیایه داهێنراوە و لە ناو زار و زمان و بیرگەی ملوێنان کەسدا جێگیر بووە. وشە بە وشەی داتاشراوه، فۆنێم به فۆنێم تیف‌تیفه دراوه و وە‌ک بوونه‌وه‌رێک گیانی به‌به‌ردا کراوه، ئێستایش مینا گه‌نجینه‌یه‌کی زیندوو گەیشتووە به من و تۆ.
۲- به لاته‌وه سه‌یر نه‌بێ؛هیچ زمانێکی دیکە بە من و تۆ، به خەون و ناخوداگا و هەستمان ئەوەندە سازگار نییە کە ئەم زمانە هەیە. چونکە سەدان ساڵە بوونی کۆیی و ڕابردووی تۆ و من، خۆشی و ناخۆشیی من و تۆ، ڕەنج و چێژ و یاده‌وه‌ریی کۆیی تۆ و من بەو زمانە و له ناو ئەم زمانه‌دا بووە. مێژووی تۆ – خوازراو و نه‌خوازراو- له‌م زمانه‌دا هه‌ڵکۆڵدراوه. خۆ دابڕاندن لەو زمانە خۆ هەژارکردنە بە دەستی خۆت به ده‌ستی خۆم. زمان ته‌نها له ناو نه‌ست و هه‌ست-ی تۆ و مندا نییه، هه‌ست و نه‌ستیشمان شکڵ پێده‌دات. وه‌ک چۆن که‌سێتیی چیرۆک و ڕۆمانه‌کانی من و هاوڕێکانم ته‌نها نیشته‌جێی زمانی کوردی نین، هاوکات ئافرێنراوی ناو ئەم زمانه‌ن و هه‌ر ئەم زمانه‌ش ده‌توانێت تایبه‌تیان بکاته‌وه.
۳-تۆ زمان نیت، جیهانی تۆ زمانی تۆیە، تۆ لە ناو زماندای، منیش. ئایا دەتوانین زیگوراتی بیابان و ئەهرامی میسر، بکه‌ین بە هی خۆمان و شانازی پێوە بکەین؟ ئایا زمانی شێکسپیه‌ر، موعه‌ڕی و فرده‌وسی، میراتی ڕاسته‌وخۆی تۆن؟ له کاتێکدا پشت و کەسوکارەکانی تۆ هیچ پشکیان له دانانی یه‌ک خشت و دیوار‌یان نیه و هیچ به‌شێکیان لە هۆنینه‌وه‌ی یه‌ک دێڕی ده‌قی ئەوان نه‌بووه؟ بەڵام تۆ دەتوانی و مافی خۆتە له بابا تاهیره‌وه تا خانی و مه‌وله‌وی، تا نالی و هێمن و شێرکۆ بێکەس، شانازییان پێوە بکه‌یت و بیکه‌ی بە موڵکی خۆت، من و هاوڕێ کوردی‌نووسه‌کانیشم ده‌توانین به په‌یڤ و وشه به وشه‌یان سه‌رله‌نوێ ده‌قی دیکه به‌رهه‌م بهێنینه‌وه، به‌رهه‌می وه‌ها که ته‌نها به‌م زمانه ده‌کرێت، ته‌نها ئەو کاتیش زیندوو ده‌مێنن که تۆ بیانخوێنیته‌وه.
۴- ئەرێ، زمانەکان دژ بە یەک نین، کوردی باش بزانی ده‌کرێ فارسیش باش فێرببی، ئینگلیزی و زمانی دیکەش.
وایه؛ دووزمانەیی و چەندزمانەیی جیهانمان فراوانتر دەکاتەوە و سوودی زانستی، کەلتووری و ئابووری زۆرە، بەڵام پاراستنی زمانی دایک وە‌ک بنەما، کلیلی ئەو فراوانکردنه‌یه. وایە، زمانە نوێیەکان مێشک بەهێز دەکەن، داهێنان و دەرفەتەکان زیاد دەکەن، تێگەیشتن له کەلتوورەکان باشتر دەکەن، بەڵام بەبێ زمانی دایک، ناکرێت. دووزمانەیی ڕاستەقینە دەبێ زمانی دایک بەهێز بکات نەک جێگرەوەی بێت.
۵- زمانی خۆت لاببه پەیوەندیی هه‌سته‌کیی خۆت لەگەڵ گه‌نجینه‌یه‌ک کە پڕە لە دەلالەت، سۆز و ئەندێشە لەدەست دەدەیت، دڵنیا بە زیاتر له‌وه‌یش. بەبێ زمانی دایک، وە‌ک پەنابەر و کرێنشینی، مرۆڤ ته‌نها له زمانی دایکیدا خاوه‌ن‌ماڵە، له‌وانی دیکه کۆچه‌ره، توریسته، یان غه‌واره و ئاوارەیە.
له‌ملاوه زمانی دایک پێوەندییەکی سۆزدارانە و قووڵ و خاوەن‌ماڵانەت پێ دەدات هه‌ستده‌که‌ی خانوویه‌کت هه‌یه خشت به خشتی تاپۆ و تایبه‌تی خۆتە. که‌واته با کورت و ساکار ببێژم؛ زمانی خۆت بە منداڵەکەت نه‌ده‌ی وه‌ک ئەوەیە لەو بەشەماڵه بێبه‌شت کردبێت و کردبێتت به کرێچیی که‌سی دیکه.
۶- نووسین و خوێندنه‌وه بە کوردی نە ئەکتیکی
گوندی و دواکەوتووانەیە، نه کرده‌یه‌کی سیاسیی و ناسیۆنالیستی، تەنانەت پڕاوپڕ شوناسخوازانەش نییه. گه‌رچی ده‌کرێ هه‌ندێ لەمانه به دواهاتی بن، بەڵام نووسین و خوێندنه‌وه بە کوردی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ جیهان و هەستیدا، که‌شف و ناونانی جیهانه به زمانی خۆت، نه‌ک به زمان و زاری که‌سی دیکه، که‌واته نووسین و خوێندنه‌وه به زمانی خوت چه‌نده کرده‌یه‌کی ساکار و ئاساییە، هاوکات کردەیەکی ڕەسەنی هەستیناسه‌کی و ئۆنتۆلۆژیکه.